چەند تێبینیێك لەسەر چاوپێكەوتنەكەى خالە سەید كاكە لە كەنالى (NRT)
Thursday, 29/12/2011, 12:00
كەناڵى (NRT) لە بەرنامەى (رووداو مێژوو) دیدارێكى سێ بەشى لەگەل (خالە سەید كاكە) سازكرد ، لە سەر كۆمەڵێك روداوى مێژوویى نێو بزوتنەوەى رزگاریخوازى گەلەكەمان و بە تایبەتى مێژوى بزوتنەوەى سۆسیالستى كوردستان و حزبى سۆسیالستى كوردستان كە خالە سەید كاكە یەكێك بوو لە فەرماندەو سەركردەكانى نێو ئەم حزبە ، بەڵام ئەوەى جێگاى تێبینى و سەرنجە خاڵە سەید وەك پێویست زانیارى وردى لە بارەى روداوە مێژوویەكانى نێو ئەم حزبە نەبوو، ئەوەى باسیشى كرد بەشێكى زۆرى لە بەرژەوەندى تاكەكەسى خۆى بوو ، بۆیە وەك كەسێك كە رۆژگارێك لە ریزەكانى ئەو حزبە تێكۆشەرە بووم و شارەزایم لە بەشێكى مێژووى ئەم حزبە هەیە بە پێویستم زانى ئەم بابەتە بنووسم تا بەشێك لە هەڵەكان راست بكەمەوە.
خالە سەید كاكە لە میانەى دیدارەكەدا كاغەزەكانى تێكەل كردن ئەمەش لەبەر ئەم هۆیانەى خوارەوە بوون.
1. زانیارى پێویستى نەبوو لەسەر رووداوەكان ، ئەوەى هەشى بوو وەڵامى پڕ بەپێستى پرسیارەكان نەبوون .
2. راستى هەندێ لە رووداوەكانى ئاوەژوو دەكرد .
3. لە روانگەى بەرژەوەندى تاكە كەسى و حزبى دەچووە نێو رووداوەكان و باسى لێوە دەكرد .
4. هەندآ لە وەڵامى پرسیارەكانى لە گەل یەك نەدەهاتنەوەو پێكتر ناكۆك بوون.
بزوتنەوەى سۆسیالیستى كوردستان رێكخراوێك بوو بیرۆكەى دروستكردنى لە لایەن چەند سەركردەیەكى بە ئەزموون و خاوەن خەباتێكى دوورو درێژى نێو بزاڤى رزگاریخوازى گەلى كورد بوو لە باشورى كوردستان ، دیارە دروستبوونى ئەم رێكخراوە لە ئاكامى هەرەس هێنانى شۆررشى ئەیلول (1961-1975) بوو ، دەبێت ئاماژە بەوەش بدەین كە زۆرێك لە دامەزرێنەرانى بزوتنەوەى سۆسیالیست سەركردەو كادیرى سیاسى و پێشمەرگایەتى بەرزى شۆرشى ئەیلول و پارتى دیموركاتى كوردستان بوون ،لە كاتى هەرسى شۆرشى ئەیلول بەشێكیان لە گەل ئەوە بوون كە درێژە بە شۆرش بدرێت بەڵام ئەمە نەكرا چوونكە رابەرایەتى شۆڕش لە گەل ئەوە نەبوو ، بۆیە ئەم دەستە هەمیشە لە بیرى ئەوە دابوون كە دەست بە شۆڕش بكەنەوە و چەند دانیشتنێك لە رۆژهەڵاتى كوردستان و بەغدا بۆ گۆرینەوەى بیرو را ئەنجام دران ، ئەنجام لە (8/8/1976) بزوتنەوەى سۆسیالیستى دامەزراو هاوكات چەند پۆڵە پێشمەرگەیەكى لە ناوچەكانى سلێمانى و دەشتى هەولێرو خۆشناوەتى و بیتوێن پشدەر ناردنە شاخ بۆ بەشداریكردنیان لە هەڵگیرساندنەوەى شۆڕش .
بزوتنەوە رەوتیكى نوێ بوو لە نێو بزاڤى ریزگاریخوازى گەلى كوردستان و دوور و جیاواز بوو لە هەردوو رەوتى (جەلالى و مەلایى) كە ساڵانێكى درێژ ئەو دوو رەوتە لە ناكۆكى و ململانآ دابوون تا ئێستاش شوێنەوارى ئەم ناكۆكیە بوونى ماوە ، دامەزرێنەرو سەركردەكانى بزوتنەوە دەركیان بەوە كردبوو كە ئەم دوو رەوتە درەنگ یا زوو دیسان جارێكى تر دەكەونە ململانێى نا درووست و پێكدادانى چەكدارى لە نێوانیان روودەدات كە واش دەرچوو ، بۆیە دروستبوونى بزوتنەوەى سۆیالیستى كوردستان پێداویستیێكى مێژوویى وخودى و بابەتى بوو بۆ بزاڤى رزگاریخوازى گەلەكەمان ، لەسەر ئەم بنەمایانە دامەزراو رۆل و بەشداربوونێكى كاریگەرو بەرفرەوانى گێرا .
1. رێكخراوێك بوو لە رووى فیكرى و ئایدۆلۆژى گونجاو بوو لەگەل ئەو سەردەمە ، ناوەرۆكێى پێشكەوتووخوازانەى هەبوو لە سەر بنەماى سۆسیالیستى زانستى و هەردوو خەباتى چینایەتى و نەتەوایەتى پێكەوە گرێدابوو و كە خۆى لە رێكخراوێكى (دیموكراتى شۆڕشگیر) دەنواند ، ئەم رێبازەو بوَچوونەو بنەما فكرییە هەندآ لە گەڵانى وەك گەلى كورد لە ئاسیاو ئەفریقا وئەمەریكاى لاتین كە لە قۆناغى رزگارى نیشتمانى دابوون كردیانە رێبازى خەبات و تێكۆشانیان و سەركەوتنیشیان بە دەست هێنا نموونەى وەك (مەنگۆلیا، كوبا ،ڤێتنام، یەمەنى دیموكراتى، مۆزنبیق، لاوس، نیكاراگوا)
2. ناوەرۆكێكى پێشكەوتووخوازنەى هەبوو كە دوور بوو لە هەموو بیرۆكەیەكى عەشایرگەرى و وابەستە بە تاكە كەسێك كە سەرجەم جومگە و پایەكانى لە ژێر كۆنترۆلى ئەو دابن ،ئەمەش مەترسیدارە و نموونەى لەم جۆرەمان روویداوە لە مێژووى سیاسى گەلەكەمان .
3. بزوتنەوە وەك هێزى سێیەم جیا لە (جەلالى و مەلایى) هاتە مەیدانى خەبات و تێكۆشان .
هەر لە سەرەتاى بەشداریكردنى بزوتنەوە لە شۆڕشى نوێى گەلەكەمان خەڵكێكى تێكۆشەر لە شارو دێهاتەكان لە دەورى كۆبوونەوە تەنانەت كەسانێكى زۆرى لەو كوردانەى كە دوور خرابوونەوە بۆ باشورو ناوەراستى عێراق هەر زوو پەیوەندیان پێوە كرد ، لە زۆربەى ناوچەكانى كوردستان پۆڵى پێشمەرگەى بزوتنەوە بە دێهاتەكان دەسورانەوە و خەلكیان هوشیار دەكردەوەو چاڵاكى سەربازیان ئەنجام دەدا ، پێشمەرگەو فەرماندەو سەركردەكانى خۆشەویست بوون لە نێو جەماوەر ئەم خۆشەویستیەش سەرچاوەى لەو سآ خاڵەى سەرەوە كە ئاماژەمان پێكردوون هەلگرتبوو .
بزوتنەوە لە بەر بەرژەوەندى گشتى و وەك ئەزموونێكى سەركەوتوو لە خەباتى رزگاریخوازانەى گەلان و پێكەوە ژیانى سیاسى و بە هێزكردنى بزاڤى رزگاریخوازى كورد رۆڵێكى باڵاى بینى لە درووستكردنى نیمچە بەرەى (یەكێتى نیشتیمانى كوردستان) لە تەك كۆمەڵەى رەنجدەرانى كوردستان و هێلى گشتى ، تاكە هێزى سیاسى و سەربازى و خاوەن جەماوەر بوو بەڵام بە داخەوە بە هۆى كارەساتى هەكارى (1978) كە تیایدا نزیكەى (800) پێشمەرگەى یەكێتى نیشتمانى كوردستان تیایدا فەوتان و شەهید بوون و بە دیل گیران و سەرگەردان بوون كە زۆربەیان بزوتنەوە بوون ، لە ناویشیاندا هەرسآ شەهیدى خۆشەویست (عەلى عەسكرى و دكتۆر خالید سەعید و شێخ حوسێن بابە شێخ لە 17/6/1978) و پاشان شەهید كردنى سەیدا سالح یوسفى لە (25/6/1981) و گرتن و شەهیدكردنى عەلى هەژارو كاردۆ گەڵالى (حەسب و سوارە) لە (9/4/1979) و شەهید بوونى سەعدى گچكە لە داستانى دەشتێو لە (8/3/1978) و شەهید بونى هەردوو فەرماندەى لێهاتوو سەید سەلیم و شینەى بۆڵى لە داستانى سماقوڵى لە (24/12/ 1979) شەهید بوونى تاهیرى عەلى والى لە بەفرى قەندیل لە سەردەمى حزبى سۆیالیست كەئەم پۆڵە شەهیدە لووتكەى بزوتنەوە بوون ، بە لە دەست دانى ئەم هێزەو ئەم پۆلە سەركردەیە بزوتنەوە زیانێكى گەورەى پێكەوت كە نەتوانرا ئەم بۆشایە پڕبكرێتەوە ئاشكرابوونى سەیدا سالح یوسفى و عەلى هەژار و كاردۆ گەڵالى تا ئیستاش وەك نهێنیێك ماوتەوە و نازانرێ چۆن حكومەتى بەعس ئەم سێ سەركردەیەى لا ئاشكرا بوو) هەروا زۆر لایەنى شاراوەى كارەساتى هەكارى هەیە كە بە شاراوەیى ماوتەوە ، ئەوانەى لە بیرەوەرییەكانیاندا یا خود لە دیدارە میدیاییەكاندا باسیان لەم كارەساتە كردووە وەك خۆیان رووداوەكانیان باس نەكردووە و لە بەرژەوەندى تەسكى حزبایەتى و كەسایەتى وخاتر گرتنى ئەمەو ئەو باسیان لێوە كردووە بە خودى خاڵە سەید كاكەوە .
بزوتنەوە لەبەر هەندێ هۆى ئیدارى و پێشمەرگایەتى و نەبوونى یەكسانى لە نەورۆزى ساڵى (1979) لە نێو نیمچە بەرى یەكێتى نیشتمانى كوردستان هاتە دەرێو لە گەل (پارتى دیموكراتى كوردستان/ كۆمیتەى ئامادەكردن) كە دكتۆر مەحمود عوسمان رابەرایەتى دەكرد لە (8/8/ 1979) یەكیان گرتوو (حزبى سۆسیالستى یەكگرتووى كوردستان) یان پێك هێنا ، رێكخراوەكەى دكتۆر مەحمود رێكخراوێكى لاواز بوو لە رووى رێكخستن و پێشمەرگایەتى وجەماوەرى ، تا كۆنگرەى یەكەمى حزبى سۆسیالست (12_15/5/1981) دكتۆر مەحمود وەك كەسى یەكەم دەناسرا ، ئەو بەشدارى كۆنگرەى نەكرد چونكە دەیزانى نا بێت بە سكرتێرى ئەم حیزبە.
بزوتنەوە لە دواى كارەساتى هەكاری تا سەردەمى حزبى سۆسیالست و چ لە سەردەمى شاخ و چ لە سەردەمى دواى راپەرێن (1991) و یەكگرتنى لە گەل پاسۆك و پارتى گەل كێشەى نێوخۆى هەبوو و یەخەى بەر نەدا تا تواندییەوە هۆكارەكەشى دەگەڕێتەوە بۆ .
1. سەركردەكانى كۆك و تەبا نەبوون لە گەل یەكتر و هاوڵوێست نەبوون لەسەر مەسەلە گرنگەكان.
2. لە دواى شەهید بوونى سەیدا سالح و عەلى عەسكرى و دكتۆر خالید و شەهیدەكانى تر كەسانێك گەیشتنە سەركردایەتى ئەو حزبە نەیانتوانى لە ئاست ئیدارەدانى ئەو حزبە بن .
3. یەكێتى فكرى لە نێو سەركردایەتى ئەم حزبە هەبوونى نەبوو ، حزبێك كە فكرو ئایدۆلۆژیایەكەى پێشكەوتووخوازى و چەپ و باوەڕى بە ماركسیسزم بوو كەسانێك لە سەركردایەتییەكەى دا هەبوون نە ئەوەندە قوڵ بوون لەم بوارەداو هەشبوو نەخوێندەوار بوو باوەڕی بەم فكرەییە نەبوو.
بۆیە ئەم حزبە بەرە بەرە ساڵ بە ساڵ توشى كێشەو قەیران بوو ، سكرتێر نەیتوانى سیاسیانە و بێلایانانە ئیدارەى ئەو كێشانە بدات و هەوڵى چارەسەركردنى بدات بەڵكو بە پێچەوانەوە خۆى بووە بەشێك لەم كێشەو قەیرانانە ، هەروا ئەم حزبە لە كێشە سیاسیەكان و هاوكێشەكانى كوردستان نەیتوانى زانستانە مامڵەیان لە تەكدا بكات نموونەى ئەندام بوونى هەردووك بەرەى جوقد (الجبهە الوطنیە والقومیە الدیمقراطیة) 12/11/1982 و جود (الجبهە الوطنیة الدیمقراطیة) 28/11/1982 بە تایبەتى جود كە ئەم حزبەى بەرەو كێشەیەكى درێژخایەن برد و تەنیا پارتى تیایدا سوود مەند بوو ، هەروا ئەو كێشە ناوخۆییەى ساڵى (1985) كە سەركردایەتى نەیتوانى چارەسەرى بۆ بدۆزێتەوە تا ئەنجامەكەى بە جیابوونەوە گەیشت .
خالە سەید كاكە فەرماندەیەكى دیارى نێو هەردووك شۆرشى ئەیلول و نوێى گەلەكەمانە و كەسێكى ماندو و تێكۆشەرە ،تا رادەیەك تواناو شارەزایى سەربازى هەیە بە تایبەتى لە شەڕى پارتى زانى ، بەڵام نابووا بەشدار بێت لە دەركردنى بڕیارە چارەنووس سازەكان و دیاریكردنى چارەنووسى حزبێك ، یاخود بەشداربێت لە مەسەلە سیاسیەكان ، دەكرا ئەو تەنیا بەرپرسیارەتى سەربازى پآ بسپێردرآ و نەك ببێتە ئەندامى مەكتەبى سیاسى و بڕیار بەدەست و شوێنى هەستیارو گرنگ بگرێت كە لە ئاست تواناى ئەودا نەبووبێت ، چوونكە ئەو كەسێكى وابەستە بوو بە دین و مەسەلە عەشایەرەكان ، كە خۆشى نكۆلى لەم راستییە نەكرد، ئەو نەیشاردەوە زۆر دژى عیلمانیەت و ماركسیەت و شوعى بووە لە كاتێكدا ئەو ئەندامى مەكتەبى سیاسى حزبێك بووە كە عیلمانى بووە ، بۆیە ئەم حزبە عریقە واى بەسەر هات.
تێبینى و سەرنجەكان:
1. لە میانەى وەڵامەكانى بۆ پرسیارەكان بە جۆرێك لە جۆرەكان نەگەتیڤانە دەیبردەوە سەر یەكێتى و وەڵامەكانى لە روانگەى بیركردنەوەى رۆژانى ئەو مڵملانێیەى سەردەمى شاخ و شەڕى ناوخۆ بوو ، ئەمەش گومانى تیا نییە بەرژەوەند لەبەر چاو دەگیرێت و بەلایێك دادەشكێنرآ و راستیەكان دەشێوێنرێن ، ماناى ئەوە نییە من بەرگرى لە یەكێتى بكەم و لەم رووداوانەى خالە سەید باسى لێوە كردن یەكێتى بآ خەتا بووبێت نەخێر یەكێتیش لەم بارەویەوە گەر زۆرترى بەر نەكەوتبێت كەمترى نییە لەو لایانانەى بەشدار بووینە لەم رووداوانە و بەپرسیاریەتى لە ئەستۆیە .
2. خاڵە سەید زۆر مەدح و ستیاشى خۆى كرد (وام كردو ،وام كرد) كە ئەمەش تێبینى هەلدەگرى .
3. خاڵێكى زۆر گرنگ كە خاڵە سەید باسى لێوە كرد ئەو دەیووت (من سۆیالیست نەبووم پارتى بووم) ئەو بێئاگایە لەوەى ئەمە دەچێتە خانەى (خەت مایل) بە داخەوە د ەبوایە خاڵە سەید شانازیى بە سۆیالستبوونى خۆى بكات نەك خۆى لێبەرى بكات ئەو 16 ساڵ لە سەركردایەتى ئەو حزبە بووە و 16 ساڵ دژوارترین خەبات و تێكۆشانى لە ریزەكانى كردووە ،چۆن قودرەت دەكات بۆ خاترى ئەو لایەنەى كە ئەو ئێستا لەریزەكانى دایە واخۆى بنوێنآ بەهایەكى بۆ ئەو خەباتەى خۆى دانەناو لایەنەكەشى شتێكى ئەوەتۆى بۆ نەكردووەو ئەو دەمانچەى لە قەدى تى و ئۆتۆبیلەكەى بنیشى دیارى مام جەلالە كە خۆى وتى ، ئەوهاش جار جار هێڕشى دەكردەسەر ، ئەگەر ئەو سۆسیالست نەبوو بۆچ سەرەتا نەبووە پارتى و خۆى بە خەبات و قوربانییەكانى سۆسیالست هەڵدەواسى ،پێم وایە هیچ پێویستى نەدەكرد خالە سەید بەم جۆرە هێڵى راست و چەپ بەسەر ئەو هەموو ماندووبوونەى خۆى بهێنێت ، ئەگەر ئەمەبۆ ئەوە بێت كە پارتى لە خۆى رازى بكات پێم وایە پێویست نەبوو ، لەلایەكى تر لە وانەیە لە لاى هەندێك كەس باورێك دروست بێت كە خالە سەید راست دەكات پارتى بووە چوونكە ئەو لە كارەساتى هەكاری دا لەگەل شەهیدان (عەلى عەسكرى و دكتۆر خالید و ئیبراهیم عەزۆ) وهەڤاڵەكانیان لە لایەن (قیادەى مۆقەت) بەدیل گیرا و تەنیا ئەو ئازاد كرا و سآ سەركردەكەى تر بە ئارپیچى شەهید كران .
4. ئەو باسى لە گفتوگۆى نێوان حكومەت و بزووتنەوەى كرد ، ئەم گفتووگۆیە لە (تەشرینى یەكەمى 1979) كرا ، بەڵام لە قۆناغى سەرەتاییەوە كۆتاى پآ هات و هەر لە دواى كۆتایى پێهاتنى پێشمەرگەكانى بزووتنەوە گەورەترین داستانیان تۆمار كرد كە داستانى (سماقولى) بوو لە (24/12/1979) كەتیایدا دوو فەرماندەى قارەمان و لێهاتوو (سەید سەلیم و شینەى بۆڵى) شەهید بوون ، بۆیە حكومەت داواى لە بزوتنەوە كرد بۆ گفتووگۆ چوونكە بزوتنەوە مەزنترین هێزى كوردستان بوو حكوموتى بەعس دیویست وەكو هەموو جارێك بۆ مەبەستى تایبەتى خۆى و لێكترازاندنى لایەنەكان گفتووگۆ بكات نەك بۆ چارسەركردنى كێشەى كورد ،ئەم راستیە لە لایەن بزووتنەوەى سۆسیالیست هەر زوو هەستى پێكراو بزوتنەوە كۆتایى پێهێنا .
5. خالە سەید وتى گەر من رۆیشتبام سۆسیالست كەسى نەدەماو تەنیا منیان هەبوو لە هەولێر و لە سولێمانیش كاكە حەمە ،هەڵبەتە ئەمە جگە لە ستایش و بە خۆدا هەلگۆتن هیچى تر نییە خۆزیا هەرزوو خالە سەید دەچووە نێو پارتى و كاكە حەمەش هەر یەكێتى دەبوو ، چوونكە كاكە حەمە تا سەرەتایى (ئیلولى 1980) كۆمەڵە بوو لە بەر هەندى خروقات كە كاكە حەمە لە ناوچەى شارەزوور كردبووى ، لە سەركردایەتى كۆمەڵە بە دوایان ناردبوو بڕیارى سسزادانیان دابوو كە ئەمەى زانیبوو یەكسەر پەیوەندى بە سۆیالست كردبوو . خەلكانى وە ئێوە لە سەركردایەتى سۆسیالست دا بوون بۆیە ئەم حزبە خاوەن پێگە زۆرە جەمارى و پێشمەرگایەتى بەم رۆژە گەیشت ، حزبێكى عیلمانى وخاڵە سەیدى پارتى و كاكە حەمەى ئیتلاعات چۆن لە نێو یەك كەوانە دادەنرێن ، ئەمە تۆمەت نییە خودى خالە سەید لە دیدارەكە ئاماژەى پێداو وتى (من سۆسیالست نەبووم دژى سۆسیالستى علمانى بووم و پارتى بووم كاكە حەمەش بۆخۆى لەگەل یەكێتى رێك كەوتبوو پشتیشى بە ئێران دابوو) رێك ئەمە راستیەكەیە .
6. خالە سەید وتى (چل ساڵ شەڕە گوڵلەم كرد) باشتر وابوو گوتباى چل ساڵ پێشمەرگایەتیم كرد ، چوونكە كەسێك چڵ ساڵ شەڕە گوڵلە بكات جارێك بە سوكیش بێت هەر بریندار دەبێت ، لە وانەیە قسەكەى قادر عەزیز راستبێت كە دەڵێت خالە سەید لە شەڕى (دەشتێو 8/3/1978) وەك پێویست بەشدارى نەكرد .
7. خاڵە سەید هیچى بۆ سەركردەكانى ترى سۆسیالست نەهێشتەوە تەنیا رۆلى خۆى بەرز نرخاندو رۆلى ئەوانى ترى ون كرد و رێزى بۆ دانەنان بە تایبەتى شەهید (سەیدا سالح یوسفى) بەرووتى ناوى دەبرد بآ ئەوەى لەگەل ناوى بەرێز ،شەهید، كاك بەكار بهێنێت .
8. زانین و سیاسەت كردن لاى خالە سەید هاوكارى و مامەلەكردن بوو لە گەل ئێران بۆ ئەوەى شت وەربگرێت و ئامادەبێت هەرچى ئێران وتبایى سۆسیالست بڵیت بەسەر چاو لە بەرامبەر چەند هەزار تومەنێك و لۆریێك ئازووقە ، چوونكە ئێران بێ بەرامبەر یەك قوتى كەمپووتیشى نەدەدا ، بەڵآ لە سەردەمێك لە 1985 بە دواوە سۆسیالست لە ئێران شتى وەردەگرت ،بەشێك لە سەركردەكانى سۆسیالست هەمان باوەڕى خالە سەیدیان هەبوو و هەولیشیان بۆ دەدا تا ساڵى 1983 خالە سەید چەند پاسدارێكى لەگەل خۆى هێنان بۆ ناوچەى گرتك و رۆست تا لە گەل پێشمەرگەكانى سۆسیالست لەسەر رێگاى (هاملتۆن) چالاكى ئەنجام بدەن و پردەكان بە تی ئێنتى بتەقێنەوە بەڵام كادیروپێشمەرگە نەك هەر ئامادە نەبوون زۆر بە توندی دژ وەستان و سەركردایەتیان ئاگادار كردەوە كەجارێكى تر كارى لەم جۆرە بكەن ئەوە هەڵوێستیان دەبێت و لێى بێدەنگ نابن ، ئەم رووداوە بووە خاڵێك لە خاڵە ناكۆكیەكانى نێو حزبى سۆسیالست چوونكە وەك ئاماژەم پێكرد بەشێكى زۆر لە سەركردایەتى سۆسیالست دەیانویست هاوكارى ئێران بكەن واتا (رێنوێنى پاسدار بكەن بۆ كوردستان) كە ئەو كات ئەم جۆرە هاوكارییە ببوە مۆدیل لە نێو لایەنەكان ، تەنیا (حزبى شیوعى و زەحمەتكێشان و پاسۆك) ئەم كارەیان نەكرد ، لە سەروبەرى جیابوونەوەى زەحمەتكێشان لە (ئابى 1985) یەكسەر سۆسیالست هاوكارى ئێرانى كردوو چەك و كەرەستەى ترى لە ئێران وەرگرت و بارەگا ى سەركردایەتى بردە نێو خاكى ئێران و باڵى جیا بۆوەش كشا بۆ نێو قوڵاى خاكى كوردستان .
9. خالە سەید باسى لە (خاڵە حاجى) كرد و وتى (خاڵە حاجى پەیوەندیێكى تایبەتى لەگەل ئێران هەبوو مانگانە دوو لۆرى ئەرزاقى وەردەگرت) ئەمە زۆر راستە ئەو ئەندامى كۆمیتەى ناوەندى بوو بەرپرسى پەیوەندیەكانى سۆیالست بوو لە ئێران هاوكارێكى تەواوى ئیتلاعات بوو سەرجەم زانیارییە وردو درشتەكانى حزبى سۆیالستى بە كۆنووسى كۆبوونەوەكانى كۆمیتەى ناوەندیشەوە دەیدا بە ئیتلاعات، لە لایەن كادیرو پێشمەرگە دلسۆزەكانى ئەم حزب زۆر هەوڵدرا بگۆردرێت و كەسێكى تر بچێتە شوێنى بەڵام نەكرا، چیرۆكى (خاڵە حاجى) چیرۆكێكى درێژە ئێرە جێگاى نابێتەوە، ئەم كەسە بەشێوەیەك رۆڵی هەبوو كە خودی سكرتێری حزبیش نەیدەتوانى بریارەكانى حزبى بەسەردا جێبەجێ بكات چونكە ئێران پاڵپشت بوو ، خاڵە سەید باش ئەم زانیاریانە دەزانێت بەڵام لە میانى بەرنامەكەدا نەیویست باسى لێوە بكات .
10. خالە سەید لە بەشێكى وەڵامى پرسیارەكان وتى (گەر لێ گەرابان قادر عەزیز و جەماعەتەكەم دەگرتن و دەمكوژتن) ئەو كاتەی ئەو باڵەى سۆسیالیست كە سەركردایەتى سۆسیالستیان لە شوشان لە سەر سنورى عێراق و ئێران لە ئابى1985بە جێهێشت ،هێشتان بڕیاری جیابوونەوەیان نەدابوو ، كێشەى سیاسی و ئیداری و رێكخستن لە نێو حزبی سۆسیالست هەبوو ،ئەوان هەوڵیان دەدا ئەم حزبە كێل بكەنەوە و داوای چارەسەر كردنى كێشەكانیان دەكرد و بەڵام سەركردایەتى سۆسیالیست ئامادە نەبوو ، ئەم باڵە كە سەركردایەتیان بە جێهێشت و گەرانەوە ناوچەكانى خۆیان بۆ درێژە پێدان بە كار و چالاكیەكانیان ، یادداشتێكیان دایە سەركردایەتى خۆیان و ماوەى شەش مانگیان دیاری كرد تا كێشەكان چارەسەر بكات . ئەم باڵە كە لە سەركردایەتى بوون هێزێكى زۆر بوون زیاتر بوون لە وانى تر گەر ویستبایان شتێك بكەن یاخود وەك خاڵە سەیدیان كردبا كە ئەو نیازى بوو بەڵام سەركردایەتى رێگاى پێنەداوە ، ئەوا پێچەوانەى قسەكەى ئەو دەبوو دەیانتوانى زۆر بە ئاسانى بێ ئەوەى تەقەش بكرێت كۆنترۆڵی بارەگاكانى سەركردایەتیان كردبا ، بەڵام ئەوان نە ئەو نیازەیان هەبوو نە هێشتان بڕیارى جیابوونەوەیان نەدابوو ، حزبى سۆسیالستیان بە حزبى خۆیان دەزانى بەڵام هەندآ كردەوەى نارێك و دوور لە هەموو پێوەرێكى حزبى و هاورێیەتى كە سەركردایەتى لە بەرامبەر ئەو باڵەى كرد و هیچ هیواو ئومێدێكى پێكەوە بوونیان نەهێشتەوە بۆیە بە ناچارى ئەم باڵە لە (12/12/1985) خۆى وەك لایەنێكى سەربەخۆ راگەیاند بە ناوى (حزبى سۆسیالستى كوردستان عێراق / ئیتجاهى دیموكراتى شۆڕشگێر) و لە یەكەمین كۆنفرانسى خۆى لە (24- 26/ 4/1988) ناوى (حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان)ى بۆ خۆى هەلبژارد .
11. خالە سەید باسى لە كتێبێك كرد كە لە لایەن قادر عەزیز نووسراوە و یەكەتی و شوعى بۆیان چاپ كردووە ،جارێ كتێب نەبوو دوو نامیلكەى بچووك بوون ناوەرۆكى نامیلكەكان ئەوە بوو حزبی خاوەن فكرەیی (دیموكراتى شۆڕشگێر) لەدواى قۆناغى رزگاری نیشتمانى دوو رێگای لە بەردەم دەبێت یان دەبێتە حزبێكى چینایەتى خاوەن فكرەى ماركسیزم یان بەرەو برجوازیەت دەروات ،ئەم دوو نامیلكەیەی لە دە ڤەری بادینان لە ساڵی (1984یان 1985) دەرچوون ئەو كات یەكەتى لە ناوچەى بادینان بوونیان نەبوو تا ئەو كتێبە بۆ قادر عەزیز دەربكات ، بە پێچەوانەوە كاتێ باڵی جیابۆوە لە سۆسیالیست خۆی وەك لایەنێكى سیاسی راگەیاند یەكەتى لە ئێزگەكەیدا زۆر بە توندی و نارەواو نالۆژیكانە هێرشی بردە سەرو ئەو باڵەى بە پیاوى سەربەمەكتەبى سەدامى ناوبرد ، تەنیا ئەمەش لەبەر ئەوە بوو ئەم باڵە لە بەیانى راگەیاندنى دامازراندنى خۆی دا ئاماژەى بەوە كردبوو كە هێنانی سوپای بێگانە(سوپاى پاسداران) بۆ نێو خاكى كوردستان كارێكى نارەوایەو خیانەتە ، هەروەها خاڵە سەید وتی (ئەمانە هیچ نەبوون پارتی و یەكەتی كردیانە حزب) دیارە خاڵە سەید كاكەبێئاگا بووە لەوەى ئەم باڵە هەر لە سەرەتاى راگەیاندنى دامەزراندنى خۆى لە (12/12/1985) كەوتە بەر هێرشى یەكێتى و پارتى چەندین كادیروپێشمەرگەى لێ زیندانى و شەهید كران لە لایەن ئەم دوو لایەنە .
12. خاڵە سەید كاكە تەنیا شۆرشی ئەیلولی بە شۆرش دانا و شۆرشی نوێی بە شۆرش هەژمار نەكرد كە ئەمەش دوورە لە لۆژیك و غەدرێكى گەورەیە بەرامبەر گەلەكەمان كە ئەم هەموو قوربانیەى دا لە شۆڕشى نوێدا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست