کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


سیستەمى تەندرووستى هەرێم، لە سایەى دەسەڵاتى كوردیدا

Thursday, 09/09/2010, 12:00


خزمەتگوزارى تەندرووستى زانستێكە راستەوخۆ خزمەتى مرۆڤ دەكات، پێشكەوتنى خزمەتگوزارى تەندرووستى لە هەر ولاتێكدا،بە یەك لە نیشانە هەرە هەستیارەكانى پێشكەوتنى بارى كۆمەلایەتى و زانستى ئەو ولاتە دەژمێردرێت، بۆ درێژكردنى تەمەنى مرۆڤ، بۆ رزگاركردنى مرۆڤ لە ئێش و ئازار و پەتا و كارەسات،پێشخستنى زانستى پزیشكى و دابینكردنى خزمەتگوزارى تەندرووستى ئەركى سەرەكى هەر دەسەڵاتێكى سیاسیە.لە باشوورى كوردستانیشدا كە لە دواى راپەڕینەوە تا ئەمرۆ كورد حوكمرانى هەرێمى كوردستان دەكات،دەبێت یەك لە كارە سەرەكیەكانى دەسەڵاتى كوردى و حكومەتى هەرێم ،پێشخستنى زانستى پزیشكى و خزمەتگوزارى تەندروستى بێت .
لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ،بە هۆى دیاردەى پەنجا پەنجا و شەرى ناوخۆ و دەسەڵات پەرستى و مادەپەرستی دەسەڵاتەوە، سیستەمى سیاسى و ئیدارى حكومەتى هەرێمى كوردستان پێشكەوتن و جێگیرى بە خۆوە نەدی،یەك لەو بوارانەى سیستەم، كە پێشكەوتن و جێگیرى بە خۆوە نەدیوە، سیستەمى تەندرووستى و خزمەتگوزارى تەندرووستى بووە،هەر كەسێك لە نزیكەوە بە وردى چاودێرى بەریوەچوونى كار و چالاكیەكانى نەخۆشخانە و تاقیگە و دەرمانخانەكانى هەرێمى كوردستان بكات،هەست دەكات كارەكان وەك پێویست بەرێوەناچن و هەموو پێكهاتەكانى ئەو دەزگایانە گلەیى دەكەن و نارەزایى نیشان دەدەن،پزیشك گلەیى لە ماندووبون و بە گرنگ نەزانینى پیشەكەى و كەمى مووچە دەكات،نەخۆش باس لە كەم و كوڕى نەخۆشخانە و بە دەنگەوە نەهاتنى پزیشك وكارمەند و فەرامۆشكردنى ئازارەكانى دەكات ،كارمەندى تەندرووستى و كارگوزارى نەخۆشخانە،باس لە ئەرك و ماندووبونى زۆرى خۆیان و كەمى ماف و مووچەیان دەكەن.
ئەگەر مرۆڤ كەمێكى تر لە شێوازى بەرێوەچوونى كار و بارى نەخۆشخانەكان ورد بێتەوە، دەبینێت كەسانى دەوڵەمەندو شارنشین و بەرپرس،لە نەخۆشخانەكانى حكومەتى هەرێمدا،بە خۆرایى و بە باشى خزمەتگوزارى تەندرووستیان پێشكەش دەكرێت،خەڵكى گوند و كەسانى نەناسراو و هەژارانى كوردستان ،زۆر بە كەمى سوود لە خزمەتگوزاری تەندرووستى نەخۆشخانەكانى حكومەتى هەرێم وەردەگرن.
لە هەرێمى كوردستاندا،لە ئاستى زانستى پزیشكى و تیشك و تاقیگە و دەرمانسازیدا، كەم و كورى جدى بە دیدەكرێت،بەرزكردنەوەى ئاستى زانستى پزیشكى و لێكۆڵینەوەى پزیشكى و ناردن بۆ خوێندنى باڵا و هێنانى پسپۆرى بیانى، هێند گرنگى پێنادرێت،گوێگرتنى نەخۆش و بریندار بۆ ئامۆژگارى و رێنمایى پزیشك،لە بەرنامەى كەسانى ساغ و نەخۆشدا نیە.هەڵسووكەوتى زانستى لەگەڵ نەخۆش و دەرماندا لە رێرەوى زانستى لایداوە،بنەماكانى نوسینى دەرمان لە لایەن پزیشكەوە گرنگى پێنادرێت، بنەماكانى بەكارهێنانى دەرمان لە لایەن نەخۆشەوە گرنگیەكى ئەوتۆى پێنادرێت، ئەو ئامێر و دەرمانە پزیشكیانەى دێنە ناو هەرێمى كوردستانەوە،زۆربەى كوالیتى كۆنترۆڵ ناكرێن و لە روى چەندایەتى و چۆنایەتیەوە كەم و كوڕى تێدایە. لە ژێر دەسەلاتى حكومەتى هەرێمدا، بە بێ مۆڵەتى سەندیكاى پزیشكان و سەندیكاى دەرمانسازان و سەندیكاكانى تر، كێ بیەوێت دەتوانێت ببێتە پزیشك و دەرمانساز،چەندان كەسى نەخوێندەوار و چەندان كارمەندى تەندرووستى لە سەر شەقامە گشتیەكان و لە كۆڵانى شارو شارۆچكەكاندا عیادە و دەرمانخانەو و تاقیگەیان كردۆتەوە و كارى پزیشكى و دەرمانسازى دەكەن.
لە بارێكى وادا كە چەندان ساڵە سیستەمى خزمەتگوزارى تەندرووستى هەرێمى كوردستان پێوەى دەناڵێَ،دەسەلاتى كوردى بە دیدگایەكى نازانستى و بێ بایەخەوە سەیرى ئەم بوارەى ژیانى مرۆڤى كورد دەكات،حوكمرانى سلێمانى و حوكمرانى هەولێر تێرَوانینى جیاوازیان بۆ زانسى پزیشكى و خزمەتگوزارى تەندروستى هەیە، هەرچى دەسەڵاتدارانى هەولێرن لەبەر ئەوەى سەر بە خانەدانەكانى خێڵَى بەرزانن،دۆستایەتى توێژەكانى سەرەوەى كۆمەڵگاى كوردستانیان بە لاوە گرنگە،لەبەر ئەوەى پزیشكانیش یەك لەو توێژانەى سەرەوەى كۆمەڵگان، دەسەڵاتدارەكانى دهۆك و هەولێر، دانیان بە چەندان مافى پزیشكاندا ناوە،بەڵام بە جدى بیر لە كێشە تەندروستیەكانى خەڵكى كوردستان و توێژە هەژارەكانى هەرێمى كوردستان ناكەنەوە،لە سنورى دەسەڵاتى (پ د ك) لە هەوڵێر و دهۆك،نرخى عیادەى پزیشكەكان لە سنورى دەسەڵاتى (ى ن ك) لە سلێمانى و گەرمیان گرانترە،لە سنورى دەسەڵاتى (پ د ك) كەناڵەكانى راگەیاندن هێندە سەرشاخى پزیشكان ناگرن و رەخنە لە كارەكانیان ناگرن،بەڵام لەسنورى دەسەڵاتى (ى ن ك) دا لەبەر ئەوەى دەسەڵاتدارانى ئەو دەڤەرە نە خانەدانن و نە چەپن،نە حەزیان بە چارەى پزیشكان دێت و نە خەڵكى هەژاریان خۆشدەوێت،سیستەمێكى پزیشكى پر لە ئالۆزى و بێ برواییان لە نێوان نەخۆش و پزیشك و پێكهاتەكانى تردا دروستكردووە كە لە هیچ ولاتێكدا نموونەى نیە،رۆژانە كەناڵەكانى راگەیاندنى حزبى و نا حزبى سنورى دەسەڵاتى (ى ن ك)، بە توانج و رەخنە، بەردەبنە گیانى پزیشكەكان و عادزیان دەكەن.
ئەو پزیشكەى لە سنورى دەسەڵاتى (پ د ك) دا لەقەبى پسپۆرى وەرگرتووە، بە گوێرەى یاساى حكومەتى عراق برى 600 شەشسەد مەتر زەوى پێدەدرێت،بەڵام لە سنورى دەسەڵاتى (ى ن ك) دا هەمان پزیشكى پسپۆر تەنها 200 دوو سەد مەتر زەوى وەردەگرێت،جیاوازى بۆچوونى دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان لە سەر توێژى پزیشكان هێندەى تر سیستەمى تەندرووستى هەرێمى كوردستانى تێكداوە.
لە وڵاتە پێشكەوتوەكاندا فەلسەفەى پێشخستنى زانستى پزیشكى و دابینكردنى خزمەتگوزارى تەندرووستى،لە رێگەى داهاتى وڵات وسیاسەتى ئیدارى وڵاتەوە دەبێت،ئەگەر سەیرى بودجەى ساڵانەى هەر حكومەتێكى وڵاتانى جیهان بكەین،دەبینین یەك لە بەشە قورسەكانى بودجە بۆ كەرتى زانستى پزیشكى و خزمەتگوزارى تەندرووستى تەرخان دەكرێت.لە ولاتانى تردا سیستەمى تەندرووستى وڵاتەكە بە جۆرێكە كە خەرجى خزمەتگوزارى تەندرووستى سەرمایەدارەكان و توێژەخۆشگوزەرانەكانى كۆمەڵگا، لە سەر حسابى خۆیانە،بەڵام لەو وڵاتانەدا حكومەت پشتگیرى توێژە هەژار و بێكارەكانى وڵاتەكەى دەكات و خزمەتگوزارى تەندرووستیان بە خۆرایى بۆ دابین دەكات ،لە دابینكردنى خزمەتگوزارى تەندروسشتیدا،پشتگیرى توێژە مامناوەندەكانى ولاتەكەى دەكات.كەچى لە هەرێمى كوردستاندا فەلسەفەى حكومەتى هەرێم بۆ دابینكردنى خزمەتگوزارى تەندرووستى،توانا و ماندووبونى پزیشك و كارمەندانە،دەسەڵاتدارانى هەرێم تا ئەمرۆش بیریان لەوە نەكردۆتەوە بۆ بەدەستخستنى خزمەتگوزارى تەندروستى پشتیوانى توێژە هەژارەكانى كۆمەڵگاى كوردستان بكەن، بۆ پێشخستنى زانستى پزیشكى و خزمەتگوزارى تەندرووستى، باج لە سەر داهاتى سەرمایەدارەكانى كوردستان دابنێن،لەبەر ئەوەى لە هەرێمى كوردستاندا دەسەڵاتدار و سەرمایەدار تا رادەیەكى زۆر هەر یەك پێكهاتەن و دەسەڵاتداران بە خۆیانن،دەسەڵاتدارانى هەرێم لەو پشتیوانیەى حكومەت و ئەو باجدانەى سەرمایەداران كە لە ولاتانى ترى جیهاندابۆ پشتگیرى خزمەتگوزارى تەندرووستى دابین دەكرێت، خۆیان دزیوەتەوە،دەیانەوێت ئەو پشتگیریە بە ماندووبونى پزیشكان پڕ بكەنەوە،دەسەڵاتى هەرێم لەم بوارەدا هوشیار بووە و زانیویەتى چۆن رۆژنەنوسان و توێژە هەژارەكانى كۆمەڵگاى كوردستان چەواشە بكات و بەردەوام بیانكات بە گژى پزیشكاندا.واى لێهاتووە لە هەرێمى كوردستاندا،لە سەر بێ سەروبەرى سیستەمى تەندرووستى و لاوازى خزمەتگوزارى تەندرووستى،دەسەڵات و میدیا و نەخۆش پێكەوە، تەنها بەرۆكى پزیشكان بگرن و پزیشكان بە بەرپرسیارى ئەو نادادپەروەریەى سیستەمى تەندرووستى بزانن كە بەرۆكى خەڵكى كوردستانى گرتووە.
ئەگەر دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان و پزیشكان و كارمەندانى تەندرووستى و میدیاى كوردى و ئەو تاك و پێكهاتانەى پەیوەندیان بە خزمەتگوزارى تەندروستیەوە هەیە،بیانەوێت خزمەتگوزاریەكى تەندروستى باش بە خەڵكى كوردستان پێشكەش بكرێت، هاوسەنگى و دادپەروەرى لە نێوان ماف و ئەركەكانى نەخۆش و پزیشك و دەسەڵاتدا بە بنەما بگیرێت،دەبێت سیستەمى تەندروستى هەرێمى كوردستان بگۆردرێت،گۆران بە شێوەیەك بێت كە پێشخستنى زانستى پزیشكى، فراوانكردنى خزمەتگوزارى تەندرووستى،پاراستنى ماف و ئەركى پزیشك و كارمەند و نەخۆش لە خۆ بگرێت،ئەبێت لە سیستەمى نوێدا ئەو فەلسەفەیە بە لاوە بنرێت كە تەنها لە رێگەى پزیشكەوە و لە سەر حسابى ماندووبونى پزیشك خزمەتگوزارى تەندروستى بۆ نەخۆش دابین بكرێت.ئەبێ لە سیستەمى نوێدا ئەو فەلەسەفەیە بە بنەما بگیرێت كە داهاتى وڵات بۆ پێشخستنى زانست، بە زانستى پزیشكیشەوە بە كاربهێنرێت، زانستیش بۆ فراونكردنى داهاتى ولات و بۆ دادپەروەرى كۆمەلایەتى و بۆ خزمەتگوزارى تەندرووستى باش بە كاربهێنرێت.
ئەگەر هەر كەس و لایەنێك بیەوێت كار بۆ پێشخستنى خزمەتگوزارى تەندرووستى بكات، ئەبێ چەندان لایەنى وردى سیستەمى تەندروستى ئێستە بخاتە بەر باس و لێكۆڵینەوە و رەخنەگرتن، وە لە ئەنجامى ئەو كەم و كوریانەى سیستەمى ئێستەى تەندرووستى هەرێم، وە بە ئاشنابوون بە سیستەمە پێشكەوتوەكانى تەندرووستى جیهانى،بنەماى سیستەمێكى تەندرووستى هاوسەنگ بۆ هەرێمى كوردستان دارێژین .
1. پۆلێن كردنى نەخۆش:
لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ،بە شێوەیەكى فەرمى، لە نەخۆشخانەكانى هەرێمى كوردستاندا هەموو چین و توێژەكانى كۆمەڵى كوردستان وەك یەك و بە یەك بلیت پشكنین و چارەسەریان بۆ دەكرێت، لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ هیچ پێوانە و بنەمایەكى چینایەتى بۆ بە دەستخستنى خزمەتگوزارى تەندرووستى كارى پێنەكراوە.لە بەر واستە و خزمخزمێنە و حزبایەتى، گوندى و هەژار و بێ لایەن كەمترین سوودیان لە خزمەتگوزارى تەندرووستى هەرێمى كوردستان وەرگرتووە.كارێكى جدى حكومەتى هەرێمى كوردستانە، بۆ دابینكردنى خزمەتگوزارى تەندروستى بە گوێرەى ئاستى داهات و سەرمایە، كۆمەڵگاى كوردستان بۆ چین و توێژى هەژار و مام ناوەند و دەوڵەمەند پۆلێن بكات،حكومەتى هەرێم بە خۆرایى خزمەتگوزارى تەندرووستى بۆ تاك و توێژە هەژار و بێ كارەكانى سنورى دەسەلاتى خۆى دابین بكات،ئەو توێژە كۆمەڵایەتیەى كە خاوەنى سامانێكى مام ناوەندیە،دەبێت حكومەتى هەرێم پشتیوانیان بكات و خەرجى بەشێك لە خزمەتگوزاری تەندرووستیان بۆ بكات و بەشەكەى تر لە سەر حسابى خۆیان بێت،ئەو تاك و توێژە كۆمەلایەتیانەى كە داهاتى مانگانەیان لە ئاستێكى بەرزدایە و دەوڵەمەندن،دەبێت خۆیان بەرپرس بكرێن لە دابینكردنى خزمەتگوزارى تەندرووستى بۆ خۆیان و لە نەخۆشخانە تایبەتەكان و لە نەخۆشخانە حكومیەكاندا بە یەك نرخ خزمەتگوزارى پزیشكیان پێشكەش بكرێت و حكومەتى هەرێم بەرامبەر بەو توێژە زەنگینەى كۆمەڵ هیچ بەرپرسیارێتیەكى نەبێت.
2.پێشخستنى زانستى پزیشكى:
،ئامانج لە پێشخستنى زانستى پزیشكى ئەوەیە كە بە زووترین كات و بە شێوەیەكى راست دەرد و نەخۆشیەكانى هاولاتیان دەستنیشان بكرێت و بە زوترین كات و بە باشترین شێوە چارەسەرى نەخۆشى و برینەكانیان بكرێت،ئەم ئەركانەش كاتێك وەك پێویست ئەنجام ئەدرێن كە پزیشكى خاوەن زانستى بەرز و خاوەن پسپۆرى هەمەجۆر بن، كەرەسە و پێداویستى تاقیگە و تیشك و دەرمان بۆ پشتیوانى دەستنیشانكردنى نەخۆشی و بۆ چارەسەرى نەخۆشی لە هەرێمى كوردستاندا دابین بكرێت.ئامانجێكى تر لە پێشخستنى زانستى پزیشكى لە هەرێمى كوردستاندا ئەوەیە كە نەخۆش و بریندارەكانى هەرێم بۆ دۆزینەوەى نەخۆشیەكانیان،بۆ وەرگرتنى چارەسەرى، روو لە وڵاتانى دەرەوە نەكەن و برێك سامانى هەریمى كوردستان و سامانى خۆیان نەبەنە دەرەوەى ولات و سامان و دارایى تاك و كۆمەلگاى كوردستان لاواز نەكەن.
لە هەرێمى كوردستاندا رۆژانە چەندان كێشە دێنە سەر رێگەى پزیشكەكان لە دەستنیشانكردنى جۆر و هۆكارى نەخۆشیدا، لەدەستنیشانكردنى قۆناغى گەشەكردنى نەخۆشیدا.ئەوەى لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ لە سیستەمى تەندرووستى هەرێمداپێرەوكراوە،بە شێوەیەكى باش هاوكارى بەرزكردنەوەى ئاستى زانستى پزیشكى و راهێنانى پزیشكان و كارمەندان نەبووە لە سەر بەكارهێنانى ئامیرَە پزیشكیەكان، ئەو كارە نیوە ناچڵانەش كە بۆ وەرگرتنى پلەى پسپۆرى و بۆ ناردنى پزیشكان بۆ دەرەوەى وڵات و بۆ هێنانى ئامێرى نوێ كراوە، لە سەر بنەماى زانستى و لێوەشاوەیى زانستى و سەلیقەى پزیشكى نەبوە،حزبایەتى و دۆستایەتى و خزمایەتى، لە پێش بنەماكانى زانستى و لێوەشاوەیى و سەلیقەوە رەچاو كراوە.
یەكێك لە كێشەكانى ترى بوارى پیشەى پزیشكى ئەوەیە، كە دەسەڵاتدارەكان تەنها مێشكیان بەلاى هێنانى پزیشكى پسپۆرى بێگانەدا كار دەكات،بیر لەوە ناكەنەوە كە پزیشكى كورد وا پەروەردە بكەن كوردستان پێویبستى بە پزیشكى بێگانە نەبێت.
چارەسەركردنى ئەم گرفتە پێویستى بە هەوڵێكى جدى حكومەتى هەرێم هەیە،لە لایەكەوە بودجەیەكى باش بۆ گەشەپێدانى زانستى پزیشكى دابین بكات،لە لایەكى ترەوە بە گوێرەى بنەماى زانستى و سەلیقەى كار و پیشە،پزیشك و كارمەندى تەندرووستى بۆ پەروەردە و فێركردنى باڵا دەستنیشان بكات،دەبێت دەزگاكانى تەندروستى لە هەرێمى كوردستاندا كەسانێك بدۆزنەوە عاشقى پیشەكەى خۆیان بن،ئەوانە بنێرن بۆ پەروەردە و لێكۆڵینەوەى زانستى و راهێنان لە سەر ئامێرى پزیشكى. دەبێت دەسەڵاتى كوردى مەچەكى حزبایەتى و خزمایەتى و هیتر لە سەر بینەقاقەى سیستەمى تەندرووستى شل بكات و چى تر وەك جاران لە رێگەى كڵتورى حزبایەتیەوە سیستەمى تەندروستى ئیفلیج نەكات.
3.سیستەمى بەرێوەبردنى نەخۆشخانە و دەزگا تەندرووستیەكان:
ناوەندێتى و سنورداركردنى دەسەڵات لە وەزارەتى تەندرووستیدا بۆ وەزیر و سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران،كێشەیەكى ترى سیستەمى تەندروستیە و خاڵێكى ترە كە خزمەتگوزارى تەندروستى لە هەرێمى كوردستاندا دووچارى قەیران كردووە.ئەگەرچى دیاردەى ناوەندێتى دەسەلات نەخۆشیەكى بەرێوەبردنە و سەرجەم دام و دەزگا و وەزارەتەكانى ترى حكومەتى هەرێمى كوردستانى گرتۆتەوە،بەلام ئەم دیاردەیە لە نەخۆشخانە و بەرێوەبەرایەتى تەندروستى پارێزگا و قەزاكاندا بە روونى كاریگەرى خرابى لە سەر راپەراندنى كارەكان كردووە وئاستەنگى بۆ دابینكردنى پێویستیە بە پەلە و رۆژانەكانى خزمەتگوزارى تەندرووستى دروستكردووە.ئەگەر نەخۆشخانەیەك پێویستى بە ئامێرێكى سادە بێت،بەرێوەبەرى نەخۆشخانە دەسەڵاتى ئەوەى نیە ئەو ئامێرە بكرێت،ئەبێت بە نوسراوى فەرمى سەرەوەى خۆى ئاگدار بكاتەوە،لەوانەیە برى پارەى ئامێرەكەش لە دەسەڵاتى بەرێوەبەرى تەندرووستى پارێزگا و وەزیریشدا نەبێت، و كرینى ئەو ئامێرە تەنها لە دەسەڵاتى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیراندا بێت.ئەگەر دواى رەزامەندى سەرۆكى ئەنجومەنى وەزیران، رۆتینى وەزارەتى دارایى و دام و دەزگاكانى دارایى بخەینە سەر، بێنە و بەردەی كرینى ئامێرێك یان پێویستیەكى سادەى نەخۆشخانەیەك،جارى وا هەیە ساڵێكى پێدەچێت.بۆیە سیستەمى ناناوەندى(لامەركەزى) چەندە بۆ راپەریاندنى كاروبارى وەزارەت و كەرتەكانى ترى حكومەتى هەرێم گرنگە، زرۆتر بۆ راپەراندنى كارەكانى نەخۆشخانە و دام و دەزگاكانى تەندرووستى گرنگە.ساڵى 1988-1989بۆ ماوەى 8 هەشت مانگ لە نەخۆشخانەیەكى شارى سنەى رۆژهەلاتى كوردستان لە ئێران بە شێوەیەكى كاتى خۆم دامەزراند،سیستەمى نەخۆشخانەكە بە شێوەیەك بوو كە ئەو نەخۆشخانەیە وەك دەزگایەكى سەربەخۆ كاروبارى ئیدارى و دارایى و خۆى ئەنجام دەدا،داهاتى نەخۆشخانەكە مووچەى پزیشك و كارمەندانى دابین دەكرد،ئەگەر نەخۆشخانەكە پێویستى بە كەرەستە و ئامێرى پزیشكى هەبوایە،بەرێوەبەرى نەخۆشخانەكە دەسەڵاتى كرینى ئەو پێویستیانەى هەبوو،ئەگەر داهاتى مانگانە و ساڵانەى نەخۆشخانە لە خەرجى نەخۆشخانەكە زیاتر بایە،بەرێوەبەر ئەو داهاتە زیادەى بۆ وەزارەتى دارایى وڵات دەنارد،ئەگەر داهاتى مانگانە یان ساڵانەى نەخۆشخانەكە كەمى بكردایە،بەرێوەبەر داواى هاوكارى دارایى لە وەزارەتى دارایى وڵات دەكرد.
ئەگەر لە هەرێمى كوردستاندا بەرێوەبەرەكانى نەخۆشخانە و فەرمانگەكانى تەندرووستى دەسەڵاتیان پێبدرێت بۆ ئەوەى پێویستى دەزگاكانیان جێبەجێ بكەن،كارەكانى نەخۆشخانە و دەزگا تەندرووستیەكان بە شێوەیەكى باش بەرێوەدەچێت و خزمەتگوزارى تەندرووستى بە شێوەیەكى باشتر پێشكەشى خەڵك دەكرێت و پزیشك و نەخۆش و بەرێوەبەرەكانى تەندرووستى كەمترین گلەیى و گازندە دەكەن و ئاڵۆزى لە سیستەمى خزمەتگوزارى تەندروستیدا كەم دەبێتەوە.بۆیە زۆر گرنگە كە دەسەڵاتدارانى هەرێمى كوردستان بگەنە ئەو قەناعەتە كە پێویستە برێك لە دەسەلاتەكەى خۆیان بدەنە دەستى بەرپرسى دەزگاكانى شارو شارۆچكەو و ناوچەكان بۆ ئەوەى كارەكان بە زووترین كات ئەنجام بدرێن و خزمەتگوزارى تەندرووستى بە باشى دابین بكرێت.
4.شێوازى پشكنینى نەخۆش و چارەسەرى نەخۆشى هاوڵاتیان:
لە هەرێمى كوردستاندا هەموو نەخۆشێك بۆى هەیە سەردانى هەر بنكەیەكى تەندرووستى و هەر نەخۆشخانە و هەرعیادەى پزیشكێك بكات،ئەم مافەى هاولاتى لە بێ سەروبەرى سیستەمى تەندروستی هەرێمى كوردستانەوە سەرى هەڵداوە،لە ولاتانى تردا كە خاوەنى سیستەمێكى تەندرووستى هاوسەنگن،هەر گەرەكێكى شار و شارۆچكەیەك بنەكەى تەندرووستى تایبەتى خۆى هەیە، ناوى خەڵكى گەرەك و شارۆچكە و گوند، لە لاى ئیدارەى ئەو بنەكەیە پارێزراوە،وە ئەو بنكە تەندروستیە بە تەنها ئەو نەخۆشانە دەبینێت كە لە سنورى گەرەك یان شارۆچكە و گوندەكەدا ناویان لاى تۆمار كراوە.لە هەموو بنەكەیەكى تەندرووستیدا پزیشكى گشتى هەیە،نەخۆشى گەرەك یان گوند دەپشكنێت و چارەسەرى بۆ دەنوسێت، ئەو نەخۆشانەى كە خۆى دەستى بەسەریاندا دەشكێت چارەسەریان دەكات،ئەو نەخۆشانەى پێویستیان بە پزیشكى پسپۆرە،پزیشكى بنكە تەندروستیەكە رەوانەى پزیشكى پسپۆرى تایبەتیان دەكات.هەموو خێزانێك لەو بنكە تەندروستیەدا فایلێكى تەندرووستى سەبارەت بە سەردانى ئەندامانى خێزانەكەى بۆبنكەى تەندروستى و بۆ نەخۆشخانە هەیە،جۆرى نەخۆشى هەموو ئەندامانى خێزانەكەى تێدا تۆمار كراوە،بەو شێوەیە كاروبارى خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان بە باشى بەرێوەدەچن و ئاڵۆزى و قەرباڵغى نەخۆشخانە و بنەكەكان سنورى بۆ دادەنرێت،لە هەمان كاتدا ئەو فایل و دوكیۆمێمنتانەى خێزانەكان لە بنكە تەندروستیەكاندا دەبنە بنەمایەكى زانستى بۆ بە دوادا گەران و دۆزینەوەى نەخۆشى ئەندامانى خێزانەكە.
لە هەرێمى كوردستاندا بنكەى تەندرووستى هەیە،پزیشكى گشتى تێدایە،بەڵام بە جدى كارەكان ئەنجام نادەن،نەخۆشى هەموو گەرەك ناوچەیەك دەبینن،فایلى نەخۆشیەكانى خێزانەكان بە باشى ناپارێزرێن و وەك سەرچاوەیەكى زانستى سوودى لێوەرناگیرێت.خەڵكى هەرێمى كوردستان پابەند نابن بەو رێنمایانەوە كە دەزگاكانى وەزراتى تەندرووستى بۆى داناون،رۆشنبیرى تەندروستى و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستیەكانەوە لاى خەڵكى كوردستان لاوازە،جارى وا هەیە نەخۆش بۆ نەخۆشیەكى سادە دەچێتە لاى پزیشكى پسپۆر،جارى وا هەیە بۆ نەخۆشى گران و كوشندەش نەك هەر ناچنە بنەكەى تەندروستى و سەردانى پزیشكى پسپۆر ناكەن،بەڵكوو سەردانى دوكانى دەرمان فرۆشەكان دەكەن، یان دەچنە لاى ئەو كەسانەى بە دۆعا و جاد و نەخۆش چاك دەكەنەوە.بۆیە گرنگە لەم بارەوە حكومەتى هەرێم و دەزگاكانى تەندرووستى پێداچوونەوەیەك بە گرنگى سیستەمى بنەكە تەندروستیەكانى گەرەك و شارۆچكەكاندا بكەن و لە رێگەى راگەیاندنەوە خەڵك هووشیار بكەنەوە كە پابەندى رێنمایى تەندرووستى و سیستەمى خزمەتگوزارى بنەكە تەندرووستیەكان بكەن.
5.شوێنى حەوانە وە و چارەسەركردنى نەخۆش و بریندار،واتە بیناى نەخۆشخانە:
،ئەگەر سەیرى بیناى نەخۆشخانەكانى هەرێمى كوردستان بكەین، بۆمان ئاشكرا دەبێت كە لە دواى راپەرینەوە تا ئەمرۆ بە گوێرەى پێویستى و بە گوێرەى دابەشبوونى ژمارەى دانیشتوان و زۆر بونى ژمارەى دانیشتوانى هەرێم،بنكەى تەندروستى و نەخۆشخانە دروست نەكراون،لە سەردەمى رژێمى بەعسدا پارێزگاى سلێمانى لەو نەخۆشخانە گەورەیە بێ بەشكرابوو كە لە هەموو پارێزگاكانى عراقدا بە ناوى نەخۆشخانەى سەدام حسەین دروستكرابوو.لە دواى راپەرین چەندان بنكەى تەندروستى و نەخۆشخانەى بچووك دروستكران بەڵام درووستكردنى ئەو نەخۆشخانانە لە سەر بنەماى پێویستى خەڵك و ژمارەى دانیشتوان نەبوو،لە سەر حە زو ئارەزووى دەسەڵاتداران بوو.بۆ نموونە لە شارۆچكەى سەیدسادق نەخۆشخانەیەكى 80 هەشتا قەرەوێڵەیى درووستكراوە، بەڵام لەبەر ئەوەى لە شارەوە دوورە و كادرى پزیشكى پێویستى نیە،وا ماوەى شەش ساڵ بە سەر درووستكردنیدا تێپەڕى، كەچى وەك پێویست سوودى لێوەرنەگیراوە.لە ساڵى 2001 بە دواوە بریارى درووستكردنى نەخۆشخانەیەكى 400 چوار سەد قەرەوێڵەیى بۆ شارى سلێمانى دەرچووە،بەڵام وا دە ساڵ بە سەر بریارەكەدا تێپەرى و تا ئێستە ئەو نەخۆشخانەیە درووست نەكرا،ئەمە لە كاتێكدایە كە پارێزگاى سلێمانى بە كێشەى كەمى نەخۆشخانە و شوێنى حەوانەوەى نەخۆشەوە دەناڵى.
نەبوونى شوێنى پێویست بۆ حەوانەوە و چارەسەركردنى نەخۆش، هۆكارێكى ترە بۆ كەم و كوڕى و لاوازى خزمەتگوزارى تەندرووستى،ئەگەر هەیە نەخۆشخانە 400 چوارسەد قەرەوێڵەیەكەى شارى سلێمانى دواى چەند ساڵێكى تر تەواو نەبێت،بەڵام رۆژانە چەندان بیناى گەورە لە ناو شارى سلێمانیدا بەرز دەكرێنەوە بە بێ ئەوەى ئەو بینا بەرزانە پێویستیەكى خەڵكى كوردستان دابین بكات،دواخستنى نەخۆشخانەى 400 چوارسەد قەرەوێڵەیى شارى سلێمانى دەیسەلمێنێ ئەوە دەسەلاتى كوردیە لە هەرێمى كوردستاندا كە هەوڵى پێشخستنى خزمەتگوزارى تەندرووستى نادات نەك پزیشك و كارمەندانى تەندرووستى نەخۆشخانە و بنكە تەندرووستیەكان.بۆیە لە جێى خۆیدایە ئەگەر حكومەتى هەرێمى كوردستان لایەك لە كەمى بیناى نەخۆشخانەكانى هەرێم بكاتەوە و بە گوێرەى بنەماكانى سیستەمى خزمەتگوزارى تەندرووستى ئەو بیاناینە درووست بكات،لە شوێنێك بیناى نەخۆشخانە دروستبكات كە ژمارەى دانیشتوانى زۆر بێت و پزیشك و كادرى تەندروستى بە ئاسانى بۆ دابین بكرێت.
6. تێكەڵكردنى كارى نەخۆشخانە و كارى عیادەى پزیشكان(كەرتى گشتى و كەرتى تایبەت)، مووچەى نەخۆشخانە و عیادە و گوزەرانى پزیشكان:
پزیشكان یەك لە توێژە سەركەوتوەكانى هەر كۆمەڵگایەكن،پزیشك یەك لەو خوێندكارانەیە كە بە شێوەیەكى بەردەوام و بۆ ماوەیەكى درێژ خەریكى خوێندن و خۆ پەروەردەكردنە،لە خوێندكارى هەموو زانستەكانى تر زیاتر ماندوو دەبێت،بۆ پاداشتى ئەو ماندووبونە زۆرە و بۆ پێزانین بەوەى توێژێكى سەركەوتوە و لەبەر ئەوەى پیشەكەى بۆ پاراستن و درێژكردنى ژیانى تاك پێویستە،دەسەڵاتى سیاسى و ئیدارى هەر وڵاتێك، بە چەندان شێوە پاداشتى پزیشك دەدەنەوە و پێزانین بۆ پیشەكەیان نیشان دەدەن،یەك لەو جۆرە پێزانینانە دابینكردنى ژیانێكى خۆشە بۆ پزیشكان،بە شێوەیەك كە پزیشكان لە رێگەى مووچە و كارى تایبەتى خۆیانەوە بە گوێرەى یاساى وەزارەتى تەندروستى و سەندیكاى پزیشكان، ببنە خاوەنى داهاتێك ژیانێكى بەختەوەر مسۆگەر بكەن،گەرەنتیكردنى ژیانێكى خۆش بۆ پزیشكان لە لایەكەوە پاداشت و پێزانینە بۆ پیشە پێویستەكەیان،لە لایەكى ترەوە دابینكردنى زەمینەیەكى لە بارە بۆ ئەوەى پزیشكان لە رەوشێكى ئارام و جێگیردا بژین و توانا زانستیەكانى خۆیان بە شێوەیەكى بەردەوام گەشەپێبدەن و بیخەنە خزمەتى خەڵكەوە.
لەبەر ئەوەى مووچەى پزیشكانى هەرێمى كوردستان، بە گوێرەى سیستەمى مووچەى پزیشكانى رژێمى عراقى پێشوو دارێژراوە، سیستەمى تەندرووستى رژێمى بەعسیش لە سەر بنەماى سیستەمى سۆسیالیستى كلاسیك دارێژراوە،وە لەبەر ئەو هەموو شەرو كارەسات و ئابڵووقە ئابوریانەى لە 30 سى ساڵى رابوردوودا بە سەر عراق و هەرێمى كوردستاندا هاتووە،برى مووچەى پزیشك و كارمەندى تەندروستى هەرێم بە گوێرەى بەرزبوونەوەى ئاستى گوزەران زۆر نزمە،وەك مووچەى پزیشك و كارمەندانى ولاتانى تر نیە،ئەو پزیشك و كارمەندانەى كوردستان كە هەرێم جێدەهێڵن و ڕوودەكەنە وڵاتانى ئەوروپا و كاریان دەستدەكەوێت،بڕى مووچەى مانگانەیان لەو ولاتانە دەقاتى ئەو مووچانەیە كە لە هەرێمى كوردستاندا وەریدەگرن.لە سەردەمى جیهانگیرى و بچوكبوونەوەى جیهاندا،پزیشكى هەرێمى كوردستان بە وردى ئاگای لە ماف و ئەركەكانى پزیشكانى سەرتاپاى جیهانە و دەیەوێت وەك ئەوان كار بكات و بژیت،ئا لێرەدا پزیشكان بەرامبەر بە كەمى مووچەكەیان و زۆرى كارەكەیان،ناهاوسەنگیەك لە نێوان ئەرك و مافەكانیاندا دەبینن و بەردەوام گلەیى لە دەسەڵات دەكەن،بۆ پڕكردنەوەى پیویستیەكانى ژیان و بۆ ئەوەى گوزەرانیان باش بكەن،پزیشكان عیادەى تایبەت دەكەنەوە.بە گوێرەى یاساى سەندیكاى پزیشكانى هەموو جیهان، پزیشك مافى خۆیەتى لە دواى دەوامى فەرمى نەخۆشخانە، عیادە بكاتەوە و نەخۆشى تێدا ببینێت و هەقى پشكنین و چارەسەرى خۆى وەربگرێت.بەلام سیستەمى تەندروستى لە هەرێمى كوردستاندا، كارى پیشەى پزیشكى لە نەخۆشخانە و لەعیادەكاندا، بە شێوەیەكى یاسایى رێك نەخستووە و تێكەڵى لە نێوان كارى كەرتى گشتى و كەرتى تایبەتدا دروستدەبێت و پزیشكان رووبەروى گلەیى و رەخنەگرتن دەبنەوە،بۆیە یەك لە ئەركە گرنگەكانى ترى سیستەمى نوێى تەندرووستى ئەوەیە كە لە سەر بنەماى ستاندارە جیهانیەكان مووچەى پزیشك و كارمەندان دابین بكات و پێوانە و یاسا بۆ جیاكردنەوەى كەرتى گشتى و كەرتى تایبەتى خزمەتگوزارى تەندروستى دابنێت و كێشەى نێوان نەخۆشخانە و عیادەكان چارەسەر بكات.
7.كارى پزیشكان لە نەخۆشخانە و گلەیى خەڵك:
یەك لە گلەییە بەردەوامەكانى خەڵك لە پزیشكان ئەوەیە كە پزیشكان لە نەخۆشخانە روویان خۆش نیە و بە باشى نەخۆش نابینن،بەڵام لە عیادەكانى خۆیاندا روویان خۆشە و بە باشى پشكنین بۆ نەخۆشەكان دەكەن، بە بۆچوونى من ئەم تێڕوانینەى خەڵك لە سەر پزیشكان راستى تێدایە،بەلام راستیەكى رەها نیە،ئەگەر ئەو تێڕوانینە تا رادەیەك راست بێت دەبێت هۆكارەكانى بدۆزینەوە.بێجگە لەوەى كە پزیشك كوڕى ئەو كۆمەڵگایەیە،یەك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە پزیشك لە نەخۆشخانە چەندان كارى هەیە،ژمارەى نەخۆشیش لە نەخۆشخانە هێجگار زۆرە،لە نەخۆشخانەپزیشك هەم كاتى كەمە و هەم كارى زۆرە و تەنها بە پشكنینى نەخۆشەوە سەرقاڵ نیە،لە نەخۆشخانەدا پزیشكان رۆژانە چەندان كارى تریان هەیە،پشكنین و دەستنیشانكردنى نەخۆشى ئەو نەخۆشانەى لە نەخۆشخانەدا خەوتوون، وانە وتنەوە بە خوێندكارانى بەشە پزیشكیەكانى زانكۆ و پەیمانگاكان،كاركردن لە لێژنە پزیشكیەكاندا،كارى نەشتەرگەرى و هى تر،لەوانەیە پزیشكێكى پسپۆر لە مانگێكدا تەنها شەش سەعات لە بەشى راوێژكارى نەخۆشخانەدا كار بكات،لەو شەش سەعاتەدا هیچ نەبێت 100 سەد نەخۆش دەبینێت،ئتر دەرفەتى كەمە بۆ ئەوەى بە باشى لەگەڵ نەخۆشدا قسە بكات و كاتى لەگەڵدا بە سەرببات، بۆیە ناتوانێت وەك پێویست كات و تواناى خۆى بۆ پشكنین و چارەسەرى نەخۆشەكانى نەخۆشخانە بەكار بێنێت،بەڵام هەموو پزیشكێك ئازادە لەوەى كە رۆژانە لە كلینیكى تایبەتى خۆیدا نزیكەى شەش سەعات دابنیشێت و ژمارەیەكى نەخۆشى كەم بپشكنێت و باش گوێ لە نەخۆشەكان بگرێت و چارەسەریان بۆ بنوسێت .ئەمە سەرەراى ئەوەى كە لە بەر ئەوەى پشكنینى نەخۆش لە نەخۆشخانە بۆ هەموو كەسێكە و بێ بەرامبەرە یان بە نرخێكى كەمە، هەندێ خەڵك بۆ كات بەسەربردن دەچنە نەخۆشخانە و خۆیان پیشانى پزیشك دەدەن بە بێ ئەوەى هیچ جۆرە گرفتێكى تەندرووستیان هەبێت و كاتى پزیشك دەكوژن و جارجارەش كێشە بۆ پزیشكان پێكدەهێنن.بۆیە یەك لە كارەكانى ترى سیستەمى تەندرووستى ئەوەیە بە گوێرەى رێنمایى و رونكردنەوە و پەروەردەى تەندروستى ئەو كێشانە چارەسەر بكات.
8.كارمەندانى تەندروستى و خەڵكانى تر مافى پزیشكان و دەرمانسازان پێشێل دەكەن:
لە دواى راپەرین و دەست بەكاربوونى حوكمرانى كورد لە هەرێمى كوردستاندا،چەند دیاردەیەكى ناشارستانى لە سیستەمى تەندرووستى هەرێمى كوردستاندا سەریان هەڵدا،هەندێك دیاردەى كۆنی تریش هەبون گەشەیان كرد.پێش راپەرین دوكانى دەرمان و عیادەى كۆڵان نەبوون،دەرمانى گیایى رێگەى پێنەدرابوو بەو شێوەیە بە ئاشكرا دەرمان بە نەخۆ ش بدات،دیاردەى فاڵچیەكان و كەڵەشاخ بەو شێوەیەى ئەمرۆ پەرەى نەسەندبوو،ئەم دیاردانە سەرەراى ئەوەى پشت بە زانستى پزیشكى نابەستن،مافى ئەو پزیشك و پزیشكە دەرمانسازانە ئەخۆن كە دەیان ساڵ خوێندوویانە تا مافى نەخۆش بیینن و دەرمانفرۆشتنیان پێدراوە،ئەم دیاردەیەى دواى راپەرین گەوەرترین پێشێلكاریە بەرامبەر بە پیشە پزیشكیەكان و گەورەترین زوڵم و چەواشەكاری و خەڵەتاندنە بەرامبەر بە نەخۆش.
9.سەندیكاكانى پزیشكان و سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى و حزب و سیستەمى تەندرووستى هەرێم:
.پاش راپەرین و پێشكەوتنى دەسەڵاتى حزبى و ململانێى حزبى،سەندیكاكانى پزیشكى و كارمەندانى تەندروستى كەوتنە ژێر كۆنترۆڵى حزبە دەسەڵاتدارەكانى هەرێمى كوردستانەوە،لە لایەكەوە هەردوو سەندیكا لە سەر بنەماى حزبى و ناوچەیى پارچە بوون و هێند كاریان بۆ بەرژەوەندى حزب و بۆ پێشخستنى حزب دەكرد، نیو هێندە كاریان بۆ پێشخستنى سیستەمى تەندرووستى هەرێمى كوردستان نەكرد.وە لەبەر ئەوەى ئەندامانى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى بە ژمارە لە ئەندامانى سەندیكاى پزیشكان زیاتر بوون و كارمەندان زۆرتر دەرفەتیان هەبوو لە چالاكیە سیاسیەكانى حزبدا بەشدارى بكەن،لە ململانێى نێوان پزیشك و كارمەنداندا حزب پشتگیرى كارمەندانى كرد،ململانێى نێوان پزیشك و كارمەند بە سودى كارمەند و زیانى پزیشك لاسەنگ بوو،بەرپرسەكانى سەندیكاى كارمەندانى تەندرووستى ئەم هەلەیان قۆستەوە و كاریان كرد تا لە سەر حسابى پزیشكان گوزەرانى كارمەندانى پزیشكى پێشبخەن،بۆ باشكردنى ژیان و گوزەرانى كارمەندان و بۆ دابینكردنى پشتگیرى كارمەندان لە سەندیكاكەیان،سەندیكا كارى كرد بۆ ئەوەى برێكى زۆر لە پیشەى پزیشكى و دەرمانسازى دواى دەوامى فەرمى بخرێتە دەستى كارمەندان و لە پزیشكان داگیر بكرێت، رێگەیان دا بە كارمەندان و كەسانى تر بۆ كردنەوەى دوكانى دەرمان و عیادەى نارەسمى،ئێستا دوكان و عیادەى نارەسمى كارمەندان و خەڵكانى تر بووە بە دیاردە و سەندیكا و حزب پشتگیری دەكەن، ئەم دیاردەیە لە هیچ وڵاتێكى ترى جیهاندا نیە و كاریگەریەكى خرابى لە سەر سیستەمى تەندروستى بە جێهێشتووە،لە زۆربەى شار و شارۆچكەكانى هەرێمدا دواى نیوەروان كەس نازانێت كێ پزیشكە و كێ هاوكارى پزیشك و كێ برین پێچە؟،كەس نازانێت كام كەسە پزیشكى دەرمانسازە و كام كەسە دەرمان فرۆشە؟،لە هەمووى سەیرتر ئەوەیە دەرمانفرۆشەكان بە نرخێكى هەرزانتر دەرمان بە خەڵكى دەفرۆشن و تا نیوەى شەو دوكانەكانیان كراوەن،وەزارەتى تەندرووستى و سەندیكاى پزیشكانیش سیستەمى ئێشكگرى شەوانەى سەیدەلیەكانى هەڵوەشاندەوە.ئەم دیاردەیە كاریگەریەگى زۆر نەگەتیڤى لە سەر هەستى پزیشكان بە جێهێشتوە و واى كردووە كە پزیشكان بە جدى سەیرى خۆیان و پیشەكەیان و دەسەڵات و كۆمەڵگا نەكەن و خۆیان بە پێكهاتەیەكى زوڵملێكرا و نامۆ سەیر بكەن. بێجگە لەوەى بوونى ئەو دوكانانە چەندان كێشەى تەندرووستى بۆ نەخۆش دروستكردووە.
10. دەست تێوەردانى حزب وخراب دابەشكردنى پزیشك و كارمەندى تەندرووستى لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكاندا:
.ساڵى 2001 بۆ ماوەى هەشت مانگ بەرێوەبەرى فەرمانگەى تەندرووستى سلێمانى بووم،لەو ماوەیەدا كۆمەڵێك دیاردەى هەڵەو ناداپەروەرم بینى،دڵنیام ئەو دیاردانە بە تەنها لەو كاتەدا و لەو شوێنى كارەكەى مندا نەبوون،ئەو دیاردانە سەرتاسەرى و هەموو كاتى بوون و تا ئەمرۆش بەردەوامن و روویان لە زیابدبوونە.دامەزراندن و دابەشكردن و گواستنەوە و كاركردنى پزیشك و كارمەند،لە سەر بنەماى پێویستى نەخۆشخانە و خزمەتگوزارى پزیشكى نەبوو،لە كاتێكدا كە نەخۆشخانەكانى سلێمانى پێویستیان بە كارگوزار بوو و سەدان كارمەندى تەندرووستى زیادى هەبوو،سەرۆكى هەرێمى دەسەڵاتى حكومەتى سلێمانى بریارێكى دەركرد بێجگە لە پزیشك و كادرى پزیشكى هیچ ستافێكى تر بۆ وەزارەتى تەندروستى دانامەزرێت.هەر ئەو سەرۆكى هەرێمەى ئەو كات لە ناوەراستى مانگى حەوتى 2001دا بە بریارێكى سەرپێى داواى لە وەزیرى تەندرووستى كرد بە زوترین كات 5 پێنج پزیشك بۆ كەمپى تەقەتەق بنێر ێت،ئەمە لە كاتێكدایە كەژمارەى دانیشتوانى تەقەتەق لە پزیشكێك زیاتر هەڵناگرێت.ئەو ماوانە بەرێوەبەرى تەندرووستى سلێمانى بووم بینیم كە ئەو كارمەندانەى تەندرووستى سەر بە حزبى دەسەڵاتدارن و كەسى ناسراویان لە پشتەوەیە،لە بنەكە تەندروستیەكانى شاردا دامەزراون،وە ژمارەى كارمەندانى بنەكەكان هێند زۆر بوو هەفتەیەك رۆژێك دو رۆژ(6-12سەعات) كاری ئاسانیان بەردەكەوت،لە هەمان كاتدا كارمەندانى نەخۆشخانەكانى شارى سلێمانى ژمارەى كارمەندیان زۆر كەم بوو،بە شێوەیەك كە هەر كارمەندێك لە هەفەتەیەكدا سێ جار ئێشكگرى(سێ هەژدە سەعاتى) كارى گرانى بەردەكەوت.ئەم دیاردە نارەوایە كە بە گوێرەى پێویست ستاف دانەمەزرێت و بە ئارەزووى بەرپرسان، پزیشك و كارمەند دابەش بكرێت،تا ئێستەش نەگۆراوە و یەك لەو دیاردە گەندەڵیە ئیداریانەیە كە سیستەمى تەندرووستى هەرێمى كوردستانیانى دارزاندووە و خزمەتگوزارى تەندرووستى هەرێمى كوردستانیان پەك خستووە.
دكتۆر فائیق محەمەد گوڵپى 25-5-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە