ئیسلامییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ...
Friday, 05/09/2014, 12:00
1935 بینراوە
لەمێژوی دروستبونی ئیسلامییەکانەوە تا ئێستا وتاری سیاسیان بەگژاچونەوەی گەندەڵی و بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتییە، بەڵام ئەم دو لایەنە نەک نەیانتوانیوە ئەم گوتارە تەرجەمە بکەن بەرامبەر حزبەکانی تر بەڵکو نەیانتوانیوە هەنگاوێکیش لەناو خۆیاندا ئەم گوتارە بچەسپێنن.
دەگوترێت ئیسلامییەکان لەڕوی ستراتیژەوە کەم تازۆر بڕوایان بەپرسە نەتەوەییەکان نییە و چاوەڕوان و هەڵپەی دەسەڵات دەکەن بۆئەوەی بەرنامە ئیسلامییەکەیان لەدەسەڵاتدا پەیڕەو بکەن، بەڵام بەبڕوای من نەک ناتوانن لەم ڕێگایەوە هەنگاو بنێن بەڵکو چەقبەستوو بون، تێکۆشان دەکەن بۆ ئەوەی ئەو قەفەزە بشکێنن و ڕزگاریان بێت لەو دۆخەی ئێستا بەناوی حزبی ئیسلامییەوە تێی کەوتون، ئەویش بەلێکردنەوەی پاشگرە ئیسلامییەکەیان بێت وەکو هەندێ لەکادیرە باڵاکانیان پێشنیاریان بۆ کردون هەر ئەمەش ئیسلامییەکانی کردوە بە دو بەرەوە، یاخود گۆڕینی لۆگۆ و ڕەنگ و نوسینی سەر ئاڵاکانیان و کرانەوە بەڕوی کۆمەڵگا لەهەموو کایەکانی (کۆمەڵایەتی و هونەری ... هتد).
مێژووی سیاسی ئەم دو حزبە ئیسلامییە پڕە لەهەوراز و نشێو، زۆر ئازار دراون و بریندار کراون لەلایەن دو حزبە دەسەڵاتدارەکەوە هەر لە سوتاندنی بارەگاکانیان و سڕنگومکردن و کوشتن و سوکایەتی بەکادیرانیان تا دەگاتە سوکایەتیکردن بە دەستور و یاسا ئیسلامییەکان کەپەیڕەوی دەکەن، کەچی سەیر ئەوەیە خۆشەویستی و لەیەکنزیکبونەوەی ئەم ئیسلامیانە بۆ دو حزبە دەسەڵاتدارەکە هەر بەرەو گەشە و سەوز بون دەچێت!
هەڵوێستی ئەدواییەی ئیسلامییەکان بەرامبەر چارەنوسسازترین پرس لە ئێستادا، کە پرسی پارێزگاری سلێمانییە خاڵێکی گەورەتر لەقەبارەو گەورەیی خۆیانی لەسەر دروستکردون.
لەبەرئەوەی هیچ کام لەو دو براوە گەورەکەی هەڵبژاردنی ٤/٣٠ ی ساڵی ڕابردوو لەدەرەوەی ئەنجومەن نەیانتوانی دەنگی پێویستی خەڵک کۆبکەنەوە و پۆستی پارێزگار بەتەنها بپچڕن و لەناو ئەنجومەنی پارێزگاش ئەم عەمەلییەیان بۆ ئەنجامنەدرا، دوای چەند کۆبونەوەیەک لیستی خزمەت کە پێکهاتوە لەدو لایەنی ئیسلامی، پێشنیارێکی چاوەڕوانکراوی خستە بەردەم دو لایەنە براوەکەی هەڵبژاردن.
ئەو پێشنیارەی کەلەسەرەتادا لیستی خزمەت خستیانە بەردەم (گۆڕان و یەکێتی) و پێشتریش سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی ئەو پێشنیارەی بۆ کردبون کە پۆستی پارێزگای سلێمانی دوساڵ بەدوساڵ لەنێوان یەکێتی و گۆڕاندا یەکلایی بکرێتەوە و دوساڵی یەکەم بۆ گۆڕان، بۆ تەواوی ئیسلامییەکان لەهەردوو لا جێگای دڵخۆشی بو بەهەنگاوێکی عەمەلی لەقەڵەمدراو، جێگای تەقدیری یەکێتی بو بەوەی بەبێدەنگیان جۆرێک لەڕازی بون خوێندرایەوە کەمێک دڵگرانی بزوتنەوەی گۆڕان هەبو، بەڵام هەر زوو بزوتنەوەی گۆڕان ئەو دڵگرانیەی ڕەواندەوە و پشتگیری لە پێشنیارەکەی لیستی خزمەت کرد، تا ئێرە هەنگاوەکان ئاسایی دەڕۆیشتن، چونکە واقیع وایە ڕازیبونی هەموو لایەنەکان واتە دڵخۆشی و ڕازیبونی خەڵکی پارێزگای سلێمانی.
بەڵام ئەوەی جێگای پرسیار بو لەپێناو چی و بە بڕیاری کێ و بۆچی دوای ماوەیەک ئیسلامییەکان هەڵوێستیان گۆڕی و پشتگیریان بۆ کاندیدی هاوبەش دەربڕی؟ ئایا ئەمە ئەوە ناسەلـمێنێ کە ئیسلامیەکان خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیان نین و قوڕمیشکراوی وڵاتانی ئیقلیمین بەتایبەت (ئێران و تورکیا)؟
ئایا پێشنیاری یەکەمیان لایەنگری پێوەدیاربو یان ئەم پێشنیارەی ئێستایان؟
بێگومان ئیسلامییەکان خۆیان و لایانگرانیشیان و تەواوی چاودێران و خەڵکی کوردستان زۆر باش لەوە تێگەیشتون کەئەم هەڵوێستەی ئێستایان نەک بێلایەنی نیە، بگرە هەڵوێستێکە پڕاوپڕە لەلایەنگری بۆ حزبێک کەچوار ساڵی ڕەبەق سەنگەریان بەرامبەری گرتبو و ئاڵای چاکسازی و دادپەروەری و گۆڕانکارییان بەرامبەری هەڵکردبو!
ئیسلامییەکان بەم هەڵوێستە تازەیان لەناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەک تەنها ڕاستگۆ نەبون لەگەڵ دەنگدەرانیان، بەڵکو ئەوەشیان بەگوێی دەنگدەرانیاندا چرپاند کەناتوانین لەکۆمەڵگایەکی دیموکراسی ئەو بەڵێنانەی کەپێماندابون جێبەجێیان بکەین، بۆیە وەکو جاران و لەژێر ڕەحمەتی ئەو دو حزبە درێژە بەکاری سیاسی خۆمان دەدەین و بەرنامەی ئیسلامیش وەک کەرەسەیەک لەم قۆناغەدا بەرامبەر دەنگدەران و لایەنگرانمان دەهێڵینەوە و چاکسازیش دەکەینە گوتارمان.
ئەوەی جێگای پرسیارە ئایا ئیسلامییەکان ئەوە نازانن کەکارکردنیان لەگەڵ ڕێکخراوێکی نائایدۆلۆژی و تێکەڵ لەبیروڕای ئیسلامی و عەلمانی کەسەردەمانێک پاکێجی چاکسازیان بەیەکەوە هەبوە و بڕیار وایەو بانگەشەیان کردوە کەشوێن پەنجەیان لەناو پرۆسەی چاکسازی دیار بێت، باشترە لەهێزێک کە بەدرێژایی کاری سیاسی لەگەڵیاندا دژبون و لەهەموو بارێکدا خاڵی بون لەهەڵوێست بەرامبەریان؟