ئەو هەموو شاباشەی هەرێمی كوردستان بە سەر لوبناندا
Sunday, 04/04/2010, 12:00
دەستی ڕۆژگار خستمیە لوبنان و، پێنج ساڵ لەوێ ژیام. مرۆڤ پێنج ساڵ لە شوێنێك بێ گەر بەردەوامیش خەوتوو بوو بێ شتێك دەربارەی ئەو شوێنە هەر دەزانێ. لە ساڵی 2006 و 2007 چەندین خەڵكی ناو میدیای كوردستانم بینی، میدیای حزبەكان و بەناو ئەهلیش. لە گەرمەی شەڕی ئیسڕائیل و حزبوڵلا، وتارێكم نوسی، هەندێك زانیاری زیندوو و شاراوەم تیادا مەترەح كردبوو. زانیاریەكان بەروبوومی ئەو پێنج ساڵەی لوبنان بوون.
كەس لە نێو میدیای حزبی و ئەهلی، تەنانەت بۆ دانیشتنێكی تایبەتیش پرسیاریان دەربارەی هیچ زانیاریەكی پەیوەست بە لوبنان لە ئێمە نەكرد. بەلامەوە سەیر نەبوو، چونكە دەمگوت لەوانەیە لوبنان، هیچ گرنگیەكی ئەوتۆی نەبێ بۆ ئەم برادەرانەی كوردستان. بەڵام سەیر لەوەدابوو، وێڕای دەستبەسەر داگرتنی بەشێكی فراوان لە پڕۆژە ئاوەدانكردنەوەكان و، پڕۆژەی بزنس و بازرگانی و قوتابخانەی شوەیفات لەلایەن لوبنانیەكان و، گۆرانی بێژانی لوبنانی و، شاندەكانی میدیا و حكومەت و چی و چی هەرێم بۆ لوبنان؛ ناوە ناوە هەندێك نوسەر و خەڵكانی میدیای كوردستان بە وتار و بەرنامەی تەلەفزیۆنی، حەشریان بە باس و خواسی لوبنان دەكرد، بێ ئەوەی لە ڕاستیدا هیچ دەربارەی لوبنان بزانن. ئەمەی دوایی بۆ خۆم كاتێكی خۆش بوو بۆ پێكەنین!
كەواتە گەر شوێنێكی وەكو هەرێم ئەوەندە كەوتبێتە ژێر كاریگەری لوبنانیەكان، كە بووەتە چێڵێك و باش دەیدۆشن، هەبوونی كەسێك كە لە لوبنان ژیابێ، بۆ چەند زانیاریەك وڕێنمونیەك، دەبێتە شتێكی گران بەها، لە كاتێكدا هیچ پارەی تێ ناچێ لە دانیشتنێكی برادەریانە، گەر ئەوان پرسیاری ڕەوش و بار و زوروفی لوبنانیان بكردبا. بەڵام برادەرانی كوردستان، لە نێو فەوزاو هەرا، هەریەكەو بەجۆرێ سەرخۆشە و عەوداڵی ئارەزوەكانیەتی. ئەوەی باوە دربارەی لوبنانیەكان، تەنانەت لە وڵاتانی دونیا كە كۆمیونیتی لوبنانی تێدایە، ئەوەیە، كە لوبنانیەكان لە چۆنیەتی پارە پەیدا كردندا هەموو جۆرە ڕێگایەك دەگرنە بەر! ئەو خەڵكانەی بزنس لە گەڵ لوبنانیەكان دەكەن چاوێكیان دەكەن بە دە، نەبادا توشی دەستبڕین و گیرفان بەتاڵكردنەوە ببن. ڕاستیەكەی ئەو خەڵكانەی ئەو وڵاتە لە بزنسدا كارەساتن. بە گشتی تا دڵت دەخوازێ، ناوبانگی ئەم میللەتە لە جیهاندا زڕاوە و لە ئاستێكی سوكدا مامەڵەی دەكرێ! سەبارەت بە كوردیش، لوبنانیەكان تێكڕا، بە چاوی غەشیمیەتی و گێلی و نەفامی تێی دەڕوانن. كە بە زاراوەیەكی بێ تام بە یەكتری دەڵێن "كردی" واتە كوردی، ئەوا ئەو پەڕی سوكایەتی پێكردن دەگەیەنێ!
ئێستاش، چەندین ساڵێكە، ئەو كوردەی لوبنانیەكان بە غەشیم و نەفام تێیدەگەن، لە ئەرزی واقیعدا دەرگاكانی كوردستانی خستووەتە سەر پشت، بۆ لوبنانیەكان: بزنس و گۆرانی بێژ و بەناو ئاوەدان كردنەوە و قوتابخانەو ...و شتی شاراوەش كە ئێمە نایزانین، كە چ جۆرە پارەیەك دەخاتە ژێر دەستی ئەم میللەتەی دەریای ناوەڕاست، كە بەدرێژای مێژوو هەر خەریكی بزنس و پارە پەیدا كردن بووە؟
ئنجا سوكایەتیش بە كورد لە سەر دەستی دەسەڵاتدارانی هەرێم گەیشتووەتە ڕادەیەك، بەرپرسی دەرەوەی حكومەتی هەرێم (یەكسانە بە وەزیری دەرەوە) سوك و سەلیم، وەك دەڵالیكی تیمەكانی زوڕنا و دەهۆڵی ئاهەنگەكان، بچێتە خزمەتی كچە گۆرانی بێژێكی لوبنانی و بە شاگەشكەوە لە فڕۆكەخانە پێشوازی لێبكا! یان هەر ناوە ناوە شاندی سەیر و سەمەر بنێردرێنە لوبنان، گوایە لەوێ دەورەی فێربوونیان بۆ ئامادە دەكەن لە بواری میدیا و زانست و ئاوادەنكردنەوە، دواترینیان شاندێكی كەركوكە گوایە بۆ چۆنیەتی ئاوەدانكردنەوەی كەركوك، چووەتە لوبنان بۆ كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونی ئاوەدانكردنەوەی كەركوك وەك لە پێگەی پەیامنێردا هاتووە!
گۆرانی بێژێكی ئافرەت (نەجوا كەڕەم) مێردی بە كوردێك كردبوو (ملیۆنێرە)، تەنانەت لوبنانیەكان لەوەش نەسڵەمینەوە لە سەر تەلەفزیۆن گاڵتەی پێ بكەن، كە "چۆن بێزی هاتووە مێرد بە كوردێك بكا"، تا وای لێهات ئەم ئافرەتە بۆ بەرگریكردن لە خۆی و كڕینەوەی ئابڕو، پەنا بباتە بەر ئەوەی بڵێ سەڵاحەدینی ئەیوبیش كورد بوو! لە ئاكامدا لە ژێر فشاری دەروونی لوبنانیەكان، ئەم ئافرەتە لە مێردەكەی جیا بویەوە!
میللەتێك ڕۆحەكەی پڕە لە عوقدەی خۆ بە كەم زانین و تەپین، چەندین نەتەوەی جیا حوكمی كردووە وەك یۆنانی، فارس، كورد، سوری...هتد كەچی هێشتان ناسڵەمێتەوە لەوەی بێ شەرمانە، ڕۆژانە گاڵتە بە كورد بكا!
ساڵی 1997 لە یەكێك لە زانكۆكانی بەیروت دەمخوێند. دكتۆر محەممەد ئەلعەبدوڵلای لوبنانی (خەڵكی هرملی بقاع بوو) لە نێو كڵاسد گوتی: "ئێمەی لوبنانی وەك وڵاتانی تر سامانی سروشتیمان نیە. هیچمان نیە، هەمانەو نیمانە {گەشت و گوزارە} ئەویش بە كورتی واتە داوێن پیسی"! نیوەی كڵاس خەڵكی بێگانە بوون، لە بەر ئەوە هەندێك لە قوتابیە لوبنانیەكان بەم قسە قەڵس بوون، بەڵام دكتۆر گوتی: چی دەكەیت ئەمە واقیعەكەیە!
ئێستا دەزانم بۆ میدیای كوردی و دەسەڵاتی هەرێم، بە دوای زانیاری بە پێز و سەرچاوەی بە كەڵك ناگەڕێن دەربارەی لوبنان، بۆ سودی كوردستان، بەڵكو ئەوەی لە ئارادایە ئەوەیە، بە كۆ، عەوداڵی سەفەرێكی لوبنانن، بۆ مەبەستی ئارەزوو و شەهوەتبازی. لەم پێناوەشدا حكومەتی هەرێم، لێپرسراوی نوسینگەی دەرەوە، شاندەكانی جۆراوجۆر... پارەو پولی خەڵكی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە هەڕاج دەكەن و دەستی لوبنانیەكان لە كوردستان ئاوەڵا دەكەن و، سوك و ڕیسوا بەڵگە دەدەنە دەست لوبنانیەكان تا هەر بەردەوام بن لەوەی، بە چاوی سوك تەماشای كورد بكەن و پێی بڵێن گێل و كەم!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست