"جەمال عەبدوڵا" و پارەكانی حكومەت؟
Tuesday, 03/02/2009, 12:00
2001 بینراوە
"جەمال عەبدوڵا" لە ژمارە 4783 ی كوردستانی نوێدا، ووتارێكی بڵاوكردۆتەوە بەناوی "هەر بەراست پارەی حكومەت چی لێ دێت؟" لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا چەند نوسراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی بڵاو كردۆتەوە كە پارەی حكومەت ئاوا سەرف ئەبێت و گومانی ناوێت؟ ئەم وەسڵانە كە لە %1 ی بودجە گشتیەكەی هەرێم و داهاتی ناوخۆیی پێك ناهێنێ بۆ ئەوەیە تا بڵێ بودجە شەفافەو دوو حیزبەكە لە نێو خۆیاندا دابەشی ناكەن و پارەی حكومەت پڕیەتی لە عەدالەت و گەندەڵیش نیە، بەمەش خۆی ووتەنی وەڵامی پرسیارو رستە عمومیەكانی نوسەران و رۆژنامەنوسان و خەڵكیشی داوەتەوە، بەڵام پێمان ناڵێت ئەی وەسڵەكانی دیكە واتە %99 كە كوا؟ بەراست حكومەت هەموو پارەكانی ئەخاتە خزمەت ئەم پرۆژانەو هیچ پارەیەك بەهەدەر ناروات؟ ئەگەر وابێت كەواتە سویسرایەكی دیكەین و نەمانزانیوە،
سەیرە 17 ساڵە ئێمە گیرۆدەی وەڵامی ئەو پرسیارەین و چەندین ساڵ شەری ناوخۆی لەپێناودا هەڵگیرساو هەزاران رۆڵەی كورد بوونە قوربانی و پەرلەمان ئەتك كراو حكومەت وەستاو ئیرادەی تاكی كوردی لاوازكراو دەستی دوژمنان هێنرایە كوردستان و ململانێی خوێناویش دروست بوو تا ئەوكاتەی لە ئەیلولی 1998 و بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پرۆتۆكۆلی ئاشتی لە واشنتۆن لە نێوان ئەم دوو حیزبەدا ئیمزاكراو داهاتە نوێكان وەك برا بەشكرا و ئەوەی رابردووش فت، كەچی كاك جەمال گەرەكیەتی بە ووتارێكی رۆژنامەوانی قەناعەتمان پێ بكات و بە دوعاكەشی بڵێین ئامین، لەكاتێكدا چیرۆكی بەشكردنی داهات و ئاشكرانەبوونی بودجەو سیستمی حسابی ئەم هەرێمەو گەندەڵی لە تەندەرو پرۆژەكاندا تا ئێستا درێژەی هەیەو هێشتا وەزارەتێكی هەستیاری وەك دارایی یەكی نەگرتۆتەوە" جەمال عەبدوڵا" بۆچی پاساو بۆ ئەم دۆخە مۆلەقە دێنێتەوەو ئەم هەرێمە بە شەفاف ناوئەبات، راستە ئەم چەند ساڵە كەمەی دوای پرۆسەی ئازادی پارە سەرف كراوەو پرۆژەی جوانیش كراوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ بودجەی گشتی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەكان رێژەیەكی زۆر كەمەو نەدەبوو لە دەریادا وەسفی دڵۆپە ئاومان بۆ بكرێ و زۆریش پارە بەهەدەر رۆشتووە، كەشف كردنی ئەم وەسڵانە شتێكی باشە وەك سەرەتایەك، لێ با ئەوەندەش ئەرك بكێشێت و پێمان بڵێت ئەی ئەو دۆلارانەی كە بۆ تەلارو كۆمپانیاو مەزرەعەی بەرپرسان رۆشتووە پارەی كێیە؟ بابزانین بەرپرسی پێش راپەرین كە هیچ پارەی نەبوو ئێستا لە كوێی بوو كۆمپانیا و ڤێلاو باڵەخانەی بازرگانی ئەكڕێت؟ وەزیر هەبووە فەرمانبەری سادە بووە ئەوە چۆنە ئێستا بە ملیۆنان دۆلارەوە سەرمایەگوزاری ئەكات بەوەزیرە ئیسلامیەكانیشەوە؟ ئەی ئەو سەدان ملیۆن دۆلارانەی كە دراون بە سەیارەی بەرپرسان و ساڵانە مۆدێلەكەی ئەگۆرن لەكام بودجە سەرفكرا؟ خۆزگە خەرجی ساڵێكی حكومەتیشت بێ هەڵاواردن بڵاوئەكردەوە تا لەم شەفافیەتە باشتر بگەین؟ یان هەزینەو وەسڵی سەفەرو ئیفادی شاندەكانمان بۆ دەرەوەو فیستیڤاڵەكانی گۆرانی و شتەكانی دیكە؟ ئەی زەحمەت نەبێ ئەو پارانەی كە دراون بە ململانێی حیزبی و ئیمتیاز بە سیاسی و سەرۆك عەشیرەت و كڕینی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەكان و پارە بۆ گۆرانیبێژان و هونەرمەندان و مەكتەبی راگەیاندنەكان كوا وەسڵ و نوسراوەكانی؟خۆزگایە بۆ ئەم خەرجیانەش "كاك جەمال" ئەركی ئەكێشاو ئەیخستە سەر كاغەزو رۆژنامە بۆمان تا بە دوعاكەی بڵێین ئامین و ووس بن ژمارە قسە ئەكات؟
تێبینی/ كۆی پارەی وەسڵەكان بۆ ئەو پرۆژانە بە دینارو دۆلار.
42.268.155$ چل و دو ملیۆن و دوسەدو شەست و هەشت هەزارو سەدو پەنجاو پێنج دۆلار، كە تەنها پارەی كڕینی مۆدێلی یەك ساڵی ئۆتۆمبیلی بەرپرسانە كە ساڵانە ئەیگۆرن و تاقەتیان لێ ئەچێت، (پارەی 500 ئۆتۆمبیلی مۆدێل بەرزەوئەم داتایەم لە پێشانگایەكی ئۆتۆمبیل وەرگرت)
كۆی گشتی بە دینار
48.879.322.498 چل و هەشت ملیارو هەشت سەدو حەفتاو نۆ ملیۆن و سێسەدو بیست و دوو هەزارو چوارسەدو نەوەدو هەشت دینار.
ئەوەش لینكی ووتارەكەی كوردستانی نوێ
http://www.knwe.org/Kurdistani%20Nwe/29-1-2009/Kurdistani%20Nwe.htm
[email protected]