بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیارییە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە

سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


كێن ئەو تاونبارانەی بارزگانی بە ئەنفالەوە دەكەن؟

Friday, 13/04/2012, 12:00


جینۆسایدی ئەنفال مڵكی هیچ حیزب و هیچ كەسی و لایەنێك نیە، بەڵكو پرسی ئەنفال پرسێكی نیشتمانیە و دەبێت لەلایەن كەسانی نیشتمانی و شارەزا لە بواری ئەنفالدا كاری بۆ بكرێت و ئەبێت ئەو كەسانە وەلائیان بۆ گیرفانی خۆیان و بۆ حیزب هەیە و لەژێر ناوی ئیش كردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی پرۆسەی ئەنفال و كیمیابارن كار دەكەن، دەبێت ئەوانە بوەستێنرێن لە بارزگانی كردن بەو كەیسەوە.
كیشەكە لەوەدایە ئەوانەی خیانەتیان لە پرۆسەی ئەنفال كردووە ئێستا خۆیان كردووەتە دەمڕاستی ئەنفال و بەناوی ئەنفالەوە لەكەناڵە روڕەشەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و بەناو ئەهلی دەیان دوێنن و جوانیان ئەكەنەوە، ئەمەوێت لەو باریەوە چەند نمونەیەكی زیندوو بهێنمەوە. بۆ نمونە مەسعود بارزانی لە 31 ئابدا دەبابەی ئەنفالچیەكان ئەهێنیتەوە بۆ كوردستان و دوبارە جینۆسایدی گەلەكەی ئەكاتەوە، شیروان حەیدەری ئەنفالچی ئەكات بەوەزیری داد و تەحسین شاویسی ئەنفالچی كە دەستی سورە لە رشتنی خوێنی هەزاران هاونیشتمانیدا موچەكەی دەیان قاتی مووچەی كەس و كارێكی ئەنفالە، داڵدەدانی هەندێك لە ئەنفالچیەكان لەلایەن خودی مەسعود بارزانی و حیزبەكەیەوە كە ئەوانە هەمووی خیانەتی نیشتمانی گەورەن، كەچی كەس و كارێكی ئەنفالی كۆیلەكراویش دێت و داكۆكی لەو حیزبە و سەرۆكەكەی ئەكات و خۆی بۆ ئەدات بەكوشت و خەڵكی بۆ تیرۆر ئەكات؟. هەروەها جەلال تاڵەبانی بە سوڵتان هاشمی ئەنفالچی ئەڵێت ئەستێرەیەكی زێڕینی جیشی عێراقە و داكۆكی لێ دەكات و نامەی پاكانە بۆ نزار خەزرەجی ئەنووسێت لە ڕێگای فوئاد مەعسومەوە و فڕۆكەوانەكە ئازاد ئەكات و ئەویش هەندێك لە ئەنفالچیەكان داڵدە ئەدات و داكۆكیان لێ ئەكات و پاسەوان بۆ فەتاح بەگی ئەنفالچی دابین ئەكات، ئەوە چەندین سوكایەتی تری تاڵەبانی بە كەس و كاری ئەنفال و كیمیاباران،ئەوكاتەی جەلال تاڵەبانی وتوویتی ئاخ بۆ دوو سێ هەڵەبجەیتر دڵنیام وتوویتی ئاخ بۆ یەك دوو ئەنفالیتر، كەچی هێشتا كەس و كاری ئەنفال هەیە خۆی بۆ ئەدات بە كووشت و خەڵكی بۆ تیرۆر ئەكات؟. هەروەها چەندین نووسەری قەڵەم بەعسی كە لەسەردەمی پرۆسەی ئەنفالدا ئەوان قەڵەمی بەعس بوون، كەچی ئەم قەڵەم بەعسیانە ماوەی چەند ساڵێكە هاتوون لەسەر ئەنفال ئەنووسن و لە پەنای ئەو نووسینانەدا ئەیانەوێت خۆیان پاك بكەنەوە و بازرگانی پێوە ئەكەن و خۆشیان لە پاڵیدا دەوڵەمەند كردووە. ئەگەر ئەوان ئەوندە دڵسۆزی ئەنفالن ئەی بۆچی لە كاتی رژێمی بەعسدا ئیدانەی ئەو جینۆسایدەیان نەكرد ولە سەریان نەنووسی؟ ئەی ئەو كاتەی ئێمە خۆپیشاندانمان دژی ئازادكردنی فڕۆكەوانەكە كرد ئەمانە بۆ بێدەنگ بوون و خۆپیشانانیان نەكرد؟ ئەی ئەو هەموو خۆپیشاندانەمان كرد دژی ئەنفالچیەكان ئەمانە لە كوێ بوون؟. لەلایەكی ترەوە كۆمەڵێك خەڵكی تریش بەناوی رێكخراوی فڵان و رێكخراوی فیسارخەریكی بارزگانی كردنن بە پرسی ئەنفالەوە و چەندین كەسی حزبی و دواكەوتوو بەهۆی پرسی ئەنفال و كیمیابارانەوە دەوڵەمەندبوون و بوون بە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی عێراق و سەرۆكیحكومەت و سەرۆكی پەرلەمان وقائیم قام و ئەندام پەرلەمان و وەزیر و گزیر و بەرپرس.هەر ئەوانەش تاوانبارن لەوەی پرسی ئەنفال و كیمیابارانیان كرد بە كارتێكی بارزگانی بۆ خۆیان و كەس و كارەكانیان.
ئەوەی جێگای داخە بەلای منەوە هەندێك لە كەسو كاری ئەنفالیش بۆ خۆیان سوكایەتیان بە ئەنفال كردووە و ئەنفالیان كردووە بە كارتێكی بارزگانی و بارزگانی پێوە ئەكەن، كەس و كاری ئەنفال هەیە خەریكی خزمەتكردنی ئەنفالچیە، هەیانە لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا بۆ مەبەستی بارزگانی ئەنفال بۆ حیزبەكەی بەكار ئەهێنێت و ئەبێتە هەڕەشە لە سەر خەڵكی تر، رێكخراوی ئەنفالیان لەسەر وەلائ بۆ ئەم حیزب و بۆ ئەو حیزب درووستكردوە وكارتێكی دەسەڵاتیشە بۆ كۆیلەكردنی كەس و كاری ئەنفالەكان، چەندین جار خۆپیشاندانمان دژی ئەنفالچیەكان كردووە،بەڵام چەند كەسێكی كەمی كەس و كاری ئەنفالكراوەكان ئامادە بووە ئەوە بۆ خۆی پرسیاری زۆر هەڵ ئەگرێت. لێ كاتێك كە بۆخۆم ئەو ڕەخنە توندانە لە كەس و كاری ئەنفال دەگرم بۆ خۆشم خاڵ و پور و خاڵۆزا و پورزای خۆم و دەیان پورزا و خاڵۆزای باوكیشم ئەنفالە كە لە گوندی سپی سەر ئەنفالكران، ئەوە نیە خۆشم بەدەربم لەوەی كە نەمان توانیووە پرسی ئەنفال لە كارتێكی بارزگانیكردن بۆ شەخس و حیزب دەربهێنین و بیكەینە پرسێكی نیشتمانی.
ئەوەی كە رەخنەی توندم گرتووە لەم وتارەدا بۆ ئەوەیە كە بتوانین و هەوڵ بدەین پرسی جینۆسایدی ئەنفال لە ژێر دەستی ئەم حیزب و ئەو حیزب و ئەو شەخسی بارزگان دەربێنین و بیدەینە دەست كەسانی نیشتمانی و شارەزالە بواری ئەنفالدا و هەروەها كادری ئەنفال درووست بكەین و تەنها وەلائیان بۆ نەتەوە نیشتمان و كاركردنی جدی بێت بۆ بەجیهانی ناساندنی جینۆسایدی ئەنفال و كیمیابارانی گەلەكەمان، پێویستە وەزراەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان لەژێر دەستی هیچ حیزبێكدا نەبێت و ببێتە وەزارەتێكی نیشتمانی و كاركردنی تەنها خزمەتكردنی كەس و كاری ئەنفال بێت بەبێ جیاوازی بیروبۆچوون و كاركردن بێت بۆ بەجیهانی ناساندی پرۆسەی ئەنفال و كیمیا باران، لێ ئەگەر ئەو كارەكتەر حیزبیانە فڕێ نەدرێنە دەرەوە لە پرۆسەی بەناساندنی جینۆ سایدی ئەنفال و كیمیاباران، ئەوە دڵنیام چەند ساڵێكیتر باسكردن لە پرسی ئەنفال و كیمیاباران ئەبێتە عەیبە و نەوەیەك دێت گاڵتەی بەو قسانە دێت، هەرچەندە ئێستاش دەسڵاتدارانی یەكێتی وپارتی لە دەسەتی قەستی كاریان بۆ سوككردنی پرسی ئەنفال و كیمیاباران كردوە.
كیشەی ئەم گەلەی ئێمە ئەوەیە كاتێك باسی راستیەكانی بۆ ئەكەیت خۆی تووڕە ئەكات و بەوەت لەقەڵەم ئەدات كە تۆ سوكایەتی بە كەس و كاری ئەنفال ئەكەیت و نابێت رەخنە لە كەسو كاری ئەنفال بگیرێت و واتا ئەوان لە سەروی رەخنەوەن وهێڵی سوورن و دەبێت هەرچیانكرد كەس باسیان نەكات،یان فڵان پێشمەرگایەتی كردووە قەیناكە با بۆ خۆی وڵات تاڵان بكات خەڵك تیرۆر بكات كێشە نیە، ئەم تێڕوانینە هەڵەیە كەنەخۆشیەكی كوشندەیە وایكردوە كوردستان بگەڕێنێتەوە بۆ سەدەكانی ناوەڕاست و لەژێر چەتری گەوجاندندا كۆیان بكەنەوە. ئەگەر كەس و كاری ئەنفالەكان ئەیانەوێت پرسی ئەنفال ببێتە خەمی هەموو تاكێكی كورد وئیشی بۆ بكات، ئەبێت كار بۆ ئەوە بكەن دەستی حیزب و دەستی بازرگانەكانی ئەنفال دەربهێنن لە پرسی ئەنفال و بیدەنەدەست كەسانی ئەمین ونیشتمان پەروەر و دڵ سۆز بۆ پرسی ئەنفال. لێ ئەگەر ئەوە نەكەن ئەوە دڵنیان ئەكەمەوە كە چەند ساڵێكی تر خەڵك گاڵتەی بەقسەكردن دێت لەسەر پرسی ئەنفال و كیمیاباران.
كەسو كاری ئەنفال نەدەبوو قەبوڵیان بووایەپێدانی مووچە وخانوو وەكو منەت بەگوێیاندا بدرێتەوە و لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا هەڕەشەی نان بڕینیان لێبكرێت لەلایەن حیزبەكانی دەەسەەڵاتەوە، كەس و كاری ئەنفال حەقێكی بێ ئەملا و ئەولای خۆیەتی كە لە هەموو بوارەكانی ژیاندا خزمەتبكرێن و هیچ كەسێكیش منەتیان بەسەردا نەكات، چونكە خوێنی منداڵێكی ئەنفالكرا و دایكێكی ئەنفالكراو برایەكی ئەنفالكراو خوشكێكی ئەنفالكراوە بە پارە و خانوو قەرەبوو ناكرێتەوە، بۆیە لێرەوە پێشنیار ئەكەم بۆ كەس و كاری ئەنفالەكان تكایە چیتر مەهێڵن كەس بارزگانیتان پێوە بكات و خۆشتان ئەنفال بۆ بازرگانیكردن بەكار مەهێنن و نەیەڵن هیچ كەس و كارێكی ئەنفالیش ئەنفال وەكو كارتی بارزگانی بەكار بهێنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە