كاتى ئەوە هاتووە هەڵەبجەییەكان قسەى ناو دڵى خۆیان بكەن

Sunday, 14/03/2010, 12:00


بۆ :
-پەرلەمانى كوردستان
-ڕاى گشتى كوردستان
-خەڵكى مەزڵومى هەڵەبجە
-ڕاگەیاندنەكان
لاى هەمووان ئاشكرایە كە 16ى3ى1988 خەڵكى هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتى فاشى ومرۆڤ كوژى بەعسەوە كیمیاویبارانكرا,ئەوەى جێگەى دڵخۆشییە پاش 22 ساڵ هەندێك تاوانكارانى ئەو تاوانە بەسزاى خۆیان گەیەنران لەگەڵ ئەوەشدا دادگاى باڵاى تاوانەكان كارەساتى كیمیاویبارنكردنى هەڵەبجەى بە جینۆساید ناساند كە ئەمەش دەستكەوتێكى گەورەى نەتەوەى بوو بە دەستمان هێنا ئەم دەستكەوتە نەتەوەیەش بەرهەمى خوێنى شەهیدانى هەڵەبجە و كارو چالاكى ماندووبوونى ئەو خەڵكانەیە كە بە دڵسۆزى كاریان كردووە بۆ ئەو دۆسییە تا بەجینۆساید ناسێنرا.
ئێمەوە وەك نوسەران و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران و گەنجان و فیرخواز و گروپى 88 و خەڵكى هەڵەبجە بەگشتى باوەڕمان وایە كاتى ئەوە هاتووە هەڵەبجەیەكان قسەى ناو دڵى خۆیان بكەن چونكە ئەوەى تائێستا لەبارەى هەڵەبجەوە وتراوە تەنها قسەى باق و بریقى ئەو سەركردەو سیاسیانەیە كە هەندێكیان لە رابردوودا دەستیان هەبووە لە تاوانى كیمیاویبارنكردنى هەڵەبجە و لە ئێستاشدا درێژە دەدەن بە تاوان بەرامبەر خەڵكى ئەم شارە و دەستیان خستووتە ناو گەرووى منداڵان و خەڵكى ئەم شارەو پارەى پرۆژەو بووجەى ئەم شارەیان بۆ خۆیان حیزبەكانیان بردووە .
ئەگەر تا ئێستا قسەمان لەسەر زۆر مەسەلە و ڕووداوى نێو كارەساتى هەڵەبجە و دواى ڕووداوەكە نەكردبێت و بێدەنگیمان هەڵبژاردبێت تەنها لە پێناوى ئەوەدا بوو كە زەرەر بە دۆسیەى هەڵەبجە نەگەیەنین لە دادگاى باڵاى تاوانەكان بەڵام دواى بەجینۆساید ناساندنى كارەساتى كیمیاویبارانكردنى هەڵەبجە لە دادگاى باڵاى تاوانەكان ئیتر بیانویەك و هۆكارێك نامێنێـتەوە تاكو ڕێگر بێت لەبەردەم هەڵدانەوە دیوى ناوەوەى ڕووداوەكانى كارەساتى كیمیاویبارانكردنى هەڵەبجە و ئەو هەموو حیكایەت و ڕاستیانە بخەینەوە ڕوو.بۆیە ئێمە وەك قوربانیان و نەوەى هەڵەبجە بڕوامان وایە كاتى ئەوە هاتووە بپرسین ئێمەى هەڵەبجەیی بۆ كراینە قوربانى؟ئەوانە كێبوون كە بازرگانیان بە گیان و ژیانى خەڵكى هەڵەبجەوە كردووە؟بەرهەمى كارەساتى هەڵەبجە چووە باخەڵى كێ؟كێن ئەوانەى پۆست و كورسى و پلەو پایەى دەسەڵاتیان لەسەر حسابى خەڵكى هەڵەبجە و شەهیدەكان لە بەغداو هەولێر بەدەست هێناوە لە كاتێكدا لەماوەى دەسەڵاتیاندا لە زەرەو زیان زیاتر هیچ شتێكیان بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەیەكان نەبووە.
بۆیە ئێمە چیتر بێدەنگ نابین چونكە ئەو دەسەڵات و بەرپرسانەى كە نەك داواى لێبوردنیان لێنەكردین لەسەر ئەو كارەسات و ماڵوێرانیەى بەسەریاندا هێناین بەڵكو لەماوەى 18 ساڵ دەسەڵاتیاندا بەهەموو هێزى خۆیانەوە دژایەتى ئەم شارەیان كردووە.
1-لەساڵى 1993 تا 2003 بۆماوەى دە ساڵ هەڵەبجە كرا بە گۆڕەپانى شەڕى حیزب و لایەنە كوردیەكان لە پێناوى كورسى و پارەو دەسەڵات بۆیە ئێمە پێمان وایە دەبێت ئەو حیزب و لایەنانە داواى لێبوردن ئەخلاقى بكەن ئەگەر نا ئێمە ڕاپێچى دادگایان دەكەین.
2-هەمو ئەو بەرپرس حیزبى و حكومیانەى لەماوەى رابردوودا تۆمەت و تەشهیریان بە خەڵكى هەڵەبجە كردووە دەبیت داواى لێبوردن بكەن ئەگەر نا ئەوانیش دەدەین بەدادگا بەتایبەى ئەو بەرپرسە حیزبى حكومیانەى كە پاش ڕاپەڕینى 2006 گەنجانى هەڵەبجە تۆمەت و قسەى نابەجێیان ئاراستەى خەڵكى ئەم شارە كرد.
3-دەبێت حكومەت و پەرلەمان لیژنەیەك پێك بهێنێت بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بۆ هەموو ئەو پارنەى كە بەناوى هەڵەبجەوە لەلایەن حیزب و لایەنەكان و بەرپرسەكانى حیزب و حكومەتەوە وەرگیراون هەروەها بەداوداچون بۆ ئەو بەڵێنانەى كە دراو ئەو پرۆژانەى كە بەناوى خەڵكى هەڵەبجەوە وەرگیراون و تا ئێستا ئاسەواریان نییە یان براون بۆ شوێنێكتر .
4-لێكۆڵینەوە لە دۆسیەى شەهید كردنى (كوردە ئەحمەد و بریندارەكان)ى ڕاپەڕینى 16ى3ى2006 بەدادگایكردنى ئەوانەى دەستیان هەبووە لەو تاوانە گەورەیەدا چونكە ئێمە لێى بێدەنگ نابین باشتر وایە حكومەت سزاى ئەو كەسانە بدات كە هەستان بەو كارە قێزەونەى كەبەرامبەر گەنجانى هەڵەبجە كرا.
5-ئازادكردنى فڕۆكەوان تاریق ڕەمەزان تاوانێكە كە لێخۆش بوونى بۆ نییە ئەركى پەرلەمان و حكومەتە ئەو تاونبارە ڕادەستى دادگا بكەنەوە.
6-كابینەى شەشەم لەبرى ئەوەى بووجەیەكى تایبەت بۆئەم شارە كارەسات بارە دابین بكات كەچى ئەو بڕە پارەیەى كە بۆ ئەم شارەى دابین كردووە چەند جار كەمترە لەو پارەیەى كە بۆ ناوچەیەكیترى كوردستان دانراوە كە هیچ كارەساتێكى بەسەر نەهاتووە.
7-سەرەڕاى ئەو ناحەقى و ناعەدالەتیەى كە حكومەت لە دابەشكردنى بووجەدا دەرحەق بە خەڵكى هەڵەبجە دەیكات,لەماوەى ڕابردوودا حكومەت كەسانێكى كردووەتە بەرپرسى ئەم شارە كە گەورەتین دزى و گەندەڵى دەرحەق بە ماڵو موڵكى خەڵكى ئەم شارە كردووە بە بێ ئەوەى دەستگیر بكرێت و بدرێتە دادگا.بۆیە ئێمە جارێكیتر حكومەت و بەرپرسان ئاگادار دەكەینەوە كە شاردنەوەى قائیمقامى پێشووى هەڵەبجە و ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایی سەبارەت بە دائیرەو بەرپرسە ئیدارەیەكانى ئەم شارە قابیلى قبووڵ نییە .

-كۆمەڵێك لە ڕۆشنبیران و نوسەران و ڕۆژنامەنووسانى هەڵەبجە
-گروپى 88 14-3-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە