کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


یەكێتى و قۆناغەكانى دواى مام جەلال

Sunday, 13/01/2013, 12:00





وەك لاى زۆربەى خەڵكى وشیار و ڕۆشنفیكر ئاشكرایە كە هەر ڕێكخراوێك یان پارتێك لە سەرەتادا كە دروست دەبێت بۆ بەرژەوەندى تاكە كەسى نییە. حەتمەن لەپێناو كۆمەڵێك كێشەى ئابوورى و سیاسى و كۆمەڵایەتى و نەتەوەیى دروست دەبێت، بەڵام لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست هەر لە سەرەتاى دروستبوونى ئەم ڕێكخراوە سیاسییانەدا هەوڵدەدرێت كاریزمایەك دروست بكەن بۆئەوەى بیكەنە سومبولى تێكۆشان و خەبات بۆ خۆیان. بەڵام ئەوەى جێى سەرنج و تێڕامانە هەر خوودى سومبولەكە كە بوو بە كاریزمایەكى پێگەیشتوو، ئەوكات چەند لەپێناو ئامانجى دوور و نزیكى ڕێكخراوەكەیدا تێدەكۆشێت ئەوەندەش بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەكانى خۆى تێدەكۆشێت. بۆ نموونەى ئەمەش وەك دیاردەى پێش لەناوچوونى موبارەك هەوڵ دەدرا بۆئەوەى جەمال موبارەك بكەنە سكرتێرى موئتەمەرى وەتەنى دواتریش ببێت بە سەرۆكى میسر، بەڵام كارەساتەكان پێش ئەم دیدانە كەوتن یان نموونەیەكى تر وەك كۆریاى باكوور كە هەیە ئێستا كە سەرۆك مرد كوڕەكەى بە كون فەیەكونێك كرا بە سەرۆك لەدواى مردنى باوكى یان وەكو بەشار كە ماددەیەك لە دەستورى سوریاى بۆ هەوڵوەشێنرایەوە و تەنیا بۆ كوڕەكەى سەرۆك، بەڵام ئەوەى جێى قسە و باسى ئێمەیە لەسەر ئەم بابەتە هەر لە كۆتا كۆنگرەى یەكێتى نیشتمانى هەندێك هەنگاو نرا بەو ئاراستەیە بۆ نموونە هێنانى هێرۆ ابراهیم ئەحمەد بۆ مەكتەبى سیاسى وە بەستنى كۆنگرە كە ماوەكەى چوار ساڵ بوو كردیان بە سێ ساڵ وە هەروەها هێنانە پێشەوەى كوڕەكەى كاك كۆسرەت بۆ ئەندامى سەركردایەتى یەكێتى نیشتمانى، ئەوانە هەنگاوێك بوون بۆ حوكمى تاكڕەوانە و بە بنەماڵەكردنى حیزب. لەو ئانووساتەدا یەكێتى نیشتمانى كوردستان لەناو ئەندامانى خۆیدا هەست بە سارد و سوڕییەكى بەتین كرا وە هەروەها تووشى داشكانێك بوو زۆرێك لە تێكۆشەرانى یەكێتى ڕەنجان بەم هەڵوێستانەى سەرەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێكى تر بە دەستكەوتى گرنگیان زانى بۆ قۆستنەوەى بەرژەوەندییە تایبەتییەكانى خۆیان. بەڵام لە ئەمرى واقیعدا ئەوانە هەموویان هەوڵێك بوون بۆ پەیڕەوكردنى گۆڕینى دەسەڵات یان باشتر وایە بڵێین لە دەستاودەستكردنى دەسەڵات لەناو خوودى یەكێتیدا بۆ بە بنەماڵەیى كردن، بەڕاى من دوو هۆكارى سەرەكى هەبوون بۆ هێنانى هێرۆ بۆ مەكتەبى سیاسى و هاتنە پێشەوەى كۆنگرەش. یەكەمیان هێنانى هێرۆ بۆ مەكتەبى سیاسى بۆئەوەى دەست بگرێت بەسەر هەموو جومگەكانى یەكێتى تا بەسەریاندا زاڵبێت، دووەمیان هێنانە پێشەوەى كۆنگرە لە چوار ساڵەوە بۆ سێ ساڵ ئەوە ترسێك بوو لە مردنى لەناكاوى مام جەلالدا بۆئەوەى لە كۆنگرەى داهاتوو ئەگەر مام جەلال تووشى هیچ كۆسپێك و نەخۆشییەكى كتوپڕى نەهاتایە ئەوا لە كۆنگرەى داهاتوودا بەبێ سێ و دوو هێرۆ ابراهیم ئەحمەد دەكەن بە سكرتێرى یەكێتى نیشتمانى كوردستان بە وجودى خوودى مام جەلال خۆى. وەك بڵێى بەرنامە داڕێژراوییەك هەیە بۆ ئەم كارە و هێرۆ خانیش هەر بۆ خولێك یان دوو خول لە سكرتێرى یەكێتى نیشتمانى دەمایەوە تا ئەو كاتەى قوباد تاڵەبانى بە هەمان سیناریۆى دایكى پەلكێشیان دەكرد بۆ مەكتەبى سیاسى و دواجاریش بۆ سكرتێرى یەكێتى نیشتمانى یان باشتر بڵێین گەڕانەوە بۆ چەسپاندنى حوكمى بنەماڵەیى كە خۆى لە خۆیدا ئەوە نەگونجاوە لەگەڵ خوودى پەیڕە و پڕۆگرامى یەكێتى نیشتمانى كوردستان. ئەوانیش وەكو چاولێكەرییەك لە پارتى دیموكراتى كوردستان كە خۆیان و بنەماڵەكەیان دەستیان بەسەر هەموو جومگەكانى حیزب داگرتووە ئەوانیش بە هەمان شێوە لە كۆتا كۆنگرەیان كە پێى دەڵێین كۆنگرەى شایى و هەڵپەڕكێ بەبێ گەڕانەوە بۆ پەیڕە و پڕۆگرامى پارتى خوودى سەرۆك عەلى عەبدوڵاى لێ خست و نێچیرى كردە جێگرى سەرۆكى پارتى.
لەوانەیە بەهەمان شێوە لەناو پارتى بۆ جارى دووەم و سێیەم بەهەمان سیناریۆ ئەوە ڕووبداتەوە بۆ هاتنە پێشەوەى كوڕانى مەسعود بارزانى و لادانى نێچیرڤان بارزانى لە جێگرى سەرۆكى پارتى، با ئەوەیان بۆ داهاتوو بەجێبێڵین.
بۆئەوەى خوێنەران باشتر ئاگاداربن بۆ ماوەیەكى زۆركورت مەسعود بارزانى بۆماوەى سێ جار سەردانى سلێمانى كردووە دووانیان لە غیابى مام جەلال بووە بۆئەوەى هەوڵبدات دارشەقەكەى یەكێتى نەشكێت و لەسەر پێى خۆى بوەستێت بەڵام بە مەرجێك پێڕى بنەماڵە لەناو یەكێتى لە حوكمدابن، هەوڵدەدات لەدواى نەمانى مام جەلال هیچ لێكترازانێك لەناو یەكێتى ڕوونەدات، ئەگەریش هەر لێكترازانێك ڕووبدات ئەوا زەرەرمەندى یەكەم مەسعود بارزانییە، لەبەر ئەوەى بەبێ ئیتفاقییەى ستراتیجى كە لەگەڵ یەكێتى هەیەتى ناتوانێت حوكمڕانى كوردستان بكات، دەستەكەى كەشف دەبێ و بۆ هەتا هەتایە پارتى و بنەماڵەى بارزانى دەچنە زبڵدانى مێژووەوە.
بەڵام بەڕاى خۆم بنەماڵەى مام جەلال ئەگەر دەیانەوێ یەكێتى تێكنەچێت و نەبن بە دەستكەلاى كەس ئەوا دەبێ پەیڕەو و پڕۆگرامى ناو یەكێتى بەبێ دوودڵى پەیڕەوبكەن و كۆسرەت ڕەسوڵیش بیكەن بە سكرتێرى یەكێتى نیشتمانى كوردستان هەتا كۆنگرەى داهاتوو، ئەو ناوە عەیبەش لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە كە ناوى برا گەورە نەمزانیوە لە كلتوورى هیچ دەزگایەكى سیاسى هەبێت مەگەر ئەو كاتەى كە نێچیریان كردە جێگرى سەرۆكى پارتى واى دەزانى هۆڵى كۆنگرە دیوەخانى ماڵى مامیەتى لەسەر منەسەى كۆنگرە دەستى مەسعودى ماچ كرد توخوا خەڵكینە ئەوە دیوەخانە یان هۆڵى بەستنى كۆنگرەیە. با بگەڕێینەوە سەر هەمان باس كە گوتمان لە كۆنگرەى داهاتوو دەنگەكان بە هەڵبژاردن یەكلایى بكرێنەوە، خۆئەگەر واش نەكەن ئەوا یەكێتى نیشتمانى تووشى لێكترازانێكى سێكوچكەیى دەبێت، بەشى یەكەمیان كە گەندەڵەكان و داوێنپیسەكانى ناو یەكێتى نیشتمانینە ئەوا ڕێك دەچنەوە نێو پارتى دیموكراتى كوردستان، باشتر وایە بڵێین ئەوانەن كە دڵ و دەروونیان نەرم و نیانە لەگەڵ پارتى، كوچكەى دووەمیشیان ئەوانە دەتوانن یەكێتییەكى لاواز بۆخۆیان بنیات بنێنەوە بەڵام بەشە هەرە زۆرەكەیان كە كوچكەى سێیەمە لە ئاستى كۆمیتەكان بۆ خوارەوە ئەوانە كە قاعیدەى یەكێتین دەتوانم بڵێم بەشى هەرە زۆرى دەچنەوە ناو بزووتنەوەى گۆڕان چونكە هەر بزووتنەوەى گۆڕانە دەتوانێ ململانێ لەگەڵ ئەو وەزعەى كوردستان بكات و تاكە هێزى میللەتە كە دەتوانێ داوا ڕەواكانى میللەتەكەمان بەدى بێنێت لەدەست ئەو بنەماڵە و چەتە و دزانە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە