شەهید و هەڵبژاردن
Monday, 18/05/2009, 12:00
2720 بینراوە
شەهید هیچ پەیوەندییەكی بە هەڵبژاردنەوە نییە، دەنگ دان بە هەر لیستێكیش دەنگ دان نییە بە خوێنی شەهیدان و "وەفاداری" بۆیان، هەروەك بە پێچەوانەشەوە دەنگ نەدان بە لیستێكی دیاری كراو"خیانەت" نییە لە خوێنی شەهیدان، كەس بۆئەوە شەهید نەبووە تا بازاڕی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هیچ لایەنێك خۆش بكات، دەنگ دان بە هەر لایەنێك یان حیزبێكیش دەنگدان نییە بە خوێنی شەهیدەكانی ئەو حیزبە.
هەڵبژاردن وەك پرۆسەیەكی دیموكراسی، بۆ هەڵبژاردنی ئەو لایەنەیە كە بەرنامەی هەڵبژاردنەكەی دەوڵەمەندترین بەرنامەیە لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئیدارەیەكی سەركەوتوو و سیاسەتێكی دروست دەكات، نەك دەنگ دان بە ڕابردوو ئەو لایەنە یان شەهیدەكانی.
لە كۆمەڵگەی ئێمەدا شەهید هێندەی مانایەكی سیاسیی و ئایدۆلۆژی بەبەردا كراوە، هێندە مانا ڕاستەقینەكەی خۆی پێ نەدراوە، كە شەهید بوونە لەپێناو ئامانجێكی نیشتمانیی-ئەوەی ئێستا سەركردەكانی كورد بە خەونی شاعیرانی ناو دەبەن- ئاخر شەهید مەبەستێكی حیزبیی نەبوو كە شەهید بوو-بیگۆمان باسی شەهیدانی دەمی شۆڕش دەكەین نەك هی سەردەمی براكوژی- شەهید شەیدای دیتنی سەربەخۆیی كوردستان بوو، نەك سەرداریی گەندەڵان، شەهید دەیویست گەلەكەی بە ئازادی ببینێت، نەك ئازادی تاكەكانی پێشێل بكرێت، لەمەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە حیزب خاوەنی شەهید نییە، بەڵكو میللەت خاوەنی شەهیدە، چونكە ئەو بیرەی ئەو دەم كۆمەڵگە هەڵی گرتبوو بووە هۆكاری خۆ بەشەهید دانی، نەك پاڵنەرە حیزبییەكان، بۆیە ڕەوا نییە كە لە پرۆسەی دەنگدان شەهید بكرێتە ئامرازێكی دەنگ كۆ كردنەوە و پڕوپاگەندە كردن بۆ هیچ حیزبێك.
شەهید نە بۆ ئەوە شەهید بوو تا حیزبێك لە سایەی خوێنی ئەو ببێتە دیكتاتۆر، نە بۆئەوەش شەهید بوو تا ببێتە ئامرازێكی جۆكەر بە دەستی حیزبەوە، لە هەر بۆنەیەكدا حیزب پێویستی پێی هەبێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكاری بهێنێت، پێموایە هەتا ئێستا حیزبەكانی سەردەمی شۆڕش شەهیدیان بۆ مەبەستی خراپ بەكار هێناوە و خراپ كەڵكیان لە چەمكی (شەهید) وەرگرتووە، بۆیە بە بۆچوونی من بەكارهێنانی چەمكی (شەهید) بۆ مەبەستی دەنگ كۆكردنەوە هیچ پاساوێكی نییە، جگە لە ئیفلاسی بەرنامەی هەڵبژاردن و بە گێل زانینی خەڵك و ئیفلاسی فیكری چی تر نییە؟ بەكارهێنانی چەمكی(شەهید) جگە لە تێكشكاندنی ئیرادەی دەنگدەر و جوڵاندنی هەستی دەنگدەری عاتیفی كوردستانیی و كاكردنێكی نێگەتیڤانە لەسەر هەستی دەنگدەر هیچی دیكە نییە.
لە هەڵبژاردنی رابردوو لە ساڵی 2005 من چاودێری رێكخراوێكی ئەمەریكی بووم، لە هەولێر سەردانی زیاتر لە دە بنكەی دەنگدانم كرد، لە دوا بنكەی دەنگدان لە دوا ساتەكانی دەنگ دان كە خەریك بوو بنكەكە دابخرێـت، یەكێك لەو كەسانەی كە تەزویری دەكرد و بە سەفتە فۆڕمی دەنگدانی پڕ دەكردەوە بۆ لیستەكەی پارتی و یەكێتی و دەیخستە ناو سندوقی دەنگ دانەكە دەیگوت"با خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ نەڕوات" خۆ ئەگەر بەو لۆژیكە نا لۆژیكییە كار بكەین دەبێ هەر لیستێك بەگوێرەی شەهیدەكانی فۆڕمی زیادەی پڕنەكراوە وەربگرێت و خۆی لە بەرژەوەندی خۆی پڕی بكاتەوە، هەر بە پێی ئەم لۆژیكە بەدبەختترین لایەن ئەو لایەنەیە كە شەهیدی نییە یان ژمارەی شەهیدەكانی كەمن.
ئاخر ئەوە پارتی و یەكێتی بوون كە بەو رەفتارانەیان شەهیدیان لەپێش چاوی خەڵكی هەرزان كرد و قەدری جارانیان نەهێشتن، ئەوە ئەوانن كە ڕێز لە شەهیدەكانیان ناگرن و خراپ چەمكی(شەهید) بەكاردەهێنن، ئەوە ئەوانن بە گوێرەی گۆڕانی كات و بارودۆخ ئەو بەرگە لەبەر شەهید دەكەن كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەوان یەكدەگرێتەوە، ئەوە پارتی و یەكێتین مانایەكی ساختەیان بەبەر شەهیددا بڕیوە و مانا راستەقینەگەیان لێ سەندۆتەوە، بۆئەوەی شەهیدەكانی نیشتیمان هەر ڕێزدار بن و لەبەر چاوی خەڵكی نەكەون، با چیدی نەكرێنە ئامرازێكی دەنگ كۆكردنەوە. ئەگەر دەتانەوێت"شەهیدانی وەتەن نەمر بن و لە دڵی میللەتا بژین" تكایە مەیكەنە یەكێك لە ئامرازەكانی پڕوپاگەندەی هەڵبژارنەكانتان.
[email protected]