هەی سڵاو لەئەقڵت كاوسێن بەرزنجی
Monday, 20/09/2010, 12:00
لە ئێستادا درامای توركی زۆربەی كەناڵە عەرەبیەكانی داگیركردووە و جێگەی دراما مەكسیكیەكانی گرتۆتەوە و شانبەشانی دراما عەرەبیەكان نمایش دەكرێت ،ناشكوری نەبێت ئێمەی كوردیش وەك هەمیشە پاشكۆی میللەتانی عەرەب و تورك و فارسین وچاولێكەری بۆتە نەریتێكی باو لەناوماندا ،هەر بۆیە زۆربەی كەناڵە لۆكاڵیەكان وهەندێك كەناڵی ئاسمانی كوردی سەرگەرمی دۆبلاژ كردنی دراما توركیەكانن و كوڕ ئەو كوڕەیە ستافێكی هونەری دروست بكات و درامایەكی توركی دۆبلاژ بكات.
بێریڤان یەكێكە لە و زنجیرە دراما توركیە دۆبلاژكراوانەی كە حاڵی حازر لەكەناڵ چوار نمایش دەكرێت و لەلایەن بەشێك لە نوسەران و ڕۆشنبیرانەوە مشتومڕێكی زۆری لەسەر دروست بووە و هەندێكیان پێیان وایە كە سوكایەتی بە كلتور و دابونەریتی ڕەسەنی كوردی ئەكات و هەندێكی دیكەشیان پێیوایە كە درامایەكی سەركەوتووە و قابیلی ڕەخنە نییە.
لەڕاستیدا من وەك خۆم هیچم لەسەر ئەو درامایە نەنوسیوە بەڵام ئەو بابەتە ڕەخنەیانەی كە بەرچاوم كەوتووە و لە سەر بێریڤان نوسراوە هەمووی جێگەی سەرنجە و دەستخۆشیان لێئەكەم ، لەبەرئەوەی هەرگیز چاوەڕوانی كاری باش لەو توركە ڕگەستپەرستانە ناكەم .
سەبارەت بە (حسێن بەرزنجی) كە لە كوردستان پۆستدا وتارێكی باوپیاهەڵدانی لەسەر بێریڤان بڵاوكردۆتەوە و تیایدا سەرزەنشتی ئەو نوسەرانە ئەكات كە دژ بە زنجیرەدرامای بێریڤانن و ئاماژە بەوە ئەكات كە كۆمەڵگای كوردی زۆر لەوە قێزەون ترو دواكەوتو ترە كە لە دراماكەدا باسكراوە.
هەموو كۆمەڵگەیەك باش و خراپی تێدایە وهەرگیز چاوپۆشی لەوەناكەم كە تائێستاش توند و تیژی بەرامبەر ئافرەت ئەكرێت و كاری جادوگەری و خێڵەكی لەناو كۆمەڵگەكەماندا باوە ،بەڵام كاتێك ئەو دیاردانەلەلایەن هەندێك توركی شۆڤێنییەوە بۆ مەرامێكی سیاسی قۆرخ بكرێت وسیمای كوردی پێناشرین بكرێت و نیشانی میللەتانی وەك تورك و عەرەبی بدات كە كورد گەلێكی دواكەوتو خوێنڕێژە ئەوەیان جێگەی قبوڵ نییە .
كاوسێن گیان تورك ئەو ئەو میللەتەیە كەبەبیستنی ناوی كوردستان دانی ئاڵئەبێتەوە و هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نییە كە كورد وەك میللەتانی دیكەی دنیا بەمافە ڕەواكانی خۆی بگات، لەبیرتە چەند مانگێك لەمەو بەر و لە زانكۆیەكی ئەو توركیایەی كە جەنابت بەرگری لێئەكەیت سوكایەتیان بە شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجەكرد و گاڵتەیان بە وشەی جینۆساید ئەهات ، تەنانەت لەم مانگی ڕەمەزانە پیرۆزە شدا جەندرمەی توركی چەند برا كوردێكی كوردستانی باكوریان شەهید كرد.
بەدڵنیاییەوە سەردانەكەی بارزانیشت بۆ توركیا لەبیرنەكردووە كاتێك لەئەنكارە ی پایتەختی ئەو وڵاتە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بۆسازكرابوو جگە لەئاڵای توركیا تەنانەت ئاڵای ئێراقیشی لەپشتەوە نەبوو واتە حسابی بازرگانێكی بێناسنامەیان بۆكردبوو یان ڕاسترە بڵێین وەك قەڕەجێك مامەڵەیان لەگەڵداكردبوو.
هەر لەسەر ڕگەستپەرستی تورك بەسەرهاتێكی بچوكت بۆ ئەگێڕمەوە :چەند ساڵێك لەمەوبەر كەناڵی ئەلعەرەبیە لەتوركیا بەرنامەیەكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر خێزانێكی توركی ئیفلیج ئامادەكرد بوو كە گرفتی ئەندامانی ئەو خێزانە ئەوە بوو بڕبڕەی پشتیان ڕاست نەئەبووە و بە دەست و پێ ئەڕۆیشتن واتە وەك چوارپێ ئەڕۆیشتن ،لەكاتێكدا ستافەكە ی كەناڵی ئەلعەرەبیە سەرگەرمی ئامادە كردنی بەرنامەكە بوون، بەرپرسانی تورك بە ستافەكەیان ووتبوو بەمەرجێك ڕازی ئەبین ئەو بەرنامەیە تۆمار بكەن كە بڵێن ئەو خێزانە كوردن ، واتە توركە قین لە دڵەكان بەسوكایەتیان زانیبوو ئەگەر خێزانێكی تورك لە كەناڵێكی عەرەبیدا وەك چوار پێ دەربكەوێت.
ئەوە بیركردنەوەی توركە بەرانبەر میللەتی كورد ،كەچی تازە بەتازە كاكە وسێن بەرگری لە درامایەكی توركی ئەكات و ستایشی كەناڵ چوار ئەكات لەكاتێكدا هەموومان ئەزانین ئەو كەناڵە لە پاشكۆی كەناڵە توركییەكان بەولاوە هیچی ترنییە .
جا لەبەر ئەوە مام وسێن گیان كەمێك ئەقڵت كۆكەرەوە و ئینجا بیرلەنوسین بكەرەوە چونكە نوسین كارێكی هەر وا ئاسان نیەو پێویستی بەباكگراوندی ڕۆشنبیری وكلتوری هەیە ،دڵنیاش بە هەتا خەریكی كلكایەتی وماستاو چێتی بیت ودەستبەرداری ویژدانت بیت ئەوا هەرگیز نابیت بە نوسەرێكی سەركەوتوو.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست