مەلای مزگەوتی موحەمەد ڕەسوڵ و اڵلە
Thursday, 27/11/2014, 12:00
ئەم مەلایە لەکۆی هەموو ئەو ووتارانەی ڕۆژانی هەینی دەرخواردی خەڵکی گەڕەك و نوێژکەرانی ئەدا، بریتیە لەسوکایەتی بە رەگەزی مێینە. هەرچی خوا پێی ناخۆش بێ لەزاری ئەم مەلایە دێتە دەرێ و کاروکاسپی هاتۆتە سەر ئەوەی کە قسە بە ژن و خوشك و ئافرەتانی کورد بڵێت و ناو و ناوتۆرەی وایان لێ ئەنێ مەگەر تەنها مەلای مزگەوت بتوانێ و ڕێگا بەخۆی بدا ئەو جۆرە لە سوکایەتی و بێڕێزیە بکرێ بە دایکان و خوشکانەوە.
کەم ووتاری ئەم مەلایە هەیە باسی خراپی و نالەباری ڕەگەزی مێینە نەکا، خۆ ئەگەر هەندێ جار باسەکە لەسەر شتی تریش بێ،ئەوا سوك و ئاسان ئەیهێنێتەوە سەر ئەمان و کاسەکە لەسەری ئەواندا ئەشکێنێ. زۆربەی ئەوانەی گوێگری ئەم مەلایەن بەلایانەوە سەیرە کە بۆچی بەم شێوەیە باسی ڕەگەزی مێینە ئەکا و ئاخۆ مەبەستی چیە لەم جۆرە سوکایەتیانە بەوان؟!
مەلای ئەم مزگەوتە لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی گوێی خۆی قورس کردوە لەئاست ئەو هەموو دزی و فەرهودیەی حزبەکەی تاڵەبانی کە بەڕەشکە پارەی ئەدەنێ و لەسەر بودجەی ئەو خەڵکە هەژار و لێقەوماوانە خەریکی خۆ خرتکردن و بەتاڵکردنەوەی خەیاڵە نەزۆکەکانێتی دەرهەق بە ژن و کچ و هەرچی رەگەزی مێیە. ئاخۆ بەناو مەلا و پێشنوێژ و فەتواچی ئەو هەموو ساختەکاری و ڕۆژنامەنووس کوژانەی دەسەڵات و نەوتفرۆشانە نابینێ تا بەو شێوەیە کێچ کەوتە کەوڵی و گڕ گڕ لە رەگەزی مێینەی هەڵپێچاوە، هەرچی بەزاریا دێت بەوانی ئەڵێ. بەو پێیەی ئەم مەلایە هەرچی ڕەگەزی مێێنە هەیە (زەعیف، گوناهبار، پلە دوو، بچووك، بێ بەها، کەمزان و چەندین شتی تر کەتەنها خۆی سەرلەشکرو شاگردێکی وایە کەسی تر درکی پێنەکردوە. ئاخۆ ڕەگەزی مێینە بەو شێوە خراپە کەوەك ئەم مەلایە باسیان لێوە ئەکا؟
مەلای ئەم مزگەوتە ئەڵێ(ئافرەت نابێ بۆن لەخۆیان بدەن ،نابێ جگە لەچاویان هیچ شوێنێکی تریان دیار بێ، لەماڵدا نابێ لەیەك ژوردا لەگەڵ خێزانی خۆیاندا دابنیشین، کچ و کوڕ نابێ هاوڕێ و لەنزیك یەكبن، ئافرەت نابێ مۆبایل و ئایفۆن بەکار بێنێ، نابێ شوفێری بکا، نابێ بچنە کۆڕ و کۆمەڵ و نابێ کاری دەرەوە بکەن). ئەم مەلایە هیچی بۆ ڕەگەزی مێینە نەهێشتۆتەوە و هەرچی تاوانی کۆمەڵگا و خراپی هەیە ئەداتە پاڵ ئەمان. ئەڵێ گشت کێشەکانی کۆمەڵگا لەڕێگای ئافرەتانەوەیە. هەرچی دەردەسەری و گێرمەو کێشەیە لەمانەوە بۆمان دێ. خوای گەورە گەر لێمان توڕە بێ ئەوا خەتاکەی ئەمانن.
ئەم مەلایە و هاوشیوەکانی ئەم وەك مەلا کامەران و مەلا مەزهەر و مەلا چنگیانی و چەندینی تر، بەپارەی نەوتی دزراو خەنی بوون و تەمەڵ باشا لەسەر دەم لێێ کەوتون و باوێشکی دۆلار ئەدەن. کەچی نایەن دەرهەق بەو هەموو زوڵم و ستەم و دزی و فەرهودیەی دەسەڵات نوتق بدەن. بەداعش ناڵێن تیرۆریست و هێشتا بەلایانەوە پیاوی چاکن.مەلای ئەم سەردەمە هیچیان لە مەسعود و جەلال و نەوشیروان و مەلا ترێ خۆرەکان کەمتر نیە لە پیسخۆری و دەم پیسی. ئەوان ئەجندای تورك و فارس و عەرەب بەجێ دێنن و ئەیانەوێ کوردستان هەردەم کۆیلەی ئەو ٣ ووڵاتە بێ و نەکەوێتە سەر پێی خۆی. ئەمان پارەی میلەت ئەخۆن و لەهەوڵی ئەوەدان سەریشیان بخۆن.
ئەم مەلایە چاوی بەو خەباتە گرنگ و سەرکەوتنانەی ڕەگەزی مێینەی ڕۆژئاوا و باکور هەڵنایەت و ئەیانەوێ ئەو سەرکەوتنانە پووچەڵ بکەنەوەو نەیەڵن بگاتە بەشەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات. کاری ئەمان هیچ لە کاری سەرکردە خۆسەپێنەکان و بەناو ڕۆشنبیرەکان و قەڵەم وەشێنەکانی دەسەڵات کەمتر نیە. بۆیە داوا لەوانە ئەکەین کەوا گوێگری ئەم جۆرە مەلایانە، بایکۆتیان بکەن و چیتر تەنها وەك گوێگر نەمێننەوەو بەرپەرچیان بدەنەوە. فێریان کەن کەوا ڕەگەزی مێینە پێوستە بواری ڕاستەقینەی خۆیان وەربگرن و بەپراکتیك هیواو خواستەکانی خۆیان بەدەستی خۆیان دیاری بکەن. ڕەگەزی مێینە دەرخەری جۆری سیستمەکانن. کاریگەری و هەژموونی ئەوان تەواوکەری کارەکانی هەموو کۆمەڵگایە. ناکرێ جودا بکرێنەوەو دواتر پەراوێز بخرێن. باهەموان بەیەك دەنگ هاوار بکەین بۆ یەکسانی مافەکانی ژن و پیاو. با داوا بکەین و خەبات بکەین بۆ ڕێزگرتن لە مرۆڤ بەبێ ڕەچاوی ڕەگەز. مرۆڤ پێوستە وەك مرۆڤ بناسرێ نەوەك بەهۆی ڕەگەزەوە. دەبا هەموان کامپەینی یەکسانی و دەست خستنە ناو دەست لەگەڵ هەردوو ڕەگەزدا بکەین ونەیەڵین کەس بەناوی ئایین و ئایدیۆلۆژیای سەقەتەوە درز و دەلاقە بخاتە نیو جیاوزای ڕەگەزەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست