ڕوونکردنهوهیهک له بهڕێز دکتۆر کامهران مهنتیکهوه بۆ كوردستان پۆست و خوێنەرانى كوردستان پۆست
Tuesday, 15/03/2011, 12:00
ڕوونکردنهوهیهک بۆ بەڕێز كوردستان پۆست و خوێنەرانى كوردستان پۆست
سڵاوێكى گەرم
بەڕیزان لە رێگەى سایتە بەڕێزەكەتانەوە ، چ وەكو سایتەكەتان (كوردستان پۆست) چ وەكو چەند نووسەرێكى بەڕیز ، كە رەخنەیان ئاراستەى ئەو نامەیە كردوە كە لە لایەن چەند نووسەرێكەوە ئاراستەى تاڵەبانى كراوە و منیش ئیمزام لەسەر ئەو نامەیە كردوە، حەز دەكەم ئەوەى پەیوەندى بەمنەوە هەیە ، ئەم چەند خاڵەتان بوو روون بكەمەوە.
1- من دەستخۆشى لەو رەخنانە دەكەم و شانازیش بەوە دەكەم ، كە ئاستی بیر كردنەوەى تاكى كورد گەیشتۆتە ئەم ئاستە ، ئەو رەخنانەم هەموو قبووڵە ،لەگەڵ رەوتى بیركردنەوەى رەخنەكاندام و هیچ لاریەكم لەگەڵدا نیە.
2- من دڵنیام كە دەسەڵاتى سیاسى لە كوردستان ، تواناى گوێگرتنى نەماوە ، شێوازى بیركردنەوەى دەسەڵات ، نەك بە تەنیا لە خەڵك بەڵكو لە تەواوى لەسەردەمەكەدا دابڕاوەو وەك لە وتارێكیشمدا(ترسان لە ترس ، بە واتا كردنى چەمكە بێواتاكان)كە لە رۆژنامەى ئاوێنەدا بڵاوكرایەوە ، نووسیبووم كە پێویستە كورد لەدەرەوەى ئەو دەسەڵاتەى ئێستا لە چارەسەرى بگەڕێت و ترسى راستەقینە لەسەر ئەو ئەزموونەى كوردستان خودى ئەو دەسەڵاتەو شێوازى كاركردنى ئەو دەسەڵاتەیە كە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ بەرژەوەندیە نەتەوەییەكانى كورد یەكناگرێتەوە .نەك مەترسیەكانى تر!
3- كاتێك داوایان لیكردم لەسەر ئەم نووسینە ئیمزا بكەم ، لە راستیدا بە بێئەوەى بیخوێنمەوە ، رەزامەندیم نواند، هۆى سەرەكى بۆ ئەمەش دڵسۆزیم بوە ، بۆ ئەو گەنجە هەژارو لەخۆ بوردوانەى بەردەگاى سەراى ئازادى ، بەڕێزان نامەوێ ببینم چیتر خوێنى گەنجانى كورد بڕژێ ،نامەوێ گەرمیانێك و سووركێو ریژوان و شەهیدەكانى تر شەهید بكرێنەوە ، بۆیە لە پێناو پاراستنى گیانى ئەو نەوە شوڕشگێڕە،گوتم ئەگەر تاڵە ترووسكاییەكیش هەبێت ، هەتاوەكو ئەگەر ئەو تروسكاییە وەهمیش بێت پێویستە پەناى بۆ ببەین.هەرچەندە من دڵنیابووم ، لەوەى ئەمە پەنا بردنە بەر تراویلكەیەكەو هیچى تر،ئەزموونى ئەو شەست ساڵە بەسە بۆئەوەى مرۆڤ ئەو راستیەى زۆر بە ئاسانى بۆ بەدیاركەوێ، لەگەڵ ئەوەشدا ، بۆ ئەوەى بەرپرسیاریەتیە میژووییەكە بكەوێتە ئەستۆى ئەوان و ئەو توندو تیژیەى ئایندە چاوەڕوانى دەكات ، ئۆباڵەكەى بكەوێتە ئەستۆى ئەوان ... ئەوان و بەس ... لەدەرەوەى ئەم مەبەستە بە راستى من نیازێكى ترم نەبوە ...
4- من ئیمزام لەسەر ئەوە نەكردوە ، بۆ ئەوەى دیاڵۆگ لەگەڵ دەسەڵاتدارانى كورد ، بەتایبەتیش تاڵەبانى بكەم،ئەوان دەبێ گفتوگۆ لەگەڵ خۆنیشاندەران بكەن نەك كەسى تر !!! پێموایەگوێگرتن لە داخوازى خەڵك و دیاڵۆگ دوو شتى جیاوازن ، گوێگرتن واتاى ئەوەیە ئەوان تەنیا جێبەجێكردنى داواكانیان لەسەر شانە نەك سازش كردن لەسەر مافەكان .چونكە مافى خەڵك سازشى لەسەر ناكرێت و هیچ كەسێك بۆى نیە سازش لەسەر ئەو مافانە بكات ، تا سازش كردنیش هەبێت كێشەكە چارەسەر نابێت!!!
5- حەز دەكەم ئەوەش بۆ بەڕێزتان روون بكەمەوە، كە من وەكو كامەران مەنتك بەهیچ شێوەیك ئامادەنیم كە گفتوگۆ نە لەگەڵ تالەَبانى نە لەگەڵ بارزانى نە لەگەڵ هیچ سەرۆك حیزبێكى تر بكەم ، كە چەكدارەكانیان وەڵامى بەردى میللەتەكەیان بە گوللە بدەنەوەو خوێنى گەرمیان و رێژوان و گەنجەكانى تر كورد بڕژێنن و تا ئَەوپەڕى واتاى تیرۆر كردن ، كەسایەتى منداڵێكى وەكو زمناكۆ تیرۆر بكەن ...
6- لە كۆتایدا ، ئەگەر بەهەر شێوازێكى تر ، شرۆڤەكردن بۆ ئەو نامەیە كراوە ، مەبەستى من لە ئیمزا كردنەكە تەنیا ئەوە بوە كە لەسەرەوە ئاماژەم پێكرد !
7- من خوێنەرانى بەڕێزیش دڵنیا دەكەم ، كەلە ئاستى بەرپرسیاریەتى ووشەكانمدا دەبم ، هەر چۆن بە تەنیا كارم كردوە ، بۆ رێزگرتن لە خوێنەرەكانم و بۆ زیاتر خزمەت كردن ، وەكو نووسەرێك و ئەكادیمیەكى سەربەخۆ بەردەوام دەبم لەكار كردن ...
لەگەڵ ئەوپەڕى رێزمدا
د.كامەران مەنتك
14-3-2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست