مشتێك لە گەندەلییەكانى سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان - بەشى یەكەم
Tuesday, 31/01/2012, 12:00
یەكێك لە سیماكانى دەسەلاتى خۆسەپێن و نادیموكراتى لە جیهان بە دەسەڵاتى كوردیشەوە (واتە هەردوو حكومەتى هەرێمى پارتى و حكومەتى هەرێمى یەكێتى)بریتى یە لە دروستكردنى رێكخراو و سەندیكاى پیشەیى پاشكۆ و وابەستە بەخۆیان, ئەویش بۆ كۆكردنەوەى تاكەكانى هەر چین و توێژێكى دیاریكراو لە چوارچێوەى سەندیكایەكى دیاریكراوى بەناو پیشەیى دا بۆ كۆنترۆلكردن و ئاراستەكردنیان بە ویست و ئارەزوى حیزب وە بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە تەسكەكانى حیزب.هەروەها یەكێك لە سیماكانى ئەنجومەن و هەلسوڕاوانى ئەو سەندیكایانە ئەوەیە كە وەكو ئاوێنە خەسلەتە خراپ و ناشیرینەكانى ئەو حیزبەى كە دروستى كردوون لە گوفتار و رەفتاریان رەنگدەداتەوە وەكو (گەندەڵى, دزى , خۆسەپادن, دیكتاتۆرى, هەڵپەرستى,چاوچنۆكى, خۆپەرستى, سستى وتەمبەلى, پۆست پەرستى ,قۆرخكردن, دژایەتى كردنى یەكتر,........هتد) بۆیە هەمیشە رووە راستەقینەكانیان دیارە و ناتوانن بیشارنەوە.
(سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان)یش كە سەندیكایەكى دروستكراو و پاشكۆى (پ.د.ك)ە سەرەڕاى ئەوەى كە نەیتوانیوە هیچ خزمەتێكى ئەوتۆى توێژى ئەندازیاران بكات بەڵكو بە پێچەوانەوە بۆتە بەربەست و كۆسپ لە بەردەم بەدەستهێنانى مافە رەواكانى ئەندازیاران. بۆیە پێمان باشە لە خوارەوە چەند لایەنێك لە گەندەلیەكانى سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان بۆ راى گشتى روون بكەینەوە:
1-(سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان) لەروى یاساییەوە هیچ شەرعیەتێكى نەماوە چونكە نزیكەى (12) دانە ساڵە دامەزراوە بەلام هیچ كۆنگرەیەكى نەبەستووە وە هیچ هەولێكى بۆ نەداوە و هیچ بەرنامە و نەخشەرێ یەكى بۆدانەناوە.هەروەها تاوەكو ئێستا هیچ دەستپێشخەرییەكیشى نەكردووە و بۆ یەكگرتنەوەى لەگەل (یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان) ى هەرێمى سەوز.(هەلبەتە رۆبۆت ئاسا چاوەڕێى ئیعازى حیزبە).بۆیە (سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان) لە دیدى زۆربەى ئەندازیارانەوە بریتى یە لە دوكانى دەستە و تاقمێكى خۆسەپێن كە لە هەولى بەدەستهێنانى دەستكەوتى ماددى و مەعنەوى شەخسین وەكو وەرگرتنى زەوى و شوقە و پلە و پایە و امتیازاتى حزبى و حكومى و هتد.....
2-سەندیكاى ئەندازیاران ساڵانە داهاتێكى یەكجار زۆرى دێتە دەست لە رسوماتى بوون بە ئەندام لە سەندیكا ورسوماتى نوێكردنەوەى بەشداربووانى سالانە و روسوماتى پەسەندكردنى نەخشە و یارمەتیەكانى حكومەتى هەرێم.....بەلام بە هۆى نەبوونى شەفافیەت لە ئیش و كارەكاندا كەس نازانێ ئەو داهاتانە چەندن و دەچێنە گیرفانى كێ و چى بەسەردێ....
3- (سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان) لەماوەى درێژى تەمەنیدا نەیتوانیوە هیچ خزمەتێكى ئەوتۆى توێژى ئەندازیاران بكات تا شانازى پێوە بكات, تاكە هەولى جدى سەندیكا كە داویەتى ئەویش لە ژێر فشارى زۆرى ئەندازیاران, بریتى بوو لە وەرگرتنى پارچە زەویەك بە رووبەرى (365) دۆنم لەسەر رێگاى هەولێر-كەسنەزان لە حكومەتى هەرێم بۆ دروستكردنى شوقە ى مۆدێرن بە ناوى (شارى ئەندازیاران) ئەوەبوو ئەم هەولەش بە مردوویى لە دایك بوو وە فەشەلى هێنا چونكە نیقابەیەكى فاشل خاوەنى ئەم پڕۆژەیە بوو وە لەبەر لاوازى و تێوەگلانى لە گەندەلییەوە نەیتوانى خاوەندارییەتى لەو زەویە بكات دەرەنجام زۆر بە ئاسانى ئەم زەویەى پێشكەشى (كۆمپانیاى بیبان)كرد بە هاوكارى شێخ (مأمون بریفكانى) و شەریكەكانى تەنانەت خودى سەرۆكى هەرێمیش پشتیوانى لەو كۆمپانیایەكرد!!بۆ ئەو مەبەستە دەتوانن سەیرى ژمارە(15)ى گۆڤارى (ئەندازیار)بكەن كە هەموو ئەو دۆكۆمێنتانەى تایبەت بەم ئابڕوچونەى سەندیكاى تێدایە,جێ ى باسە نەقیبى سەندیكا(عبدالرحمن على كوردە) (كەپیاوى پاراستنە) لەگەڵ ئەندامانى ئەنجومەن رۆلێكى زۆر خراپیان گێڕاوە لەم فەزاحەتەدا وە لە دیدى ئەندازیارانیشەوە (سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان) شەریكە بەشى ئەو لایەنانە بووە كە لە پشت ئەم داگیركارییە بوون وە رێگا خۆشكەر بووە بۆ لەباربردنى ئەم پڕۆژەیە. هەرچەندە سەندیكا لە رووكەشدا خۆى بە پارێزەر و داكۆكیكەرى مافەكانى ئەندازیاران دادەنێ .بەلام لە كرداردا وا نیە و تەواو پێچەوانەیە, ئەگەر وانیە بۆ هەڵوێستى جدى سەندیكایى نەبینرا هەروەك بەڵێنتان دابوو؟ ئەى بۆ نەقیب و ئەنجومەنى سەندیكا شەرەفمەندانە نەهاتن استقالە بدەن ئەگەر راست دەكەن!؟
4-تەعریبكردنى سەندیكا!! (وەكو ئەو تەعریبەى ئێستاى لە شارى هەولێر بەڕێوەدەچێ!!), (سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان) لەماوەیەكى كورتدا هەزاران ئەندازیارى عەرب كە لە شارەكانى ناەراست و باشورى عیراق هاتبوون كردە ئەندام لە خۆشى وەرگرتنى ئابوونە و دەستكەوتى ترى مادى بێ ئەوەى بیر لە عاقیبەتى ئەو كارە بكاتەوە,بۆیە ئەندازیارى بەڕێز لات سەیر نەبێت ئەگەر رۆژێك لە رۆژان هەلبژاردن ئەنجامدرا لە نێو ئەندازیاران ئەوا بە دوورى مەزانە نەقیبى سەندیكاكەت برایەكى عەرەبى چاوڕەش دەربچێت لە پایتەختى هەرێمى كوردستاندا!!. وە لەبرى (عبدالرحمن على كوردە) پێ ى بڵێن (عبدالرحمن على العورەیبى).
5-یەكێك لە داهێنانەكانى (سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان) بە هاوبەشى لەگەل (یەكێتى نیشتمانى كوردستان) ببورن مەبەستم (یەكێتى ئەندازیارانى كوردستان)ى دەڤەرى سەوزە, بریتى یە لە دەركردنى پەیڕەوى(نووسینگە ئەندازیارییەكان) و بەیاساكردنیەتى, بە پێى ئەم یاسایە هیچ ئەندازیارێك دوواى دەوامى لە فەرمانگە حكومییەكان ناتوانێ نووسینگەیەكى ئەندازیارى تایبەت دابنێ و بۆخۆى ئۆڤەرتایم كارى تێدا بكات, كە دەركردنى وەها یاسایەك تەنها لەبەرژەوەندى ئەندازیارە عەرەبەكان و چەند ئەندازیارێكى ناو ئەنجومەنى سەندیكایە چونكە زۆربەى زۆرى ئەندازیارانى كورد لە دەزگا حكومییەكان كاردەن..! لەبەر ئەوە هەر ئەندازیارێك لێرە بەدوواوە ئەگەر بیەوێ نووسینگەیەك دابنێ دەبێ لەگەڵ ئەندازیارێكى عەرەب رێكبكەوێ..(عەیب نەبێ)!؟ بۆیە لێرە پرسیارێك ئاراستەى (سەندیكاى ئەندازیارا كوردستان) دەكەین ئەویش ئەوەیە: بۆ دكتۆرێك دوواى دەوامى فەرمى لە فەرمانگەیەكى حكومى مافى كردنەوەى عیادەى هەیە !!؟بەلام ئەندازیاراێك لە مافێكى هاوشێوە بێبەشە!؟ ئایا (سەندیكاى ئەندازیارى كوردستان) بەم شێوەیە داكۆكى لە مافى ئەندازیاران دەكات!؟
6-بەبێ موجامەلە تاكە كارى جدى(سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان)ى پیشەیى كە هەموو سالێك ئەنجامى داوە وە تێیدا سەركەوتووبووە بە شێوەیەكى زۆر ئەكتیڤ و راست و دروست و بەبێ كەم و كورتى بریتى بووە لە سەردانى (مەزارى نەمران) لە دەڤەرى بارزان!؟.............
لە كۆتایى دا ئێمە وەكو دەستەیەك لە ئەندازیارانى سەربەخۆ رایدەگەیەنین كەوا ئەندازیاران توێژێكى ئازاو چالاكى كۆمەڵگەن و هەمیشە خواستى ئەنجامدانى كارو پڕۆژەى جوان و باش و خاوێنیان هەیە بە پێچەوانەى ئەو وێنە ناشیرنەى كە دەسەڵاتى كوردى بە هاوكارى سەندیكاى درۆ كێشاویەتى.هەروەها بەڵێن دەدەین كە بەردەوام دەبین لە دەرخستنى گەندەڵییەكانی (سەندیكاى ئەندازیارانى كوردستان).
تێبینى:چاوەڕوانى بەشى دووەم بن
دەستەیەك لە ئەندازیارانى سەربەخۆ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست