کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەوڵەتی دیفاکتۆی پارتی و ڕێگریەکانی

Wednesday, 03/10/2012, 12:00








ئه‌مڕۆژانه‌ ڕه‌خنه‌ وهەڵوێستی لایەنەکان لەسیاسه‌تی تاک ڕەوی و بنەماڵەیی پارتی وەک خەتەرێک باس دەکرێ. ئەم ترسە واقعیەتێک نیشان دەدا کەئایندەی کوردستان ویەکلایی کردنەوەی دەسەڵات تیایدا لەکەناڵی دەور و نەخشی پارتیەوە دەڕواتە پێشەوە. هەربۆیە گرنگە ستراتیژی پارتی شیبکەینەوە، تابزانین هەنگاوه‌ سیاسیه‌کانی ئەم حزبە خزمەت بە چ ئامانجێکی گشتی تر دەکەن و ئەم ستراتیژە کاریگەری لەسەر ململانێی سیاسی و چینایەتی لەکوردستاندا چیە وکوردستان بەرەو کوێ دەبا؟

گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکان و پارتی وەک هێزی یەکەم
هەوڵدانی پارتی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی تاکڕه‌وی وبنەماڵەی بارزانی ئاکامی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیەیە کە لەدوای ڕوخانی بەعس و ڕیکەوتنی ستراتیژی یەکێتی وپارتیه‌وه‌، هاتۆتە ئاراوە. ئێستا ئیتر یەکلایی کردنەوەی دەسەڵات لەکوردستاندا بۆ پارتی ئەو کەناڵەیە کە تیایدا دەوڵەت و دەسەڵاتی بنەماڵەیی خۆی تێدا جێگیردەبێ. جێگایه‌ک که‌پارتی وه‌ک هێزێکی باڵاده‌ستی سیاسی و ئابوری و سەربازی ووەک هێزی یەکەم لەکوردستاندا هەیەتی، دەیکاتەسه‌ره‌تایه‌ک‌ بۆ شەرعیەتدان بەدەوڵەتی ئەمری واقیع(دیفاکتۆ)ی پارتی. له‌ئێستادا سیاسەتەکانی پارتی لەبەرامبەر ئەوەی پێی دەڵێن پرۆسەی سیاسی وفیدرالیەت لەعێراقدا، سەربەخۆبونی وەک دەوڵەتێکی ڕانه‌گه‌یه‌ندراو لەناو دەوڵەتی عێراقدا، نیشانده‌ده‌ن. بەستنی پەیوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی لەگەڵ ئەمریکا وهێزە سونیەکان و دەوڵەتی تورکیادا، هاوپەیمانیەکی سیاسیه‌ بەرانبەر بەدەسەڵاتی مالیکی ونفوزی ئێران لەناوچەکەدا. هاوکات دەوری پارتی لەسوریادا و وەڵامدانەوەی نیازەکانی ئەمریکا و تورکیا لەشەڕی ئێستای سوریادا. لەناوخۆی کوردستانیشدا سیاسەتی تاڵانکردنی بودجە وسەپاندنی یاسای دژی خۆپیشاندان و ئازادیەکان ،شەرعیەتپێدانی دەزگای سەرکوتی وەک ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و تیرۆر و گرتنی نەیارانی و سوتانی بارەگا و قەدەغەکردنی قسەکردن لەسەر پیرۆزیەکانی بنەماڵە و شۆڕشەکەیان.. هه‌موو ئه‌مانه‌ فرسەتێكی زێرینی بۆ هاتنەدی خەونی باڵادەستی وسەپاندنی دەسەڵات ودەوڵەتی دیفاکتۆی پارتی خۆشکردوە.. له‌ئێستاشدا سەرۆکایەتی هەرێم وبه‌ده‌سته‌وه‌گرتنی حکومەت وپەرلەمان، ئەو وەسیلانه‌ن بۆ داسه‌پاندنو شەرعیه‌تپێدان به‌هه‌نگاوه‌کانی ئه‌م ستراتیژه. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌پاکێجەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چاکسازی وناڕەزایەتیەکانی یەکێتی لەم باڵادەستیەی پارتی تەنها دەوری فشارێکیان هەیە. به‌تایبه‌تی که‌ئەم هێزانە لەلایەن پارتیەوە کراونەتە پاشکۆی باڵادەستی ئابوری وسیاسی وسەربازی وئەمنی هیچ بەدیلێکیشیان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ که‌بتوانێ ئه‌م ستراتیژه‌ی پارتی په‌کبخات. هەربۆیە جگەلە ناڕازیەک بەوەزعی پاشکۆیەتیان دەورێکی تریان نیە..

پارتی چ جۆرە دەوڵەت و دەسەڵاتێک دروست دەکا؟

ئەوە دەوڵەتی ئەمری واقعی پارتیە کەئەمڕۆ لەناوچەی هەولێر و دهۆک فەرمانڕەوایەتی ڕەهای هەیە ولە شوێنەکانی تری کوردستانیشدا ڕۆژ بەڕۆژ خۆی دەسەپێنێ. پارتی چیتر تەنیا بەدەسەڵاتێکی میلیشیایی ناوچەیی وبەڕێوەبردنی فیفتی فیفتی کوردستان ڕازی نیە. هه‌ربۆیه‌ له‌هه‌وڵدایه‌ زەمینەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی ئەمری واقعی خۆی لە کوردستاندا ئامادەبکا و یەکێتی وئۆپۆزسیۆنیش وەک هێزی پاشکۆ به‌دەسەڵاتەکه‌ی دابنێته‌وه‌. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین که‌میلیشیا بونی پارتی ڕیگە لەوەناگرێ دەسەڵاتەکەی بکاتە دەوڵەتی ئەمری واقیع. هەروەک چۆن عەشیرەت بوونی دەسەڵاتی شێخەکانی خلیج ڕێگای لەوە نەگرتوە ١٠٠ساڵە ئەوانە دەوڵەتداری دەکەن و دەسەڵاتێکی دواکەوتوانە و گەندەڵیان بەپێوەڕاگرتوە، ئاواش میلیشیایی بوون و بنەماڵەیی بونی پارتیش ڕێگە لەوەناگرێ کەده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی خۆی به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی ئەمری به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رێ. به‌تایبه‌تی که‌نمونەی لەم جۆرە دەسەڵاتانە ‌کە دەوڵەتی ئەمری واقیعن و شەرعیەتی نێودەوڵەتیان نیە، له‌دونیای ئه‌مڕۆدا زۆره. له‌وانه‌ دەسەڵاتی فەلەستین و قوبرسی باکور کەسەر بە تورکیایە. لێرەدا شەرعیەتی نێودەوڵەتی ونەتەوەیەکگرتوەکان زۆر مەسەلەی ئێستای پارتی نیە بەڵکو ئەوەی گرنگە پرۆسەی سەپاندنی ئەم دەوڵەتی ئەمری واقیعەیە. دەسەڵاتێ کە پارتی لە کوردستاندا دەیەوێ یەکلایی بکاتەوە هەر ئەم دەسەڵاتە میلیشیایەی ئێستایەتی کە شەرعیەتی پەرلەمانی پێ داوە و شەرعیەتی نێودەوڵەتی و ناوچەییش بۆ ئەم دەوڵەتە میلیشیایەی پارتی لە ئێستادا بریتیە لەو مامەڵە و هاوپەیمانیە سەربازی و سیاسی و ئابوریانەیەی لەگەڵ ئەمریکا و تورکیا و بەشێ لە حکومەتەکانی خلیج هەیەتی .

ئایا ئەم ستراتیژیە ئیمکانی سەرکەوتنی هەیە؟ ڕیگریەکان کامانەیە؟

ئه‌م ستراتیژه‌ی پارتی به‌بێ کۆسپو ڕێگری نییه‌. به‌تایبه‌تی که‌هه‌ر ئێستا دوو کۆسپی سەرەکی ڕیزی پێشه‌وه‌یان گرتووه‌: یەکەمیان، یەکێتی نیشتمانیە که‌وەک هێزێکی ڕکابەری سەرەکی پارتی جێگای هه‌یه‌و دەور وپەیوەندیەکانی ئەم حزبە وشەخسی تاڵەبانی لەهاوکێشەی سیاسی عێراق و ناوچەکەدا، که‌هاوڕانیه‌ به‌که‌مپێک که‌پارتی له‌سه‌ری وه‌ستاوه‌، به‌ربه‌سته‌ له‌چونه‌پێسه‌وه‌ی ستراتیژێکدا که‌پارتی به‌دواوه‌یه‌تی. دووەمیان، ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان وبوونی ئۆپۆزسیۆنه‌. به‌م جۆره‌ش پارتی بەبێ یەکلاکردنەوەی حسابی لەگەڵ ڕێگریانەدا، مه‌حاڵه‌ سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێ.
له‌باره‌ی ڕیگری یه‌که‌مه‌وه‌: یەکێتی دەیەوێ لەململانێی نێوان بارزانی ومالکیدا ولە شەڕی نێوان ئێران و تورکیادا ولەدەستێوەردانی سوریادا سوود لەناکۆکی هێزەکان ببینێ تاڕێگری لەباڵادەستی بڕیاری پارتی لەسەر مەسەلەی نەوت و بودجە و چارەنوسی سیاسی کوردستان دابنێ. ئەمانە بابه‌ته‌کانی ئەزمەیەکی سیاسی تازەی نێوان یەکێتی وپارتیەو پارتییش بۆ سەپاندنی دەوڵەتی ئەمری واقیعی خۆی چ ڕێگایەک دەگرێتەبەر بۆ یەکلایی کردنەوەی دەسەڵات لەگەڵ یەکێتیدا؟ جیاکردنەوەی ناوچەکانی دەسەڵات یاخود هەڵبژاردنی پەرلەمانی؟ قوڵکردنەوەی هاوپەیمانی سەربازی وستراتیژی لەگەڵ تورکیا و ڕۆچونە ناو کێشەی سوریا و ئێرانەوە یاخود درێژەدان بەشەریک کردنی یەکێتی لەئیمتیاز وەرگرتنی مانەوە لەعێراق و ژێر پێ خاڵی نەکردنەوەی باڵادەستی ئێران و مالیکی لە عێراقدا؟.. ئه‌مانه‌ ئه‌وپرسیارانه‌ن که‌ئاڕاسته سیاسیه‌کانی پارتی له‌به‌رده‌م ته‌نگژه‌ی واقعیدا داناوه‌. لەبەرامبەریشدا یەکێتی وەسیلەکانی فشاری لەبەرامبەر پارتیدا بەرتەسکە و نە بانگەوازی ئۆپۆزسیۆن بۆ کۆبونەوە دژ بەدەسەڵاتی تاکڕەوی پارتی و نە دانانی بەرنامەی سوشیال دیموکرات بۆ کۆکردنەوەی جەماوەری ناڕازی دژ بەباڵادەستی ئابوری و پاوانکردنی دەزگاکانی ئاسایش لەلایەن پارتیەوە، یەکێتی ناکاتە هێزێک کە بتوانێ هاوسەنگی هێز لەئێستادا بەجۆرێ بگۆڕێ کە پارتی لە هێزی یەکەم بخا و سەردەمانی دووهێزی یەکەم بگەڕێنێتەوە.پارتی ئایندەی ئەم ململانێیە و یەکلایی کردنەوەی دەسەڵات دیاری دەکا چونکە لەم پرۆسەیەدا پارتی خاوەنی ستراتیژی دامەزراندنی دەوڵەتی ئەمری واقعی خۆیەتی و دەست پێشکەر و هێرش بەرە لە نەخشە و سیاسەتەکاندا و یەکێتی سیاسەت و نەخشەی خۆپارێزی و بەرەنگاری بونەوەی هەیە.
تائه‌و جێگه‌یه‌شی به‌لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن ده‌گه‌ڕیته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی جیاوازیه‌کی جه‌وهه‌ریان له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی سیاسیو پێگه‌ی چینایه‌تی پارتیدا نییه‌، به‌ڵام وه‌ک چه‌ند لایه‌نی نه‌یار که‌سه‌ریان به‌ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌وه‌یه‌ وتوانای سواربوونی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکیان له‌ده‌ستدایه‌، ده‌توانن سه‌رئێشه‌یه‌کی جدی بۆ پارتی دروست به‌که‌ن وببنه‌ ڕێگر له‌چونه‌پێشه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانیدا.
له‌باره‌ی ڕیگری دووه‌میشه‌وه‌: بەشێک لەنەخشە وسیاسەتەکانی پارتی بۆ سەپاندنی ئەم سیستەمە دەسەڵاتدارێتیەی بریتیەلە ڕوبەڕوبونەوە وسەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی خه‌ڵک. بەڵام تواناکانی پارتی بۆسەرکوتی بێ پەردە و ئاشکرا بەرتەسکە، هەم لەبەر هۆی نەبونی یەکڕیزی لەنێو خانەوادەی دەسەڵات و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردیدا وە هەم لەبەرئەوەی دوای سەرهەڵدان و سەرکەوتنی شۆڕشە سیاسیەکانی ناوچەکە دژ بەدەسەڵاتە دیکتاتۆریە عەسکەریەکان، گڕو تینێکی داوه‌ به‌ناڕەزایەتیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، که‌ بۆ بەدیهێنانی ئازادی و کۆتایی هێنان بەئیدارەی گەندەڵی سیاسی ومالی، چۆتە قۆناغێکی سیاسیەوە. دامرکاندنه‌وه‌ وپاشه‌کشه‌پێکردنی کۆتایی به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌، له‌چوارچیوه‌ی هه‌لومه‌رجه‌ ناوخۆییو ناوچه‌ییه‌کاندا، ئەگەرێکی یه‌کجار سه‌ختو دژواری به‌رده‌م پارتییه‌.
ناڕەزایەتی جەماوەری بەرامبەر بە ستراتیژی پارتی
ناڕەزایەتی جەماوەری و سیاسی خەڵکی کرێکارو ئازادیخوازی کوردستان فاکتۆرێکە که‌ توانای ‌شکست پێهێنانی ستراتیژی پارتی هه‌یه‌ و ده‌توانێ کۆمه‌ڵکای گوردستان به‌ره‌و ئاینه‌ده‌یه‌کی ئازاد ویه‌کسانو خۆشگوزه‌ران به‌رێ. تەجروبەی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەر لە ١٧شوباتی ٢٠١١دا جگه‌له‌وه‌ی که‌سه‌لماندی، هێزە سیاسیە ناڕازیەکانی وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان کەلە ئۆپۆزسیۆندا کۆبونه‌ته‌ته‌وه‌، نه‌ک هه‌ر ناتوانن، ڕیبه‌ری خه‌باتی کرێکارانو ژنان ولاوانو زه‌حمه‌تکێشان بۆپێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ڕێشه‌یی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن، به‌ڵکه‌ ئاماده‌ن له‌نیوه‌ی ڕیگادا، به‌ناوی چاکسازیه‌وه‌، له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدا، به‌شکستیدا بکێشن. که‌وایه‌ ئه‌گه‌ر ئەم ناڕەزایەتیانەی جەماوەری کرێکاران و کارمەندان و ژنان و لاوان و ڕۆژنامەنوسان و خەڵکی ئازادیخواز، که‌ڕۆژانه‌ یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پارتی ده‌گرێ وبه‌داوای نان وکارو ئازادیه‌وه‌‌، ڕووی له‌باشکردنی هه‌لومه‌رجی کارو ژیان کردووه‌، له‌ژێر یه‌ک ئاسۆی شۆڕشگێرانه‌و ڕادیکاڵدا کۆبێته‌وه‌ وهه‌نگاو به‌هه‌نگاو به‌ره‌و بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی هێزه‌کانی خۆی یه‌کگرتوو سه‌ربه‌خۆ، به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رێت، ده‌توانێ ته‌وازنی هێزی نێوان خۆیی وپارتیو ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌ئاقاری گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بگۆڕێ. ئەم بزوتنەوەیە پێویستە لەمەیدانی خەباتی سیاسی و یاسایی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا ڕۆژانە ئامادەی ڕوبەڕوبونەوەی نەخشە و سیاسەتەکانی پارتی بێ، تاکتیکی دروستی چۆنیەتی کۆکردنەوەی زۆرترین هێزی جەماوەری و سیاسی دژ بەنەخشە و سیاسەته‌کانی پارتی هاوکات ڕێگرتن لە پاشکۆبونی ناڕەزایەتیەکان بۆ دانوسان و پاکێجەکانی چاکسازی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێ هەرهەنگاوێکی سەرکەوتوی ناڕەزایەتیەکی ڕۆژانە و بڕگەیی بخاتە خزمەت سەرخستنی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەوە بۆ کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی و سەرووخەڵکی لەکوردستان.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە