کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پیرێکی ئاخر شه‌ڕ!

Thursday, 21/04/2011, 12:00






جه‌لال تاڵه‌بانی سکرتێری گشتیی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان‌ و سه‌رۆککۆماری عێراقه‌. ئه‌و ساڵی 1933 له‌دایک بووه‌. ساڵی 1952 له‌ کۆلێجی حقوق له‌ به‌غداد وه‌رگیراوه‌. به‌هۆی کاری سیاسییه‌وه‌ چه‌ند ساڵێک له‌ خوێندن دابڕاوه‌. ساڵی 1959 بڕوانامه‌ی بکالرێۆسی له‌ قانون دا وه‌رگرتووه‌.
جه‌لال تاڵه‌بانی چه‌ند زمان ده‌زانێت. له‌بواری نووسین و ڕۆژنامه‌نووسیدا ڕۆڵی هه‌بووه‌. چه‌ند کتێب و نامیلکه‌ و سه‌دان وتاری نووسیوه‌. به‌شی زۆری ته‌مه‌نی له‌ خه‌باتی سیاسییدا به‌سه‌ربردووه‌. له‌چه‌ندین بواری دیکه‌دا شاره‌زایی و لێهاتویی نیشانداوه‌.

ئێستا جه‌لال تاڵه‌بانی ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته‌ حه‌فتاوهه‌شت ساڵ. له‌و ته‌مه‌نه‌دا له‌بریتی ئه‌وه‌ی که‌ وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسیی به‌ ئه‌زموون و وه‌ک که‌سێکی قانونزان و وه‌ک سکرتێری گشتیی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان‌ و سه‌رۆککۆماری عێراق داوای ئاشتی و ئارامی بکات و دژی هه‌موو جۆره‌ خوێنڕشتنێک بێت، بووه‌ته‌ کۆیله‌یه‌کی زه‌لیلی ژێر ده‌ستی مه‌سعود بارزانی. که‌ له‌ کاتێکدا مه‌سعود بارزانی له‌ که‌سێکی کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتوو و دز و خوێنڕێژ به‌ولاوه‌، هیچی دیکه‌ نییه‌ و له‌ هه‌موو ژیانیدا نه‌یتوانیوه‌ قۆناغێکی خوێندن ته‌واو بکات و ببێته‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌یه‌ک و نه‌یتوانیوه‌ له‌ بوارێکدا توانایه‌ک و لێهاتووییه‌ک نیشان بدات و بیسه‌لمێنێت جیا له‌وه‌ی که‌ به‌ میراتیی بۆی ماوه‌ته‌وه‌ خۆیشی شتێکی له‌باردایه‌.

جه‌لال تاڵه‌بانی به‌بیانووی ئه‌وه‌ی که‌ کاتی خۆی بڕیارنامه‌ی دژی له‌سێداره‌دانی ئیمزاکردووه‌ و که‌سێکی ئاشتیخوازه‌، ئاماده‌ نه‌بوو وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق، حوکمی له‌ سێداره‌دانی سه‌رانی ڕژێمی به‌عس ئیمزا بکات، که‌ له‌ کاتێکدا ئه‌و سه‌رانه‌ی ڕژێمی به‌عس هه‌زاران هاوڵاتیی عێراقیان به‌بێ هیچ دادگاییکردنێک و به‌بێ هیچ تاوانێک زۆر دڕندانه‌ له‌ناوبرد، به‌ڵام خۆیان به‌شێوازێکی قانونی و به‌ ئاماده‌یی ده‌یان که‌ناڵی ڕاگه‌یاندن دادگایی کران و به‌پێی قانون حوکمی له‌سێداره‌درانیان بۆ ده‌رچوو.
به‌ڵێ، جه‌لال تاڵه‌بانی حوکمی له‌ سێداره‌دانی سه‌رانی ڕژێمی به‌عس ئیمزا ناکات، به‌ڵام به‌ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی خوێنڕێژ، بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن که‌ هه‌موو ئه‌و گه‌نج و لاوه‌ کوردانه‌ی که‌ له‌ دژی گه‌نده‌ڵی و دزی و ناعه‌داله‌تی خۆپیشاندان ده‌که‌ن، خڵتانی خوێن بکرێن.

من له‌ خودی جه‌لال تاڵه‌بانی و ئه‌ندامانی حیزبه‌که‌ی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ خۆیان به‌ دۆست و لایه‌نگری ده‌زانن، ده‌پرسم: که‌سێک خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه‌ سیاسییه‌ بێت و ته‌مه‌نی گه‌یشتبێته‌ حه‌فتاوهه‌شت ساڵ، باشتر نییه‌ باقی ته‌مه‌نی بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی ته‌رخان بکات و داوای ئاشتی و ئازادی و چه‌سپاندنی مافه‌کانی مرۆڤ بکات. یان ئه‌مه‌ی باشتره‌ که‌ به‌و ئاخیری عومره‌یه‌وه‌ فه‌رمانی گرتن و ڕاونان و ئه‌شکه‌نجه‌دان و کوشتنی گه‌نج و لاوی کورد ده‌ربکات؟! ئایا که‌سێک به‌و ئاخیری عومره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ کارنامه‌ی بێت، پیری ئاخر شه‌ڕ نییه‌!!..



 
21 ــ 4 ــ 2011

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە