کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێ و قه‌یه‌می ساڵی نوێ، به‌خێره‌ .

Saturday, 02/01/2010, 12:00


هه‌موو ساڵێ که‌کۆتایی ئه‌و ساڵه‌ دی، ئێدی هه‌موان ئومێد ئه‌خوازین که‌ساڵی دا دێ له‌هی ڕابردوو باشترو باشتر بێ، ئه‌م ئاواتانه‌ش له‌م په‌ڕی دونیا بۆ ئه‌و په‌ڕی دونیا هه‌ر وایه‌، ده‌می هه‌ر که‌سێ ئه‌که‌یته‌وه‌ پلانی باشترو به‌رنامه‌ی چاکتر دائه‌ڕێژێ بۆ ئه‌وه‌ی ،ئه‌وه‌ی له‌ساڵی ڕابردوو بۆی نه‌کرا، له‌م ساڵه‌ نوێیه‌دا بیکات وله‌کۆڵ خۆیانی بکاته‌وه‌.

دیاره‌ کابینه‌که‌ی دختۆر به‌رهه‌م به‌شێکه‌ له‌م گه‌ردوونه‌و هه‌مان خۆش حاڵی ده‌ربڕیوه‌ که‌بتوانێ ساڵی 2010 ساڵی سه‌رکه‌وتن وته‌واوکردنی پرۆژه‌ و زیادکردنی موچه‌و چاکردنی خزمه‌ت گوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کان بۆ هاوڵاتیان، دابین کردنی ئاسایش بۆ گشت و له‌هه‌مووشیان گرنگتر بنبڕکردنی گه‌نده‌ڵی بێ. ئه‌مانه‌ ئه‌و په‌یمانانه‌یه‌ که‌ ئه‌م کابینه‌یه‌ هه‌وڵی بۆ ئه‌دا تا بتوانێ متمانه‌ی جه‌ماوه‌ره‌ی ده‌م کراوه‌ی‌ زه‌رنه‌قووت ئاسا‌ دابخات. بۆیه‌ له‌یه‌که‌مین هه‌نگاوی ئه‌م ساڵدا توانی گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ست بێنێ که‌گه‌لێ جێی دڵخۆشی ئه‌م کابینه‌یه‌ و شانازی پێوه‌ ئه‌کات ، که‌ئه‌مه‌ش ئێشتا سه‌ره‌تای ساڵی تازه‌یه و زۆرمان به‌به‌ره‌وه‌ ماوه‌‌، جا بابزانین چۆن!!!

له‌یه‌که‌مین هه‌نگاوداو دوای ئه‌وه‌ی برا عه‌ره‌به‌ چاو قه‌ترانیه‌کان و شیعه‌ مه‌زهه‌به‌کان مه‌راسیمی عاشوورایان له‌پایته‌ختی هه‌رێم و شاره‌ حه‌یاته‌ کرده‌وه‌و توانیان ئه‌و نه‌ریته‌ ئایینه‌ پیرۆزه‌ نیشانی گه‌لی کوردیش بده‌ن، بۆیه‌ دختۆر به‌رهه‌م په‌یمانی داوه‌ که‌ئه‌ویش له‌ڕێگای کابینه‌که‌ی ووه‌زیری ڕۆشنبیری ئه‌م ساڵ جه‌ژنی نه‌ورۆز، جگه‌ له‌حه‌وشه‌ی مه‌رقه‌دی ئیمام حوسه‌ین و شاره‌کانی به‌سره‌و عه‌ماره‌و که‌ربه‌لاو نه‌جه‌ف بکاته‌وه‌. به‌و هیوایه‌ی برا دۆسته‌ هاوپه‌یمان ودیموکراتخوازه‌کانی باشووری عێراق بێبه‌ش نه‌بن ، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌وان خوا ده‌ست به‌ عومریانه‌وه‌ بگرێ، نه‌یان هێشت ئێمه‌ی کورد بێبه‌ش بین له‌وه‌ی ئه‌وان.

له‌دووه‌مین هه‌نگاودا بڕیاری دا، ئه‌و دوو مامۆستایه‌ی که‌ سوکایه‌تیان به‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ کردوه‌، نه‌ك هه‌ر ڕه‌وانه‌ی دادگایان بکات، به‌ڵکه‌ توانای ته‌مییزیشیان نه‌بێ دوای سه‌پاندنی تاوانه‌کانیان . به‌ڕاستی ئه‌مه‌ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌لێ مه‌زنی ئه‌م کابینه‌یه‌، ڕه‌نگه‌ پرسیار بکه‌ن و بڵێن چۆن چۆن. له‌مێژه‌ ڕه‌خنه‌ ئه‌گیرێ وئه‌ڵێن که‌س موحاسه‌به‌ ناکرێ، که‌س یه‌خه‌ی ناگیرێ و حکومه‌ت له‌جێی نه‌بوانه‌، ئه‌م حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ی ئێمه‌ هه‌ر له‌خه‌می خۆیانن و خه‌ریکی گرفان پڕکردنن. ده‌بڕۆن، تازه‌ ئه‌و به‌یت بالۆره‌یه‌ باوی نه‌ما، ئه‌وه‌تا لێکۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو مامۆستا تاوانباره‌ به‌رده‌وامه‌و گرنگ نیه‌ چه‌ند بۆدجه‌ی بۆ سه‌رف بکرێ، گرنگه‌ چالاکیه‌کانی ئه‌م کابینه‌یه‌ خه‌ڵکی له‌جیاتی به‌یه‌ك چاو ، ئه‌وانه‌ی کوێراییان داهاتوه‌و موزمه‌عیلن ، ئه‌بێ بیبینن. ئه‌مڕۆ ئه‌و دوو مامۆستایه‌، سبه‌ینێ ڕه‌نگه‌ چه‌ند کرێکارێك وچه‌ند فه‌ڕاشێکی مه‌کته‌به‌کانیش ڕوو به‌ڕووی دادگاکانی حکومه‌ت بکرێنه‌وه‌ گه‌ر هه‌ر کارێکی دژ به‌یاسا و ده‌ستووری ئایینی ئیسلامی پیرۆز بکه‌ن. ئاخر گه‌لێ گرنگه‌ حکومه‌تی دختۆر به‌رهه‌م و سه‌رۆکه‌که‌ی جه‌خت له‌سه‌ر نه‌هێشتنی تاوانی سوکایه‌تی به‌ نێردراوه‌کانی خودا بکه‌ن. گرنگ نیه‌ گه‌ر سوکایه‌تی به‌ قازی موحه‌مه‌دو شێخی مه‌زن وسه‌رکرده‌ گه‌شمرده‌کانی وه‌ك کاك ئارام ومامه‌ ڕیشه‌ بکرێ، گرنگ نیه‌ گه‌ر سوکایه‌تی به‌ شاعیران(نالی ومه‌حوی و گۆران)بکرێ، گرنگ نیه‌ فه‌لاقه‌ی شاعیری پایز(به‌ڕێز کاك حه‌مه عومه‌ر‌ عوسمان) بکرێ،گرنگ نیه‌ کاکه‌ سۆرانی ڕۆژنامه‌ نووس تیرۆر ئه‌کرێ، گرنگ نیه‌ سوکایه‌تی وجوێن به‌هه‌موو کوردو ڕابه‌ره‌که‌ی(به‌ڕێز ئاپۆ) بووترێ، گرنگ نیه‌ کوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆکه‌ ته‌زوویره‌که‌یه‌وه‌ پڕ کراوه‌ له‌سۆزانی وله‌شفرۆش ،گرنگ ئه‌وه‌یه‌ سوکایه‌تی به‌ پێغه‌مبه‌ر نه‌کرێ. ڕه‌نگه‌ لاتان سه‌یر بێ، گه‌ر ئه‌م کاره‌ی ئه‌و دوو مامۆستایه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ مه‌حکوم نه‌کرایه‌، ئه‌وا دڵنیابن له‌وه‌ی که‌ دراوسێکانمان ئابڵووقه‌ی ئابووریان ئه‌خسته‌ سه‌ر هه‌وارده‌کانمان و نه‌یان ئه‌هێشت له‌سنووری کوردستان بپه‌ڕێنریته‌وه‌و ئه‌بو هه‌مووی له‌عه‌لۆکه‌ کرم تێبدایه‌ هه‌روه‌ك پیازی عه‌وڵان، برنجی بازیان،هه‌ڵوژه‌ی چنگیان، ترێ ڕه‌شه‌ی هه‌ڵه‌دن، ماستی مه‌ڕی خولاسه‌ی باوه‌مرده‌، که‌ره‌و نڤیشکی ئاکرێ، تووره‌ سووره‌ی بنگرد، ته‌ماته‌ی گاعێته‌ر، خه‌یارو ترۆزی چه‌می ڕێزان، ئاوی بانیخێڵان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند به‌روو بومێکی کارخانه‌و پیشه‌سازی وه‌ك چیمه‌نتۆی سه‌رچنار،نانه‌ قه‌یسی و کارگه‌ی چلووره‌ی شه‌هلاو کارگه‌ خۆماڵیه‌کان بۆ دروست کردنی له‌بزینه‌، داتڵی، برمه‌و پاقلاوه‌ی ئامه‌ی جۆڵا. هه‌روه‌ها ، به‌رهه‌می وه‌ك ستارخانه‌و ڕانك وچۆغه‌و کڵاشی دۆمی هه‌ورامی وچه‌ندین به‌روو بوومی ئاژه‌ڵی وڕووه‌کی و کۆمپانیای وه‌به‌رهه‌م هێنان ، که‌ئه‌که‌وتنه‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی جگه‌ له‌و درواسێنانه‌ی هه‌رێم، گشت ووڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌ موسڵمانه‌کانی وه‌ك سعودیه‌و ئۆردون ومیسرو ئه‌وانی تر.

گرنگ نیه‌ عومه‌ر فه‌تاح 18 ملیۆن دۆلای فت کرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ زیاد بوه‌ له‌بودجه‌ی ئه‌و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریانه‌، ئێ خۆ کفر نابێ بۆ ئه‌و پاره‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، بایه‌کێ خێری لێ ببینێ باشتره‌، وه‌یان چه‌ند ملیۆنێکی تر لێره‌و له‌وێ ئه‌دزرێ و له‌زۆر کاتدا به‌قاسه‌که‌وه‌ ئه‌برێ، ئێ قه‌یچێکه‌ ، ئه‌و شتانه‌ له‌هه‌موو شوێنێ ڕوو ئه‌دا. ده‌ی که‌واته‌ خه‌ڵکی خۆشه‌ویست هه‌موان له‌مه‌و لاو له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م کابینه‌ چالاکه‌و به‌ڕێزان دختۆر به‌رهه‌م وکاکه‌ قاله‌ی ئاسایش ، بێ خه‌م وهه‌موتان به‌بیجامه‌و ڕۆبه‌وه‌ له‌ماڵی خۆتان یه‌ك ته‌خته‌ خۆتان له‌سه‌رده‌م ڕاکشێن وقاچی لێ درێژ که‌ن، به‌س توخوا چی ئه‌که‌ن دڵی ئه‌و دراوسێ و ئیسلامه‌ ئاشتیخوازانه‌مان لێ مه‌ڕه‌نجێنن. به‌خوا چی ئه‌که‌ن بیه‌که‌ن، دزی، گه‌نده‌ڵی ، سه‌ره‌تاتکێ بۆ ئه‌م وئه‌و. به‌س ئه‌بێ ئه‌وه‌ش باش بزانن، گه‌ر پله‌و پۆستی به‌رزتان نیه‌، ئه‌وا ئه‌بێ خۆتان به‌یه‌کێکه‌وه‌ هه‌ڵبواسن وفێری فه‌لسفه‌ی چه‌مه‌له‌غنیزم ببن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە