کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ سه‌ر پژاک.- به‌شی سێیه‌م: تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن

Tuesday, 09/08/2011, 12:00


تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن
یه‌کێک له‌و دیارده‌ دزێو و ناشیرینانه‌ی که‌ به‌رۆکی لایه‌نه‌ کلاسیکیه‌کانی گرتووه‌ بریتییه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن . تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بریتییه‌ له‌ ناو زڕاندن و ناشیرین نیشاندانی ناحه‌زه‌کانی خۆیان (چ تاک و چ حیزب) به‌بێ بوونی به‌ڵگه‌ ، وه‌ک به‌ جاش نیشاندانی هێمنی شاعیر و پڕوپاگه‌نده‌ی دوور له‌ ڕاستی دژ به‌ پ‌ک‌ک و پژاک .
ئه‌م فه‌رهه‌نگی تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستنه‌ سودێکی زۆری گه‌یاندووه‌ به‌ داگیرکه‌رانی کوردستان ، چونکه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆر خراپی له‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبانه‌ هه‌بووه‌ و گه‌وره‌ترین قوربانیش له‌م ناوێنه‌دا گه‌ل بووه‌ ، کاک عه‌زیز شێخانیش یه‌کێکه‌ له‌و قوربانیانه‌ی که‌ گوته‌کانی هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی تۆمه‌تسازی‌دا قه‌تیس نامێنێت ، به‌ڵکو په‌ل ده‌هاوێت بۆ وڕێنه‌کردن و ده‌ڵێت :-
{له‌ ئه‌ده‌بیاتی پارتی كرێكاران و حیزب و رێكخراوه‌ دروستكراوه‌كان بۆ پارچه‌كانی كوردستان وه‌ك پارتی چاره‌سه‌ری له‌ باشوور و پارتی ژیانه‌وه‌ له‌ رۆژهه‌ڵات، گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ شوێن و قورسایی خۆی نه‌ماوه‌. له‌ دروشمه‌ بریقه‌دار و باسه‌كاندا ئه‌و پارت و زڕه‌ پارتانه‌ بایه‌خی نه‌ته‌وه‌ و هه‌ستی نیشتمانخۆشه‌ویستیان له‌ كولتوری خۆیاندا تواندۆته‌وه‌ و به‌ ئه‌ڕبه‌ی خۆیان ده‌یپوێن.} 
به‌ باوه‌ڕی من ئه‌م گوتانه‌ی کاک عه‌زیز ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌ ، چونکه‌ به‌ به‌راوردکردن له‌گه‌ڵ ڕابردوودا ده‌توانین بڵێین له‌ ڕۆژگاری ئیمڕۆدا گه‌ل به‌ره‌و هوشیاری نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاوی ناوه‌ و سه‌نگینترین شوێن و قورسایشی به‌ده‌ست هێناوه‌ ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ پارته‌ کلاسیکه‌کانن که‌ میله‌تیان فه‌رامۆش کردووه‌ و له‌ گه‌ل دابڕاون و شوێن و قورساییان له‌ ده‌ست داوه‌ ، نه‌مانی شوێن و قورسایش په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ پارتی چاره‌سه‌ر و پژاکه‌وه‌ به‌ڵکو په‌یوه‌سته‌ به‌ بێ توانایی و هیچ له‌بارا نه‌بوونی خودی خۆیان و ئه‌و بڕه‌ موچه‌یه‌ی که‌ له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی وه‌رده‌گرن . یه‌کێک له‌ شاعیره‌ پایه‌ به‌رزه‌کانی کورد ده‌ڵێت :
ئه‌وه‌ی له‌ پاره‌ نزیک بێته‌وه‌ ڕه‌وشتی به‌رزی بیر ده‌چێته‌وه‌
ده‌بێت چ تاوانێکی پ‌ک‌ک هه‌بێت که‌ پارته‌ کلاسیکه‌کان بوونه‌ته‌ موچه‌خۆری یه‌کێتی و پارتی ؟ ئایا له‌ پێناوی چ شتێکدا هه‌م خۆیان ئۆردوگانشین کردووه‌ و هه‌م میله‌تیان فه‌رامۆش کردووه‌ و هه‌م ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانیشیان کوشتووه‌ ؟ تۆ بڵێی کاک عه‌زیزیش هه‌مان گوته‌ دووباره‌ نه‌کاته‌وه‌ و بڵێت " له‌ پێناوی سه‌قامگیری و پاراستنی سه‌روه‌ریه‌کانی باشووری کوردستاندایه‌ " !!! ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ڕۆژانه‌ ئاگر و ئاسن به‌سه‌ر زه‌حمه‌تکێشانی باشووردا ده‌بارێت و هه‌موو سه‌روه‌ریه‌کانی باشووریش که‌وتۆته‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی سوپای پاسدارانه‌وه‌ .
ئه‌نجامی موچه‌خۆریه‌ که‌ ئۆردوگاکان بوونه‌ته‌ هێلانه‌ی ئیتڵاعات و ئاخوند موسڵحی ده‌ڵێت " ئاگاداری ژه‌می خواردنه‌کانیش هه‌ین له‌ ئۆردوگاکانی کۆیه‌ و زڕگوێز " ، ئه‌نجامی موچه‌خۆرییه‌ که‌ سه‌دان کادر و پێشمه‌رگه‌ له‌ باشووردا تیرۆر ده‌کرێن و په‌روه‌ندیش بۆ هیچ که‌سێکیان ناکرێته‌وه‌ ، ئه‌نجامی موچه‌خۆرییه‌ که‌ هۆڵی پێشه‌وا ده‌کرێته‌ نزرگای ئیمامی زه‌مان و ئۆردوگانشینانیش بێ هه‌ڵوێست ده‌مێننه‌وه‌ ، ئه‌نجامی موچه‌خۆرییه‌ که‌ به‌ڕێزت درێژه‌ به‌ تۆمه‌ته‌کانت ده‌ده‌یت و ده‌ڵێیت :-
{رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ماوه‌ی دوای راپه‌ڕینی باشووری كوردستاندا له‌ لایه‌ن هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی باشووری كوردستان و پاشان پارتی كرێكارانی كوردستان زه‌بری گاریگه‌ری به‌ركه‌وتوه‌.} .
ده‌بوو کاک عه‌زیز که‌مێک ویژدانی بجوڵایه‌ بۆ ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ به‌ ناهه‌ق ڕژاوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان له‌ باشووردا و زۆر ڕاستگۆیانه‌ بیگوتایه‌ (دز و خاوه‌ن ماڵ هاوبه‌ش بوون له‌و خوێن ڕشتنه‌دا) چونکه‌ تیرۆرکردنی سه‌دان کادر و پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌بێ زه‌مینه‌سازی ئه‌نجام نادرێت له‌ باشووردا ، ئه‌وه‌ی ئه‌و زه‌مینه‌ سازییه‌ی خوڵقاند خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌ن که‌ دیارده‌ی ئینشیعاب و کێل شکاندنی شه‌هیده‌کان و شه‌ڕه‌ تێڵایان خسته‌ نێو ئۆردوگاکانه‌وه‌ ، سه‌رچاوه‌ی تیرۆره‌کان خودی ئه‌و به‌رپرسانه‌ن که‌ هه‌موو ڕه‌وایه‌تیه‌ک ده‌ده‌ن به‌ ده‌ستێکه‌ڵاویه‌کانی سه‌رانی باشوور و داگیرکه‌ران ، ئه‌وه‌ی زه‌بری کاریگه‌ری له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ئه‌و ده‌ره‌به‌گانه‌ بوون که‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌یان کرده‌ سوته‌مه‌نی شه‌ڕێ نێوان دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ .
ده‌کرێت کاک عه‌زیز ڕوونی بکاته‌وه‌ که‌ پ‌ک‌ک چ زه‌برێکی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان داوه‌؟ 
ئه‌وه‌ی من بزانم پ‌ک‌ک هیچ زه‌ره‌ر و زیانێکی بۆ ئۆردوگانشینان نه‌بووه‌ و له‌ پێناوی به‌رده‌وامبوونی خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵاتیشدا قوربانی هێجگار زۆری داوه‌ . ئه‌وه‌ پ‌ک‌ک بوو که‌ کادرهایه‌کی زۆر پێشکه‌وتووی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا پێگه‌یاند که‌ ببنه‌ هه‌وێنی دامه‌زراندنی پارتێکی شۆڕشگێڕی وه‌کو پژاک ، ئه‌وه‌ پ‌ک‌ک بوو که‌ گرفتاری هه‌ر بستێکی کوردستانی به‌ گرفتاری هه‌موو کوردستان ده‌زانی و سنووری به‌سته‌ڵه‌کی نێوان له‌هجه‌ و مه‌زهه‌به‌کانی توانده‌وه .‌
پاشان کاک عه‌زیز ده‌ڵێت :- 
{بزوتنه‌وه‌ی ره‌سه‌نی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خاوه‌ن پێگه‌ی مێژوویی و سیاسییه. ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ پاش هاتنه‌ سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی، بۆ ماوه‌ی نیزیك به‌ بیست ساڵ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی كرده‌ سه‌نگه‌ری ئازادی و به‌ربه‌ره‌كانی، هه‌رچه‌نده‌ له‌ پاش راپه‌ڕین له‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆی ئێران و هێزه‌ كوردییه‌كاندا بێده‌نگ كرا‌.} .
پێده‌چێت مه‌به‌ستی کاک عه‌زیز حیزبی دیموکرات بێت که‌ به‌ بزوتنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌نی پێناسه‌ ده‌کات ! من ڕێزم بۆ هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌کی حیزبی دیموکرات و هه‌موو لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش هه‌یه‌ ، به‌ڵام خۆ کابه‌ که‌چ نابێت ئه‌گه‌ر که‌مێک ڕه‌خنه‌ بگرین و بڵێین :
حیزبی دیموکرات پێی ناوه‌ته‌ 66 ساڵه‌ی ته‌مه‌نیه‌وه‌ ، له‌م ته‌مه‌نه‌ دوور و درێژه‌دا ته‌نها چوار ساڵ له‌ نێو میله‌تدا بووه‌ و 62 ساڵیش له‌ هه‌ڵهاتن و چاوه‌ڕوانی " قودره‌تی قادر "دا بووه‌ (هه‌ڵبه‌ت ئه‌و چوار ساڵه‌ش ته‌نها له‌ ناوچه‌ی موکریان و که‌مێکیش له‌ هه‌ورامان) ، هێنده‌ی به‌رپرسه‌کانی حیزبی دیموکرات شاره‌زای کوچه‌ و کۆڵانه‌کانی شاری به‌غدان هیچ عێراقیه‌ک هێنده‌ شاره‌زا نییه‌ .
حیزبی ڕه‌سه‌ن ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانی گه‌ل‌ بژی و نابێت له‌ میله‌ت داببڕێت . ئایا ڕه‌سه‌نایه‌تی له‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که‌ ببیت به‌ به‌شێک له‌ داگیرکه‌ره‌که‌ و بڵێیت "فه‌خر به‌ ئێرانی بوونی خۆمه‌وه‌ ده‌که‌م " ؟ فه‌رمان وه‌رگرتن له‌ حیزبی توده‌ و توره‌که‌ هه‌ڵدروون بۆ موجاهدینی خه‌لق و کڕنوش بردن بۆ شاپه‌رست و پانئێرانیسته‌کان یان به‌ هیوای موسه‌وی و که‌رووبی بوون ده‌چێته‌ خانه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌وه‌ ؟
ئایا ته‌نها حیزبی دیموکرات ڕه‌سه‌نه‌ یاخود کۆمه‌ڵه‌ش ؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌ت هه‌ردوکیانه‌ ، ئه‌ی بۆچی له‌ ڕابردوودا مه‌زنترین شه‌ڕی کۆمه‌ڵه‌تان کرد ؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌که‌شت ته‌نها حیزبی دیموکراته‌ ئه‌ی چۆنه‌ بۆ بازاڕ گه‌رمیت باس له‌ کۆمه‌ڵه‌ش ده‌که‌یت ؟
کاک عه‌زیز درێژه‌ به‌ تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن ده‌دات و ده‌ڵێت :-
{پاش بێده‌نگكرانی پارته‌ سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی نێوخۆیی له‌ باشووری كوردستاندا، پارتی كرێكاران زیاتر له‌ ده‌رفه‌ت كه‌ڵكی وه‌رگرت و به‌ دروشمی بریقه‌دار و كوردستانی گه‌وه‌ر و دروشمه‌ قه‌به‌كانی دیكه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا گه‌رای خه‌ست.ئه‌وان به‌ بوونی پێوه‌ندییه‌كی نیزیك له‌ گه‌ڵ سپای پاسداڕان و رێژیمی تاران و ئه‌نجامدانی پڕوپاگه‌نده‌ی نه‌رێنی دژ به‌ پارته‌ سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ژماره‌یه‌ك لاویان له‌ خشته‌ برد.} .
شۆڕشگێڕی تا ئه‌و کاته‌ی له‌ خه‌بات و به‌رخۆداندا بێت واتای هه‌یه‌ ، هه‌رکاتێک له‌ خه‌بات و به‌رخۆدان وه‌ستا هیچ واتایه‌کی شۆڕشگێڕیش نامێنێت ، نه‌مانی شۆڕشگێڕیش به‌ واتای ته‌سلیمبوون دێت ، ته‌سلیمبونیش بێ ده‌نگییه‌ .
بێده‌نگ بوونی هێزه‌ کلاسکیه‌کان په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ شه‌ڕی ناوخۆیی باشووری کوردستانه‌وه‌ ، چونکه‌ شه‌ڕی ناوخۆیی له‌ ساڵی 1994دا ده‌ستی پێکرد و بێده‌نگ بوونی ئه‌و لایه‌نانه‌ دیرۆکێکی دوورتری هه‌یه‌ .
گریمان ئه‌م گوته‌یه‌ی کاک عه‌زیز ڕاسته‌ و له‌ سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی ناوخۆی‌دا ئه‌م هێزانه‌ بێده‌نگ کران ! ئه‌ی بۆچی شه‌ڕی ناوخۆیی نه‌بوویه‌ هۆی بێده‌نگ بوونی پ‌ک‌ک ؟ خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کانی باشوور ببوونه‌ پۆلیسی پاراستنی سنووره‌کانی ده‌وڵه‌تی تورک و شه‌ڕی په‌که‌که‌یان ده‌کرد به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک شه‌ڕی حیزبی دیموکراتیان نه‌کرد !
دروشمی گه‌وره‌ و بریقه‌دار هۆکارێک نییه‌ بۆ گه‌وره‌بوونی لایه‌نێک ، به‌ڵکو کار و خه‌بات و ڕاستگۆیی پێوانه‌یه‌ بۆ به‌ره‌وپێش چوون ، ئه‌گه‌ر به‌ دروشمی قه‌به‌ و بریقه‌دار بێت ئه‌وا پشکی شێر به‌ر حیزبی دیموکرات ده‌که‌وێت ! ئه‌وه‌ حیزبی دیموکراته‌ که‌ خۆی به‌ حیزبی خۆشه‌ویستی خه‌ڵکی کوردستان و نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و په‌سه‌ندکراوی 83% کوردستانیه‌کان ده‌زانێت !
پێده‌چێت کاک عه‌زیز به‌ره‌و واژو تێگه‌یشتبێت و حیزبی دیموکراتی لێ گۆڕدرابێت به‌ پ‌ک‌ک ! چونکه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌ شاراوه‌کانی حیزبی دیموکرات و سوپای پاسداران بوو که‌ بوویه‌ هۆی تیرۆرکردنی چه‌ندین به‌رپرسیان(ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ به‌م گوته‌یه‌م ناکه‌یت ئه‌وا بچۆ له‌ کاک مسته‌فای هیجری بپرسه‌ و بڵێ : له‌ پاش ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی 1991ی باشووری کوردستان ، خوالێخۆشبوو شه‌ره‌فکه‌ندی به‌ره‌و کوێ چوو ؟) ، ئه‌نجامی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ بوو که‌ قه‌راردادی نهێنیان واژۆ کرد و له‌ ئۆردوگا پاڵیان دایه‌وه‌ .
له‌ ڕابردووشدا که‌سانی وه‌کو که‌مال بورقای هه‌بوون که‌ له‌ژێر په‌رچه‌می کوردایه‌تیدا جۆره‌ها تۆمه‌تی به‌کرێگیراوی و که‌مالیستیان ئاڕاسته‌ی پ‌ک‌ک و به‌ڕێز ئۆجه‌لان ده‌کرد ، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌کانی مایه‌پووچ ده‌رچوون ئه‌و کات گه‌ڕایه‌وه‌ شوێنه‌ ڕه‌سه‌نه‌که‌ی خۆی که‌ باوه‌شی که‌مالیسته‌کان و ژێر سێبه‌ری ئاڵای تورکه‌ فاشسته‌کان بوو . هه‌ڵبه‌ت من ناڵێم کاک عه‌زیز هاوشێوه‌ی که‌مال بورقایه‌ به‌ڵکو ده‌ڵێم قوربانی ده‌ستی که‌سانی وه‌کو که‌مال بورقایه‌ .
ئه‌و که‌سانه‌ی کاک عه‌زیز شێخانیان کردۆته‌ قوربانی هه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ له‌ ڕابردوودا هیچ گوته‌یه‌کی ناشیرین نه‌ما ئاڕاسته‌ی مسته‌فا بارزانی و ته‌واوی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی نه‌که‌ن ، که‌چی ئیمڕۆش له‌ پێناوی بڕه‌ مووچه‌یه‌کدا به‌ جۆرێک به‌ شان و باڵی مه‌لا مسته‌فا و بنه‌ماڵه‌که‌یدا هه‌ڵ ده‌ڵێن که‌ مرۆڤ شه‌رم له‌ پیاهه‌ڵگوتنه‌که‌شیان ده‌کات . با کاک عه‌زیز له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌دا گوته‌ی ڕابردووی ئه‌و که‌سانه‌ بخوێنێته‌وه‌ و به‌راوردی بکات به‌ پیاهه‌ڵگوتنه‌کانی ئیمڕۆیان و پاشان بڵێت :- ئه‌مه‌تان له‌ چی و ئه‌وه‌تان له‌ چی!؟

درێژه‌ی هه‌یه‌ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە