کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەدیاربەکر وا ڕویدا

Monday, 07/04/2014, 12:00





موراد تورک

وه‌رگێڕانی/ ڕێبوار هەمەوەندی

ئەم شارە ئەوەندە ئازاری تێداژیا توانی ٧ دۆزەخ لە دەرونیدا جێبکاتەوە ، لە هەمانکاتدا ئەوەندە بە هیواش بوو توانی لە دەرونیدا ئاگری ٧ دۆزەخ خامۆش بکاتەوە .

لە ڕۆژێکی زۆر گەرمی ١٠ ی تەموزدا بە سەدان هەزار کەس لە شاری ئامەدا لە گۆڕەپانی (ئیستاسیۆن) کۆببونەوە ، ئەوەندە گەرم بوو مرۆڤ دەیتوانی بە دوری ٥٠ مەترێک دەزوی تیشکی خۆر بەدەست بگرێت ، ئەم گردبونەوەیە بۆ ناشتنی تەرمێک بوو ، بەڵام گەل ئەم شینەی گۆڕی بۆ کەشوهەوایەکی شۆڕشگێڕانە و بە شایی و دەهۆڵ و زوڕناوە سەرچۆپیان گرتبوو ، گەل دروشمیان دەوتەوە و گۆرانی شۆڕشگێڕیان دەووت ، بەڵێ تێکۆشانی مانگی تەموز لە زیندانی ئامەد لە نێوان چوار دیواریدا کلتورێکی بەرخودانی جەماوەری خوڵقاندبوو ، بەڵام لەم خاکەدا ڕوحی ڕاستەقینەی بەرخودان لە سەردەمی شێخ سەعیدەوە تاکو ئەمڕۆ بۆ یەکەمجاری بوو وەک ڕوبارێک ڕژابێتە گۆڕەپانێکەوە ، ئەم ڕوحی تێکۆشانە کە ئەمڕۆ سەدان هەزاری لە چواردەوری خۆیدا کۆکردۆتەوە ڕەنگ و بۆنی قۆناغێکی نوێی دەنەخشان .
١٥ ساڵ بووم ، باڵی تازە تروکاوی سترانە شۆڕشگێڕێکان بووم ، ئێمە ئەو ئەسپە سپی و چاو شینە ئازادییە بووین لە گۆڕەپان و کوچە و کۆڵان و پێدەشتەکاندا ئەو نەورۆزەی کە ساڵی جارێک دەهات و چاوەڕێی بوین کڵپەی ناخمانی نەدەکوژاندەوە ، دڵمان وەک بروسکەی هەور لێی دەدا و پێمان وابوو ئەمڕۆ یان سبەی شۆڕش بەرپا دەکەین ، ڕوحی خۆمان بەو سترانە شۆڕشگێڕیە ئەفسوناویە وابەستە دەکرد کە پێمان وابوو خەڵەتێکی یەزدانییە ، چونکە ئێمە ئەو مەجنونانە بوین کە لە نێوان درزی بەردەوە بەدوای ئازادیدا دەگەڕاین ، هەمیشە قەیتانی پێڵاوەکانمان بە توندی گرێ دەدا ، لە جیاتی پشتوێن جامانەمان دەبەست ، هەرکاتێک چرپەیەکمان دەبیست جامانەکانمان لە پشت دەکردەوەو دەموچاومان هەڵدەپێکا و دەستمان بۆ بەرد دەبرد ، بە کۆمەڵ لە شوێنێکدا دەگیرساینەوە و ئاگرمان دەکردەوە بەڵام سیمای ئێمە کە دڵۆپی بێ بەزەیی خوداوەندی لێ دەتکا بەردەوام لە چیاکانی دەڕوانی ، چیاکان دور بوون بەڵام دیاربەکر تەخت ، باشا بۆچی چیای (قەرەجە) ئەوەندەی چیای ئارارات نزیک و بەرز نییە ؟ ، ئایا چیای (ئانادۆک) نەیدەتوانی بێت بۆلای چیای (کرکلاک) ؟ ، ئەی باشا چیاکانی جودی و گابار و هێرەکۆل نەیاندەتوانی تەشریف بفەرمون و بێننە بەردەم (نسکایە) ؟ ، ئەی باشە بۆ ڕوباری دیجلە قوڵتر و خۆی ناکات بە دارستانێک ؟ ، بێگومان نەبینراوە چیاکان لە تەختایدا ڕی بکەن ، بەڵام دەبینرێت بزوتنەوەیەک هەزار ساڵێک لەمەوبەر ڕوی لە چیاکان کردووە ، هەروەکو چۆن لەبەرە بەیانی ٢١ ی ئادار کاوەی ئاسنگەر لەگەڵ نەوەکانیدا بە دەستی چەکوش و بە هەزارەها مەشخەڵەوە لە چیاوە بەرەو پێدەشت بەڕێ کەوتن ئەم ١٠ ی تەموزەش بۆ شاری ئامەد مانای هەمان نەورۆز دەبەخشێت .
ئەو ڕۆژە کە ماتۆڕسوارەکان بەشداری کاروانی تەرمەکە بوون سەرێکی لە ناوچەی (ئۆفیس) بوو لەسەر جادەی (ئیستاسیۆن) وە کاروانەکە دەهات سەرەکەی تریشی بەدی نەدەکرا و هەموومان کەوتینە ناو جۆشوخرۆشەوە ، کاتێک گەیشتینە ئەو ماشێنەی تەرمەکەی هەڵگرتبوو چاوم بە تابوتەکە کەوت بە ئاڵای (ئەرنەکە) پێچرابوو ، بۆنێکی خۆشیان لێدابوو ، پیاوێکی بەتەمەن ئاڵاکەی ماچکردوو دروشمی دەوتەوە و پاشان ووتی شەهید نامرن ، تاکو مزگەوتی (ئیستاسیۆن) دروشموترایەوە ، تەرمی (ویداد ئایدن) هێنرایە ئەم مزگەوتە و شۆرییانەوە ، لەهەمانکاتدا لەسەر ماشێنەکە بە بڵندگۆ ووتار دەخوێنرایەوە ، ئێمە منداڵانی گەڕەک لەژێر ئەو خۆرەتاوەدا لەسەر رەسیفی جادەکەدا دانیشتبوین و خۆمان خستبوە بەر سێبەری کۆمەڵێک پیاوەوە ، دوای شۆرینەوەی تەرمەکە جارێکی تر ئاپورەی خەڵکەکە کەوتنە جوڵەوە ، ئاپورەیەک کە سەروبنی بەدی نەدەکرا لە پێشەوە بە پۆستەری شەهیدان و بە ئاڵای سەوز و سوور و زەرد و ووتنی دروشمەوە بەرەو دەرگای (ئورفە) قەڵای شاری ئامەد بەڕێ کەوتین .
بەدرێژایی ڕێگا کوچە و خیابانەکان لەلایەن پۆلیس و تیمی تایبەتی دەوڵەتەوە ئابڵوقە داربوو ، کاتێک نزیک دەرگای (ئورفە) بوینەوە ئەو تیمی تایبەتانەی کە دەموچاوی خۆیان هەڵپێکا بوو کە لەسەر باڵەخانەی دیواری قەڵاکە مەنزڵیان گرتبوو گەل بەرد بارانیانکردن ، لەدوای ئەم بەردهاویشتنەو ووتنەوەی دروشمەکاندا کەسیان لەو ناوەنەمان ، لە دەرگای (ئورفە) وە کەمێک لە خواروی خیابانی قەڵاکەوە بەرەو دەرگای (ماردین) بەڕێ کەوتین ، لای دەستە ڕاستی ڕێگاکە باڵەخانەکانی سەر قەڵاکە لەلایەن پۆلیس و تیمی تایبەتەوە گیرابوو ، لەلای چەپەوە لە پەنجەرەی شوقەکانەوە و لە ماڵە قوڕەکانەوە گەل ئیشارەتی سەرکەوتنیان دەکرد و دروشمیان دەوتەوە و سڵاویان لە ئاپورەی گەل دەکرد .
پەنجامەترێک مابوو بگەینە دەرگای قەڵاکە کە ناوی دەرگای (ماردین) ە پۆلیس خەڵکەکەی ڕاگرت ، گروپەکەی ئێمە چواردەوری ئەو ماشێنەیان تەنی بوو کە تەرمەکەی بەسرەوە بوو ، ئەو هەڤاڵانەی لە پێشەوە بوون ئاگاداری هەڤاڵانی ئەرکدارەکانیان کردەوە کە دابنیشین ، بنکەی پۆلیسی دەرگای ماردین ڕێک لە بەرامبەرمان بوو ، لەبەردەم ئەم بنکەی پۆلیسەدا بە سەدان پۆلیسی دەمامک و دەستبەچەک راوەستابوون ، بەسەر باڵەخانەی دیواری قەڵاکەوە چەندین تیمی تایبەت کە تەنها کەلە سەریان دەبینرا بەسەر دیوارەکانەوە بوون ، گروپێک پۆلیس لەگەڵ گروپێکی پێشمانەوە خەریکی مامەلەو سەوداکردنی ڕەوشەکە بوون ، لەناکاو هەرچی پۆلیسی ئەوێ هەیە کەوتنە تەقەکردن لێمان ، هەموو خەڵک خۆیان لە زەوی درێژکرد ، بەسەرماندا فیشەک وەک باران دەباری ، پارجە چیمەنتۆی سەر ڕەسیفەکان بە هەموولایەکدا بڵاو دەبۆوە ، لە بڵندگۆی پاسی پێشەوەماندا کە پەرلەمانتاری ئێمەی لەناودا بوو دەنگ بەرز بۆوە و دەیانووت (تەقە مەکەن .. تەقە مەکەن) بە پێچەوانەوە دوای ئەم بانگەوازیە و ئاگەدارکردنەوەیش بەڵام تەقە کردنی پۆلیسەکان هەر بەردەوام بوو بەڵکو زیادیشی کرد ، کەسانێکی زۆر بریندار بوون ، دوای ئەوەی هەندێک بەسکەخشکێ ڕۆیشتم دوایش هەندێک تەقڵەمداو توانیم خۆم بگەهێنمە پەنای قاڵدرمەکانەوە ، فیشەک ئەم پەنایەی نەدەگرتەوە ، دوای ماوەیەک کە تەقەکردن کپ بۆوە هێواش .. هێواش توانیمان جارێکی تر خۆمان کۆبکەینەوە ، کەلە شوێنی خۆم قیتبومەوە خۆم لە نێوان سەدان برینداردا بینیەوە ، تەماشایەکی خۆمم کرد ، هیچم لێنەهاتبوو ، هێشتا نەهاتبومەوەسەر خۆم و ئەو تاسەیەی بەسەرمدا زاڵ ببو هێشتا کاریگەری بەسەرمدا بەردەوام بوو لەناکاو بە سەدان پۆلیس هێرشیان کردە سەرمان ، بۆئەوەی هێرشی پۆلیسەکان واڵا دەربخەین دەستمان کرد بە بەرد بارانکردنی پۆلیسەکان ، هەندێک پاشەکشێیان کرد ، جارێکی تر ئاپورەی گەل کۆبۆوە و هێواش .. هێواش دەستکرا بە کشانەوەی بریندارەکان و هەڵگرتنەوەی تەرمی شەهیدان کە لەسەر جادەکاندا درێژ ببوون ، سەوزایی بەردەم دەرگای (ئورفە) بەخوێن سوور هەڵگەڕابوو ، شەقامەکان وەک گۆمێکی خوێناوی بەر تیشکی خۆر دەبریقایەوە ، لەم هێرشەدا هەموو ئامانجی هێزی دەوڵەت ئەوەبوو کە ئەم ئاپورەیە نەگەنە گۆڕستانەکە بەڵکو دەیانویست کەسانێکی کەم بچنە گۆڕستانەکەوە ، ئەگەر هەنگاوێکی لەو شێوەیەمان بهاویژتایە بەرخودانمان ئامانجی خۆی نەدەپێکا ، ئەگەر خواستی هێزی دوژمن بهاتایەتەدی ئەوا روحی سەرهەڵدانی ساڵی ١٩٩٠ لەم دەرگای (ماردین) ە تێکشکانێکی گەورەی بەخۆیەوە دەبینی ، دەستڕێژیکردنی سەر گەل و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و پەیامی هەڕەشەی ئەوەی کە کۆمەڵکوژی زیاتر ئەنجام ئەدرێت لە جیاتی ئەوەی لە ڕوحی ئاپورەکە ترس بڕوێنێت بەڵکو دیمەنی ئازایەتییەکی نیشاندا کە ئەو هێزەی بێتە ڕێی سەروبنی دەکات ، ئاپورەی گەل دوای ماوەیەکی کەم جارێکی تر بە چاونەترسانەوە بەناو دەرگای (ماردین) تێپەڕی ، گەل بەجۆشوخرۆشێکی مەزنەوە گوێی خۆیان بۆ عینادی تێکۆشانی روباری دیجلە رادێرا بوو ، ئێرە ئەوەندە قەڵاباڵغ بوو لە گۆڕستانەکە ئەگەر دەرزیت فڕێدایە نەدەکەوتە زەوی ، بە هەزارەها کەس لە گوند و شارۆچکەکانەوە هاتبونە ئێرە ، هەزارەها کەس لە گۆرستانەکە کۆببونەوە و سەرقاڵی هەڵکۆڵینی گۆڕێک بوون ، خاکەناز و قازمە ئەودەست و ئەم دەستی دەکرد ، دوای ئەوەی گۆڕەکە ئامادەکرا ڕێگا کرایەوە و تابوتێک کەلە ئاڵایەک پێچرابوو بەسەرشانەوە هێنرایە کەناری چاڵەکەوە ، مەلایەک سەرقاڵی قورعان خوێندنەوە بوو یەکێکیش بە کامیرەی ڤیدیۆ دیمەنی گۆڕەکە و ئاپورەی جەماوەرەکەی دەگرت ، دوایش تەرمەکە خرایە ناو گۆڕەکەوە ، داپیرەیەک بە کوردی دەیلاواندەوە و دوایش هەر بە کوردی بۆ خەڵکەکە کەوتە قسەکردن منیش وەک هەموو کەسێک چاوەکانم فرمێسکیان تێدا قەتیس ما ، کاتێک هەموومان خولەکێک راوەستاین بۆ ڕیزگرتن لە شەهیدان هەمووکەسێک بێدەنگ بوو ، لەناو ئەو بێدەنگییەدا کە تەماشای ئەو بەرەوەم کرد بینیم تیمی تایبەت و پۆلیس بەرەو دەرگای (ماردین) ڕادەکەن ، راکردنی ئەم هێزی دەوڵەتە هەموو کەسێکی نیگەران کردبوو ، دوای تەواو بوونی یەک خولەک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان مارشی ئەیرەقیب ووترایەوە ، دوایش لە گۆرستانەکە دەرچوین و دەستمان کردەوە بە ڕێپێوان .
کاتێک بێدەنگانە بەسەر بەرزایەکەی دەرگای (ماردین) هەڵگژاین زریپۆشەکان ڕێیان لێگرتین ، ڕاوەستاین و بەسەر ڕەسیفەکەدا دانیشتین ، پۆلیس سەر بەرزایەکانیان گرتبوو ، بەسەر باڵەخانەی قەڵاکەوە لە دورەوە تیمی تایبەت و پۆلیس سەرنگەریان لێدابوو ، رووی چەکەکانیان لە ئێمە کردبوو ، هەموو کەسێک بۆ ئەوەی بزانێت چی بووە و بۆ ڕاوەستاین لەیەکتری پرسیاریان دەکرد ، پۆلیس بە هەموومانی ووت بەهۆی ڕەوشی نالەبار و دڵنیانەبونەوە لەبارەی ئاسایشەوە دەبێت ئەم خەڵکە نەک بە کۆمەڵ بەڵکو بە شێوەی گروپ .. گروپ لە دەروازەی قەڵاکەوە گوزەر بکەن ، بەڵام ئەم داخوازییەی پۆلیس لەلایەن گەلەوە قەبوڵ نەکرا ، بڕیاردرا کە گەل هەموو بەیەکەوە دەچنە دەروازەکەوە و دوایش دەچنەوە ناو شار ، خەڵکانێکی بێژمار لەسەر جادەکاندا دانیشتبوون کە سەروبنی دیار نەبوو ، ئەم چاوەڕوانیە و بێدەنگییە کە ماوەی کاتژمێرێکی خایاند بە دەنگی چەپڵە لێدان و لەگەڵ گوتاف ووتنەوەدا دیواری بێدەنگی ڕوخا ، هێواش .. هێواش دەستمان کردەوە بە ڕێکردن و لەبەر ئەوەی بەسەر بەرزایی دەرگای (ماردین) هەڵدەگژاین هەموومان هەناسەسوار ببوین لەناکاو تەقەیان لێکردین .
وامانزانی ئاسمان بەسەرماندا ڕوخا ، تەقەیەکی زۆریان بەسەرماندا کرد ئەوەندە کەوتبومە نیوان قەڵەباڵغێکەوە پێش خۆمم پێنەدەبینرا ، پاڵەپستۆیەکی زۆر لەناو گەلدا هاتە ئاراوە و لەترسی فیشەک هەریەکە و پەنای بۆ شوێنێک دەبرد ، بەڵام کەس شوێنێکی گیری بۆ ئەم مەبەستە پێپەیدا نەدەکرا ، لەگەڵ سەدان کەسدا لەناوەڕاستی جادەکەدا خۆمان بەسەر دەمدا درێژ کردبوو ، هەمووی لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە خۆیان بگەهێننە لاچەپی پشت دیوارە بەرزەکە ، توانیم بە خشکاندن خۆم بگەهێنمە ئەو پەنایە ، کە گەیشتمە پەنای دیوارەکە و لێژاییەکم بینی ، بەسەدان کەس بۆ ئەوەی لە فیشەک خۆیان بپارێزن لە لێژایەکەوە خۆیان گل دەکردەوە ، کچێکی گەنج کە بلوزێکی زەردی لەبەردابوو بینیم لە لێژایەکە خۆی فڕێدایە خوارەوە و بە پشتا دای بە زەویدا و قاچێکی شکا ، خەڵکەکە بە برینداریش خۆیان لە بەرزایەکەوە فڕێ دەدایە خوارەوە ، بەسەریەکدا دەکەوتن ، ئەوانەی شانسیان یاوەریان بوو لە لێژایەکە دەکەوتنسەر خانووە قوڕەکان و لەوێوە بازیان دەدا ، دەستمکرد بە ڕاکردن ، بە چەپ و راستمدا فیشەکیان پێوە دەنام ، کەسانێکی زۆر بەبەردەممدا ڕایان دەکرد و بە سکە خشکێ خۆیان گل دەکردەوە و خۆیان لە فیشەک دەپارێزا ، بەسەر پیلیکانی دیواری قەڵاکە چومە خوارەوە و بەسەر ڕەسیفەکەدا خۆم گل کردەوە ، لەشم بەر شتێک کەوت کە تەماشام کرد پیاوێکی بریندار بوو ، هیچ نەدەجوڵایەوە پێم وابێت مرد بوو ، هەروەکو هەمووکەسێک دەستم نابووە سەر سەرم و پاشکەمێک سەرم هەڵبڕی تەماشایەکی بنکەی قەڵاکەم کرد ، بینیم پۆلیس و تیمی تایبەت ئەوەی بجوڵایەتەوە تەقەیان لێدەکرد ، گوێم لە هاوارێکی زۆری خەڵکە کە بوو ، لە لێژایەکەی دەرگای (ماردین) بە دەیان کوژرا و بریندار کەوتبوون ، کە ئەوناوەیان خەڵتانی خوێن کردبوو ، لەسەر شەقامەکانیش ژمارەیەکی زۆری ئاڵای سوور و زەرد و کەسک و پێڵاو و کڵاو و چاویلکە و جزدان و پاکەتی جگەرە و چەرخ و شقارتە کەتبوو ، پیاوێک کە کراسێکی سپی لەبەردابوو سەرەرای ئەوەی دامێنی خەڵتانی خوێن ببوو کەچی هاوکاری ئەو کەسانەی دەکرد کە لەسەر جادەکان کەوتبون و بریندار ببون و داوای یارمەتیان دەکرد ، کابرا خۆی بریندار بوو لەناکاو فیشەکێک دای لەدەمی کابراکە و بەلادا هات و تێگەیشتم کە مانەوە لەم شوێنە مەترسییە ، گوێم لە دەنگێک بوو سەرم بەرز کردەوە بینیم کڵاوێکی پۆڵاینی پۆلیسێک لەسەرەوە بەرەو خوار لێژدەبۆوە و لەبەردەمم گل بۆوە ، قیت بومەوە و بەرەو بەنزینخانەی شار کەوتمە ڕاکردن .
لەچواردەوری بەنزینخانەکەدا بەدەیان برینداری لێبوو ، لەوەدەچوو کە هەموو کەسێک پەنای بۆ ئێرە بردبێت ، ئەوانەی خەڵتانی خوێن ببوون و لە شۆکدا بوون لەو ناوە دەسوڕانەوە و لەبەر خۆیانەوە دەیانووت دێنە ئێرە و دەستڕێژمان لێدەکەن ، لەناو خۆمان کەوتینە باسی ئەوەی چۆن بەبێ ئەوەی لێبدرێین لێرە ڕزگارمان دەبێت ؟ ، توانیمان چەند برادەرێک لێرە دوربکەوینەوە ، توانیمان تاقیبی کەناری دیوار و شوێن پێی خوێنەکان بکەوین و لە ژێر باڵەخانەی قەڵاکەوە بە گروپ ڕێمان کرد و توانیمان خۆمان بگەهێنینە ناو شار .
لەدەستپێکی ناو شاردا خانوی تاک و خانووە قوڕەکان و کۆڵانە تەسکەکان و شەقام و کۆڵانەکان و بە کورتی هەموو لایەک وەک دۆزەخی لێهاتبوو ، ئەو ژنانەی لێدرابون و ئەو منداڵانەی دەگریان و ئەوانەی خەڵتانی خوێن ببوون لەوەدەچوون کەلە ناو گۆڕەپانی جەنگێکەوە هاتبێتنەوە ، پێش ئەوەی بچمە ناو کۆڵانێکی تەنگەوە وەستام و تەماشای باڵەخانەکانی قەڵاکەم کرد دەنگی هاوار و قیژە و دەنگی تفەنگ و تۆپ و دەنگی کۆپتەر بەرز دەبۆوە و دوکەڵێکی زۆری ئاگرم دەبینی ، ئەو هەزارەها کەسانەی کە لە مردن ڕزگاریان ببوو خۆیان گەیاندبووە ناو شار و کەوتبونە ناو کۆڵانە تەنگەکانەوە ، بەڕاکردن خۆیان دوور دەخستەوە .
کاتێک چوومە کۆڵانێکی هەڵقرچاوەوە کەسانێکی زۆری بریندار و ماندو بێ تاقەتم بینی ، هەندێک لە ژنان دەرگای ماڵەکانیان کردبۆوە و خەڵکەکەیان دەبردە ژوورەوە و هاوکاریان دەکردن ، ژنێکی پیر لەبەردەم دەرگا باخچەکەیدا سەتڵێک ئاوی بەفراوی دانابوو ئەوەی تێدەپەڕی ئاوی ئەداپێی ، منیش جامێک ئاوی ساردم خواردەوە ، لەبەردەم ماڵێکی تردا ژنێک نانێکی گەرم و تەڕەپیازێک و دوو زەیتونی دامێ ، منیش بەدەمڕێوە کەوتمە خواردنیان و لەناو کۆڵانە تەنگەکاندا کەڕێم دەکرد تەنها بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن خۆم بگەهێنمە سەر شاخ .



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە