تونس وخۆكۆژێكى ئایدیالی وچارەنوسی ڕژێمە خێزان سالارەكان
Sunday, 16/01/2011, 12:00
زۆرجار بە نوسین وگوفتار بێزارى خۆم دەربڕیوە لەو كردە نا عەقڵانیەى بە هەموو پێوەرێك كە پێی دەڵێن كردەى خۆ كوژی، جا ئەو كردەیە چى بێت وچۆن بێت ولە پێناو هەر ئامانجێك بێت، بە تایبەتى ئەگەر كردەیەكى ئینتیحارى وەها ببێتە هۆی لە ناوچوونى كەسانێكى بێ تاوان ومەدەنی.
لەوەتى ئەو دیاردەیە قێزەونە هاتۆتە ناو جیهانى سیاسەت زیانێكى زۆری گەیاندۆتە خەڵكى ئاسایی وبێ گوناح، خۆسوتاندنەكانى ئافرەتى كورد ژمارەى پێوانەییان تۆمار كردوە بەبێ ئەوەى هیچ لەبار وزروفی ژیانى كچەكانمان بگۆڕێت، گومانمان نییە ئەگەر توانا وگیانى ئەو هەموو كچە خۆكوژەى كوردستان رێكبخرێت لە پرۆژەیەكى بنایەتنەردا لەوانەیە بتوانن شۆرشێكى ماتریاركى بەرپا بكەن لە كوردستاندا.
كە كردەى خۆكوژى دێتە سەر ئینتیحاریەكانى قاعیدە وكلكەكانى ئەوە كارەكە قێزەونتر دەبێت، ڕاستە لەوانەیە لە سەدا یەكى كردەكانیان بەرەو ئاڕاستەى دوژمنێكى هەقیقی پڕ چەكى وەك ئەمریكا وبەریتانیا بڕوات، بەڵا ئەو گەلحۆیانە سەدا نەوەت وهەشتى كردە خۆكوژیەكانیان ڕوەو خەڵكى بێ گوناح ومەدەنى دەڕوات وبەناجوامێرترین ونامەردانەترین شێوە، منداڵ وتاڵێكى هێندە نەزان وزۆریان هەڵخەڵەتاندوە بە خەونە فیردەوسى وحۆریەكان تا ئەو ڕادەیەى خۆكۆژەكانیان ئامادەن خۆیان بە گاڕانى كەر ومانگاى دوژمنیش بتەقێننەوە، خوێنى دەیان وسەدان هەزار كەسى بەرى وبێ تاوانیان بەناهەق ڕشت لە بازاڕە شەعبیەكانى هەژارەكان ولە مزگەوتەكان وكەنیسەكان ومەیدانى كار وهۆڵی تازیەكان وسەرقەبران وچەندین كردەوەى دزێو ونامرۆیانەتر.
تەنها ئینتیحاریەك كە بەماناى وشە ئایدیالی ومیسالی بێت وتوانیبێتى گەورەترین شۆڕش بەرپا بكات بە خۆكوشتنى، ئەو گەنجە تونسییە محمد بوعەزیزى بوو، كە لاوێكى بێكارى دەرچووى زانكۆ بوو لەبەر بێكارى سەوزە ومیوەى دەفرۆشت لەسەر عەرەبانەیەكى بچوك، كەچی رژێمى فاشیل ودیكتاتۆری ئەو عەرەبانەشیان پێڕەوا نەدیت ولێ ستاند وگڵدایەوە بە بیانوى نەبوونى مۆڵەت!! كاتێ شەهیدى ناوبراو هەوڵیدا عەرەبانەكەى خۆی وەرگرێتەوە كە تاكە سەرمایەى ژیانى بوو فەرمانبەرێكى شارەوانى بە شەقازللەیەك وەڵامیان دابویەوە وئەویش وەك ناڕەزاییەك ودەربڕینى توڕەیی خۆی ئاگرى بەردایە جەستەى، ئەو ئاگرەى بوە بڵێسەیەك گیانى هەموو خەڵكى تونسی بە بڵێسەى شۆڕش گڕدا، لەماوەى دووسێ هەفتە ئەو خەڵكە ئازایەى تونس توانیان بەو پەڕی ئازایەتیەوە ئەو دەسەڵاتە تۆقێنەرە ڕابماڵن، ئەوەى پێشتر هیچی دەربارەى تونس نەزانیبێت نازانێت چۆن ئەو خەڵكە دەچەوسێنرایەوە و چۆن خەڵك لەترسى رژێم نەفەسى خۆی دەبڕی كاتێ بەبەردەم دەزگا تۆقێنەرەكانیدا تێدەپەڕین. دەزانن خواردن وفرۆشتنى گۆشتى گوێدرێژ یان بە كوردیەكەى (كەر) لەبەر ڕادەى هەژارى بە ئاشكرا بوو لە تونس؟! دەزانن تەنانەت نوێژكردن بە كارتى موگناتیسیە لە مزگەوتەكانى تونس وئەوەى ئەو كارتە ڕەسمیەى رژێمى پێ نەبوایە نەیدەتوانى لەدەرگەى مزگەوتەكە بچێتە ژورەوە! ئەوە سەرەڕاى قەدەغەكردنى هەموو چالاكیەكى سیاسی ونیمچە سیاسی ومەدەنى ومیدیایی تاڕەدەى تۆقاندن...
تەنها بۆ ساتێك بەراوردێك بكە لە نێوان ئەو هەموو لاشە بێ عەقڵانەى خۆكۆژە توندڕەوەكان كەتەنها زیانى خەڵكى رەشۆكى وئاسایی لێدەكەوێتەوە كە هیچ شتێك ناخاتە سەر هیچ لەگەڵ ئەو خۆكوشتن وسوتاندنەى محمد بو عەزیز كە توانى رژێمێك سەرەنگوم بكات كە لە خەونەكانى ئین سیرینیش دا ڕاڤەى بۆ نەدەكرا. بەرشاستى براى محمد بوعەزیز ڕاستى گوت كەوتى: (خوێنى براكەم بە فیڕۆ نەچوو)
هۆی سەرەكى ئەو ڕاپەڕینە دەگەڕێتەوە بۆ گەندەڵیەكانى دوو خێزانى دەسەڵاتدارى تونس خێزانى ژنى سەرۆك كۆمار لەیلا تەرابلسی وخێزانى سەرۆك كۆمار، سەیر لەوەدایە باوكى لەیلا تەرابلسى پیاوێكى هەژارى سەوزە فرۆش بوو وەك محمد بوعەزیزى هەڵگیرسێنەرى شۆڕشی گەلێری تونس، كەچی خێزانى تەرابلسی ئێستا خاوەنى نیوەى تونسە وەك خێزانە دەسەڵاتدارەكانى كوردستان، هەر كەسێك پرۆژەیەكى دوو سێ هەزار دینارى تونسى ئەنجام بدات لە تونس دەبێت یەكێك لە خێزانە دەسەڵاتدارەكان هاوبەش بن لەگەڵیدا بە كەڵەگایی!
پاش تونس هەموو ڕژێمە خێزان سالارەكان دەبێت لە خۆیان بترسێن ئەگەر میللەتێكى تۆقێنراو وخنكێنراوى وەك تونس بەو شێوەیە ڕاپەڕن كە بە هەموو پێوەرێك لە دەرەوەى چاوەڕوانى وڕادیتنەكان بوو، ئەى دەبێت میللەتانى چاوكراوەترى وەك میسر ولیبیا وسوریا وئێران وكوردستان كە دەتەقنەوە چۆن بتەقنەوە.
ئەوانەى گرەو دەكەن لەسەر سەبر وهەستیاری خەڵك لە كوردستان ودەیانەوێت بە كوشتن وتیرۆر كردن ودەركردنى یاسای نا دیموكراتى دژی چالاكیە سیاسیەكانى خەڵك وتا ئەمڕۆش كوردستان بە مەزرەعەیەكى شەخسی خۆیان دەزانن ورۆژ بەرۆژ سنورى گەندەڵیەكان فراونتر دەكەن دەبێت زۆر لە خۆیان بترسن وبەخۆیاندا بچنەوە تا كاتى بەخۆداژونەوە ماوە، چونكە نە ئەوان لە بن عەلی دیكتاتۆرتر وبەهێزترن ونەگەلی كورستانیش ئازایەتی وبوێری كەمترە لە گەلی تونسى بەڕێز وبوێر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست