کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ڵبژاردن سه‌لماندی که‌ سه‌رانی ڕێژیم هه‌موویان یه‌ک قوماش نین

Tuesday, 16/06/2009, 12:00


هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری که‌ بووه‌ به‌ دیارده‌یه‌کی ئاسایی له‌ نیزامی ئاخوندیدا و له‌ بنه‌ڕه‌تیشدا بۆ فریودانی ڕای گشتیی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌، هات و تێپه‌ڕی. ئه‌وه‌ که‌ چه‌نده‌ خه‌ڵک تێیدا به‌شدار بوو یا نه‌بوو به‌لای نووسه‌ره‌وه‌ گرنگ نییه‌؛ چونکه‌ ڕاگه‌یه‌نه‌ گشتییه‌ سه‌ربه‌خۆکانی نێونه‌ته‌وه‌یی باسیان لێوه‌ کردووه‌؛ به‌ڵام شتێک که‌ شایانی باس و سه‌رنجه‌ ئه‌و زنجیره‌ کێشه‌ و هه‌را و ئاڵۆزییه‌یه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو به‌ دوای خۆیدا ڕاکێش کرد. له‌م کورته‌ نووسراوه‌یه‌دا هه‌وڵده‌درێت چه‌ند لایه‌نێکی گرنگی ئه‌م باسه‌ لێکبدرێته‌وه‌ و ده‌ره‌نجامێکی جێی سه‌رنجی لێوه‌ هه‌ڵینجێندرێت.

هه‌روه‌ک گوترا، ڕووداوه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردن و ئاکامه‌ به‌رجه‌سته‌کانی له‌ چاوه‌ڕوانیی هیچ که‌س و لایه‌نێکدا نه‌بوون. ئه‌وانه‌یش که‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن یه‌ک یا چه‌ند لایه‌نی پێشهاته‌کان به‌لای پێشبینیه‌کانی خۆیاندا بشکێننه‌وه‌، چاوبه‌سته‌کێ ده‌که‌ن و له‌ تراویلکه‌دا مه‌له‌ ده‌که‌ن و ئاگایان له‌ ڕاستییه‌کان نییه‌. هه‌روه‌ک هه‌مووان ده‌زانن لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان و که‌سایه‌تییه‌ ڕووناکبیر و سه‌ربه‌خۆکانی تاراوگه‌ له‌ هه‌ڵوێستگرتنیاندا بوون به‌ دوو به‌شه‌وه‌. به‌شێکیان هه‌ڵبژاردنه‌کانیان ته‌حریم کرد و به‌شه‌که‌ی تریش به‌پێچه‌وانه‌وه‌، گه‌لیان کرده‌ سه‌رپشک. یه‌که‌مین که‌س که‌ گه‌لی کرده‌ سه‌رپشک و بڕیارده‌ر مامۆستا شێخ عێزه‌ددینی حوسێنی بوو. یه‌که‌مین لایه‌نیش که‌ به‌یاننامه‌ی ته‌حریمی بڵاوکرده‌وه‌ سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران بوو که‌ ڕێبه‌ره‌که‌ی مامۆستا شێخ جه‌لاله‌ددینی حوسێنی یه‌. واته‌ ئه‌و دوو برایه‌ به‌ دوو ڕوانگه‌ی ته‌واو دژ به‌یه‌ک هاتنه‌ مه‌یدان، که‌ یه‌که‌میان زۆر نه‌رم و سیاسیانه‌ و ماقووڵانه‌ دێته‌ به‌ر چاو؛ له‌ هه‌مان کاتیشدا دووه‌میان زۆر وشک و ناشیانه‌ له‌ ڕووداوه‌کان ده‌ڕوانێت...

دوا به‌ دوای ئه‌مان که‌سایه‌تی و لایه‌نه‌کانی تریش به‌یاننامه‌ و بۆچوونه‌کانی خۆیانیان ڕاگه‌یاند. لایه‌نگرانی ته‌حریم به‌ گشتی دوو هۆکاری سه‌ره‌کییان وه‌ک پاساو بۆ ته‌حریمی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ ده‌سنیشان کردبوو.
یه‌که‌م: لایان وابوو بێ کێشه‌ و ئه‌ملاو ئه‌ولا ئه‌حمه‌دینه‌ژاد ده‌بێته‌وه‌ سه‌رکۆمار؛ و ئه‌و هه‌موو هه‌را و هوریایه‌ ته‌نیا خه‌ڵک خه‌ڵه‌تاندنه‌ و به‌س؛ هه‌ر بۆیه‌ وه‌ک عاده‌تی سی ساڵه‌یان پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان وه‌ک شانۆ به‌ناو کرد و داوایان له‌ خه‌ڵکی ئێران و کوردستان کرد ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ ماڵه‌کانیان نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌. زۆر به‌ تاڵوکه‌ش بوون بۆ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن؛ که‌ ئه‌میشیان بێ لێکدانه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی واقیعیانه‌ی ڕووداوه‌کان تونزیم و بڵاو کرده‌وه‌.
دووه‌م: له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوون ئه‌گه‌ر ئه‌حمه‌دینه‌ژادیش نه‌بێته‌وه‌ سه‌رکۆمار، ئه‌وا ئه‌و که‌سه‌ی ده‌بێته‌ سه‌رکۆمار چووکترین جیاوازیی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نییه‌؛ چونکه‌ به‌ بڕوای ئه‌وان سه‌رانی کۆماری ئیسلامی ته‌نیا له‌ ڕه‌نگ و ڕوخساردا لێک جیاوازن، ده‌نا مێشک و دڵ و ده‌روون و بیرکردنه‌وه‌ و هزر و هۆشیارییان یه‌که‌؛ له‌ ڕه‌وشێکی ئه‌وتۆ‌یشدا پێویست ناکات خه‌ڵک هان بدرێت ئه‌و زه‌حمه‌ته‌ بکێشن و بچنه‌‌ پای سندووقه‌کانی ده‌نگدان. بڵا مه‌ردم له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری هه‌ڵبژاردنه‌که‌ بکه‌ن و ئاکامیش چ ده‌بێ و به‌ کوێ ده‌گات، چش! به‌ بڕوای ئه‌وان به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردندا یانی شه‌رعییه‌ت دان به‌ کۆماری ئیسلامی. وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ سی ساڵ بێت کۆماری ئیسلامی له‌ کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی دابڕابێت و شه‌رعییه‌ته‌که‌ی درابێت به‌ ده‌زگا و دامه‌زروه‌ حیزبییه‌کانی کۆیه‌ و زه‌رگوێزه‌ڵه‌.

‌له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌یش که‌ له‌ دژی ته‌حریم ڕاوه‌ستان، به‌ هه‌مان شێوه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌م ڕووداوانه‌ نه‌بوون؛ به‌ڵام لانیکه‌م له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ بوون که‌ له‌ نێو ڕێبه‌رانی کۆماری ئیسلامیدا ئه‌گه‌ر "خراپ" هه‌یه‌، "خراپتر" و "خراپترین"یش هه‌یه‌؛ هه‌ر بۆیه‌ پێویست ده‌کات خه‌ڵک هان بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نێو "خراپتر" و "خراپترین"ه‌کاندا "خراپ" هه‌ڵبژێرێت. ئه‌وانه‌ خۆیان نه‌کرد به‌ کوێخا و ده‌مڕاستی خه‌ڵک؛ به‌ڵکوو خه‌ڵکیان سه‌رپشک کرد له‌وه‌ی که‌ ده‌نگ ده‌دات یا نادات؛ و ده‌نگ به‌ ئه‌م یا ئه‌و کاندید ده‌دات.

ئێستا که‌ به‌ دوای هه‌ڵبژاردندا ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان له‌ ڕێچکه‌ی ئاسایی خۆیان لایانداوه‌، پێویست ناکات شه‌ڕه‌ده‌ندووکه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بکرێت که‌ کێ پێشبینیی چاکتری هه‌بووه‌. پێویست ناکات بۆ خودنمایی کردن هێندێک خاڵی گه‌وره‌ بچووک نیشان بدرێت و چه‌ند لایه‌نی ناچیزیش بۆ په‌نجه‌ خستنه‌ نێو چاوی یه‌کترییه‌وه‌ زل بکرێنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ ڕوانگه‌یه‌کی سیاسیانه‌ و به‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی هزری و تیۆریک بابه‌ته‌که‌ هه‌ڵبسه‌نگێندرێت و لایه‌نه‌ چه‌واشه‌کارانه‌ و ساده‌خه‌ڵه‌تێنی یه‌که‌ی لێ ده‌ربهاوێژرێت، ڕوون و ئاشکرایه‌ که‌ ته‌حریمچییه‌کان زۆر ساکارانه‌ بۆ مه‌سه‌له‌که‌ چوون؛ و ڕووداوه‌کان پێچه‌وانه‌ی حه‌ز و چاوه‌ڕوانیی ئه‌وان بوون؛ هه‌ر بۆیه‌ش ئێستا له‌ باسکردنی ئه‌و ئاڵۆزی و نائارامی و کوشتاره‌، و ئه‌و شه‌پۆله‌ به‌هێزه‌ی ناڕه‌زایه‌تی که‌ خه‌ریکه‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران و کوردستان ده‌گرێته‌وه‌، خۆ ده‌بوێرن. له‌ ڕاستیدا لایه‌نگرانی ته‌حریم که‌ فریوی سیاسه‌تی کۆنی خۆیان و هه‌ڵوێستی حیزبه‌ سه‌رتاسه‌رییه‌کانیان خواردبوو، ئێستا له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌م پێشهاتانه‌دا ده‌سته‌پاچه‌ن و خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕۆشن و ڕاشکاویان بۆی نییه‌. ئه‌و زنجیره‌ ڕووداوانه‌ که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت قووڵتر و به‌فراوانتریش ببنه‌وه‌، ده‌ریانخست که‌ سه‌رانی ڕێژیم هه‌موویان یه‌ک قوماش نین و جیاوازیی دید و ڕامان له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر به‌ چاوی مه‌نتیق سه‌یری ڕووداوه‌کان بکرێت، ده‌بێ ئه‌و پرسیاره‌ بکرێت ئایا ئه‌و بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ که‌ پایه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ڕێژیمی خستووته‌ له‌رزه‌ و شه‌رعییه‌تی ڕێژیمی هێناوه‌ته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خ و قورسایی ‌ نییه‌ که‌ به‌یاننامه‌یه‌کی له‌سه‌ر ده‌ربکرێت؟

به‌ڵام به‌ هه‌رحاڵ، ئه‌مڕۆ ڕه‌وشه‌که‌ ناسک و چاره‌نوس سازه‌؛ و ئاخاوتن له‌سه‌ر کێشه‌ بچووک و لاوه‌کییه‌کان فه‌رامۆش بکرێت باشتره‌. مه‌سه‌له‌یه‌ک که‌ پڕ گرنگه‌ و گه‌ره‌که‌ بکرێته‌ خاڵی به‌ یه‌کگه‌یشتن له‌ نێوان لانگرانی ته‌حریم و دژبه‌رانی ته‌حریمدا، بریتییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی کوردستان و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌ییمان. جێی خۆیه‌تی له‌ پێناو ساز و جۆشدان و ڕێکخستنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری کوردستان و هاندانیان بۆ پشتگیری له‌ داواکانی هه‌رێمه‌کانی تر که‌ داوای ئه‌مانیشه‌، بێنه‌ مه‌یدان؛ و وه‌ک هه‌میشه‌ کوردستان بکه‌ن به‌و ڕووگه‌یه‌ که‌ ئازادیخوازانی ئێران کڕنووشی بۆ ده‌به‌ن. بڵا خه‌ڵکی کوردستان له‌م بزووتنه‌وه‌ تازه‌یه‌شدا نیشانی بدات که‌ قورسایی خۆی هه‌یه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌کاندا بێ ته‌فاوه‌ت نییه‌. با ده‌ست له‌ نێو ده‌ست له‌گه‌ڵ هه‌ڵسووڕ و چالاکوانانی نێوخۆی وڵات شۆرشێکی نوێی جه‌ماوه‌ری وه‌ڕێ بخه‌ین.




[email protected]
http://khandarash.net

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە