چوون بۆ بەرەکانی شەڕ وەک سەیران و بەچاویلکە و توورەکەیەکی خەوەوە!
Wednesday, 30/07/2014, 12:00
1784 بینراوە
پێشمەرگەیەک کە دوافیشەکی تفەنگەکەی دەستی لە بەرامبەر دوژمنەکانی خاڵیکردبۆوە و سەنگەرەکانی پێشەوەی بۆ خۆی کردبوە لانە و بە سەر و چاوێکی خۆڵاویی و بێ تورەکەی خەو لە ناو خۆڵدا لێی پاڵکەوتبوو، ئەو چاوەی بۆ نیشانەی دوژمنەکەی لەسەر لوولەی تفەنگەکەی نوقانبووی بە داخراوی، چاوەکەی تری کەروێشکە خەوی بوو هێندە ماندوو بوو، ئیدی نەخەمی دوژمن و نەیارانی هەرگیز بەخەیاڵدا نەدەهات و لایەک قۆڵی بۆ سەرین و دەستەکەی تریشی هێشتا لە کڵاشنیکۆفەکەی نەبووبوەوە ..
لەو کەروێشکە خەوەیدا بزەی سەر لێوەکانی هێشتا وون نەبووبوون. من دڵنیام چۆن دوژمنەکەی لەکاتی هەڵاتندا کونە مشکی لێ بووبووە قەیسەری، ئەمیش لە دواوە پێی پێدەکەنی و هاواری لێ ئەکرد: ڕانەکەی... ڕانەکەی... راشبکەیت هەر دەتگرم
لەو لاشەوە پیکەنینەکەی بەردەوام وەک گاڵتەپێکردن بە مەسئول و پەرلەمانتار و کوڕە مەسئول و کەسانەی بۆ وێنەگرتن و خۆبادان هاتبوون، ئەم لە دڵدا پێدەکەنی! پێئەکەنی بەوان کە بە توورەکەی خەو جلی ئوتو کراو بۆنی گرانبەهاو هەر ئەوەی مابوو جلی سەر بەحر و هەندێ لە ژنە سەماکەرەکانی سەر لێواری دەریاکان لەگەڵ خۆیاندا بهێنن و کلیپ و کورتە فیلم دەربکەن بە ئایفۆن و تێلفۆنی گران بەهاوە وێنەیان لەگەڵ خۆیاندا دەگرت ...
من تیناگەم ئێ تۆ بۆ بەرەی جەنگ چووی کە نەتوانی لەسەر زەوی بخەوی و خۆت لەپیشمەرگەیەکی خاکی جیا بکەیتەوە ئیتر بەرەی جەنگی چی، کە تۆ خۆر و تیشکی هەتاو چاوەکانت ئازار بدەن و لە تیشکی هەتاو چاوەکانت هەڵنەێن، ئیدی چۆن جەستەت لە تەقاندنی فیشەکی دوژمنەکەت وەک شەق شەقە ناکەوێتە لەرزین و هەڵنایەیت؟ ئاخر ئەوە سەردانی بەرەی جەنگ و پێسمەرگەی بەرەی جەنگە کە خۆر و ئەرز و تەپو تۆز و تەقە و ڕەقە بوونەتە خەو و خۆراک، ئیدی بۆ ئەو خەوە و وورەیان دەڕوخێنێت، بڕۆ لە ماڵی خۆت لە بەر ساردکەرەوەکت و بەرامبەر ڕسیڤەری ساتەلیتی هاککراوەکەت دانیشە و چاویلکە 3Dە کەت لە چاوبکە و چاوەزەقکراوەکانت تیژ بکەرەوە و لیک بەدەمتا بیتە خوارەوە زۆر باشتر وورەی ئەو پێشمەرگانە بەرمەدە و خویان وەک خۆت شڕمەکە !