کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڤایرۆسى حزبایه‌تی له‌ دام و ده‌زگا حكومیه‌كان - په‌روه‌رده‌ییه‌كان

Wednesday, 16/12/2009, 12:00


سایتی یه‌كگرتوو تایبه‌ت

ده‌ست تێوه‌ردانى حزبى له‌ دام و ده‌زگاكانى حكومه‌تدا بۆته‌ سیماى حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى كوردى , له‌ مێژه‌ به‌هۆى ناڕه‌زایى زۆرى لایه‌ن و ڕێكخراوو ڕۆشنبیرانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و دوو حزبه‌ باس له‌ جیاكردنه‌وه‌ى حزب له‌ حكومه‌ت ده‌كرێت , له‌و نێوه‌نده‌شدا (جلال تاڵه‌بانى) سكرتێرى گشتى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان پڕۆژه‌یه‌كى به‌ ناوى پڕۆژه‌ى جیاكردنه‌وه‌ى حزب له‌ حكومه‌ت له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا پێشكه‌ش كرد , به‌ڵام وه‌ك وترا و باسكرا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ تائێستاش به‌ ڤایرۆسى هه‌ردوو حزبه‌كه‌ توشى ئیفلیجى بووه‌ و نه‌چۆته‌ بوارى جێ به‌جێ كردنه‌وه‌.!

ده‌ست تێوه‌ردانى كۆمیته‌و لقه‌كانى ئه‌و دوو حزبه‌ (یه‌كێتى و پارتى) ته‌نگى به‌ كارى ئاسایى دام و ده‌زگا حكومیه‌كان به‌ تایبه‌ت ناوه‌نده‌كانى خوێندن و په‌روه‌رده‌ هه‌ڵچنیووه‌ . ڕۆژانه‌ لێره‌و له‌وێ ده‌بیستین كه‌ كۆمیته‌و لقه‌كان فۆڕمى حزبه‌كانیان به‌سه‌ر ئه‌و ناوه‌ندانه‌دا دابه‌ش ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر فه‌رمانبه‌رو مامۆستایه‌ك خۆى یه‌كلایى بكاته‌وه‌ سه‌ر به‌چ لایه‌نێكى سیاسیه‌ ؟

ماوه‌یه‌كه‌ كۆمیته‌كانى یه‌كێتى له‌ ناوچه‌ى شارباژێڕى سلێمانى له‌ ڕێگه‌ى به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى چه‌ند گوندێكه‌وه‌ فۆڕم دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌سه‌ر مامۆستایانى ئه‌و قوتابخانانه‌دا تا خۆیان یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌ سه‌ر به‌ چ لایه‌نێكى سیاسین ، هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ی رابردوویشدا له‌ زۆرێك له‌ قوتابخانه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر ، هه‌روه‌ها قوتابخانه‌كانی ده‌ڤه‌ری ئاكرێ و زۆرێك له‌ ناوچه‌كانی بادینان فۆرمی لقه‌كانی پارتی بۆ مامۆستایان ده‌نێررێت ، ئه‌م ره‌فتاره‌ حیزبیه‌ نایاساییه‌ هه‌موو سالێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌و حیزب ده‌ستی ده‌خاته‌ ناو كاروباری قوتابخانه‌ .

ئه‌مه‌و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ڕۆژانه‌ له‌ چه‌ندین شوێنى جیاواز ئه‌م دیارده‌یه‌ باس ده‌كرێت هاوچه‌شنى ڤایرۆسى نه‌خۆشیه‌كانى تر له‌ دام و ده‌زگا حكومى و په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا بڵاوده‌كرێته‌وه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئاسایشی هه‌ردوو حزب له‌ رێگه‌ی موختاره‌كانه‌وه‌ وه‌یان به‌ شێوازی تر ، له‌ سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كاندا ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام ده‌دات ..



مامۆستایه‌ك : له‌ كۆمیته‌وه‌ فۆرمێك هاتووه‌ بۆ قوتابخانه‌كان كه‌ مامۆستایان لایه‌نی سیاسی خۆیان دیاری بكه‌ن



له‌و باره‌یه‌وه‌ مامۆستایه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌ى گوندێكى ناوچه‌ى شارباژێڕ به‌ سایتى یه‌كگرتووى ڕاگه‌یاند :\"ماوه‌یه‌كى زۆر كه‌م له‌مه‌وبه‌ر به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌مان چه‌ند فۆرمێكى هێنا دابه‌شى كرد به‌سه‌رماندا و داواى لێ كردین كه‌سه‌ر به‌ چ لایه‌نێكى سیاسین له‌و فۆرمه‌دا بینوسین و ئاماژه‌ى پێ پێبده‌ین.

ئه‌و مامۆستایه‌ بۆ سایتى یه‌كگرتوو ئاشكراى كرد : كه‌ ئه‌و فۆرمانه‌ له‌كۆمیته‌كانى یه‌كێتیه‌وه درابونه‌ به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌مان.

وتیشى:به‌داخه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ هه‌ر له‌و قوتابخانه‌ى گونده‌كه‌ى ئێمه‌ نه‌بووه به‌ڵكو چه‌ند مامۆستایه‌كین كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ین هه‌ر یه‌كه‌مان ده‌چینه‌ گوندێكى سه‌ر به‌ناوچه‌ى شارباژێر ئه‌وانیش به‌ هه‌مان شێوه باسیان له‌و فۆرمانه‌ كردووه كه‌ دابه‌شكراون له‌قوتابخانه‌كانى ئه‌وانیشدا.



په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێت كه‌ حزبایه‌تی له‌ سنوریی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كاندا قه‌ده‌غه‌یه‌ ، هه‌ركه‌سێك ئه‌و كارانه‌ بكات رێ وشوێنی یاسایی له‌به‌رامبه‌ر ده‌گرنه‌ به‌ر

سایتى یه‌كگرتوو به‌ مه‌به‌ستى به‌ دواداچون و وه‌رگرتنى وته‌ى به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندى كرد به‌ به‌ڕێز (شێخ حسین شێخ مسته‌فا) به‌ڕێوبه‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى شارى سلێمانى , له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ڕێزیان تایبه‌ت به‌ سایتى یه‌كگرتووى ڕاگه‌یاند :\"

هه‌موو دابه‌شكردنێكى ئه‌وجۆره‌ فۆرمانه‌ له‌سنورى په‌روه‌رده‌كه‌ى ئێمه قه‌ده‌غه‌یه‌و رێ پێ نه‌دراوه.. ناوبراو بۆ سایتى یه‌كگرتوو راشیگه‌یاند: من وه‌ك به‌رێوبه‌رى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى له‌سنورى هه‌ر یازده‌ په‌روه‌رده‌كه‌ى ئێمه‌ به‌ره‌سمى حزبایه‌تى كردن و به‌یاننامه‌ى حزبى له‌ناو هه‌موو قوتابخانه‌كاندا قه‌ده‌غه‌یه‌ ، رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ بریارى ئێمه‌ و حكومه‌تیشه.

‏(شیخ حسین شیخ مسته‌فا) بۆ سایتى یه‌كگرتوو دوپاتیكرده‌وه هه‌ركه‌س ئه‌و جۆره‌ فۆرمانه‌ دابه‌ش بكات ، ئیمه‌ إجرائاتى یاسایى ده‌گرینه‌ به‌ر ، له‌به‌رامبه‌ری .

وه ‌به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان خۆیان ئه‌وه‌ قبوڵ ناكه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ش بێت كه‌ به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌ سه‌ر به‌و لایه‌نه‌یه‌.

له‌كۆتاى لێدوانه‌ تایبه‌تیه‌كه‌یدا بۆ سایتى یه‌كگرتوو به‌رێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلیمانى(شیخ حسین شیخ مسته‌فا) جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه كه‌ هه‌ركه‌سێك ئه‌وجۆره‌كارانه‌ بكات رێ و شوێنى یاسایى پێویستى له‌ به‌رامبه‌ر ده‌گرنه‌ به‌ر.وه‌ هه‌ر لایه‌نێكیش بێت ئه‌وا له‌رێگه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه رێگه‌ى لێ ده‌گیرێت.



په‌رله‌مانتارێكی یه‌كگرتوو : دابه‌شكردنى فۆرم بۆ زانینى ئینتیماى حزبى مامۆستایان له‌ قوتابخانه‌كاندا یه‌كێكه‌ له‌ ره‌فتار و پاشماوه‌كانى حزبى به‌عپى روخاو



په‌رله‌مانتارانى یه‌كگرتوو كه‌ بونه‌ته‌ پزیشك و توێژه‌رێكى دڵسۆز بۆ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ى ڤایرۆس ئاسا هه‌ناوى حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگاى تواندۆته‌وه‌ , ئه‌مجاره‌یان به‌ڵێن به‌ چین و توێژێكى گرنگى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌ركیان په‌روه‌رده‌كردن و دروستكردنى كه‌سایه‌تى نه‌وه‌ى داهاتووه‌ . كه‌ قوتاریان بكه‌ن له‌ چنگى ئه‌و دوو حزبه‌ به‌ڕێگایه‌كى یاسایى له‌ڕێگه‌ى دامه‌زراوه‌یه‌كى یاسایى كه‌ كێشه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ په‌رله‌مان .

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌وان وه‌ك نوێنه‌رى خه‌ڵك و هه‌موو چین و توێژه‌كان له‌ په‌رله‌مان كار ده‌كه‌ن . به‌ڵام پێویستیان به‌ هاریكارى ئه‌وانه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئه‌وان تا ئه‌وانیش كێشه‌و داواكاریه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ په‌رله‌مان .

له‌و باره‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان (خاتوو ناسك تۆفیق) له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ سایتى یه‌كگرتووى ڕاگه‌یاند :\" دیاره‌ ده‌ردێكى كوشنده‌یه‌ كه‌ ئه‌م كوردستانه‌ پێیه‌وه‌ ده‌نالێنى كه‌ ده‌ستێوه‌ردانى حزبه‌ له‌ناو دام ده‌زگاكانى حكومه‌ت ته‌نانه‌ت گه‌یشتوه‌ته‌ ناوه‌نده‌كانى په‌روه‌رده‌و فێركردن و ناوه‌نده‌كانى خوێندن كه‌به‌راستى ئه‌مه‌ دژى بنه‌ماكانى دیموكراسیه‌ت ومافى مروڤه‌ چونكه‌ كاریگه‌رى نێگه‌تیڤى ده‌بێ بۆ سه‌رپرۆسه‌ى خوێندن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو ئاماژه‌ى دا :\" ده‌كرێ رێكخراوه‌ خوێندكاریه‌كان راپرسى بكه‌ن له‌سه‌رئاستى خوێندن وپێویستیه‌كانى خوێندكاران وهۆشیارى بلاو بكه‌نه‌وه‌ له‌خوێندنگه‌كاندا بۆ دروست كردنى په‌یوه‌ندى به‌هێز له‌نێوان خوێندكاران وماموستایان و به‌رێوه‌به‌ره‌یاتى خویندنگاكاندا به‌لام دابه‌شكردنى فۆرم بۆ زانینى ئینتیماى حزبى مامۆستایان له‌ قوتابخانه‌كاندا وه‌ خوینكارانى زانكۆ له‌لایه‌ن كۆمیته‌ و لقه‌كانی حزبه‌كان ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ره‌فتار و پاشماوه‌كانى حزبى به‌عپى روخاو ئێمه‌ به‌دواداچونى بۆ ده‌كه‌ین نابێ به‌هیچ جۆرێ ئه‌م شتانه‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندندا بمێنێ

(خاتوو ناسك تۆفیق) په‌رله‌مانتارى كوردستان له‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو وتیشى :\" داواكارم له‌ هاولاتیان به‌گشتى وخوێندكاران به‌گشتى چاونه‌ترس بن هه‌ر سه‌رپێچییه‌كى له‌و جۆره‌ روده‌دات بیگه‌یه‌ننه‌ لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌و خوێندنى بالا یاخود كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن بۆئه‌وه‌ى ئیتر ئه‌م دیاردانه‌ به‌ره‌و بنبر كردن بروات

ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ مرۆڤ ئازاده‌ بیرو باوه‌ڕو لایه‌نگرى بۆ هه‌ر پارتێكى سیاسى هه‌بێت . جیاكردنه‌وه‌ى حزبیش له‌ حكومه‌ت له‌ كوردستان به‌ پڕۆسه‌یه‌كى گران ناو ده‌به‌ن به‌ هۆى ئه‌و جیاوازیه‌ى له‌ نێوان حزبى كوردى و حزبى وڵاتانى تر هه‌یه‌ . ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌ده‌ن كه‌ لایه‌نگرى بۆ حزبایه‌تى بكرێته‌ پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى تواناو ئاستى كه‌سه‌كان به‌ تایبه‌ت مامۆستایان



په‌رله‌مانتارێكی لیستی كوردستانی : له‌ مۆدێلى كوردى ئه‌مه‌ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌ له‌ هه‌ناوى حزب له‌ دایك ده‌بێت به‌ڵام له‌ وڵاتانى تر حزب له‌ هه‌ناوى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت

له‌و باره‌یه‌وه‌ (د.عمر نوره‌دینى) په‌رله‌مانتارى لیستى كوردستانى ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ سایتى یه‌كگرتووى ڕاگه‌یاند :\" به‌ بۆچونى من هه‌ر هاووڵاتیه‌ك ئازاده‌ انتماى بۆ چ لایه‌نێكى سیاسى هه‌بێت , چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ ئازادى سیاسى به‌شێكه‌ له‌ دیموكراتى سیاسى جا هه‌ر كه‌سێك بێت, مامۆستا- قوتابى هه‌ركه‌س .

ناوبراو وتیشى :\" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نیم انتماى حزبى بكرێته‌ پێوه‌ر به‌وه‌ى كێ بكرێته‌ مامۆستا , چونكه‌ پێویسته‌ پێوه‌ره‌كان پێوه‌رى یاسایى ڕه‌سمى بن نه‌ك پێوه‌رى حزبى .

نوره‌دینى ڕونیشیكرده‌وه‌ :\" من وه‌ك مامۆستایه‌ك- وه‌ك پسپۆڕو شاره‌زایه‌ك له‌ بوارى زانسته‌ سیاسیه‌كاندا بۆچونى من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كوردستاندا په‌یوه‌ندى نێوان حزب و حكومه‌ت تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌ من له‌گه‌ڵ جیاكردنه‌وه‌م . به‌ڵام كردارى جیاكردنه‌وه‌كه‌ بۆ خۆى هه‌ستیاره‌, پێویستى به‌ پلان و به‌رنامه‌و كات و به‌ دواداچون هه‌یه‌ . ئه‌بێت له‌ چوارچێوه‌ى دروشمى حزبه‌ سیاسیه‌كاندا بێته‌ ده‌ره‌وه‌ چونكه‌ له‌ مۆدێلى كوردى ئه‌مه‌ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌ له‌ هه‌ناوى حزب له‌ دایك ده‌بێت به‌ڵام له‌ وڵاتانى تر حزب له‌ هه‌ناوى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت .

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى فراكسیۆنى كوردستانى و ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان زیاتر بۆ سایتى یه‌كگرتوو وتى :\" پێویسته‌ شێوازى لێك جیاكردنه‌وه‌كه‌ بخرێته‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌موو مزایه‌ده‌یه‌كى سیاسى و دروشم و دروشم بازى و په‌یوه‌ستكردنى به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ , كه‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا ئه‌مه‌ له‌ بازاڕى سیاسیدا ببووه‌ دروشمێك هه‌مووان به‌ هه‌رزانى ده‌مانهێناو ده‌مانبرد .

(د.عمر نوره‌دینى) ئه‌ندامى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ى په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لیستى كوردستانى له‌ كۆتایدا ئه‌وه‌شى بۆ سایتى یه‌كگرتوو دووپاتكرده‌وه‌ :\" من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م ده‌بێت سه‌ربه‌خۆیى له‌ بوارى په‌روه‌رده‌و خوێندن هه‌بێت , وه‌ ده‌بێت هه‌ر چه‌شنه‌ هه‌وڵێكیشمان له‌ ده‌ست بێت ئه‌نجامى بده‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.\"



پسپۆرێكی بواری په‌روه‌رده‌ : ئه‌و جۆر كارانه‌ وه‌ك جۆره‌ نه‌خۆشییه‌كى ده‌رونیه‌و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات خۆى بپارێزێت خه‌ڵك ئازاد بێت له‌ بیرو بۆچون

پسپۆڕان و شاره‌زایانى بوارى په‌روه‌رده‌ش ده‌ستێوه‌ردانى حزبى به‌ نه‌خۆشى ده‌رونى په‌روه‌رده‌یى- سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس ناوده‌به‌ن . مێژووى ئه‌و دیارده‌یه‌ش ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس, پێیان وایه‌ كه‌ به‌ حزبى كردنى دام و ده‌زگا حكومیه‌كان به‌ تایبه‌ت دام و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان كاریگه‌رى نه‌ك به‌ ته‌نها بۆ خودى پڕۆسه‌كه‌ ده‌بێت , به‌ڵكو كاریگه‌رى نه‌گه‌تیڤى له‌سه‌ر ده‌رونى تاكه‌كان ده‌بێت به‌وه‌ى فێرى دووڕویى و نیفاقیان ده‌كات , به‌وه‌ى له‌سه‌سه‌ر ئه‌و فۆڕمانه‌ ناوى لایه‌نێك بنوسن به‌ڵام له‌ ڕاستیدا سه‌ر به‌لایه‌نێكى تر یاخود بیرو باوه‌ڕێكى تریان هه‌یه‌.

(مامۆستا نه‌شئه‌ت غه‌فور) سه‌رپه‌رشتیارو پسپۆڕو شاره‌زاى بوارى په‌روه‌رده‌یى له‌ وته‌یه‌كى تایبه‌تیدا بۆ سایتى یه‌كگرتوو وتى :\" من ده‌ستێوه‌ردانى حزبى به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان جا فۆڕم دابه‌شكردنه‌ یاخود هه‌ر شتێكى تر به‌ نه‌خۆشى ده‌رونى نه‌خۆشى ڕژێمى پێشوو كه‌ له‌ ساڵى 1965 بڕیارێكى ده‌ركرد كه‌وا په‌روه‌رده‌ داخراوو تایبه‌ته‌ بۆ حزبى به‌عس وه‌ هه‌ر كه‌سێكیش له‌ په‌روه‌رده‌دا كاربكات ده‌بێت به‌ شێوازێك له‌ شێوازه‌كان په‌یوه‌ندى هه‌بێت له‌گه‌ل حزبى به‌عسى ده‌سه‌ڵاتدار .

ئه‌و پسپۆڕه‌ى بوارى په‌روه‌رده‌ باسى له‌ مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى فۆڕمى حزبى له‌ دام و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كان كرد , :\" ئه‌زمونى فۆڕم دابه‌شكردن له‌ دام و ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى (1979) كاتێك ئه‌وانه‌ى ده‌چون بۆ ئه‌و كۆلێژانه‌ى كه‌ له‌ دوایدا ده‌بونه‌ مامۆستا فۆڕمێكیان ده‌دانێ بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌ تا له‌ كۆلێژه‌كان وه‌ربگیرێن .

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند :\" ئه‌و ئه‌زمونه‌ تاساڵَى 1991 سه‌لماندى كه‌وا ئه‌مجۆره‌ فۆڕمى خۆ یه‌كلایى كردنه‌وانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى عیراقى هیچ ده‌ورێكى ایجابى نیه‌ , واته‌ جۆره‌ خۆخه‌ڵه‌تاندنێكه‌ بۆ خه‌ڵك تا خۆى بشارێته‌وه‌ نیفاق و دووڕوویه‌ك دروست بكات بڕوا به‌ شتێك بكات و شتێكى تر بنوسێت ..

(م. نه‌شئه‌ت غه‌فور) بۆ سایتى یه‌كگرتوو وتیشى :\" من به‌ڕاستى هه‌رگیز وه‌ك شاره‌زایه‌ك له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ ئه‌و جۆر كارانه‌م پێ وه‌ك جۆره‌ نه‌خۆشیه‌كى ده‌رونیه‌و پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات خۆى بپارێزێت خه‌ڵك ئازاد بێت له‌ بیرو بۆچون و وه‌رگرتنى پڕۆژه‌ى په‌روه‌رده‌ .

ڕونیشیكرده‌وه‌ :\" وه‌ك ئه‌زمونێك كه‌ ئه‌و فۆڕمه‌ى كه‌ پێشتر هه‌بوو (ارغب لا ارغب- انتخب لا انتخب) ئه‌و جۆره‌ شتانه‌ى كه‌ بینیمان هیچ سودێكى نیه‌ وازى لێ بهێنن زۆر باشتره‌ كه‌ خه‌ڵكى پێ مه‌شغوڵ بكه‌ن , وه‌ سه‌رى خه‌ڵكى پێ بیه‌شێنن. چونكه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ فێرى نیفاق و دووڕویى ده‌كات , خه‌ڵكه‌كه‌ فێرى ئه‌وه‌ ده‌كات شتێك بلێت له‌ جۆرى نوسین . واته‌ بڕواى به‌ شتێك بێت له‌ ژێره‌وه‌ به‌ڵام شتێكى تر بنوسێت ..

سه‌رپه‌رشتیارو پسپۆڕى بوارى په‌روه‌رده‌ له‌ كۆتایى وته‌كانیدا بۆ سایتى یه‌كگرتوو ئاماژه‌ى دا به‌وه‌ى :\" كه‌س به‌و قه‌ڵه‌مه‌ى كه‌ ئاماژه‌ى پێ ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و فۆڕمانه‌ بۆ ناوى ئه‌و حزبه‌ یان ئه‌و لایه‌نه‌ بیرو بۆچون و ڕه‌وشت و ئه‌زمونى خۆى ناگۆڕێت

هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار :

له‌به‌ستۆڕه‌ ناوچه‌ی پارتی داوای ناوی قوتابیان ولایه‌نی سیاسیان ده‌كات(kurdiu.org)

له‌ هه‌ولێر ئاسایش زانیاری له‌سه‌ر دوكانداره‌كانی بازاری (هه‌ولێر مۆڵ) كۆ ده‌كاته‌وه‌ (kurdiu.org)

له‌ قوتابخانه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر داوای به‌ زۆر پڕكردنه‌وه‌ فۆرمی به‌ حیزبی بوون بۆ لای پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كرێت له‌ مامۆستایان (kurdiu.org)

ئاسایشى ناوچه‌ى گرده‌ سێن داواى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى هاوولاتیان ده‌كات له‌ موختاره‌كان (kurdiu.org)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە