کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پرۆژەى خانووەكانى (هیلان سیتى _ گوندى ئەڵمانى) لەكەلار گرفت وئاستەنگەكان لە بەردەم جێبەجێكردنى كارەكان

Wednesday, 29/08/2012, 12:00





شەماڵ ئەحمەد _ كەلار

زیادبوونى ژمارەى دانشتوان لەكەلار (پایتەختى پارێزگاى گەرمیان) لەلایەك وكۆچى بەردەوامى گوندەكان وناوچە دوورەپەرێزەكان لەلایەكى تر هۆكارێكى گرنگ بوو تاكاربكاتە سەر حكومەتى هەرێم ولایەنى بەرپرسیارەكان وكۆمپانیاكانى وەبەرهێنان كەبیر لەچارەسەرى گرفتەكە بكەنەوە بەدروست كردنى یەكەى نیشتەجێبوون ،ئەوەبوو كۆمپانیایەك هەستا بەجێبەجێ كردنى پرۆژەى هیلان سیتى لەكەلار كەبەنرخێكى وكاتێكى گونجاو بۆتەواوكردنى پرۆژەكەیان خستە گەڕ وئەم هەنگاوەیان جێگەى دەست خۆشى ومایەى سوپاس گوزاریی وپێزانینە ، بەڵام هیچ شتێك بێ گرفت نابێت ، كێشەكان وئاستەنگەكانى ئەم پرۆژەیە گەشتە ئاستى ناڕەزایى وبێزارى خەڵك لەتەواونەكردنى پرۆژەكە لەكاتى دیارى كراوى خۆى دا ، بۆیە ڕۆژنامەى (كوردستانى نوێ) پێباش بوو كەئەمە وچەندین پرسیارى تر وخواست وداوكارییەكانى خەڵك ڕووبەڕووى لایەنى پەیوەندیدار وسەرپەرشتیار وبەرێوەبەرى پرۆژەكە (كاك ئەحمەد)بكاتەوە :









كوردستانى نوێ : سەرەتا بابەوپرسیارە دەست پێ بكەین كەبیرۆكەى دروست بوونى ئەم پرۆژەیە بۆكەى دەگەڕێتەوە وبۆچ مەبەستێك دروست كراوە وكەى كارەكانى بەئێجگارى تەواو دەبێت ؟
بەڕێوەبەرى كۆمپانیا : لەمانگى حەوتى دووهەزار ونۆوە دەست كراوە بەدروست كردنى یەكەكانى نیشتەجێیبوون ، كۆمەڵێك مەبەست وئامانج هەبوو لەدروست كردنى ئەم پرۆژەدا یەكێك لەوانە بۆنموونە حكومەتى هەرێم بەنیازە كێشەى نیشتەجێبوون چارەسەر بكات ،خۆشبەختانە ئێمە توانیمان نزیكەى هەزار خێزان نیشتەجێ ئەو پرۆژەیە بكەین ، ئەمە پرۆژەیەكى باش بوو بۆشارى كەلاركەزۆرێك لەدانشتوانى پێویستیان بەیەكەى نیشتەجێبوون هەبوو ، هەروەها بوژانەوەى لایەنى ئابورى شارى كەلار بوو كەڕۆڵ و كارییگەرییەكى باشى هەبوو ، یەكێك لەوكارییگەرییانە ئەوە بوو كەبڕە پارەیەكى زۆر لەكەلار دا خەرج كرا لەڕێگەى زیندووكردنەوەى پارچەیەكى ئەرزلەكەلاردا كەئەو ڕووبەرە زەوییە پێشتر بۆ هیچ مەبەستێك بەكارنەهێنراوە ، وەپارچە زەوییەكى زۆر پشت گوێ خراو پەراوێز خراوبووە ، شوێنى مەڕو ماڵات وئاژەڵ وئەوانە بوو ، بەڕاستى شوێنى پاشەڕۆ وپیسى وخۆڵ وخاشاكى كەلار بوو ، ئێمە توانیمان بیكەین بەشوێنێكى زۆر جوان وەكو شوێنى نیشتەجێبوون وخزمەتگوزارى پێشكەشى خەڵكى كەلارى بكەین ،ئەكرێ كەم وكورتى لەچەند شتێك دا هەبووبێت بەڵام دڵخۆشم بەوە كە تەنها پرۆژەیەكە لەكەلار كەتوانیبێتى 920 نۆسەد وبیست یەكە لەخۆبگرێ ولەماوەى یەك دووساڵێكدا كارەكانى تەواوببێت ، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەنرخێكى زۆر زۆر هەرزان فرۆشراون كەبریتى بوو لە 260 گەڵا بۆ 370 گەڵا فرۆشراون بەهاوڵاتیان كەئەمەش هەنگاو شێوازێكى نوێیە لەیەكەى نیشتەجێبوون ودەكرێ لەمێژووى كەلاردا وەكو یەكەمین پرۆژەى كەبەو كارە هەستابێت تۆماربكرێت چونكە بۆیەكەم جار خانوو بفرۆشرێت بە 260 وەرەقە كەهیچ كاتێك پارەقەرزەكەشى نیە ، بەیارمەتى ئەو بڕەپارەیەى حكومەتى هەرێم كەلەڕٍێگەى سندوقى نیشتەجێبوونەوە كەبریتى لە 38 ملیۆن دینار وەلەسەدا پەنجاى پارەكە بۆهەموو هاوڵاتیان وەرگیراوە كەئەمەش ئاسانكارییەكى باش بوو تابۆماوەى دە ساڵ بتوانێت وەكو شێوەى قیست ئەو پارەى مانگانە بداتەوە ، كەئەمەش كارێكى زۆر گرنگە بۆهاوڵاتیان بەتایبەتى لێقەوماوان وكەس وكاروپاشماوەى ئەنفالكراوەكان كەبتوانن بەو نرخە خانووەكان بكڕن كە220 گەڵاى دەدا بەخاوەن خانوویەك كەبەدڵنیاییەوە ئێستا سەرووى 80 _70 هەزار دۆلارى بۆ دەكات ..
كوردستانى نوێ : ئەو كێشانە چى بوون كەبوونە رێگرییەك لەبەردەم ڕاپەراندنى كارەكانى پرۆژەكە یاخود بوونە هۆى دواكەوتنى وادەى تەواوبوونى پرۆژەكە لەكاتى خۆى دا ..
بەرێوەبەرى كۆمپانیا : وەكو تەواوبوونى پرۆژەكە بۆ هاوڵاتیان تاوەكو ئێستا لە920یەكە (خانوو) كە نزیك حەوت سەد تاهەشت سەدەكەى ماڵى تێدایە وهەیە ساڵ ونێویكە پێش ئێستا تیایدا نیشتە جێ بووە وهی واش هەیە دووساڵە پێش ئێستا لەخانووەكان دا نیشتەجێ بووە، بەشێوەیەكى گشتى پرۆژەكە تەواو بووە ، یەعنى ئێمە خانیەكمان نەماوە كارى تێدا بكەین ، پێنج مانگ شەش مانگیش دەبێ خانوومان نەماوە ئیشى تیا بكەین ، لەخزمەتگوزارییەكاندا تەنها قیرتاوكردنى كۆمەڵێك كۆڵانمان ماوە ئەگینا كۆڵانەكان لەسەدا چلیان قیرتاوكراوە سەدا چلى قیرتاوكردنى كۆڵانەكان تەواو بووە ، ئەوەى كەماوەتەوە لەڕووى كارەبا ولەڕووى ئاوى خواردنەوە ومەجارى وئەوانەوە هەمووى تەواو بووە ماوەتەوە سەرئەوەى تەنها ئێمە قیرتاوكردنێكمان ماوە ئەویش بەشێكى كەمى كۆڵانەكان ،دەربارەى خانوو ئێمە گلەییمان ئەوەیە كەخەڵكەكە كەدەمێكە نیشتەجێ بوون تیایدا ،ئێستاكە هەندێ خەڵك هەیە خانووەكەى كردووە بەدوونهۆمى وهەندێكیشى لەڕووى پێشەوەى خانووەكە دوكان وشتى لەوجۆرەى تێدا كردووە ودیزاینى گۆڕیوە ،پرۆژەكە لەوبڕوایەدانیم كەلەكاتى خۆى دا تەواو نەبووبێت ، ئەكرێ كۆمەڵێك گیروگرفتى بچووك هەبووبێت بۆنموونە لەكۆمەڵێك خانوودا ئێمە چەند جار باسمان كردووە ڕێگربووە لەتەواوبوونى پرۆژەكە یاخود دواخستنى وادەى تەواوبوونى پرۆژەكە بۆنموونە بوونى ستوون (عەمود) ى كارەبا لەناوپرۆژەكەدا ، كەچەند جارێك باسى ئەوەمان كردووە بۆڕاگەیاندنەكان وبۆ دەزگا پەیوەندیدارەكان كەئێمەكۆمەڵێك گرفتمان هەیە ،پێنج تاوەر(چغگ العالی)ى كارەبا لەناوپرۆژەكەمان هەبوون كاتێكى زۆرى ویستووە بۆ چارەسەركردن ولابردنى تا پرۆژەكان بەسەركەوتوویى ئەنجام بدەین.
كوردستانى نوێ : دەنگ وباسى ئەوە هەیە كەچەند ماڵێك بەشێوەیەكى نایاسایى وودوور لەنەخشەى یاسایى پرۆژەكە دروست كراون وبەزیادەڕۆیى لەقەڵەم دەدرێ تاچەند ئەم ووتەیە ڕاستە ؟
بەرێوبەرى كۆمپانیا :بەڕێزت ئاگادارى ئەو پرۆژەیەى ، ئێمە لەیەكەم ڕۆژى دەست بەكاربوونمانە یەكەى ئیشرافى وەبەرهێنان لەسەر پرۆژەكەئامادەبووە بەیاوەرى دوو ئەندازیارى وەبەرهێنان كەڕۆژانە پێشنیار وقسەیان لەسەر پرۆژەكە هەبووە وڕۆژانە هیچ بناغەیەكى خانووش هەڵنەكنراوە هەتا موافقەتى ئەوانى لەسەر نەبووبێت ، یەعنى ئەكرێت ئەو ئەندازیارانەى حكومەت چاوپۆشیان كردبێت بۆئەوەى كەئێمەبەپێ نەخشە كارنەكەین ، ئێمە بەپێى نەخشە كارمان كردووە وبەپێى نەخشە تائێستا كارمان لەسەركردووە ،هەموو نەخشەى كارەكانمان پەسەندكراوە لەلایەن نەخشەدانانى ئاوەدانى سلێمانى وپلاندانانى هەرێمى كوردستان ، نەخشەكە لەیەكەم جار ودووەم جار دا گۆڕانكارى كراوە بەڵام گۆڕانكارییەكان ڕەزامەندى بۆ وەرگیراوە ودواتر كارى تیاكراوە ، ئیتر كەسێك ئەڵى زیادەڕۆى كراوە ناڕاستە ، تۆ ئەگەر بێتو باسى ڕابردوو بكەى یەعنى بەپێی ئەوقسەیە بێت كەئێستاكە تۆ دەبێ بڵێت هەموو شارى كەلار ئێستاكە لەسەدا هەشتاى زیادەیەچونكە ئەگەر پێنج ساڵ پێش ئێستا یادەساڵ پێش ئێستا سەیرى كەلار بكەى ، كەلار چەند گەڕەكێكى بچووك بوو ئێستا چەند هێندى خۆى زیادى كردووە ، پرۆژەكەى ئێمەش هەر لەسەرەتاوە نەخشیەكى هەبوو دواتر گۆڕانكارى بەسەرداهات بەهۆى كێشەى بەرز ونزمى زەوى وشێ زستانە وشتى تر گۆڕانكارییەكى ئاسایى تیاكراوە وگۆڕانكارییەكەش پەسەندكراوە ودواتریش كارى لەسەركراوە ..
كوردستانى نوێ : پێمان وابێت دانانى بورجێكى ئاسیا سێڵ كێشەى دروست كردووە ئایا لەناوەوەى یاخود لەدەرەوەى نەخشەى پرۆژەكە دادەنرێت ، وبۆچى رێگرى لێ دەكرێ ؟
بەڕێوبەرى كۆمپانیا : بەڕێزم سەبارەت بەبورجى ئاسیا سێڵ ،لەڕاستیدا كۆمپانیاى ئاسیا سێڵ بەڕێزەوە هاتنە لاى ئێمە ووتیان دەمانەوێت لەم سنوورەى ئێوەیە بورجى دابنێین ئێمەش ووتمان هیچ گرفتێكمان نیە خۆزۆربەى ماڵەكان خەڵك خۆى بۆخۆشى ئازادە ئەو بورجە دابنێت دواتر ئەوشوێنەى كەدیاریان كردبووشوێنى خزمەتگوزارییە وئێمەش پێیانمان گوت ئەوشوێنە شوێنى ئێمە نیە وشوێنى خزمەتگوزارییە، دواتر دەچێتەوە سەر شارەوانى كەلارئێمەپێمان خۆشە گرێبەستەكە لەگەڵ شارەوانى دا ئەنجام بدەن بۆئەوەى ئەوداهاتەى كەبورجەكە مانگانە ئەیدات بگەڕێتەوە بۆشارەوانى وبۆحكومەتى هەرێمى كوردستان ،ئێمە لەدوو ڕووەوە شتێكى باشمان كردووە یەكەمیان لەڕووى ئەوەوە كەبەشێكى ئەو ماڵانە بورجى ئاسیاى نەبێت یاخود بڵێین پەخشى هێلى ئاسیایان لاوازە ،ئەوان هاتوونە تەقویەى ئەوپەخشە دەكەن لەوشوێنەدا وەچەندشوێنیكیش تریش سوود مەند دەبن لەو پەخشەى ئاسیاسێل ، دووەمیان لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیاكەدا كردووە كەئەوە دەبێتە داهاتێك بۆشارەوانى كەلار خۆ بۆ گیرفانى كۆمپانیاى ڕووناكى نیە ،ئەگەر یەكێك بیەوێت دەست بەخێرى خۆى بنێت واتا ڕێگرى كارى خێربێت بەڕاستى من وابزانم ئەوا خراپى كردووە وپێم باشە شارەوانى كەلار ئەو گرێبەستەیان لەگەڵ دا بكەن وئەو پارە وداهاتەى بۆشارەوانیە وهیچ كات بۆ كۆمپانیاى ڕووناكى نیە ، من پێم سەیرە شارەوانى تائێستا بەو نەفەسەوە مامەلًە وتەعامول دەكات ،ئێمە بەشێكن لەكەلار وئەو گەڕەكەى ئێمەش گەڕەكێكە لەكەلار یەعنى بۆچى ڕێگە دەدا بورجەكانى ئاسیا لەجێگەكانى تردا هەبێت ،بۆچى ڕێگە نادات لەوێ دا هەبێت بەڕاستى ئەوە جێگەى سەرسوڕمانە بەهەركەسێك بڵێت ئەوە جێگەى سەرسوڕمانە ، خەڵكێك هەیە بەشوێن ئەگەڕیا بۆئەوەى بورجێك بخاتە نێو زەوی وحەوشەكەیەوە ، ئێمە بورجێكمان بۆهێناوون بەڕاستى دەڵێین داهاتەكەشى بۆ ئێوە ، بەڕاستى من دەڵێم حەقە خەڵكى كەلار ئەوانەى كەڕێگرن لەبەرامبەر ئەم كارە بەخۆیاندا بچنەوە ،یەعنى بۆ ڕێگە ئەگرى كەحكومەت سوود مەندبێت لەوبورجەى ئاسیا سێڵ ..
كوردستانى نوێ : بیرتان لەوە نەكردووەتەوە كەلایەنى ئەمنى ناوچەى (هیلان سیتى) بپارێزن ، واتا لاى كەمێكەى بنكەیەكى پۆلیس دانان هەبێت بەشێوەیەكى كاتى كاربكات ؟
بەرێوەبەرى كۆمپانیا : بەڕێزم ئەو پرۆژەیەى ئێمە كۆمەڵێك خزمەتگوزارى تێدایە لەوانە بنكەى پۆلیس لەگەڵ قوتابخانە ودایەنگا وئەوانە ، من لێرەدا بەجەنابت دەڵێم وەكو ئەوەى كەئەندامى سەندیكاى ڕۆژنامەنووسانى كوردستانى ورۆِژنامەنووسێك كەلەوبوارەدا كاردەكەیت ، حەزدەكەم بەدواداچوون بۆئەو بابەتە بكەن چونكە ئەو بابەتە بابەتێكى گرنگە ، لەپەرلەمانى كوردستانەوە یەك دووجار بودجە تخێیێ كراوە بۆئەو پرۆژەیەى ئێمە كەهەندێك خزمەتگوزاریى تیادا بكرێ بەڵام تائێستاكە ناتوانین بڵێین ئەو بودجەیە بۆچى شتێك بەكارهات وبۆچى بەكارنەهات ،ئەو خزمەتگوزارییانە پێویستە حكومەتى هەرێمى كوردستان جێبەجێ بكات ،یەكێك لەوانە بەڕاستى بنكەى پۆلیسە وبنكەى تەندروستیە وقوتابخانەیە ، خۆشبەختانە قوتابخانیەكى دروست كراوە وقوتابخانەیەكى دیكەشى ماوە ، دایەنگاى تێدا دروست كراوە ودایەنگاى دیكەشى ماوە ،من پێم باشە كەئیدارەى شارەكەدەست وبرد بكەن لەوەى كەبەزوویى بنكەیەكى تەندروستى بۆئەوشویًَنە بخەنە بودجەوە وجێبەجێبكرێ ، من ئاگادارم لەپەرلەمانى كوردستانەوە دووجار بودجە تخێیێ كراوە بۆئەو پرۆژەیەى ئێمە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكانى ئێمە بەڵام تائێستا جێبەجێ نەكراوە ،ئومێدەوارم بەدواى ئەم مەوزوعەدا بچن بزانم ئایا بۆچى نەكراوە وئایا پشكنینەكەى گەڕاوەتەوە بۆحكومەت وچى لێ بەسەر هاتووە ..
كوردستانى نوێ : تاوەكو ئێستاش زۆرێك لەماڵەكان گلەیى ئەوە دەكەن كەئەو كەرەستانەى بۆ دروست كردنى خانووەكان بەكارهاتووە زۆر سادە وعادین وبەرگری مانەوەیان كەمە ، ئایا هۆكارى بەكارهێنانى ئەم كەرەستانە بۆچ دەگەڕێنیتەوە ؟


بەڕێوبەرى كۆمپانیا : لەبوارى كارەبادا ، ئەو كەرەستانەى كەلەم بوارەدا بەكارهاتووە بۆنموونە ئەوا وایەرەى بەكار هاتووە باشترین جۆرى وایەرە حزدەكەم ئەوانەى كەلەبوارى كارەباى دا شارەزان تاقى بكەنەوە ، وایەى قەێاب ووایەرى ئوردنى بەكارهاتووە ، ئاخر جارى واهەیە ماڵێك دەڵێك كاكە گلۆبەكەم سوتاوە ، كاكە گیان ئێمە تاوەكو ئێستا كێشەیەكمان هەبووبێت وایەرى هیچ ماڵێك نەسووتاوە بەڵام گڵۆب دەسووتێت ، یعنى پێم سەیرە گڵۆب سوتاندن دەگەڕێتەوە بۆئێمە ،ئێمە دەزانین كەدوو جۆرە كارەبامان هەیە كارەباى نیشتمانى وكارەباى موەلیدە ،زۆر ماڵ گلەی دەكەن وهاتوون ودەڵێن گڵوبەكانمان بەیەكجار هەمووى سووتاوە ،سەیرمان كردوون كەكارەباى موەلیدە بڕاوە وكارەباى دیكەهاتووەتەوە وسووتاوە ،من بەش بەحاڵى خۆم كەرەستەیەك لەبیناكە بەكارنەهاتووە كەپلەى واتیەكەى نزم بووبێت یاخود تێستى بۆنەكرابێت ، دڵنیاتەكەمەوە كەهەموو بلۆكەكانى ، هەموو سەقفەكانى ، هەموو شیشەكانى ، هەموو جیمەنتۆكانى ،تێستى بۆكراوە ، دواى تێست ئەنجا بەكارهاتووە ،شتێك بەكارنەهاتووە كەلەبازاڕدا دەرجە دوو بێت یاخود دەرەجە سێ ، زەمانەتتانیش بۆئەكەم بۆداهاتوو ،ئێستاش واچەند ماڵێك دووساڵە لەناو خانووەكەدان كێشەیەكى بچووكى هەبووبێت بۆمان چارەسەركردووە ،ئەگەر كاشییەكى شكابێت یاخود پەنجەرەیەكى سلیكۆنى بووبێت ،ئێمە وەستامان بۆناردووە وبۆمان چارەسەركردوون .
كوردستانى نوێ : هەر لەم وەڵامەى جەنابتەوە پرسیارێكمان بۆدروست بوو ئێمە وەك دەزانین كەئەم كارەى جەنابتان كردووتانە جێگەى دەست خۆشیەوهاوكاركردنێكى باشى كەسانى كەم دەرامەت وئەوانەى كەلەكرێ چیتان ، بەڵام بۆچى شارەوانى كەلار لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەى ئێوە هیچ هەمەئاهەنگى وبەدەنگەوە چوونێكى لێ نابینرێت ..؟ !




بەڕێوبەرى كۆمپانیا : من پێم سەیرە بەڕاستى حەق وایە ئەو پرسیارە لەوان بكرێت ، ئێمە ئێستا تاقانە پرۆژەیەكین حەزمان دەكرد پرۆژەى دیكە دروست بكرایە لەشارەكە لەلایەن ئەوانەوە بۆئەوەى بەراوردێك بكرایە لەنێوان كارەكانى ئێمە وئەوان لەڕووى كوالێتى ولەڕووى نرخیشەوە ئەوكاتە شارەوانى خۆى ئەهاتە سەر ئەوقەناعەتەى كەئێمە دەبێت بوونمان هەبێت بەبەردەوامى لەشارەكە ،ئێستاش ئێمە بۆكەلار پرۆژەمان زۆر پێیە ، كۆمەڵێك پرۆژەمان پێشنیاركردووە تاگەیاندوومانە بەڕێز د. بەرهەم كەئەوكات لەكابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێم بوو بەڵام وەڵامى نەبوو ،یەكێك لەوپرۆژانە پێشەنگایەكى نێودەوڵەتى بوو لەكەلار ووتمان دەیكەینەوە كەلەسەر كولفە وتێچوونى خۆمان هۆڵى بۆدەكەینەوە تاوەكو كەلار بكەین بە ناوەندێكى گەورە وبەرەو پارێزگاى بەرین چونكە ئەوپێشانگە نێودەوڵەتیانە لەئاستى پارێزگاكان دەكرێتەوە ئەمەش لەسەر كولفە ى خۆمان ئەم كارە ئەنجام بدەین بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە ، هەروەها ئامادەبووین كەلەتەنیشت پرۆژەى یەكەى نیشتەجێبوونى خۆمان ئەو زەوییەى كەشوێنى خۆڵ وخاشاك وپیسى وپاشەڕۆیە بیكەینە پرۆژەیەكى جوانى دیكە تاوەكو خەڵكانی كەلار لێ سوود مەند بن بەڵام وەڵاممان نەدرایەوە ، كۆمەڵێك پێشنیارى ترمان هەبووە بۆكەلار بەڕەشبینى پێشكەشمان كرد وەڵام نەدراینەتەوە ، ئێمە بەرژوەندى خەڵكمان لەپێش بەرژوەندى خۆمان داناوە ، ڕاستە ئێمە دەمانەوێ قازانج بكەین بەڵام دەمانەوێت خەڵكێش لەگەڵ مان دا قازانج بكات ، مەعقولە من كاتێك خانوویەك دەدەم بە370 وەرەقە حەزدەكەم جەنابت وخەڵكانیش ترى تێگەن كەدەبێ قازانجەكەى چەن بووبێت ، ئەبێ شارەوانى وحكومەتیش پشتگیرى ئەو بۆچوونەى ئێمە بكات ، ناكرێ ئیمڕۆ سوود لەئەرزى حكومەت بكرێت نرخێكى وا بخرێتە سەرى بۆبەرژەوەندى كۆمپانیایەك ، من پێم وایە دەبێ كۆمپانیاكە لەخودى خانووەكە قازانج بكات نەك نرخى ئەرزەكەش بخاتە سەر خانووەكە ، چونكە ئەو ئەرزەى ئێمە وەریدەگرین بێ بەرامبەر لەشارەوانى بەرامبەر ئەوە خزمەتگوزاریى جێبەجێ دەكەین ، بۆیە دەبێ لەخانووەكە خێر بكرێت ، وە مونافەسەى كۆمپانیاكانیش دەبێ لەنرخى خانووەكەدا بێت ، وەمنیش پێم وایە نابێت كۆمپانیا لەدوو دەفتەر بخاتە سەر خانوویەك یانى مەبلەغێكى وابخاتە سەرى كەیەكەم خۆى بۆخۆى قازانج بكات ودواتر خەڵكەش لێى قازانج بكات ..
كوردستانى نوێ : سەبارەت بەپرۆژەى دووساید كردنى نێوان بەردەسور و ناوچەكانى تر ، ئایا هیچ هەمە ئاهەنگیەكتان لەگەڵ شارەوانى كەلاردا هەیە تائەو دووسایدە لەرێگەى كۆڵان وفەرعەكانەوە ببەسترێتەوە بۆ قیرتاوكردنەكانى گوندى ئەڵمانیەوە ؟
بەڕێوبەرى كۆمپانیا: تائێستاكە ئەوەمان نەبینیوە ، پێشم ووتى ئەو پارەیەى كەلەپەرلەمان تخێیێ كراوە بۆگەیاندنى خزمەتگوزارییەكان پێویستە لەڕیگەیەوە حكومەت ئەو دووساید كردنە بگەینەێتە نێو كۆڵانەكانى كۆمپانیاكە بەڵام تائێستا نەیگەیاندووە ، ئەمە یەكێكە لەكێشە گەورەكانمان ، هەروەها پێمانیش سەیرە حكومەت تاوەكو ئێستا بۆچى بیریان لەوە نەكردووەتەوە كەجادەى خۆى ،ئاوەڕۆى خۆى بگەیەنێتە نێو پرۆژەكە ، دەبوایە ئەوكارە بكرایە چونكە ئەوە پەیوەستە بەحكومەتى هەرێمى كوردستانەوە ..
كوردستانى نوێ : سەرەڕایى هەموو گرفت وكێشانەى كەبەڕێزتان باستان كرد ، ئایا هیچ ئاستەنگێكى دیكەتان بۆدروست بووە لەكاتى ڕاپەڕاندنى كارەكانتان دا ؟
بەڕیوبەرى كۆمپانیا: من وەكو پێم ووتى كاركردن لەكەلاردا خۆى بۆ خۆى كەمێك سەختە ، بەس گرنگ ئەوەیە ئێمە توانیمان ئەوە پرۆژەیە تەواو بكەین ، وئومێدەوارم بۆئیدارەیى گەرمیان وشارەوانى كەلار بتوانن هاوكاریمان بكەن تاوەكو یەكەى نیشتەجێبوونى تر دروست بكەین ، ئێمە پیشنیارمان كردبوو كەبەهەمان كار پرۆژەى نیشتەجێبوونى دیكە وهاوشێوەى ئەمە لەكەلاردا دروست بكەین بەڵام تاوەكو ئێستا بەدەمەوەچوونمان نیە وتاوەكو ئێستاكە ئەو حەماسەتە لەلایەنى بەرامبەرەوە نابینین ، ئەگینا ئێمە پێمان وایە كە ئەتوانین زیاتر لەكەلاردا خزمەت بكەین ، سعرى خانووەكان نەهێلێن لەوە زیاتر گران بێت چونكە ئەو خەڵكە شایستەى ئەوەیە كە زەوى وخانووى پێى بدرێ بەنرخێكى گونجاو بەڵام تائێستاكە من پێم سەیرە وەڵام نەدراوینەتەوە ...
كوردستانى نوێ : دوا پرسیارمان دەربارەى ئەو قیستەیە كەمانگانە لەلایەن خەڵكەوە ڕەوانەى سندوقى نیشتەجێ بوون لەسلێمانى دەكرێ ، ئایا جەنابتان ناتوانن بنكەیەك بۆ ئەو مەبەستە دابمەزرێنن بۆڕەوانەى كردنى قیستەكە ، یاخود خەڵكى گلەیى ئەوە دەكەن كەزۆر جار لەرێگا ماندوو دەبن وباشتر وایە هەر لەرێگەى كۆمپانیاكەوە قیستەكان بگەیەندرێ ، ڕاى بەڕێزتان چییە لەوبوارەیەوە ؟
بەڕێوبەرى كۆمپانیا: ئێمە پێمان خۆشە ، زۆر زۆریش پێمان خۆشە ، ئێمە خۆمان كارمەندمان هەیە ، ولەخەڵك وەرى دەگرێن وبەبێ هیچ زیادەیەك دەیگەیەنینە شوێنى مەبەست بەڵام هەندێ خەڵك ئامادەى نەبوو قەناعەتى بەوە نەبوو !! ئێمە وەكو كۆمپانیا لەخزمەتیاندا دەبین پارەكە بێنن بیدە ئەو كارمەندەى ئێمە لەبەشى (حیسابات) كاردەكات وپارەكە بۆ سندوق دەگەڕێنینەوە وبەبێ هیچ زیادە خستنە سەرێك , بەبێ ئەوەى هاوڵاتى بچێتە سلێمانى ومەسروف بكات وماندوو ببێت ،بەڵام هاوڵاتیان نەهاتن وئێمەش دەسەڵات نیە وئەویش لاى هاوڵاتیانە ..
كوردستانى نوێ : واتا ، هاوڵاتیان دەتوانن كۆدەنگییەك دروست كەن وئەو كێشە چارەسەر بكەین ؟
بەڕێوبەرى كۆمپانیا: بەتەئكید ، هیچ كێشەیەكمان نیە ولەخزمەتیانداین ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە