کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


لەسەر گەندەڵی دوو سەرۆكى شارەوانى كەلار دادگایی دەكرێن بەهۆی خزمایەتى و دوستایەتییەوە دادگای لێكۆڵینەوەى كەلار لەكەیسەكەى سەرۆكى شارەوان

Saturday, 26/09/2009, 12:00


كاوە گەرمیانى - گەرمیان
دواى نزیكەى یەك ساڵ لە دروستكردنى لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانى سلێمانى،لەسەرئەو گەندەڵییانەى لە ناو كاروبارى شارەوانیی كەلار كراون،هەردوو سەرۆكى شارەوانى پێشووى كەلار،حەسەن جیهاد بەرپرسی ئێستا مەڵبەندى كفری یەكێتى و سەلام عەلی دادگاى دەكرێن.
لەوبارەیەوە دادوەرێكى دادگاى كەلار بە (لڤین)ى وت"ئەوەى لەسەر ئەو كەیسە كارى كردبێت،دادوەرێك بەتەنها بووە هەموو دادوەرەكان خۆیانیان لاداوە،چونكە پیاوەتى و ناسیاوى و دوستایەتى بەسەرەوە كردوە،ئەوبابەتە لە سلێمانى هاتەوە دەڵێت بڕیارەكە هەڵەیە نە ئەبو دادگا ئیفرازیان بكات،دەبووایە دادگاییان بكەن.كەهاتەوە دادوەرى لێكۆڵینەوەى كەلار ئەحمەد جەلیل بڕیارەكەى نەبینى وتی"ناتوانم بیبینم، برادەریم لەگەڵ سەرۆكى شارەوانى هەیە."
هەردوو سەرۆكى شارەوانى پێشوى كەلار چەند جارێك لەلایەن دادوەرەكانەوە دۆسیەكەیان داخراوە هەوڵدراوە پەردەپۆش بكرێت،بەڵام لەلایەن دادوەرێكەوە هەوڵیداوە تەمیزبكرێتەوە،ئەمە لەكاتێكدا قائیمقامى هەڵەبجە لەلایەن دیوانى چاودێری داراییەوە بەتۆمەتى (تەزویر و ئیخیلاس)بڕیاریداوە دەستگیری بكات،بەڵام هەردوو سەرۆكى پێشوى شارەوانى كەلار كە دواى تۆمەتباركردنیان لەلایەن لیژنەكەى سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانى سلێمانى،تا ئێستا كەس دەستگیری نەكردوون.
لڤین زانیویەتى،ئەو دوو سەرۆك شارەوانییە بە چەند شێوەیەك نایاساییان لەكارەكانیاندا كردووە،وەكو دابەشكردنى سەدان پارچە زەوى بە شێوەى بەسەر خەڵكى" ناموستەهەق"و" دەرەوەى شارەكە"جگە لە پێدانى زیاتر لەپارچە زەوییەك بەچەندین هاووڵاتى،دەیان پارچە زەویی تریش لە سنورى ئەو شارەوانییە لە رێگەى ساختەكارییەوە بە خەڵك دراون و فەرمانى وەزارییش ساختەكراوە.چونكە لە نێوان دوو لیستى تایبەت بەدابەشكردنى زەویدا، كە بەرواریان لەسەرە،جیاوازیی(27)ناو هەیە،كە بە نایاسایی سەپێنراونەتە ناو لیستەكەوەو زەوییان پێدراوە.هاوكات لەناوچەى پیشەسازیی كەلاریش (115)دوكان دراون بە خەڵكانێك كە بە هیچ شێوەیەك پیشەوەرنین و بەپێی رێنمایی و پێوەرەكانى دابینكردنى دوكان بۆ پیشەوەران،نابێت دوكانییان پێبدرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەى بەوەش كرد یاسا رێگاى پێداوە ئەوەبكات بەڵام،نەئەبو بیكردایە ئێمەیش وەكو ئەو دەیناسین،هەروەها سەرچاوە ئاگادارەكە هێماى بۆ ئەوەش كرد كە دۆسییەكەیان ناردەوە بۆ سلێمانى،لە سلێمانى هاتەوە ئێستا دادوەرى بارى كەسێتى حوسین مەحیەدین حەسەن جیهاد سەرۆكى شارەوانى پێشوى كەلار بانگهێشت كراوە بۆ دادگا،بەڵام تاوەكو ئێستا نەهاتوە.
سەرچاوەكەى دادگاى كەلار ئەوەشی بۆ لڤین ئاشكرا كرد،كە داكۆكیردن لەوكەیسە لەلایەن دادوەرەكەوە بوبە هۆی ئەوەى كۆمەڵێك لە مەڵبەندى كەلار دژایەتى بكەن و كەخۆی بۆ كاندیدى پەرلەمان لەسەر لیستى كوردستانى ئامادەكردبوو.
ئاشكرابوونى گەندەڵییەكان بەو رێژەیە دانیشتوانى شارەكەى نیگەران و تورەِكردووەو داواى ئیجرات و سزادانى گەندەڵچیەكان دەكەن.ئەمەو كۆمەڵە گەنجە سەربەخۆكانى گەرمیانیش داوادەكەن دۆسیەكەیان رادەستى دادگاى سلێمانى بكرێ و تا چاوپۆشی لە گەندەڵكاران نەكرێ.

"دەبێت دادگایكردنى گەندەڵچیەكان دادگاییەكى عادیلانە بێت و دوربێت لە دەست تێوەردانى حیزب و لایەنە سیاسیەكان"
بەرزان ئەمین حاجى كە هاووڵاتێكى دانیشتوى شارى كەلارە ئاماژە بەوەدەدات كە بەهەموولایەكەوە فشارێك دروست بكرێت كەنەتوانن چاوپۆشی و كەم تەرخەمى لەو كەسانە بكرێن كە دەستیان هەبووە لە گەندەڵیدا،ئەو پێیوایە جەماوەرو تەواوى كۆمەڵگا لەو كەسانە خۆش نابێ كە نا عەدالەتى و گەندەڵیەكى زۆریان لەسەر حیسابى بەرژەوەندیە گشتى یەكانى خەڵك كردووە،دەڵێت"تاوانبار هەر تاوانبارە هەر دەبێ سزاى ئەو تاوانەى كە دەرهەق بە جاماوەرى كردووە بداتەوە،بە هیچ شێوەیەك جەماوەر لەتاوانى ئەوانەى گەندەڵییان كردووە خۆش نابێ،هەر بۆیە زەرورە دەبێت دادگایكردنى گەندەڵچیەكان دادگاییەكى عادیلانە بێت و دوربێت لە دەست تێوەردانى حیزب و لایەنە سیاسیەكان.وتیشی"لە پێناو ئەم مەبەستەیش پێویست دەكات هەوڵ و خەباتێكى جەماوەرى هەمەلایەنەو بەرفراوان بەڕێ بخەین بۆ رێشەكیشكردنى ئەو فاكتەرانەى زەمینە سازیان بۆ سەرهەڵدانى ئەم دیاردەیە رەخساندووە،ئەمە جۆرێكە لە گۆڕان بەرەو باشتر و بەرەو مەبەست و ئامانجێكى پیرۆز كە پەیوەندى بە بەرژەوەندیە گشتى یەكانى خەڵكەوە هەیە.
م.كاروان ئەحمەد دەڵێت"لەوڵاتى ئێمە یاسا سەروەر نییەو سیستەمى حوكمڕانى حزبی و دوستایەتى زیاتر پەیوەندى بەوەوە هەیە،ئەگینا كۆمەڵێك دۆسییەى قورسی گەندەڵییان لەسەر بەرپرس و فەرمانبەرانى فەرمانگەكانى گەرمیان ئاشكرابووە كەچی چاوپۆشی لە دۆسییەكەیان دەكرێ و دادگاى ناكرێن،كاروان داواكاریشە لە حكومەت لەوە زیاتر لەم گەندەڵكارییە نقوم نەبێ ئیجرائات بكەن لەگەڵ ئەو گەندڵكارانەى كە لەو دۆسیانەدا ناویان هاتووە.
"ئەگەر حكومەت ئەم مەلەفە نەگوێزێتەوە دەیكەینە قەزیەیەكى جەماوەرى فراوان،ئەوكاتەیش حكومەت خۆی بەرپرسیارە"
سەرچاوەیەكیش لە كۆمەڵە گەنجە سەربەخۆكانى گەرمیان بە لڤینى راگەیاند كە ئەوان داوادەكەن دۆسییەكە رادەستى دادگاى سلێمانى بكرێ و گوتى"ئێمە ئێستا داوادەكەین دۆسییەكەیان بدرێتە دادگاى سلێمانى،لەبەر ئەوەى مەسەلەى عەشایەرى و خزمایەتى و ناوچەگەرێتى گاریگرى نەكاتە سەرىكەماوەى زیاتر دووساڵە كارى لەسەردەكەین تا گەیاندمانە دادگاى كەلاربۆ ئەوەى چاوپۆشی لە گەندەڵكاران نەكرێت لە كەلار،هەروەها ئەو سەرچاوەیە دەڵێت"تا ئێستا تۆمەتبارن لە شارەوانى كەلار بانگ نەكراون،ئێمە فشار دەكەین بۆ ئەوەى دادگا بانگیان بكات هەر لەسەرۆكى شارەوانى پێشووەوە تاوەكوو ئەوانەى بەرپرسن لەبەهەدەرانى سەرووت و سامانى گشتى خەڵك لەو شارەوانیەدا،ئەگەر ونحكومەتیش ئەم مەلەفە نەگوێزێتەوە ئێمە دەیكەینە قەزیەیەكى جەماوەرى زۆر فراوان،ئەوكاتەیش حكومەت خۆی بەرپرسیارە.
دەربارەى وەرنەگرتنى ئەوكەیسەى لڤین پەیوەندى كرد بەدادوەرى لێكۆڵینەوەى كەلار ئەحمەد جەلیل،بەڵام ناوبرا ئامادەنەبوو لەوباریەوە هیچ لێدوانێك بدا.
دادوەرى بارى كەسێتى حوسین مەحیەدینیش بەبیانوى ئەوەى تا ئێستا لێكۆڵینەوەى دەست پێنكردوە ئامادەنەبو لێدوان بدات.
دەربارەى نوسراوى ئاگاداركردنەوە بۆ هەردوو سەرۆكى شارەوانى پێشوى كەلار لڤین،پەیوەندى بە رائید لوقمان بەڕێوەبەرى بەڕیوەبەرایەتى پۆلیسى كەلارەوە كرد،بەڵام ناوبراو ئامادەنەبو قسەبكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە