کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دامه‌زراندن وه‌ ڕو‌خانی ده‌وڵه‌تی سۆڤیێت زیانی به‌ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازی کورد وه‌ هه‌ستی کوردایه‌تی گه‌یاند

Monday, 01/07/2013, 12:00




لێره‌دا باس له‌وه‌ نیه‌ که‌ ئایا لینین که‌سێکی ڕزگارکار و خۆبه‌خت بووه‌ له‌ پێناوی چینی چه‌وساوه‌ یان به‌کرێگیراوێکی قه‌یسه‌ری ئه‌ڵمانیا ولیالهێلم ی دووه‌م بووه‌.
نامه‌وێ باسی پیرۆزی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر بکه‌م وه‌ نه‌ ده‌شمه‌وێ باس له‌و کاره‌ساتانه‌ بکه‌م که‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م دانیشتووی ڕو...سیا هات له‌ ئه‌نجامی شۆڕشه‌که‌.نه‌ هه‌‌ڵی ده‌سه‌نگێنم که‌ کووشتنه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌که‌ی خێزانی قه‌یسه‌ری ڕۆمانۆفه‌کان کارێکی شۆڕشگێڕانه‌ بووه‌ یان تاوانێک دژ به‌ مرۆڤایه‌تی.
هه‌وڵ ده‌ده‌م ته‌نها کاریگه‌ری ده‌وڵه‌تی سۆڤیێت بۆ سه‌ر کورد شیبکه‌مه‌وه‌، جا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ چه‌ند بابه‌تێک بپه‌ڕێنم وه‌ نه‌درکێنم، وه‌ک باس کردن له‌ که‌سایه‌تی لینین یان ڕه‌وایی حوکمی ستالین، چونکه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌ به‌ دێرێک ، وتارێک یان کتابێک وه‌ ده‌ و هه‌زاردانه‌ش کۆتایی نایه‌، وه‌ک مه‌سه‌له‌که‌ی مریشک زووتر هه‌بووه‌ یان هێلکه‌. ـ
به‌ڵام هیچ کاتێک لینین تاکه‌ میراتگری مارکس و ئینگیلز نه‌بووه‌، وه‌ لینیزم زۆر جیاوازه‌ له‌ مارکسیزم، هه‌روه‌ها ستالینش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک خه‌لیفه‌ی ئایدیۆلۆجی لینین نیه‌ وه‌ له‌بواری فکریه‌وه‌ زۆر جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی، هه‌روه‌ها سۆڤیێت ئه‌نجامێکی حه‌تمی فه‌لسه‌فه‌ی مارکس نه‌بوو به‌ڵکو هه‌وڵدانێک بوو بۆ به‌کارهێنان و سوود وه‌رگرتن له‌چه‌نده‌ها بیرۆکه‌ی مارکس و ئینگلز، جا گه‌یشتنم به‌م باوه‌ڕه‌ی که‌ له‌م چه‌ند دێره‌دا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌، بوو به‌ردی بناخه‌ی نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌

*
دوای ڕوخاندنی ئیمپڕاتۆری عو‌سمانی له‌ جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی، هێزی هاوپه‌یمانه‌کان نه‌خشه‌ی جیهانیان گۆڕی، به‌ ناوی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ سنووری نوێ بۆ وڵاتان کێشرا، هێزی هاوپه‌یمانه‌کان وڵاته‌ دۆڕاوه‌کانی شه‌ڕیان ڕووبه‌ڕووی خۆیان دانا و چه‌نده‌ها مه‌رجیان به‌سه‌ردا سه‌پاندن، هه‌ر له‌م کاته‌وه‌ ناوه‌ڕۆکی ئیمپریالیزم وه‌ک هێزکی چه‌وسێنه‌ری سه‌رتاسه‌ری په‌ره‌ی سه‌ند و توانیان چاره‌نووسی گه‌ل و وڵاته‌کانی جیهانیان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان دیاری بکه‌ن.
شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری ڕووسیاش دڕکێک بوو به‌به‌رده‌وام له‌چاوی هێزه‌زله‌کان ده‌چه‌قی و ترسیشی له‌ ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا نابۆوه‌،
تورک که‌ دوژمنی ته‌قلیدی نه‌ته‌وه‌ی کوردن هه‌ڵو مه‌رجه‌که‌یان بۆخۆیان قۆزته‌وه‌ وه‌ له‌سه‌ر دوو په‌ت یاریان ده‌کرد جارێک پشتیوانی ڕۆژئاوایان ده‌کرد وه‌ ناوبه‌ناویش له‌په‌ناوه‌ لایه‌نگیری خۆیان بۆ سۆڤیێت نیشان ده‌دا.
به‌هۆی هه‌ڵکه‌وتنی شوێنی وڵاته‌که‌شیان ستراتیجیه‌یه‌کی تایبه‌تیان هه‌بوو، پێیزاندرا که‌ ده‌تواندرێ تورکیا بۆ به‌ربه‌ره‌کانی سۆڤێت قیتبکرێته‌وه‌ ده‌وڵه‌تێکی ڕه‌گه‌زپه‌رستی تورکی له‌سه‌ر حسابی چه‌نده‌ها میله‌تی وه‌ک کورد، ئه‌رمه‌ن و عاره‌ب به‌ناوی تورکیا دامه‌زێندرا.
هه‌ربۆیه‌ش ده‌وڵه‌تی تورکیا بواری پێدرا که‌ به‌م قه‌باره‌یه‌ی ئیمڕۆی وه‌ وه‌ک پاشه‌گره‌ی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی، دابمه‌زرێ
ته‌نها ناونانی وڵاته‌که‌ش به‌ تورکیا خۆی له‌ خۆیدا باڵاده‌ستی میله‌تی تورکی له‌م ناوچه‌یه‌دا لێده‌که‌ووته‌وه‌،وه‌ بوو به‌هۆی کزردنی هویه‌ی کوردایه‌تی کورده‌کانی دانیشتووی تورکیا، به‌شه‌ گه‌وره‌که‌ی کوردستانیش به‌رناوچه‌که‌ خرا.

ئه‌و کاته‌ش‌ وڵاتی سۆڤیێت تازه‌ پێکهێنرابوو وه‌ سه‌رکرده‌کانیان سه‌رقاڵی خۆ پته‌و کردن و جێگا قایم کردن بوون، هه‌ربۆیه‌ش نه‌یانتوانی کاریگه‌ر بن له‌ کۆبونه‌وه‌کانی سویسرا، به‌ به‌شدارنه‌بوونی ڕوسیا وه‌ک هێزکی گرینگی به‌توانا له‌ کۆبونه‌وه‌کان هاوکێشی سیاسی ئالۆزکرد،
.
ڕۆڵی سۆڤیێت له‌ داڕشتنی بڕیاره‌کان زۆر لاواز بوو، که‌هه‌رچه‌ند له‌ ئایدۆلۆجیه‌ی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد و کوردستان هیچ بایه‌خێکی پێنه‌درابوو، به‌ڵام بێشکه‌ که‌ ئه‌گه‌ر سۆڤیێت توانای بڕیاردانی هه‌بووبا، هه‌تا ئه‌گه‌ر سۆڤیێت کوردیشی به‌هه‌ند نه‌زانیبا ، یان ئه‌گه‌ر ڕووسیای قه‌یسه‌ری له‌ناو نه‌بردرابا وه‌ هه‌تا ئه‌گه‌ر وه‌ک دۆڕاوی شه‌ڕیش له‌سه‌ر مێز داندرابا، ئه‌وا ئه‌وکاته‌ مه‌سه‌له‌کان به‌جۆرێکی دی پلان ده‌کران، جا هه‌رچۆنێکیش پلانکرابا هه‌ر له‌پلانی دابه‌شکردنی کوردستان باشتر ده‌بوو.

**

حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیێت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ خۆی به‌ به‌رگیلێکه‌ری مافی چینی چه‌وساوه‌ ناساند، وه‌ لێره‌دا ته‌نها باسی چین ده‌کرا، که‌ له‌ده‌وڵه‌تێکی وه‌ک ڕووسیای ئه‌وکاته‌ به‌پاڵ چینی کرێکاری جولێنه‌ر و سووته‌مه‌نی شۆڕی کۆمۆنیسیزم چینی جووتیار له‌ ڕێڕه‌وه‌ مێژووییه‌که‌یه‌وه‌ نه‌چووبووه‌ پێش و ته‌مسیلی ڕه‌وشتی ده‌ربه‌گایه‌تی ده‌کرد، هه‌ربۆیه‌ش سه‌رکرده‌کانی سۆڤیێت ناچار بوون که‌ جووتیاریش وه‌ک چینێکی جولێنه‌ر دابنێن، که‌ ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ بیری مارکس له‌ بواره‌ فه‌لسه‌فیه‌که‌یه‌وه‌ یه‌کتر ناگرێته‌وه‌، وه‌ ئه‌م گونجاندنی به‌رنامه‌یه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ژماره‌ی جووتیار و کرێکاری ڕووس، ڕه‌نگی دایه‌وه‌ ناو بیرۆکه‌ی شۆڕه‌که‌ وه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ ئامانجی سه‌پاندنی بیروڕا ده‌وڵه‌ته‌که‌ په‌نای برده‌ به‌ر توند و تیژی و ستالینیش نه‌تیجه‌که‌ی بوو.
حیزبه‌ کوردیه‌کانیش له‌وکاته‌دا ئه‌زمونێکی ئه‌وتۆیان نه‌بوو له‌ درووست کردن و نووسینی په‌یڕه‌وپڕۆگرامی حیزبی، په‌یامه‌کانی حیزبی کۆمه‌نیستی سۆڤیێت ده‌رباره‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و یه‌کسانی و ئازادی، کاری له‌ گه‌له‌کانی ده‌وڵه‌ته‌ ژێرده‌سته‌کان کردبوو، هه‌ربۆیه‌ش ته‌واوی ئه‌و حیزبانه‌ی که‌ له‌ سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ داگیرکراوه‌که‌ی کوردستان دامه‌زران، کۆپیه‌کی ده‌قاو ده‌ق یان نیمچه‌ کۆپیه‌کی حیزبی کۆمه‌نیستی سۆڤیێت بوو، وه‌ هه‌رهه‌مان شێوازه‌ هه‌ره‌میه‌که‌ی هه‌بوو له‌ داڕشتنی سه‌رکرده‌ و کادیری حیزبی، وه‌ تا ئیمڕۆش نه‌تواندراوه‌ حیزبێکی کوردی له‌سه‌ر بنیاتی بیری ئازاد و ڕێزگرتن له‌ که‌سایه‌تی کادیر، دابمه‌زرێ، وه‌ له‌ جیاتی ستالینێک له‌هه‌ر حیزبێک ستالینێکمان بۆ درووست ده‌بوو، وه‌ تا ئیمڕۆی ئیمڕۆشمان پێوه‌ی ده‌ناڵێنین.

* * *

ئایدیۆلۆجی کۆمۆنیست هه‌ر زوو له‌ وڵاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ به‌رفراوانی بڵاو بۆوه‌، حیزبی کۆمۆنیست له‌م وڵاتانه‌ به‌ پشتیوانی برا گه‌وره‌ سۆڤیێت درووست کرا، ئه‌ندامه‌کانی ئه‌م حیزبانه‌ که‌سانی ڕۆشه‌نبیر و گۆڕانخواز بوون، هه‌وڵیان ده‌دا له‌ ڕێگای ڕێکخستنه‌کانیانه‌وه‌ کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ن، بابه‌تی زانیاری ئه‌وسه‌رده‌مه‌ ده‌خرا ڕوو، بۆ یه‌که‌م جار له‌ مێژووی ئه‌م وڵاتانه‌ باس له‌ یه‌کسانی ژن و پیاو کرا، له‌ هاوتایی چینایه‌تی ده‌کۆڵدرایه‌وه‌، مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌کان ده‌کرا به‌ بابه‌تی حیزبه‌کان، به‌س به‌داخه‌وه‌ ئه‌وکاته‌ ئه‌و حیزبانه‌ گرینگیان به‌ مه‌سه‌له‌ی کورد له‌ چوارچێوه‌ی وڵاته‌ داگیرکه‌ره‌کانی کورده‌وه‌ ده‌دا،
ئه‌ندامی ئه‌و حیزبانه‌ ئه‌رکێکی زۆریان به‌سه‌ر شانه‌وه‌ بوو، به‌پاڵ به‌ربه‌ره‌کی کردنی‌ کۆنه‌ په‌رستی و ده‌ربه‌گی، وه‌ خه‌باتی ڕۆژانه‌، ده‌بووایه‌ به‌ سۆڤیێت هه‌ڵبڵێن و پاکانه‌ بۆ هه‌موو پۆخڵه‌واتی ده‌وڵه‌ته‌که‌ بکه‌ن، چونکه‌ ڕاستی درووستی بیروڕایان خۆی له‌ ده‌وڵه‌تێکی نیمچه‌ (به‌هه‌شت) اوی وه‌ک سۆڤیێت ده‌دۆزیه‌وه‌، وه‌ هه‌وڵدانی حیزبه‌کانیش گه‌یشتن بوو به‌ ئامانجه‌ به‌رزه‌کان که‌ نموونه‌ باڵاکه‌ی سۆڤیێت بوو، ده‌بووایه‌ هه‌وڵ بده‌ن بۆ خه‌ڵکی بسه‌لمێنن که‌ سۆڤیێت له‌ هه‌موو ڕوێکه‌وه‌ له‌ ده‌وڵه‌ته‌ سه‌رمایه‌داریه‌کان باشتره‌، له‌سه‌ره‌تادا میدیاکان به‌ربڵاو نه‌بوون وه‌ که‌س نه‌یده‌زانی له‌ ڕوسیا یان فه‌ره‌نسا چ باسه‌ و خه‌ڵک چۆن ده‌ژیه‌ن، به‌ڵام دوای پێشکه‌ووتنی ته‌کنیک خه‌ڵک چاوی کرایه‌وه‌ و کۆمه‌نیسته‌کان به‌ره‌و ڕوی گیروگرفتی وڵاته‌ سۆسیالیسته‌کان ده‌کرانه‌وه‌، به‌م جۆره‌ که‌سانێکی ڕۆشه‌نبیری زۆر له‌ ئه‌نجامی دژبه‌دژه‌ی فیکریه‌وه‌ وازیان له‌ حیزب هێننا ، ته‌نانه‌ت چه‌نده‌ها که‌سی دیار تووشی فه‌وزه‌ویه‌ت و عه‌به‌سیه‌ت بوون، که‌ هه‌روه‌ک که‌سانی ناوداری جیهانی که‌ کۆمه‌نیستی خه‌ست بوون به‌ڵام به‌هۆی ڕه‌فتاره‌کانی ستالیه‌وه‌ خۆیان له‌ باوه‌شی عه‌به‌سیه‌تدا دۆزیه‌وه‌، وه‌ک سیمۆن دیبۆڤوار، سارتێر، ئه‌لبێر کامیو و بیاجییێ .
جا به‌شێکی سه‌ره‌کی ئه‌ندامی حیزبه‌ کۆمه‌نیسته‌کانیش کوردی خۆمان بوون، وه‌ که‌سانی کوردپه‌روه‌ر و کوردستان دۆست بوون، به‌ڵام له‌ ڕوانگه‌ی ئایدیۆلۆجی حیزبه‌که‌یانه‌وه‌ نه‌یانده‌توانی خزمه‌تێکی ئه‌وتۆ به‌ گه‌له‌که‌مان بگه‌یه‌نن، چونکه‌ حیزبه‌ کۆمه‌نیسته‌کانی ناوچه‌کانمان به‌ڕاسته‌وخۆ له‌ مۆسکۆوه‌ ئاڕاسته‌ی سیاسیان بۆ دیاری ده‌کرا، وه‌ سیاسه‌تی مۆسکۆش زۆرجار به‌لای حکومه‌ته‌ مه‌رکه‌زیه‌کان ده‌شکایه‌وه‌ حزبی شیوعی ئه‌م وڵاتانه‌ش پاڵده‌دران چاو له‌مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد بپۆشن و هاوپه‌یمانی حکومه‌ته‌ فاشیه‌کانی عێراق، ئێران یان سووریا بکه‌ن، حزبی کۆمه‌نیستی ئه‌م وڵاتانه‌ به‌ ئه‌ندامه‌ کورده‌کانیانه‌وه‌ به‌به‌رده‌وام مساوه‌مه‌ی پێده‌کرا به‌م جۆره‌ مۆسکۆ ده‌رامه‌تێکی گرینگی له‌م وڵاتانه‌وه‌ ده‌ستده‌که‌ووت،

ئه‌وکاته‌ی که‌ له‌شکری هیتله‌ر ستالینگرادی داگیرکردبوو، ستالین هاته‌ سه‌ر مایکرۆفۆن و داوای له‌هه‌موو ڕوسێک کرد که‌ پارێزگاری له‌ وڵاته‌که‌یان بکه‌ن، به‌ شان و باڵی پیته‌ری گه‌وره‌ی هه‌ڵده‌دا له‌ گۆڕ زیندکردوه‌ و که‌ هه‌ر ستالین و هاوڕێکانیشی نه‌وه‌کانیان کوشتبوون، ستالین به‌جۆرێک باسی گه‌لی ڕوس و ڕه‌سه‌نیه‌ته‌که‌ی ده‌کرد که‌ هیچ جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بوو له‌گه‌ڵ په‌یامه‌کانی نازیه‌کان، بۆ که‌سی ستالین ئه‌م ڕوسی په‌رستیه‌ ، که‌ که‌سی خۆشی ڕوسیش نه‌بوو، به‌شتێکی ئاسایی له‌ لایه‌ن حزبه‌ کۆمه‌نیسته‌کان له‌قه‌ڵه‌م درا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کوردێک باسی میله‌ته‌که‌ی کردبا به‌ دواکه‌ووتوو و ده‌ربه‌گ و نه‌فامیان ناوده‌برد، جا بانێک و دوو هه‌واکه‌ به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌ کورده‌کانیش شکایه‌وه‌و دووبه‌ره‌کی درووست کرد،‌ ڕێڕه‌وێکی ئاشکراو ڕونیش نه‌بوو ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌ هه‌موو شوعیه‌کانی کورد خه‌می کوردیان له‌دڵی خۆیان هه‌ڵده‌گرت و نه‌یانده‌توانی بیدرکێنن، وه‌ ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کی زۆری لێکه‌ووته‌وه‌
ئه‌گه‌ر بێتوو حیزبی کۆمه‌نیستی وڵاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌ر به‌ سۆڤیێت نه‌بووبان و به‌ شێوه‌یه‌کی ئاسایی وه‌ک حیزبه‌ چه‌پڕه‌وه‌کانی ڕۆژئاوا درووست بووبان، ئه‌وا ئه‌ندامه‌ ڕۆشه‌نبیره‌ کورده‌کان زۆر زووتر له‌ کێشه‌ی کورد ده‌گه‌یشتن، جا لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێ که‌ ده‌وڵه‌تی سۆڤیێت چۆن به‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ خراپی شکایه‌وه

* * * *

کۆتایی ساڵی هه‌فتاکان به‌عس که‌ووته‌ به‌ربه‌ره‌کانی کردنی حیزبی شیوعی و چه‌نده‌ها ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی گرینگی له‌سێداره‌دا، ئه‌وبوو حزبه‌که‌ ده‌ستی کرد به‌خه‌باتی چه‌کداری و چووه‌ شاخ، که‌ له‌و کاته‌دا جوانترین وه‌ پیرۆزترین جۆری خه‌بات بوو ، دواییش حکومه‌تی ئیسلامی ئێرانیش له‌ ڕێکه‌وتنه‌کانی له‌گه‌ڵ حیزبی تودا پاشگه‌ز بۆوه‌ و حیزبه‌که‌ دابه‌ش دابه‌ش بوو وه‌ چه‌نده‌ها به‌ره‌ی چه‌پڕه‌ووی لێدرووست بوو، به‌شێکی ئه‌م حیزبانه‌ش هاتنه‌ شاخه‌کانی کوردستان، له‌ تورکیاش حیزبی چه‌پڕه‌وی کوردپه‌روه‌ر درووست بوو گێرێلاشیان لێهه‌ڵکه‌ووت،ده‌توانین بڵێین که‌ له‌ کۆتایی ساڵی هه‌شتاکان حیزبه‌ کۆمه‌نیست و چه‌پڕه‌وه‌کانی ناوچه‌که‌ زۆر به‌ واقیعیانه‌ توانیان له‌ کێشه‌ی کورد بگه‌ن و هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنیان ده‌دا، ئه‌ندامه‌ کورده‌کانیان توانیان ده‌رده‌ که‌پکراوه‌که‌ی دڵیان ئاشکرا بکه‌ن وخۆیان به‌ کورد داده‌نا پێش ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ کۆمه‌نیست بزانن، درووست له‌وکاته‌دا سۆڤیت له‌ کزی دابوو، که‌ ده‌وڵه‌ته‌کش ڕوخێندرا که‌سانێکی زۆری حیزبه‌ کۆمه‌نیسته‌کان تووشی سه‌رگه‌ردانی بوون، هه‌ندێکیان ڕایان کرد بۆ وڵاته‌کانی ڕۆژئاوای سه‌رمایه‌داری و ده‌ستیان کرد به‌ نووسیه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کانیان، هه‌ندکیشیان گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر بیروباوه‌ڕی دایک و باوکیان و شه‌رمیان به‌ مێژوه‌که‌ی خۆیان بوو، ته‌نانه‌ت که‌سی هه‌ره‌ سه‌روه‌ی هه‌ره‌می حیزبه‌که‌، که کاتیخۆی جلی کوردی به‌ نیشانه‌ی ده‌ربه‌گایه‌تی ده‌زانی، دوای ڕاپه‌ڕینه‌ به‌ کڵاو و جه‌مده‌انی و که‌ڵاشی پێیه‌وه‌ باسی له‌ کرێکاری چه‌ووساوه‌ ده‌کرد، که‌هه‌رچه‌ند به‌ ڕانکوچۆخه‌ڵه‌وه‌ گونجاو تر بوو ئه‌گه‌ر سوڵحی عه‌شایری بکردبا وه‌ نه‌ک به‌ گڤه‌ی شه‌رواڵی ده‌ربه‌گایه‌تیه‌وه باسی فیکر و ئایدیۆلۆجیا بکردبا‌، جا ئه‌مه‌ ته‌ناقوزه‌ش له‌ ئه‌نجامی ڕوخانی سۆڤیێت بوو،وه‌ به‌ ئه‌زمه‌یه‌کی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کوردستان،به‌ڵام چه‌ند که‌سێکی لێهاتووی خۆڕاگر توانیان خۆیان نه‌دۆڕێنن و له‌سه‌ر باوه‌ڕی خۆیان مانه‌وه‌ و دواییش چه‌ند حیزبێکی کۆمه‌نیستی کوردی درووست بوو.
جا بۆیه‌ دامه‌زراندن وه‌ ڕو‌خانی ده‌وڵه‌تی سۆڤیێت زیانی به‌ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازی کورد وه‌ هه‌ستی کوردایه‌تی گه‌یاند



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە