کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌یه‌وێت به‌ نیو بودجه‌ که‌تنه‌که‌ی نێچیری برازای داپۆشێت

Thursday, 08/04/2010, 12:00


ئه‌گه‌ر بێت و به‌ شێوه‌یه‌کی ساکارو ساوێلکه‌ییانه‌ یا وه‌خود وه‌کو حزبیه‌کی ده‌روێشانه‌ی گه‌مژه‌ ، بڕاوانینه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و نیو بودجه‌یه‌ی حزبه‌کان، ده‌ستبه‌جێ ده‌بێت ده‌ستبکه‌ین به‌ چه‌پڵه‌ ڕێزان بۆ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌مای ووشترانه‌شی بۆ بکه‌ین، له وه‌ی که‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکێکی به‌ ویژدان و ماف په‌روه‌رو دیموکراسیه. ‌
به‌ڵام ئایا له‌ ڕاستیه‌که‌یدا مه‌سعود بارزانی ئه‌و سه‌رۆکه‌ دیموکراسیه‌و به‌ ویژدانه‌یه‌ که‌ هیچ جیاوازیه‌ک ناکات و به‌یه‌ک چاویش سه‌یری هه‌موان ده‌کات؟ بێ گومان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر له‌م جۆره‌ سه‌رۆکانه‌ نیه‌ که‌ بتوانێت له‌ قاڵبی سه‌رۆکایه‌تی بنه‌ماڵه‌که‌یی و سه‌رۆکایه‌تی پارتی ده‌رچێت. جه‌نابی مه‌سعود بارزانی دڵنیابه‌ ناتوانیت خۆڵ بکه‌یته‌ چاومان و له‌ خشته‌مان به‌ریت...کاک مه‌سعود بارزانی هه‌ر ئه‌و پارتیه‌ی که‌ تا ئێستا تۆ سه‌رۆکایه‌تی ده‌که‌یت، دوێنی بوو ئه‌م پارتیه‌ له‌ ناوچه‌ی بادینان چه‌ندین که‌سی شه‌هید کرد ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ده‌یانویست شتێکی جیاواز بن له‌ پارتی، هه‌ر هه‌مان پارتی جه‌نابیشت بوو که‌ هێرشی کرده‌ سه‌ر باره‌گای حزب و لایه‌نه‌کان و سه‌ه‌کرده‌و کادێره‌کانیان له‌ ناو باوه‌شی ماڵ و مناڵه‌کانیان شه‌هید کردن. ئه‌ی ئه‌وه‌ پاراستنه‌که‌ی جه‌نابتان نه‌بوو به‌شێکی له‌ مه‌کته‌ب سیاسی زه‌حمه‌تکێشان کرده‌ مه‌سینه‌ هه‌ڵگرو پاشانیش داتانبڕاندن؟. مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و پارتییه‌ی جه‌نابتان نیه‌ که‌ تا ئێستاش له‌ زیندانه‌کانی ئاکرێ که‌ به‌ زیندانه‌کانی سه‌دام مه‌شووره به‌ ده‌یان و سه‌دان له‌ پیرو گه‌نج و خه‌ڵکی کوردستانتان تیا ئاخنیوه‌و ڕۆژانه‌ش سوکایه‌تی به‌ که‌رامه‌تی مرۆڤانه‌و ڕه‌وشتیان ده‌که‌ن و هه‌رچی مافی مرۆڤانه‌شیان هه‌یه‌ پێشێلی ده‌که‌ن ته‌نها له‌سه‌ر تاوانی دژ به‌ پارتی بوون. یان ڕه‌خنه‌یان له‌ پارتی گرتوه‌. جا ئێستا جه‌نابی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌ته‌وێت به‌ نیو بودجه‌ دیموکراسیه‌تی خۆت و پارتییه‌که‌تمان پێبفرۆشیت؟!!.
سه‌رۆکی هه‌رێم کاک مه‌سعود بارزانی ئه‌گه‌ر ئێوه‌ هێنده‌ به‌ په‌رۆش و به‌ ویژدان و ڕاستگۆن له‌سه‌ر نان نه‌بڕینی خه‌ڵک و بودجه‌ی حزبه‌کان، ئه‌وا ده‌مێکه‌ ده‌بوایه‌ بودجه‌ی حزبه‌کان به‌ یاسا بکه‌ن له‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی که‌س نه‌توانێت ده‌سکاری نان و قوتی خه‌ڵکی کوردستان بکات. له‌ ده‌ورانی کابینه‌کانی برازاکه‌ت بوو که‌ بودجه‌ی حزبی زه‌حمه‌تکێشانتان بڕی و داتان به‌و قه‌زه‌مانه‌ی که‌ خۆتان داتان بڕاندبوون، هه‌ر له‌و ده‌ورانیش بوو به‌ ده‌یان و سه‌دان خه‌ڵکی کوردستان له‌ سه‌ر بیرو باوه‌ڕی جیاواز نان بڕاو کران. به‌ڵام کاک مه‌سعود بارزانی ئێوه‌ وه‌کوو سه‌رۆکی هه‌رێم خۆتان له‌م مه‌سه‌له‌ی بودجه‌ بڕین و نان بڕینی خه‌ڵک کرد به‌ که‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت،وورته‌تان له‌ده‌م نه‌هاته‌ ده‌ر. بۆ ئه‌و نیو بودجه‌یه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بوایه‌ هه‌ر له‌ یه‌که‌م کات وساتدا له‌ شوێنی خۆیدا ده‌بوایه‌ قسه‌ بکه‌یت و ڕێگری بکه‌یت، نه‌وه‌ک چاوه‌ڕوان بکه‌یت بۆ زانینی قه‌باره‌ی کاردانه‌وه‌ سیاسییه‌ ناوخۆییه‌کانی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌و که‌تن و پۆت شکاندنه‌ی نێچیری برازات کردی له‌ چوونی بۆ تورکیا. کاتێک که‌ بینیتان پرته‌و بۆڵه‌و ڕه‌خنه‌ گرتن ده‌ستی پێکرد له‌سه‌ر نێچیرڤانی برازات، خێرا هه‌ڵسای به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌م نیو بودجه‌یه‌، بۆ بێ ده‌نگکردنی ڕه‌خنه‌کان و ده‌مچه‌ورکردنی ڕه‌خنه‌گره‌کان..لێره‌دا من ئه‌وه‌ ده‌ڵێم هه‌ر یه‌کێک له‌و حزبانه‌ی که‌ نیو بودجه‌کایان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ گه‌ر بێت و به‌و نیو بودجه‌یه‌ بێده‌نگ بن، وه‌ داوای دادگایی کردن و ته‌ئدیب کردنی نێچیرڤان بارزانی نه‌که‌ن له‌سه‌ر ئه‌م که‌تن و سووکایه‌تیه کردنه‌ی به‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ به‌ خوێن و فرمێسک و کیماباران و ئه‌نفاله‌کانی سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ دروست بووه. ئه‌وا هیچ جیاوازیه‌ک نامێنێت له‌ نێوان ئه‌و فه‌وجه‌ سووکانه‌ی که‌ جاشایه‌تیان به‌ پاره‌ بۆ سه‌دام و حزبی به‌عس ده‌کرد. چونکه‌ به‌ پاره‌ بێ ده‌نگ بوون له‌ ئاستی چه‌وتیدا و به‌رگری نه‌کردن له‌ ڕاستی، له‌ هه‌مو کات و ساتێکدا هه‌ر جاشایه‌تیه‌، چا به‌ پاره‌ی ده‌ره‌کی بێت یان ناوخۆیی. بێ ده‌نگ بوون له‌سه‌ر ئه‌وکاره‌ی نێچیرڤان بارزانی، مانای ڕازی بوونه‌ له‌سه‌ر فراوانکردن و گه‌شه‌ پێدانی دیکاتۆریه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی. لێره‌دا پرسیارێکی تریش له‌ سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌م کاک مه‌سعود بارزانی ئه‌گه‌ر ئێستا هاتباو که‌سێکی تر له‌ شوێنی نێچیرڤانی برازاکه‌ت بوایه‌ چ کاردانه‌وه‌یه‌کت ده‌بوو له به‌رامبه‌ریدا؟ خوانه‌خواسته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ هاتباو یه‌کیه‌تیش بوایه‌؟. به‌بێ گومان کاردانه‌وه‌ی زۆر توندت ده‌بوو،وه‌ هه‌رچی یاساو ڕێساو هێزی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌شت هه‌یه‌ به‌کار ده‌هێنا بۆ لێپێچینه‌وه‌و دادگاییکردنی ، به‌ڵام عه‌جه‌به‌ن ئێستا له به‌رامبه‌ر نێچیرڤانی برازاکه‌ت هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی ئه‌و تۆت نیه‌؟ خۆ ئه‌گه‌ر نێچیرڤانی برازات به‌م که‌تنه‌ی جارێک بێ ڕیزی به‌ سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیران کردبێت له‌ پرس پێنه‌کردنی، ئه‌وا سێ جار بێ ڕیزی به‌ جه‌نابتکردوه‌، جارێکیان وه‌کو سه‌رۆکی هه‌رێم ،جاری دووه‌م وه‌کو سه‌رۆکی پارتی، جاری سێیه‌میش وه‌کو مامی. که‌چی به‌لاتان ئاساییه‌ و خۆشتان له‌ خشته‌ نابه‌ن.بۆیه‌ لێره‌دا ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی بڕوایان وا نه‌بێت که‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ی برازاکه‌ت بۆتورکیا پلانی نێو خودی بنه‌ماڵه‌که‌تان بووه‌. ئه‌وا ئه‌م که‌س و لایه‌نانه‌ نه‌فام و گه‌مژه‌ی سیاسین. ئه‌گه‌ر بێت و کارێکی له‌م جۆره‌ ڕوبدات له‌ هه‌ر وڵاتێک که‌ تۆزێک خۆی به‌ دیموکراسی بزانێت، سه‌رۆکه‌که‌ی ده‌ستبه‌جێ ئیستیقاله‌ ده‌کات.... جه‌نابی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێم ئێستا که‌سایه‌تیت و مسداقیه‌تت له‌ ڕاستگۆیی وڕیزگرتنت له‌ خه‌باتی میلله‌ت و خوێنی شه‌هیدان و پارێزگاریکردنت له‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ڕیزگرتنت له‌ یاسا له‌به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی چاره‌نووسازو گه‌وره‌ دایه‌. گه‌ر خۆت به‌سه‌رۆکی ئه‌و میلله‌ته‌ به‌ بێ جیاوازی ده‌زانیت ده‌بێت بۆمانی بسه‌لمێنی به‌ دادگاییکردنی نێچێرڤانی برازاکه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌و بێ ڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات کردویه‌تی.گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیشت به‌سه‌ر برازاکه‌تدا ناشکێت ئه‌وا ئیستیقاله‌که‌ت بده‌. له‌م دوو ڕێگایه‌ش زیاتر نیه‌.ئاکامی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م دوو ڕێگایه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ تا ئێستا به‌ سه‌رۆکت ده‌زانن، ئه‌وانیش ده‌گه‌ن به‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ جه‌نابتان شایه‌نی ئه‌و پۆسته‌ نین، وه‌ ناشتوانن غه‌ل و غه‌ش له‌ به‌ڕێوه‌بردنی نه‌که‌ن. ‌
‌جێی خۆیه‌تی لێره‌دا تێبینیه‌کیش بده‌م به‌ک کاک دکتۆر به‌رهه‌م ێالح ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، کاک به‌رهه‌م ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ هه‌یه‌ خۆت و هه‌موو لایه‌کیشمان، به‌ جه‌ماوه‌ری کوردستانیشه‌وه‌ ده‌زانین، له‌وه‌ی که‌ پارتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نایه‌وێت نه‌وه‌ک هه‌ر تۆ به‌ڵکو هه‌رکه‌سێکی تر له‌ یه‌کیه‌تی بێت بۆ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت، بگره‌ به‌ جه‌نابی مام جه‌لالیشه‌وه‌ لێناگه‌ڕێت حکومه‌تێکی سه‌رکه‌وتوو بێت. بۆیه‌ هیوادارم که‌ ئه‌م ڕاستیه‌ له‌ لاتان ببێت به‌ قه‌ناعه‌ت چیتر وه‌کو یه‌کیه‌تی و سه‌رکردایه‌تی یه‌کیه‌تی خۆتان فریو مه‌ده‌ن به‌وه‌ی پارتی لێده‌گه‌ڕێت حکومه‌تێکی به‌هێزو سه‌رکه‌وتوانه‌ له‌ لایه‌ن یه‌کیه‌تیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت. وه‌ داواکاریشم که‌ ئه‌گه‌ر هاتوو نێچیرڤان بارزانی لێپیچینه‌وه‌ی له‌ گه‌ڵ نه‌کرا له‌ به‌رده‌م دادگاو ته‌ئدیب نه‌کرا، بوێرانه‌ ئیستیقاله‌ بده‌، دڵنیاشبه‌ به‌ ئیستیقاله‌که‌ت یه‌کیه‌تی له‌م سوکایه‌تی پێکردنه‌ی پارتی ڕزگار ده‌که‌یت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە