تیرۆركردنى سەردەشت ده‌ست درێژییه‌ بۆ سه‌ر بیرو ڕاى ئازاد

Monday, 17/05/2010, 12:00


"سەردەشت"یشیان كوشت ، لەبەرئەوەى ڕازى نەبوو لەمەنجەڵى ئەوان دا بكوڵێ، لەبەرئەوەى زمانى لەسەرى خۆى دابوو ، لەسەرى ترەوە ئیلهامى وەرنەدەگرت ، لەبەرئەوەى دووكەلیمەقسەى كراوەى لەگەڵ سەرۆك دا كردبوو ، ئەو سەرۆكەى بەحساب لە پڕۆسەی بەناو دیموكراسیدا هەڵبژێردراوە ، سەرۆ كوژرا نەلەبەر ئەوەى خیانەتى لە ووڵات كردووە بۆتە داردەستى بەعس و توركیا، نەلەبەرئەوەى موعینى و مەلا ئاوارەى تەسلیم بە ڕژێمى ئێران كردۆتەوە ، نەلەبەرئەوەى شۆڕشى كوردى بە حەفتاهەزاردینارى سویسرى تواندۆتەوە، نەلەبەر ئەوەى سەروەت وسامانى میللەتى لە ناوگەڵى لەشفرۆشەكانى ئەوروپادا خەرجكردووە و دۆڕاندوویەتى ، نەلەبەرئەوەى كارەكتەرێكى دەست بەخوێن سوورى شەڕى ناوخۆ و بەرپرسیارى بەكووشتدانى زیاد لە 36 هەزار ڕۆڵەى ئەم میللەتە بووە ، لەبەر ئەوانە نەبوو چونكە ئەگەر سەرۆى ڕۆژنامەنووس پشكدار بوایە لەوانە ئەوا ئەمڕۆ دەزگایەكى ڕاگەیاندنى تایبەتیان بۆ دەكردەوە ، سكرتێرەیەكى ناسكۆڵى دامێن شل هەمیشە لەخزمەتیا دەبوو، ئەو لەبەر ئەوە تیرۆركرا كە كە دەیویست بەزمانى قەڵەم مەسعوود ووتەنى لەم پانتاییەى ئازادیى بیرو ڕادەربڕینەى جەنابى بۆى خوڵقاندووین ڕۆژنامەنووسێكى بوێر و ڕەخنەگرێكى درووستكەر بێت ، ئەو عەقڵیەتە خێڵەكیە بنەماڵەییەى لەپشت تیرۆركردنى سەردەشتەوەیە ، هەمان ئەو عەقڵیەتە داتەپیوەى پشت تیرۆركردنى سۆرانى مامەحمە و شیخ ستارە ، ئەم عەقڵیەتە دەیەوێ پێمان بڵێت ، لێپرسینەوە لە داهاتوو و چارەنووسى ووڵات ، ڕەخنەگرتن لە سەرۆك و حەرەمسەراكەى تاوانە، ئەیەوێت پێمان بڵیبَت سەرۆك خوایە ، ئێوە جگە لەپەرستن و ملحیزكردن بۆى ئەركێكى دیتان نیە ، بۆیە تیرۆرى "سەرۆ" تیرۆركردنى كەسایەتى مەعنەوى هەموو خوێندكارێكە ، لەقەڵەمخستنى هەموو ڕۆژنامەنووسێكە ، ئاماژەیەكى ئاشكرایە بۆ هەموو گەنجێكى یاخى لە قەباحەتى ژیانى سیاسیى ئەم ووڵاتە كە ئێرە ووڵاتى ئێوە نیە ، ئێرە ووڵاتى ئەوانەیە كە سەرى خۆیان دادەخەن و قەڵاقوپ دەكەن و ڕۆژوودەگرن لەقسە ، بۆیە لێرەوە داواخوازم لەهەموو ئەوانەى بەتەنگ ئازادى بیرووڕاوەن لەهەمبەر ئەم لاقەكردنەى بیروڕاى ئازاد بێهەڵوێست نەبن ، باخوێندكاران و ڕۆژنامەنووسان واز لە خوێندن بهێنن و لەبەردەم پەرلەمانە كڕكەوتوەكەى ئەم هەرێمە قوڕبەسەرە مانبگرن ، هەتا سەرۆكە بە ناو هەڵبژێردراوەكەمان وەڵامێكى جددى ئەم قەباحەتە دەداتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە