بۆچی هەولێر و کۆبانی و بەغدا هێڵی سوورە بۆ ئەمریکا؟
Monday, 27/10/2014, 12:00
هەروەك ئاشکرایە کاتێ داعش وویستی هەولێر داگیر بکا،ئەمریکا بەهەڵەداوان هات و دەستی کرد بە هێرشی ئاسمانی دژ بە داعش و سینگناڵێکی وای داگیرساند کە هەولێر نابێ داگیر بکرێ و هەموو هەوڵە سەربازیەکان خرانە ئامادەباشیەوە بۆ بەرەنگاری بوونەوەی چەتەکانی داعش.
دیارە هەمان سینارێۆ لە کۆبانیش ڕوویدا کاتێ مەترسی داعش زیاتر لەشارەکە نزیك بۆوە ، ئێدی ئەمریکا دەستی کرد بە وەشاندی گورزی سەربازی ئاسمانی و زەرەرو زیانێکی گەورەی لە هێزی سەربازی چەتەکان وەشاند و دواتریش، پردێکی ئاسمانی دروست کرد لەڕێگایەوە چەندین جۆری یارمەتی سەربازی و دەرمان و خۆراك بۆ کۆبانی فڕێدرانە خوارێ.
داعش دوای ئەمەش هەوڵی دا هێرش بۆ سەر بەغدا تووند بکاتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی زۆر شوێنی لە ڕۆژئاوای بەغدا و بەتایبەتی شاری ئەنبار کۆنترۆڵ کرد و پاشان پێشڕەوی کرد لەلای ئەبو غرێب کە تەنها ١٥ کیلۆمەتر لە بەغداوە دوورە، ئێدی ئەمریکا بەهەمان شێوە کەوتە بۆردومانکردنی هێزەکانی داعش و خاوکردنەوەیان بەمەبەستی ئەوەی هێزی سوپای عێراقی بتوانێ شکستیان پێبهێنن. کەواتە ئەبێ هۆکارێك هەبن بۆ ئەوەی ئەمریکا نەیەڵێ ئەم ٣ شارە بکەوێتە ژێر دەستی چەتەکانی داعش، ئاخۆ گرنگی ئەم ٣ شارە چیە بۆ ئەمریکا لەم کاتەدا ئا بەو شێوەیە بەرگری نیشان ئەداو یارمەتی سەربازی پێشکەش ئەکا؟
بەبڕوای بەندە هەریەك لەم ٣ شارە خاڵی وەرچەخانن و لەهەمان کاتیشدا کرۆکی هەموو گۆڕانکاریەکن لەناوچەکەدا. هەر گۆڕنکاریەکی سیاسی لەم ٣ شارەدا ڕووبدا،ئەوا هاوکێشەکان بەتەواوی گۆڕانکاریان بەسەردا دێ. بابزانین چۆن:
بەغدا: مێژووی بەغدا پێمان ئەڵێ؛ ئەوەی لێرە باڵا دەست بوە هەردەم توانیویەتی درێژە بە دەسەڵات بدا و هەژموون لەسەر ناوچەکانی تر دابنێ. مێژووی عەرەبی سوننە لەم شارەدا ئەگەر کەمینەیش بوبن،ئەوا ڕێگر نەبوە لەوەی خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهابن لە عێراقدا. هەربۆیە،عەرەبی شیعە بەهەر شێوەیەك بێ نایانەوێ دەەسەڵاتیان لە چنگ دەربێ. ئەوەتا لەدوای ئەوەی مەترسی داعش لەسەر بەغدا تۆخ بۆوە،ئێدی هێزەکانی ئێران،شیعەکان و سیستانی هەموو هێزو قورسایی خۆیان دەرخست و بەنیازن شەڕی مان و نەمان بکەن و نەیەڵن بەغدا بکەوێتەوە ژێر دەست عەرەبی سوننە.
هەولێر: لەدوای ٢٠٠٣ و بەرەو دوا کاتێ ئەمریکا عێراقی داگیرکرد و کۆتایی بە پارتی بەعس و سەدام هێنا، ووڵاتی تورکیا کەوتە چنینەوەی ئەو بەرهەمەی کەخۆی نەیچاندبوو. واتە، ئەمریکا کە لەڕێگای تورکیاوە ڕێگری لێکرا هێرش بەرێتە سەر بەغدا. ئەوا تورکیا کەوتە قەپاڵ لێگرتنی ئەو کەلاکە مردوەی کەناوی (عێراق)ە لەڕێگای پارتی و خودی مەسعودەوە. ئەم هەموو خێرو بێرەی کە تورکەکان چنگیان کەوت لە هەولێر بەتایبەتی دوای ئەوەی مەسعود و نێچیر کەوتنە دزینی نەوت و هەرچی داهاتەکەشی بوو خستیانە سەر سینیەکەی ئەردۆگان، ئێدی تورکیا بەتەواوی کۆنترۆڵی کوردستانی باشووری ئەکرد گەر بێتو هەولێر بکەوتایەتە دەست چەتەکانی داعش. بۆیە ئەمریکا لەمێژە بەتەمای ئەوەبوە کە ئەو دڕکە لەژێر پێی ئەردۆگان دەربینێ کە لە ٢٠٠٣ وە ئەیکردە بن پێی ئەمریکیەکان.
کۆبانی: کۆبانی جگە لەوەی کە خەڵکەکەی توانیان داستان و ئەفسانەی نوێ بخەنە بەر دیدی جیهان،لەهەمان کاتیشدا بوە سەرچاوەی نوێ بۆ هاوپەیمانی نوێ دژ بە تیرۆریستان. کێ هەیە نەزانێ کە کۆبانی تاکە شارێکە لە نمونەی بەرخودان و بەرگری سەرسەخت و جوامێرانە دژ بەچەتەکانی داعش. کێ هەیە نەزانێ ئەو قارەمانێتیە نرخی ئەوەندە گرانە کە ڕەنگە نەك ئەمریکا،بەڵکە هەموو ڕۆژئاوا و مرۆڤایەتی بیانەوێ هاڤاڵمەندێتی لەگەڵدا دروست بکا. هەر بۆیە ئەمریکا چاوی تەماحی لەسەریانەوەو بەشداری ئەو بەرگریکردنە ئەکا کە ئەوڕۆ زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە تۆماری ئەکەن. ئەمریکا ڕۆژ دوای ڕۆژ هەنگاو دوای هەنگاو لە تورك دوور ئەکەوێتەوەو لە کوردیش نزیك ئەبێتەوە. ئەمریکا وا تازە هەست بەوە ئەکا کە تورك هی ئەوە نین هاوڕێیەتی و هەڤاڵبەندێیان لەتەکدا دروست بێ.
پوختەی ئەم باسە لەوەدا چڕ ئەکەمەوە ، گەر بێتو بەغدا بکەوێتەوە دەست سوننەی عەرەب، ئەوا ئەمریکا نەك هەر شکستی سەربازی لەعێراق بەدەست هێنا، بەڵکە شکستی سیاسیش بەدەست دێنێ. لەبەرئەوەی نابێ عەرەبی کەمینەی سوننی بڕوخێنێ و بیەڵێ هەمان کەمینە بێنەوە سەر دەسەڵات.هەروەها ناکرێ هەولێر بکەوێ و کاریگەری تورك زیاتر ببێ و ڕەگ و ڕیشە زیاتر داکوتن. ئەگەر چی بەدەست مەسعود و بەخواستی ئەوبوایە،هەروەك چۆن شەنگالی ڕادەستی چەتەکانی داعش کرد، ئاوهاش بەنیاز بوو هەولێریش چۆڵ بکاو ڕادەستیانی بکا،لێ ئەمریکا نەیهێشت و پلانەکەی (ئۆردۆگان،مەسعود و داعش)سەری نەگرت و پووچەڵ کرایەوە. مەسعود بارزانی لەخۆڕا نەبوو ناوی هەولێری کرد بە (پایتەخی عەرەبی) و لەکاتی ووتوو وێژەی لەگەڵ عەرەبەکان هەردەم ئەڵێ(ێربیل) ئەگەر چی ئەربیل عەرەبی نیە،بەڵام مەسعود و پارتەکەی گەر بۆیان بلوێ لەمێژ بوە هەولێریان ئەدایە دەست داگیرکەران.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست