له ئۆپهراسوێنێکی بێوێنه‌دا دژبه "تیرۆرستان"، مه‌سرور بارزانی ده‌ستده‌گرێ به‌سه‌ر هه‌ندێک ته‌پاڵه‌ی مانگادا
Tuesday, 05/11/2013, 12:00
تێبینی: به‌ڵگه ته‌نها وێنه، ڤیدیۆ و دۆکیومێنتی کاغه‌ز نییه، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌مانه ده‌کرێ ساختهبکرێن، به‌ڵکو ده‌کرێ به‌ڵگه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌قلانی و لۆجیکیی بێ بۆ پشتڕاستکردنه‌وه یان به‌درۆخستنه‌وه‌ی هه‌واڵێک، زانیارییه‌ک یاخود پڕۆپاگه‌نده‌ی لایه‌نێک. که‌واته له سه‌ده‌ی ٢١ و ساڵی ٢٠١٣ دا، با گه‌نجان زیاتر بیر و هۆشی خۆیان بخه‌نه کار و خۆشباوه‌ڕ نه‌بن، باوه‌ڕ به هه‌مووشتێکی ئابڕووبه‌ر، ئاستنزم و گاڵته‌ئامێز نه‌که‌ن.
له به‌رواری ٣ی نۆڤێمبه‌ری ٢٠١٣ دا، ده‌زگای پارستنی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، که‌له ژێر ناوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستاندا خۆی ده‌ناسێنێ، له ڕیگه‌ی دوو وێنه و دوو ڤیدیۆوه، بێ ئاگاداریی هیچ ده‌زگا و لایه‌نێکی سه‌ربه‌خۆ، سایت و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیان به‌و هه‌واڵه ئاگادار کرده‌وه که گوایه هه‌وڵێکی تیرۆرستییان پوچه‌ڵکردۆته‌وه. گوایه هه‌وڵه‌که له‌ڕیگه‌ی پشتێنی بۆمبه‌وه بووه. پێش وردبوونه‌وه‌یه‌کی بێلایه‌نانه و سه‌ربه‌خۆیانه‌ی وێنه‌کان و سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌ی که ئه‌و به‌ناو بۆمبه زیاتر له ته‌پاڵه‌ی مانگا ده‌چو، تا بۆمب، پێویسته چه‌ند سه‌رنجێک سه‌باره‌ت به ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌کان بنووسرێن.
ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌کانی هه‌رێمی کردستان، به خۆبهسهربهخۆ و خۆبێلایهنزان و ده‌زگا حیزبییه‌کانه‌وه، ئه‌م جاره به شێوازێکی جیاواز له جاران هه‌واڵه‌که‌یان بڵاوکرده‌وه. ئه‌م ده‌زگایانه پیش‌تر ئه‌و جۆره هه‌واڵانه‌یان وا بڵاوده‌کرده‌وه، هه‌روه‌ک بڵێی شایه‌تحاڵی ڵێکۆڵینه‌وه و ڕووداوه‌کان بووبێتن (به‌داخه‌وه ته‌نانه‌ت ده‌زگای ئاوێنه‌ش که‌وته ئه‌و داوه‌وه)، به شێوازی پشتڕاستکردنه‌وه هه‌واڵه‌کانیان بڵاوده‌کرده‌وه. به‌ڵام ئه‌م جاره به گومانه‌وه و له ڕیگه‌ی که‌وانه‌ی چوکڵه‌یی ("هه‌واڵه‌که") و ڕێگه‌ی تری وه‌ک ده‌سته‌واژه‌ی ناڕاسته‌وخۆ (له‌سه‌ر زاری، به‌پێی فڵان، هه‌روه‌ک فڵان ده‌ڵێ، هتد) ئه‌م هه‌واڵه درۆ و دروستکراوه‌ی ده‌ستگای پاراستنیان بڵاوکرده‌وه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌کان شایه‌تحاڵی کرده‌ی ئه‌نجامدان و کرده‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و به‌ناو کرده تیرۆرستییه نه‌بوون، ئاسایی و یاساییه که یان هه‌واڵه‌که بڵاونه‌که‌نه‌وه، یانیش به‌شێوازێک بڵاوی بکه‌نه‌وه که ده‌لاله‌ت له پشتڕاستکردنه‌وه‌ی ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌که نه‌دا بۆ هه‌واڵه‌که. ئاخر دروست نییه، ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندن، بێ ئاگاداریی و ئاگابوون له کرده‌یه‌ک و بێ به‌شدارییکردن له لێکۆڵینه‌وه‌ی کرده‌که، خۆی بکاته پشتڕاستکه‌ره‌وه‌ی هه‌واڵه‌کان، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌زگایه متمانه‌ی خوێنه‌ران و ئه‌خلاقیاتی ڕۆژنامه‌گه‌ریی لهچاوبگرێتن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌کان هه‌وڵێکی باشیاندا بۆ گه‌یاندنی هه‌واڵه‌که وه‌ک خۆی، واته وه‌ک ده‌زگای پاراستن باسی لێوه‌ده‌کرد، به‌ڵام هێشتا ئه‌و شێوازه نوێیه به‌س نه‌بوو بۆ خۆڵنهکردنهچاوی خوێنه‌ری کورد. باشترین ڕێگه بۆ خۆدوورخستنه‌وه له پشتڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌واڵێک که شایه‌تحاڵی بێلایه‌ن و سه‌ربه‌خۆێ نه‌بێ، دوو ڕێگه‌یه: - یان ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌کان داوای زانیاریی ورد و ڕێگه‌پێدان بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ بکه‌ن له سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵه‌که - یانیش، جگه له‌و شێوازه‌ی که‌له سه‌ره‌وه باسمان لێوه‌كردن، له دوا پاراگرافی هه‌واڵه‌که‌دا پێویسته به ڕوونی بنووسن که ناتوانرێ ڕاستیی و دروستیی هه‌واڵه‌که پشتڕاست بکرێته‌وه. بێگومان، به شێوه‌یه‌ک که ڕووبه‌ڕووی کێشه‌ی یاسایی بنه‌ماڵه‌کان نه‌بنه‌وه.
بۆمبی پشتێنه‌یی چییه؟
پێش هه‌موو شتێک، بۆمب پێچراوهیهکه که توانای ته‌قینه‌وه‌ی هه‌یه. ته‌قینه‌وه جیاوازه له گڕگرتن. ئه‌و بوتڵه شوشانه‌ی که پڕده‌کرێ له کیرۆسین و له‌ڕێگه‌ی په‌ڕۆیه‌کی ئاگراوییه‌وه، وه‌ک بۆمب به‌کاردێ. ئه‌مانه بۆمب نیین، چونکه توانانی ته‌قینه‌وه‌یان نییه، به‌ڵکو که بوتڵه‌که ده‌شکێ و کیرۆسینهکه بڵاوده‌بێته‌وه، ته‌نها گڕدهگرێ، نا ته‌قێته‌وه. ته‌قینه‌وه واتا فشار. ته‌نها کاتێک پێچراوه‌یه‌ک ده‌کرێ پێی بووترێ بۆمب، که پێچراوه‌که به شێوه‌یه‌کی توندوتۆڵ داخراوبێ، تا پاڵه‌په‌ستۆ دروستبکا و جا ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆیه فشارێکی زۆر بێنێ بۆ پێچراوه‌که و بیته‌قێنێته‌وه. چه‌ندین جۆر که‌ره‌سه به‌کارده‌برێ بۆ پێچانه‌وه‌ی بۆمبێک، بۆ نموونه لووله‌ی ئاسن یان پلاستیکی به هێز، مه‌نجه‌ڵی هه‌ڵم و چه‌ندین که‌ره‌سه‌ی تری وه‌ک قاوغی گوله‌تۆپ. به‌ڵام ئه‌م فشاره‌ش، بێ به‌کاربردنی که‌ره‌سه‌ی تر، هیچ زیانێکی ئه‌وتۆی نابێ به‌ته‌نها ته‌قاندنه‌وه. هه‌ربۆیه تیرۆرستان ئه‌م پێچراوانه پڕده‌که‌ن له بزمار، برغوو، ساچمه، ورده ئاسنی تیژ، هتد. تا زۆرترین زیانی مرۆیی هه‌بێتن. بۆمبی پشتێنهییش به دوو جۆر پێچانه‌وه دروستده‌کرێ، جۆرێک له لوله‌ی ئاسن یان ئه‌له‌منیۆم و جۆرێکی تر، له پلێتی ئاسن. پاشان بزمار و برغو، هتد، ده‌پێچرێ له‌ده‌وری بۆرییه‌کان به شێوه‌یه‌ک که دوای فشاری ته‌قینه‌وه‌که، ئه‌م بزمار و ئاسنانه‌ی تر وه‌ک فیشه‌ک بهههموولایهدا پهرتوبڵاوبنهوه و زۆرترین مرۆڤ بکوژن.
ده‌زگای پاراستن دوو وێنه‌ی بڵاوکرده‌وه، یه‌کیان که گوایه وێنه‌ی بۆمبێکی پشتێنهییه، پێکهاتووه له توره‌که‌یه‌ک و هه‌روه‌ک بڵێی پڕکراوه له ته‌پاڵه‌ی مانگا، له‌و لاشه‌وه چه‌ند وایهریك بڵاوکراوه‌ته‌وه، دیاره ویستویانه بڵێن ئه‌مه‌ش بۆ شه‌راره‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمبه‌که‌یه. سه‌باره‌ت به‌و وێنه گوماناوییه:
- کوانێ لوله‌کان؟ پلێته‌کان؟ که که‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌کی بۆمبێکن
- کوانێ بزمار، برغو، ساچمه؟ که‌ته‌نها ڕێگه‌ن بۆ خستنه‌وه‌ی زیان
- کوانێ پاتری (پیل) یان چه‌رخ، یان ئه‌و ئامێره‌ی که بۆمبه‌که ده‌ته‌قێنێته‌وه؟
بێگومان، ئه‌وه‌ی که له‌و وێنه‌یه‌دا نیشاندرا، هه‌رچییه‌کی ناوده‌نێیت، نا‌توانیت پێی بڵێیت بۆمب. ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده قاوه‌ییه ته‌پاڵه‌ی مانگاش نه‌بێ، که گومان هه‌یه، به‌ڵکو مادده‌یه‌کی زۆر هه‌ستیار بێ بۆ گڕگرتن، وه‌ک پاروت و یان هه‌چ کیماوییهکی تر، هێشتا له‌ناو ئه‌و تورهکهیهدا ناته‌قێته‌وه، به‌ڵکو گڕدهگرێ و هیچی تر. ئه‌مه جگه له نه‌بوونی وه‌ڵامه‌کانی تری ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه. له‌به‌ر نه‌بوونی هیچ زانیارییه‌ک له هیچ ده‌زگایه‌کی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نه‌وه، دیسان مه‌جبورین دوو سیناریۆ بخه‌ینه به‌رده‌م خوێنه‌ران:
- ئه‌م به‌ناو بۆمبه هه‌وڵێک بووه بۆ دروستکردنی بۆمبێک، به‌ڵام بێ ئه‌زموونی و نه‌بوونی زانیاریی، بۆته هۆی دروستکردنی ئه‌و تورهکهیهی که له‌وانه‌یه توانای گڕگرتنیشی نه‌بێ، چ جای ته‌قینه‌وه. ئه‌م سیناریۆیه ئه‌گه‌رێکی کزی هه‌یه
- هه‌موو شانۆگه‌رییه‌که دروستکراوه بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانی ته‌قینه‌وه‌کانی پێشتری هه‌ولێر. ئه‌م سیناریۆیه ئه‌گه‌رێکی زۆر به‌هێزی هه‌یه و له‌م کاته‌شدا، ئه‌و مادده قاوه‌ییه‌ی که خراوه‌ته نێو ئه‌و توره‌که‌یه، بێ هیچ گومانێک زیاتر له ته‌پاڵه‌ی مانگا ده‌چی، تا که‌ره‌سه‌ی بۆمب
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست