یێکێتی نه‌ته‌وه‌ی کورد!

Tuesday, 17/08/2010, 12:00


نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ حه‌یاتی سیاسی خۆیدا وه‌ک ئه‌ڕۆ پێویستی به‌ یێکێتی له‌ ناو ریزه‌کانی خۆیدا نه‌بووه‌، یێکێتی ناو ریزه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ خزمه‌ت کێدایه‌ جگه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد؟ کێ له‌ یێکێتی ناو ریزه‌کانی کورد زه‌ره‌ر ده‌کات جگه‌ له‌ نه‌یارانی کورد؟
31 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ ڕوخانی ڕژێمی پاشایه‌تی له‌ ئێران ده‌رفه‌تێک که‌وته‌ ده‌ست کوردی ڕۆژهه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی که‌ لێوه‌شاوه‌یی خۆی بخاته‌ به‌ر چاوی گه‌لانی ئێران و پێیان بسه‌لمێنێ که‌ کورد توانای سه‌ربه‌خۆ بوونی هه‌یه‌. به‌ڵام به‌ هۆی کارتێکه‌ری زۆر فاکته‌ران له‌و ئێشه‌دا سه‌ر نه‌که‌وت. راسته‌ که‌ داخوازه‌کان زۆربوون به‌ڵام له‌ بنیات دا بریتی بوون له‌ هێندێک شت که‌ پێ ده‌وترا "خودموختاری فه‌رهه‌نگی" که‌ به‌ پێوانه‌ی دونیای ئه‌مرۆ ده‌کرێ به‌ شێوازێک له‌ دێمۆکراتی ناوببرێ. دوژمنانی کورد ته‌نانه‌ت ئه‌و تۆسقاڵه‌ داخوازییان پێ ره‌وا نه‌دیتین. یه‌ک له‌و فاکته‌رانه‌ که‌ ده‌وری کاریگه‌ری له‌و که‌وتنه‌ دا هه‌بوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می پاشایه‌تی، واته‌ ئه‌و فه‌رهه‌نگ و کوولتووره‌ی که‌ ڕژێمی پاشایه‌تی، کوردی پێ په‌روه‌رده‌ کردبوو. رادیۆکانی کرمانشا و مه هاباد هه‌بوون، گۆێبیسی ده‌نگی برایانی زیزی، حه‌سه‌ن زیرک و مه‌زهه‌ری خاله‌قی ده‌بوین، له‌ هه‌مان کاتدا ته‌رمی پیرۆزی موعینی و سۆلێمان که‌رقه‌شان و سالح و عه‌لی به‌ شه‌قامه‌کانی شاره‌کاندا به‌ دوای ماشێنه‌کانی ئه‌رته‌شی دا ده‌گێڕدران. لامان وا بوو که‌ ئێمه‌ش کوردین، خۆشمان به‌راستی به‌ کورد ده‌زانی.
هه‌ر 31 ساڵ له‌مه‌و به‌ر به‌ ڕۆخانی ڕژێمی پاشایه‌تی له‌ئێران ده‌رفه‌تێک که‌وته‌ ده‌س کوردی باشور بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر وه‌ک خه‌ڵکی ژاپۆن ده‌ڵێن "که‌وتن شه‌رم نیه‌، هه‌ڵنه‌ستانه‌وه‌ نه‌نگه‌" جارێکیتر بسه‌لمێنن که‌ توانای هه‌ستانه‌وه‌یان هه‌یه‌، وه‌کی بینیمان زیاتر له‌ 15 ساڵی نه‌خایاند که‌ به‌ هۆی کارتێکه‌ری زۆر فاکته‌ران له‌و ئیشه‌دا سه‌رکه‌وتن. ئه‌وه‌نده‌ که‌ ته‌نانه‌ت به‌ هۆی کارتێکه‌ری کۆمه‌ڵه‌ فاکته‌ره‌کان کوردێک بۆ سه‌رۆک کۆماری ده‌سنیشانکرا. ئاواتێکی له‌مێژینه‌ی کورد به‌دی هاتبوو. هه‌رچه‌نده‌ له‌ قۆناخی هه‌نووکه‌یی دا کێبه‌رکێیه‌کی توند له‌نێوان تۆرکیا و ئێران دا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ باشوور بگۆڕنه‌ سه‌ر پارێزگایه‌کی تورکی یاخود ئێرانی، واته‌ هه‌رچه‌نده‌ چاوه‌ڕوانی مشووری زیاتر له‌ باشور ده‌کرێ به‌ڵام ده‌بێ هه‌ر بیپارێزین، بوونی باشوور وه‌کو پارێزگایه‌کی تورکی یا ئێرانی باشتره‌ له‌ نه‌بوونی، باسه‌که‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌، باسه‌که‌ له‌ سه‌ر ئه‌و فه‌رهه‌نگ و کوولتووره‌ نیه‌ که‌ دوژمنانی کورد له‌ ناو ئێمه‌ دا بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌ و ئێمه‌ی پێ په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن و له‌ هێندێک شۆێنان تا راده‌یه‌ک سه‌ر ده‌که‌ون و له‌ هێندێک شۆێنان چ سه‌رکه‌وتنێکی گرینگ وه‌ده‌س ناهێنن.
هه‌ر 31 ساڵ له‌مه‌و به‌ر به‌ ڕۆخانی ڕژێمی پاشایه‌تی له‌ئێران ئاڵۆگۆڕێکی گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌که‌ دا پێک هات، هێندێک لایه‌نی سیاسی توانای ئه‌وه‌یان هه‌بوو که‌ له‌ بارودۆخه‌ نۆێه‌که‌ که‌لک وه‌رگرن و که‌ره‌سته‌ی نۆێ بۆخۆیان و گه‌له‌که‌یان پێک بێنن، هێندێکیش له‌و قافڵه‌یه‌ جێ مانه‌وه‌. باسه‌که‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش نیه‌، به‌ڵکو باس له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و چه‌ند ده‌ساڵه‌ی رابوردوو راستیه‌کی سه‌لماندووه‌ ئه‌ویش گرینگی "یێ کێتی" له‌ ناو ریزه‌کانی گه‌لی کورده‌. ئێستا ئیتر پێداگرتن له‌ سه‌ر یێ کێتی هێزه‌کانی باشوور یان ڕۆژهه‌ڵات باوی جارانی نه‌ماوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ که‌ بارودۆخه‌که‌ زۆر خێراتر له‌وه‌ که‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌را دێ وه‌ هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌ مه‌ترسی ئه‌وه ده‌کرێ‌ که‌ لانی که‌م هێندێک له‌ هێزه‌ سیاسیه‌کان دیسان له‌ قافڵه‌که‌ جێ بمێننه‌وه‌.
له‌ بارودۆخی هه‌نوکه‌ییدا له‌ ئاستی سه‌رجه‌می ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و له‌ ئاستی ناوده‌وڵه‌تیدا ته‌نیا که‌ره‌سته‌یه‌کی به‌ڕاستی کاریگه‌ر یێ کێتی هێزه‌ سیاسیه‌کانی کورده‌ له‌ هه‌ر چوارپارچه‌کاندا. له‌ ژێر کارتێکه‌ری زۆر فاکته‌ران، یه‌ک له‌ وان ڕژانی خۆێنی باشترین ڕۆڵه‌کانی کورده‌، ده‌رفه‌تێکی زۆر باش بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد ره‌خساوه‌، گه‌ر بێتوو یێکگرتوویی له‌ ناو ریزه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا پێک نه‌یه‌، ئه‌وسا مه‌ترسی شکستێکی تربێگۆمان ده‌بێ. که‌ باس دێته‌ سه‌ر یێکگرتوویی، به‌ ‌هۆی بێ باوه‌ری خۆیان ڕه‌نگه‌خورپه‌ ده‌که‌وێته‌ دڵی هێندێکان! برای ئازیز! یێکگرتوویی مانای ته‌سلیم بوون نیه‌! به‌ڵکوو مانای خستنه‌ رووی کۆمه‌ڵه‌ خاڵێکی هاوبه‌شه‌، ئێنجا ئێمه‌ هه‌ر لایه‌نێک بێن ئه‌گه‌ر متمانه‌مان به‌ خۆمان هه‌بێ‌ نابێ له‌ یێکگرتوویی سڵ بکه‌ینه‌وه‌.
18 ساڵه‌ حکومه‌تی هه‌رێم له‌ باشوور هه‌یه‌، 10 ساڵه‌ بناخه‌ی حکومه‌تی گه‌ل له‌ باکوور ده‌ستی پێکراوه‌، ئه‌وا ئێستاش "خۆسه‌ری دیمۆکراتی" ده‌ستی به‌ په‌ره‌سه‌ندن کردووه‌، سه‌روه‌ت و سامانێکی زۆر له‌ هه‌موو بارێکه‌وه‌ له‌ هه‌ر چوراپارچه‌که‌ دا هه‌یه‌، عێراق به‌ بێ هاوده‌نگی رای گشتی ته‌نگی به‌ حکومه‌تی باشوور هه‌ڵچنیوه‌، ئێران له‌ سه‌ر هه‌ڵدێری شه‌ڕ له‌ گه‌ل زڵهێزه‌کاندایه‌، تورکیا ئیتر ناتوانێ هه‌ر به‌ فیتی جاران باژۆێ. ئه‌مانه‌ گشتیان مانایه‌کیان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌لو مه‌رجی تێکۆشان بۆ کوردوستانی گه‌وره‌ قه‌ت ئه‌وه‌نده‌ باش نه‌بووه‌ وه‌کی ئێستا هه‌یه‌... به‌ڵێ! به‌ڵام یه‌ک "شت" که‌مه‌! ئه‌ویش پێداویستێکی هه‌ره‌ گرینگه‌‌! واته‌ یێکێتی له‌ ناو ریزی هێزه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌ له‌ هه‌مو ناوچه‌کان. یێکێتی ناو ریزی هێزه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کوردی له‌ گشت ناوچه‌کاندا ده‌بێته‌ به‌ باشترێن متـمانه‌ و قورسترین ئامراز که‌ ده‌توانێ داهاتوویه‌کی ڕوون بۆ نه‌وه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد مسۆگه‌ر بکات. ئێمه‌ چ داوای خودمۆختاری فه‌رهه‌نگی بکه‌ین چ داوای هیچ نه‌که‌ین، خۆ هه‌ر مه‌حکوم به‌ له‌ناوبردنین، باشه‌ گا وایه‌ بۆ هه‌وڵو تێکۆشانی خۆمان بۆ کوردوستانی گه‌وره‌ ساز نه‌ده‌ین؟ کاتێک که‌ چوار پارچه‌ی کورد بتو‌انن به‌ یه‌که‌وه‌ حکومه‌تی فیدراڵی خۆیان هه‌بێ که‌ سه‌د جار به‌ شه‌ره‌فتره‌ له‌ فیدراڵی ده‌گه‌ل تورک و عه‌ره‌ب و فارس، باشه‌ بۆ هه‌وڵی بۆ نه‌ده‌ین؟
 17\8\

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە