ریپۆرتاژێکی گرنگ ..راستی نێو زیندانەكانى دەسەڵاتى پارتى ..(بەشى یەكەم)
Tuesday, 01/02/2011, 12:00
زۆرجار گوێمان لە خەڵك و ئەو كەسانە دەبێت كە دەست خۆشى لە ئاسایشى كوردستان دەكەن بێ ئەوەى ئاگایان لە نێو دام و دەزگاى ئاسایش هەبێت كە هەریەك لە كارمەندێكى بەردەگا تاكو بەرێوەبەرى ئاسایش بریتین لە یەك پارچە گەندەڵى لەبەر ئەوەى هەریەك لە راستەخۆى هەوڵدەدات بۆ ئافەرینێك یان وەرگرتنى پلە و پایەیەك سەرى كەسانى بێتاوان لە قور بنێت جا گرنگ نیە ئەو كەسە چارەنووسى چى بەسەر دێت .
بەڵگەشمان زۆرە بۆنموونە (عبداالخالق)ى بەرێوەبەرى ئێستاى پۆلیسى هەولێر لە ساڵى (2005) پلەى (رائد)ى هەبوو بەهۆى ئەوەى چەند كەسێكى كاسبى دەستگیرگرد هەندێك تۆمەتى جۆراوجۆرى بەسەر سەپاندن تاكو ساڵى (2008) پلەى گەیشتە (عمید)واتا بەماوەى 3 ساڵ 3 پلە بەرزكرایەوە وە لەبەرئەوەى یەكێك لە كارە قێزەونەكانى ئاشكرابوو كەوا كەسى راستەقینە دۆزرایەوە ،لەهەمان كات كەسە بێ تاوانەكان كە بەزەبرى ئازار و ئەشكەنجەیەكى زۆر دانیان بە تاوانێك نابوو كەٍوا نەیانكردبوو وە لە دادگاش ئازادكران بۆیە بە ئەمرى وەزیرى ناوخۆ (عبدالخالق) لە پۆستى بەرێوەبەرى هۆبەى سیاسى لە ئاسایشى گشتى كرا بە بەرێوەبەرى پۆلیسى هەولێر كە پلەى یەكەمیان زۆر باشتر بوو.
كەسێكى تر بەناوى (محمد سلیم)كە ئێستا بەرێوەبەرى زیندانى ئاسایشى هەولێرە لە ساڵانى نەوەدەكان رەوەند بوون لە دەشتەكانى دەوروبەرى هەولێر كەچى ئێستا خاوەنى 8 خانووە تەنها لە مەنتكاوە كە هەر هەشتیان لە یەك ریزن ،وە بەزمانى نەقیب (فەریق)كە بەرێوەبەرى ئیدارەى ئاسایشى هەولێرە لەلاى كەسێك ووتبووى ئەگەر پێویستمان بە پارەیەكى زۆر بوو ئەوا دەچین كەسێكى دەوڵەمەند دەستگیر دەكەین سەرەتا فیلمێكى بۆ دروست دەكەین ئینجا بە مەمنوونى پارەیەكى زۆرمان پێدەدات و ئازادى دەكەین ،وە ئەوەش خۆم بە چاوى خۆم بینیم كەوا یەكێك لە بازرگانەكانى شارى هەولێر كە لە ئەوروپا دادەنیشت دواى ئەوەى گەرایەوە بۆ هەولێر لە فرۆكەخان دەستگیریانكرد و تۆمەتى یارمەتى دانى تیرۆرستیان بۆ دروست كرد ئینجا ئەویش بە مەمنوونى 5 دەفتەرى پێدان بۆ ئەوەى ئازادى بكەن ئەوانیش ئازادیانكرد .
ئینجا ئەوانە هەمووى دڵۆپێكن لە دەریایەك ئەگەر باسى هەموویان بكەین بەچەند دەفتەر و رۆژیش تەواو نابیت بەڵام ئەمە پوختەیەك بوو لە سەر دەوڵەمەندبوونى كاربەدەستانى ئاسایش ،وە لە رووى ئازاردان و ئەشكەنجە ئەوا سەد دوعاى بۆ حكومەتى بەعس دەكەن لە بەر ئەوەى حكومەتى بەعس كە حكومەتى هەموو عێراق بوو ئیجا بەقەد نیوەى ئاسایشى كوردستان خەڵكى ئازار نەدا بۆ نموونە كاربەدەستێكى (میسرى) كە لە مخابەراتى ئەو ووڵاتە كارى دەكرد داوەتكرابوو لە ئاسایشى گشتى بۆ ئەوەى هەندێك كارى مخابەراتیان فێر بكات بە ئازار و ئەشكەنجە كاتێك بردیان بۆ یەك لە ژوورەكانى ئەشكەنجەدان وە سەیرى كرد و گەڕایەوە و وتى (جئت معلما وخرجت تلمیزا)واتا كاتێك هاتم مامۆستا بووم بەڵام كە گەڕامەوە قوتابى بووم ،لە ناوەراستى سالى 2010 نزیكە 85 یاداشت نامەى كەس و كارى بێسەروشوێنەكان پێشكەش بە پەرلەمانى كوردستان كرا بۆ دیارى كردنى چارەنووسى رۆڵەكانیان بە زیندوێتى یان بە مردووێتى ، ئێمە دەپرسین ئەوە چ جیاوازیەكى هەیە لە گەڵ ئەنفالى حزبى بەعس خۆ حزبى بەعس كوردى ئەنفال كرد بەڵام ئەوان كوردن كوردیش ئەنفال دەكەن ،خۆ ئەوانەى بێسەرو شوێنكرابوون لە (پارتى ویەكێتى و ئیسلامى) بوو ،یەكێك لەو نمونانەى كە روویدا لە ئاسایشى گشتى ئەوە بوو كاتێك (محمد عوبێد)ى ئەندامى یەكێتى قوتابیانى كوردستانیان كوشت ئاسایش كەسێكى بە ناوى (مخلێ) دەستگیر كرد پاش لێدان و ئەشكەنجەیەكى زۆر كە دەیانوویست بە زۆر ئەو تۆمەتەى بەملدا بسەپێنن ئەویش دانى پێدانا لە بەر ئەوەى ئەم كارەى نەكردبوو بۆیە گیانى لەدەستدا پاش سێ ساڵ لە كوشتنى ئەم كەسە گروپى (شێخ زانا) دەستگیركران و دانیان بەم تاوانە نا كە ئەوان (محمد عوبید)یان كوشتووە سەرەنجام خوێنى (مخلس) ى گەنج بەهەدەرچوو پاشخۆى كچێكى چوار ساڵەى بەجێهێشت ، یاخود لە ساڵى 2005 كەسێكیان دەستگیركرد بەناوى (وەستا بەهرەم)كە كاسب بوو لە پیشەسازى باكور بەتۆمەتى ئەوەى كە سارۆخى لە (كۆریەكان و پەرلەمان و مستودع) داوە پاش ئازار و ئەشكەنجەەكى زۆر سەرەنجام ئەویش گیانى دەرچوو لەبەر ئەوەى دانى بە تاوانەكەى نەنا دواى تەنها 3 مانگ دوو كەس بە ناوەكانى (هێمن و سعد)دەستگیركران دانیان بەم تاوانە ناو سزادران و لەسێدارەش دران بەڵام وەستا بەهرەمیش خوێنى بەهەدەرچوو لە پاش خۆى 5 منداڵى بەجێهێشت بەراستى بەڵگەمان زۆرە لەسەر جەلادەكانى ئاسایش بەڵام هەرووەكو ووتم بە چەند دەفتەرێك كۆتایى نایەت بەڵام ئەمانە چەند نممونەیەكى زەقى ناو دەزگاى ئاسایشى هەرێمن ،وە لە ساڵى 2006 بۆ جارى سێیەم رێكخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لە ئەوروپا نوێنەرى كوردى دەركرد لەبەر ئەوەى سكاڵاى زۆریان لەسەر بووە پێشێلكارى مافى مرۆڤى زۆریان دەكردبۆیە پێیان ووتن تاكو ئەم كێشانە چارەسەر نەكەن ئەوا بۆتان نیە جارێكى تر بگەرێنەوە بۆ ئەم رێكخراوە بۆیە ناچاربوون لە ساڵى 2007 لە پەرلەمان یاساى لێبوردنى گشتیان پەسند كرد و كە لە مێژووى كورد ئەمە بۆ جارى یەكەم بوو روویدا ئەویش لە كۆى 4000 زیندانى تەنها 350 زیندانى لێى سودمەندبوو، چونكە 13 ماددە بەر ئەو لێبووردنە نەكەوتن كە 1/3ى زیندانیەكانى كوردستان لەو 13 ماددەیە پێكهاتبوون ،وە لە كۆتایى ساڵى 2009 دووبارە رێكخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى نوێنەرى كوردى دەركرد كە (دیندار زێبارى)نوێنەرى كورد بوو ئەوكات ئێمە دەپرسین باشە ئەگەر ئازارو ئەشكەنجە لە زیندانیەكانى كوردستان نەماون بەقسەى بەرپرسان لە ساڵى (2008)ەوە كەس ئەشكەنجە نەدراوە لە زیندانیەكانى كوردستان باشە ئەى بۆ لەسەر پێشێلكارى مافى مرڤ نوێنەریان دەردەكرێت ،خۆ ئەوان زانیاریان لە ئێمە زیاترە ،دەزانن چى دەكرێت لە زیندانیەكانى كوردستان .گەندەڵى ئاسایش لەوە دایە لە ساڵى 2007 كاتێك تەقینەوەیك كرا لە پێش وەزارەتى ناوخۆ لە هەولێر لەماوەى 48 كاتژمێر چەند كەسێكیان هێنایە سەر تەلەفزیۆن گوایە ئەمانە ئەوكارەیان كردووە كەچى دواى لێكۆلینەوەیەكى زۆر لەسەر سەیارە تەقیوەكە دەرچوو پارچەیەكى بەرەو ژوور قۆپانەوە ،ئێمە هەمومان دەزانین ئەگەر شتێك بتەقێتەوە پارچەكانى بەرەو دەرەوە دەقۆپێتەوە ئەمەش بەڵگەى ئەوەی نیشاندا كە ئەم ئەم سەیارەیە لێ دراوە بە شتێك وەكو سارۆخ و..هتد)لە پێش وەزارەتى ناوخۆ باشە ئەم قوربەسەرانەیان لە كوێ هێنا كەوا ئەم كارەیان كردووە،ئەى باشە دەپرسین بۆ (سۆرانى مامە حەمە و سەردەشت عوسمان)رۆژنامەنووس كە كوژران تاكو ئێستا بكەرى راستەقینە نەدۆزراونەتەوە. خۆ لەبەر چاوى زێرەڤانى و پاسەوانى تایبەتى پەیمانگاى هونەرە جوانەكان رفێندرا و بە بازگەكانى نێوان هەولێر و موسل بردرا بۆ ئەوكات ئەو كەسانەیان دەستگیر نەكرد،بەڵام بۆ زانیاریتان كوشتى (سەردەشت)هەمان ئەو سیناریۆیەیە كاتێك بەرێوەبەرى ئاسایشى گتى لە كاتى لێكۆلینەوە لەگەڵ یەكێك لە زیندانیەكان كە دانى بەو تاوانە نەدەنا كە ئەو مەبەستى بوو پێ ى ووت (ئەگەر دان نەنێ بەو تاوانەئەوا دەتبەین بۆ موسل و دەتكوژین و دەڵێن تیرۆرست كوشتویانە)جا بۆ ئەم تاوانە دەخەنە مل ئەم و ئەو كاتێك ئەم شارەزاییەكى تەواویان هەیە لەم سینارۆیانە،یاخود خاڵێكى تر ئەوەیە لە ساڵى 2002 تاكو سەرەتاى ساڵى 2009 زۆربەى هەر زۆرى زیندانیەكان بە تۆمەتى ئیسلامى دەستگیركرابوون لە 90% یان كەسانى بێ لایەن بوون تەنها بەراپۆرتى باوەرپێكراوەكانیان ئەمانەیان دەستگیر كردبوو زۆربەشیان زیاتر لە دوو ساڵ لە زیندان بوون بێ ئەوەى دادگایى بكرین یاخود لە دۆسیەكانیان بكۆڵنەوە تەنها لە ناو زیندانبوون و بەس. وە باوەڕپێكراوەكان مانگى 100 دۆلاریان لە كاربەدەستانى خۆیان وەردەگرت و ناویان نەبوو تەنها بە ژمارە دەناسرانەوە واتا لە جیاتى ناویان ژمارەیان هەبوو .جا هەندێك لە باوەرپێكراوەكان كاریان نەبوو جا ئەگەر پێویستیان بە پارە هەبووایە ئەوا راپۆرتیان لەسەر كەسێك دەنووسى لە گەرەكەكەیان یان هاوڕێیان ئینجا ئەم راپۆرتەیان دەبرد بۆ رێكخراوێكى نزیك خۆیان (30000)سى هەزار دیناریان پێ وەردەگرت ئەمە قسەى یەكێك بوو كە خۆى بۆ منى باس كردوە .جگە لەوەش یەكێكى تر لە باوەڕپێكراوەكان كە لە زیندان لەگەڵ من بوو بە تاوانێك دەستگیركرابوو پێ ى ووتم زۆرجار ئەگەر رقم لە كەسێك بووایە ئەوا دەچووم راپۆرتێكم لە سەر دەنووسى دەمدا بە ئاسایش ئینجا ئەوانیش دەستگیریان دەكرد كەیفى خۆیەتى گرنگ ئەوە بوو كە من پارەى خۆم وەرگرم ،جا ئەم هەموو خەڵكە بێ تاوانە دەستگیركرابوون زیندانیەكانیان پڕكردبوو هەمووى بەهۆى راپۆرتى ئەم و ئەو بووە كە نزیكەى 400 زیندانى لە ئاسایشى هەولێر و 700 زیندانى لە زیندانى ئاسایشى گشتى و 800 لە زیندانى ئاكرێ و 50 لە بنكەى تیرۆر لە پشت ئاسایشى گشتى بوون لەم هەموانە تەنها نزیكەى 50 یان سزادراوبوون ، ئەوانى تریان هەموویان راگیراو(توقیف) بوون .زۆریش لەم زیندانیانە عەرەب بوون كاتێك لە موسل یان لە بەغدا یان ناوچەكانى دیكەى عێراق رفاندبوویان گوایە مەترسى لەسەر ئاسایشى هەرێم هەیە یان بە كۆمەڵیان دەستگیر كردبوون كە گوایە ئەمانە تیرۆرستن كەچى هەندێكیان تیابوو گۆرانى بێژبوون یاخود زۆریان تیابوو كەوا زیندانى كەسێك بوون واتا تەنها كاربەدەستێك دەیتوانى ئەو كەسە ئازاد بكات جگە لەو كەسى تر بۆى نەبوو ئازادى بكات .
بۆنموونە كەسێك دەستگیركرابو دواى 4 ساڵ لە زیندانى ،لە دادگا ئازاد كرا ،بەڵام دواى 6ساڵى تر لە زیندان ئازادیان كرد واتا 10 ساڵى زیندانى بردە سەر لەبەر ئەوەى ئەو كەسەى دەستگیرى كردبوو رەزامەندى نەدەدا لەسەر ئازادكردنى یان چەند كەسمان لەگەڵ بو كە 3 مانگ و 5 مانگ سزادرابوون كەچى 4 ساڵ یان 5 ساڵیان لە زیندان بردە سەر یاخود كەسێكیان ئازاد دەكرد دواى دوو رۆژى تر دووبارە دەستگیریان دەكردەوە گوایە كاربەدەستێكى تر رەزامەندى لەسەر نەداوە لەسەر ئازادكردنى ئەو كەسە چۆن ئازاد بكرێت .
جا نموونەمان زۆرە لەسەر ئەم بابەتە بەڵام ئەمانە تەنها چەند كەسێك بوون ،یاخود دەستگیركردنى كەسانى غیر مەبەست واتا كەسێكیان دەستگیر دەكرد لە جیاتى كەسى داواكراو بۆنموونە كەسێكیان دەستگیركرد لە ساڵى 2004 لە ئاسایشى هەولێر تەنها ناوى ئەو كەسە لەگەڵ ناوى كەسى دیاریكراو یەكیدەگرت نە ناوى باوكى و نە ئەدرێس و نە پیشەى ئەو كەسە وەكو هى كەسى داواكراو نەبوو كەچى 6 مانگیان لە زیندانى تاكە كەسى پێراكێشا بە شایەدى (عبدالخالق تەلعەت و دلشاد هیرانى)كە خۆیان پێیان ووت تۆمان بە هەڵە دەستگیر كردووە بەڵام دەبێت سەبرت هەبێت تاكو ئازادت دەكەین . من دەپرسم ئێمە هەوڵ دەدەین وڵاتمان پێشبكەوێت وەكو ووڵاتانى ئەوروپا ئەگەر لە ئەورەپا كەسێك دەستگیر بكەن و چەندرۆژێك لە زیندان بمێنێتەوە دواتر ئەگەر هیچى لەسەر نەبێت ،ئەو ماوەى كە لە زیندان بوو بێت قەرەبۆى دەكەنەوە كەچى لە لاى خۆشمان پێشیان دەووت تۆ بێ تاوانى كەچى ئازادیان نەدەكرد .وە بۆ زانیاریتان ئەو ماوەیەى لە زیندانیش بو دەست و چاوى بەستراببوەوە تەنها بۆ دەست بە ئاو گەیاندت دەست و چاویان دەكردەوە ،یاخود كەسێكیان دەستگیر كردبوو وە دواتر گواستبویانەوە بۆ زیندانى (ئاكرێ)ئەو كەسە ناوى لە هیچ شوێنێك نەبوو نە لە ئاسایشى گشتى و نە لە ئاسایشى ئاكرێ دواى 4 ساڵ و نیو ئەو كەسە خۆى دەگەیەنێتە لاى بەرێوەبەرى زیندانى ئاكرێ و پێى دەلێ (نازانم من تاكو ئێستا بۆچى دەستگیركراوم)لە وەڵامدا بەرێوەبەر پێیدەڵێت تۆ كێ ى ئەویش دەلێت من فلان كەسم كە ماوەى 4 ساڵ و نیوە لە زیندانم تاكو ئێستا كەسیش لێكۆلینەوەى لەگەڵ نەكردووم نازانم لەسەرچى دەستگیركراووم دواتر بەخێرى خۆى بەرێوەبەرى زیندانى ئاكرێ پەیوەندى بە ئاسایشى گشتى دەكات دەڵێ ئەو كەسە تاكو ئێستا لێكۆلینەوەى لەگەڵ نەكراوە ئەوانیش دەلێن كەسمان نیە بەم ناوە دواتر دۆسیەیەكى بۆ چادەكەن و ئازادى دەكەن ئەو كەسە دواى ئازاد كردنى یەكسەر دەچێت بۆ هەندەران ،یاخو كەسیان دەگرت بە ناوى ئیسلامى كەچى دەردەچوو ئەو كەسە ئەندامى حزبى شیوعی یە چەند رۆژیان پێڕادەكێشا لە زیندان یاخود باوك و براى كەسى داواكراویان دەستگیر دەكرد دەیانووت تاكو كوڕەكەتان خۆى تەسلیم نەكات یان نەكوژرێت ئەوا ئێوە هەر لە زیندان دەمێننەوە .بۆ نموونە باوك و كوڕو زاوایەكیان دەستگیر كردبوو لەسەر كوڕێك ئینجا 5 ساڵ و نیویان پێراكێشان تەنها لەبەر ئەوەى ئەو كوڕە داواكراوبوو ئینجا ئازادیان كردن یاخود چەند كەسێك هەبوون لەسەر برایان دەستگیر كرابوون دواى ئەوەى براكەیان خۆى تەسلیم كردبو بە ئاسایش كەچى ئەو برایانەیان ئازاد نەدەكردن ،نەوەك ئەوانیش پەیوەندیان بە برایەكەیان هەبێت نزیكە 3 ساڵیشیان پێ راكێشان لە زیندان .
كۆتایى خاڵ كە دەمەوێت ئاماژەى پێ بكەم ئەوەیە كەزۆرێك لە دەستەڵاتداران و كاربەدەستان لە كۆنگرەى رۆژنامەوانى یاخود لە میدیاكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن گوایە كەس لە زیندانیەكانى كوردستان كەمتر لە 6 مانگ نەماوەتەوە رەوانەى دادگا كراوون ،من بەڵگەم بەدەستە ئێستا نزیكەى 15 كەس لە ئاسایشى هەولێرن تاكو ئێستا نازانن چارەنووسیان چیى یە كە زۆربەیان لە ساڵى(2005)ەوە لە زیندانن كە ناوى هەر هەمویانم لە لایە یاخود دەلێن لە ساڵى (2008) ئازار و ئەشكەنجە نەماوە ، بەڵام ئەمانە هەمووى قسەى سەر زارن هیچیان راست نین ئەگەر باوەریش ناكەن دەتوتنن خۆتان سەردانى ئاسایشى گشتى و ئاسایشى هەولێر بكەن كە چۆن خەڵكى ئازار و ئەشكەنجە دەدرێت بێ ئەوەى بەڵگەشى لەسەر بێت لە هەموو جیهان تۆمەتبار بە 3 بەڵكە دەبێت بە تاوانبار 1.بەدانپێدانانى خۆى بێ ئەوەى گوشارى بخرێتە سەر
2.شتى لەدەست بگیرێت (متلبس)
3.شایەدى لەسەر هەبێت ،بەڵام تاوانبار لە لاى ئێمە تەنها بە كێبل َو فەلاقە و جۆرەها ئازاردانى جەستەیى دەبێت بە تاوانبار كە خۆیان مەبەستیانە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست