سەردەمى زێڕینى (گـــــــۆڕان)!!...
Saturday, 04/08/2012, 12:00
مەشهەدى سیاسى كوردستان بەتایبەتى ، بەزۆرملێى(لانى كەم لاى ئەز گرنگى نیە) عێراق بەگشتى، لەبەردەم گۆڕان و گۆڕانكاریدا كایەیەكى دانەبڕاو لێكنەترازاوى سیاسەت و ستراتیژیەتى هەرێمى و نێو دەوڵەتى و سەرلەنوێ دابەشكردنەوەى سامانى سروشتى و ئاو ، هەردەم لەپلان و پیلانى لایەنە پەیوەندارەكان و زلهێزە ئەقلیمى نێو دەوڵەتیەكان چاوى چاوچنۆكى لە كوردستان شەو ڕۆژى بۆ نیە!!...
هاوكێشەى سیاسى ، هاوسەنگى هێز... لەدیدى حیزبى كوردییەوە لەسەر ئاستى نەتەوەو نیشتمان ، زۆر بەدەگمەن دۆزینەوەى ئەجندایان پێویستى بە دۆزە دۆزە هەیە!!!...
دابەشبونى بەرچاوى حیزبى كوردى ، هەڵوێست و دیدگەو دنیابینیان، بێ جیاوازى لە كەشتیەكى شەق و شڕدا، كاپتن و هونەریەكانى تەكنیكى بەردەوامیان بۆ گەیشتن بەكەنارو ڕۆخى ئارامى، شپرزە و كورت بین ، پەنجە نەرمكردن پێ بەپێى ڕووداو پێشهاتەكان لە گەمە و یاری بێ ستراتیژدا، لەهەوڵى كرانەوەى گرێ كوێرەكاندا لەبرى ئەوەى هانا بۆ دەستیان بەرن، دێن و هەوڵى كردنەوە گرێ كوێرەكان و چارەسەر ئاراستەى(دان) یان دەكەن!!!...
مەشهەدى سیاسى حیزبى كوردى و سەركردە ... دابەشبونێكى شەرمنانە پەیڕەوى بەرنامە و بەرژەوەندى داخراو جۆش و خرۆش و موزایەدە لەسەر پرسە نەتەوەیى و نیشتمانیەكان و چاكەى گشتى و بەرژەوەندى گشتى دەكەن!!...
ڕوداوەكان تیژڕەو لێ تیرو كەوانى خیتابى سیاسى حیزبى كوردى و سەركردە دەرهاویشتەى بەئاراستە و هاویشتنى لە قوڵایى ستراتیژى ئەزمونى حوكمڕانى دور لەشكست ، خوێندنەوەیان ناكامڵ و بەركەوتى ئامانج سەرئەنجام تیرى عەقڵانى ناوخۆى ماڵى كوردى ڕوبەڕوى دەریایەك لەنەهامەتى و قەیران بۆتەوە!!!...
لەم سۆنگەوە(سۆنگەى قەیرانى حوكمڕانى و ئیدارەدان) دەسەڵات پێ بەپێى ڕوداوەكان لەبرى خەمڵاندنى ستراتیژى دورمەوداو چارەسەركردنى پێ بەپێى تەواوى قەیرانى كەڵەكەبوو، هاتن بە مومارەسەى تاكتیك و تەكنیكى نامەدروس ڕوبەڕوى ناوخۆ و هاوڵاتى ناڕازى و كێشمە كێشى چۆنیەتى بەرجەستەكردنى ئەمن و بەردەوامى و خزمەتگوزارى پێویست و گشتاندنى سیستمێكى تەندروستى دروست و پاراستنى سنور و پتەوكردنى ژێرخانى ئابورى و بەهەدەرنەدانى سامانى سەرزەوى و ژێرزەوى سیاسەتى حیزب و سەركردە لەڕێگەى كوشتنى كات و زۆرترین مانەوە لەسەر كورسى حوكم و دەسەڵات هاتن موعامەلەى (فەوزاى سیاسى و فەوزاى سەرلەبەرى جومگە هەستیارەكان) سەردێڕى خیتابى سیاسى دەسەڵات بوو!!...
ئۆپۆزسیۆن لەم نێوەندەدا چونكە بەرەیەكى بەبنەماو خاوەنى ستراتیژى هاوبەش نەبون، هاتن (كۆمەڵە پاكێجێك)یان وەك چەپكە گوڵ كردە دیارى ، لەبەردەوامى دروشمى سەرەكى دەسەڵات (كوشتنى كات) كەوتنە داوەكەوە، وەك ئەوەى بینیمان!!!...
دابەشبونى هێزە كوردیەكان و تێوە گلان بە سیاسەتى نەخوازراو، یاریكردن لەمبەر بۆ ئەو بەر و لەم بەرە بۆ ئەو بەرە، بەتایبەتى هەردوو حیزبى ئیسلامى نێو ئۆپۆزسیۆن هاندەرى سەرەكى دەسەڵات بون بۆ پیادەكردنى بە ئەنجام نەگەیاندنى (چاكسازى ڕیشەیى)!!...
ئۆپۆزسیۆن بە دەسەڵاتەوە خەریك بوو شەقامى وەلا خست ، خۆى تەریك كرد، دەسەڵات یاریەكەى لە نێو خۆ بۆ بەغدا گواستەوە سەرەتاى كارەكەش هەروەك بینیمان لە هاتن و ئاودیوكردنى (هاشمى) سەرى هەڵدا، وەك هەنگاوى یەكەم، هەنگاوى دووەم لەهەوڵى دروستبونى بەرەیەكى دژ بە (مالكى) كوردو سونەو بەشێك لە شیعە كەوتنە زۆرانبازى!!...
ناچمە نێو وردەكارى و ململانێ و گەمەكەوە... ماوەى ڕابورد شایەتى و گەواهى ئەو ڕاستیەن كە كورد لەسایەى حیزبى كوردى و سەركردە ئەزمونەكەى لە هەڕوەلەیەكى بەردەوامدا گینگڵ دەخۆات!!...
لەسەرەتاوە وتمان، سامانى سروشتى نە وت و غاز و سامانى ئاوى (دیارە ئەم سامانەیان هێشتا حیزبى كوردى و سەركردە بێ دەنگى لێ كردووە لە كاتێكا بەهێندى سامانى سروشتى نەوت و غاز گرنگى خۆى هەیە)!!...
كێشەكان لە گرێبەستى نەوتى و دەسەڵات لە بەغداو بونى قەوارەیەكى سەربەخۆى كوردى دەست پێ دەكات...
كەمپینى دژ بەیەكى نێوان (پارتى و بزوتنەوەى گۆڕان) بە تایبەت لە دواى پەیامەكەى بارزانى بۆ ڕاى گشتى و دیدارى بزوتنەوەى گۆڕان لەتەك وەزیرى سامانە سروشتیەكان، دیدى نەوشیروان مستەفا لە میانەى دیدارێكى (كەى ئێن ئێن)ەوە، گۆمە كە شڵەقاوە.
ئەم قۆناغەى بزوتنەوەى گۆڕانى پێدا تێپەڕ دەبێت، قۆناغێكى زێڕینە بۆ خستنەڕوى ستراتیژى نەتەوەیى و نیشتمانى ، گۆڕان و سیاسەتى گۆڕان لەڕوە بەرتەسكەكەوە نا بگرە لە ڕوە بەرفراوانەكەیەوە ، دەشێ سود لە گشت چین و توێژەكانى كۆمەڵگەى كوردى وەربگرێت، كەمپینێكى مەدەنیانە موتوربە بەڕاى گشتى ڕاستەقینە ، بۆ دۆزینەوەى دەرچە سەرەكیەكان و چۆنیەتى دۆزینەوەى بڕیارى سیاسى تەندروست ، خوڵقان و بەهەوێنكردنى كەشێكى گشتى تیایدا ڕایەڵە جیاجیاكانى نێو كۆمەڵگە بە تان و پۆیەكى نیشتمانیانە بۆ بەرنگاربونەوەى هەر ئەگەرێك بخاتە سەر شاڕێ ، بۆ ئەنجامدانى چاكسازى ڕیشەیى و تیمارى قەیرانى قوڵ وپەنگ خواردوى بیست ساڵەى ئەزمونى دەسەڵاتى كوردى!!...
ئەم قۆناغە پێم وایە قۆناغى گەشەى دووەمى بزوتنەوەى گۆڕانە، دەشێ كاوەخۆ هۆشیارى سیاسى و بوارەكانى دى تینوێتى بە و مەشهەدە سیاسیە چاوەڕێكراوەى كە كوردستانى پێدا تێپەڕدەبێت هەل و مەرجى پێویست دێتە گۆڕێ ، گۆڕان و شەقام و ڕۆشنبیرو نوخبە و توێژەكانى تر ، هەڵگرى مەشخەڵ و دروشمى ئیدارەى قەیرانى بەڕێوەبردن لە جێگەى ئیدارەدان بەقەیران بن!!... (وردەكارى ئەم قۆناغە لە ڕۆژانى دادێ دەبینین و پێ بەپێ شیكارو شیكردنەوەى بۆ دەڕەخسێت)....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست