بارزانی ..تەنیای تەنیا!
Thursday, 25/04/2013, 12:00
پێناچێت هیچ كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان بەگشتی و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو حزبەو سەرۆكی هەرێم بەتایبەتی لەگەڵ تەواوی حزب و لایەنە سیاسیەكانی دیكە هێندەی ئێستا لەیەك دوركەوتبێتنەوە بەجۆرێك پارتی لەلایەك و ئەوانی دیكە لەلایەكی دیكە، تەنانەت یەكێتی نیشتیمانی هاوپەیمانی پارتیش هەرچەندە لەهەندێك حاڵەتدا بەئاشكرا پشتگیری خۆی بۆ پارتی دەردەبڕێت، بەڵام لەهەندێ شوێنیشدا جۆرێك لەڕاڕایی و دوو دڵی پێوە دیارە.
لەكاتێكدا مەلا بەختیار لەكۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەیدا لەگەڵ فازڵ میرانی رایگەیاند كە تاكە كاندیدی یەكێتی و پارتی تەنها بارزانییە، بەڵام دواین ئاماژەكانی یەكێتی پاش توندبونی هەڵوێستی جەماوەری و رەخنەی ئاشكرای بەرپرسە ناوەندەكانی ئەو حزبە دەربارەی ئەو پرسە، یەكێتی توشی راِڕایی و دڵەڕاوكێیەكی سەیركردوەو تا ئێستا ئەو حزبە بڕیارێكی یەكلایی كەرەوەی نەداوە بەوەی ئایا رازین بارزانی ببێتەوە بەسەرۆك یان نا؟
هەرچەندە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم خۆی تاوەكو ئێستا هیچ لێدوانێكی رەسمی لەو بارەیەوە نەداوە، بەڵام پارتی دیموكرات، لەرێگای هەندێك بەرپرسەوە یارییەكی سەیری سیاسی دەكات و لەگەڵ هەر لێدوانێكی ئەو بەرپرسانەدا تای جەماوەرو ئۆپۆزسیۆن بەرزدەكاتەوە.
بەجۆرێك ئەم حزبە لەلایەك لەژێرەوە كار بۆ هەمواركردنەوە یاخود دۆزینەوەی دەروازەیەكی یاسایی دەكات بۆ هەڵبژاردنەوەی بارزانی، كەچی لەلایەكی دیكەوە رایدەگەیەنێت بارزانی نەدەبوو خۆی بكات بەسەرۆكی هەرێم وەك ئەوەی فەیسەڵ دەباغی راوێژكاری بارزانی ئاشكرایكرد.
وەنەبێت هەر بەتەنها پارتی و یەكێتی لە دڵەڕاوكێ و نادیاری چارەنوسی كاندیدەكەیاندا مابێتنەوە، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هەرێمی كوردستانیش لەهەمان حاڵەتدان و چاوەڕێی دواین هەنگاوی یەكێتی و پارتین.
بەجۆرێك لەكاتێكدا ئەوان بەئاشكرا رایدەگەیەنن كە دژی كاندیدكردنەوەی بارزانین، تاوەكو ئێستا ناوی هیچ كاندیدێكی خۆیان ئاشكرانەكردوەو گومانیش دەكرێت لەسەر كاندیدێك رێكبكەون، ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر لەسەر كاندیدێكیش رێكبكەون، جیاوازییە ئایدۆلۆژییەكانی نێوانیان هێندە زۆرە، مەرج نیە جەماوەرەكەیان دەنگ بەو كاندیدە بدەن.
هەرچۆنێك بێت ئێستا دۆخی كوردستان بەم شێوەیە، ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی كۆتایی دێت، یاسا ئەوەی رونكردۆتەوە ئەم بەڕێزە ئەمە كۆتا خولیەتی، پارتی و بەشێك لە مەكتەب سیاسیەكانی یەكێتیش بەدوای دۆزینەوەی دەروازەیەكن بۆ بارزانی، ئۆپۆزسیۆنیش هیچ كاندێكی نیە... بۆیە دۆخەكە تا كوێ بڕ دەكات بەمجۆرە، ئەمە پرسیارەكەیە؟ بەڵام ئەوەی هەیە ئەوەیە كە بارزانی هیچ كات هێندەی ئێستا نا ئومێد و تەنها نەبووە لە وەرگرتنی كورسی سەرۆكایەتی!
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست