گۆڕان و میدیاو ڕۆشنبیرەکانی دەوروبەریان دژی خواستەکانی خەڵکی کوردستانن
Wednesday, 20/06/2012, 12:00
لە پشت هەر ناڕەزاییەکی کۆمەڵایەتیەوە هێرشێکی جەماوەری لە هەڵکشاندایە، لەپاڵ هەر هەڵکشانێکیشدا دژەشۆڕش خۆی مەڵاس دەدات و هەروەک ڤایرۆسێکی کوشندە، خۆی دەکوتێتە ناو ئەو شانانەوە کە بە ئامرازی مەناعە ناودەبرێن و ڕۆڵێکی سەرەکیان هەیە لە پاراستنی جەستەدا لە هەر نەخۆشیەک. وە هەر بەو شێوەیە، ئەو ڤایرۆسە هەر لە سەرەتاوە، جەستەی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی شۆڕشگێری، شەکەت و ماندوو دەکات و ڕێ لە هەر گەشەیەکی داهاتووی دەگرێت.
گۆڕان و ڕۆشنبیرو میدیا ترسنۆک و هەلپەرستەکانی دەوروبەریان، لە سەروویانەوە هاوڵاتی و ئاوێنە، هەروەک شانەی سەرەتانی، بەخۆیان و ڕۆژنامەو تەلەفزیۆنەکانیانەوە، لە هەوڵی پێشگرتنی هەر بزووتنەوەیەکی ڕووخێنەردان کە لە سەرکەوتنیدا، بەر لە هەرکەس، گرد و سامانەکانی ئەوان دەگێڕێتەوە بۆ کۆمەڵگا. ئەوەتا ئەوان، تێکڕا، بە میدیا شێوێنەرەکانیانەوە، بە گوێی جەماوەردا دەقیژێنن: بودجە دیار نیە، بودجە خراپ بەکار دەهێنرێت، بودجەو بودجەو بودجە بۆتە ویردی سەرزمانی هەموویان و هەر بەو قاووقیژەیان، دەیانەوێت ئەو خوێناوە خەستە لەبیر خەڵکی ببنەوە کە هێشتا بە شەقامەکانەوە ووشک نەبۆتەوە. ئەو میدیایانەی کە خۆیان، وەک کرمێکی خوێنمژ، لەسەر هەمان بودجە دەژین و هەر هێرشێک بۆ سەر دەسەڵات و پێگە سیاسیەکانی، هێرشە بۆ سەر دامودەزگاکانی ئەوانیش، ئەو دامودەزگایانەی دەبێت وەک هەر دامودەزگایەکی دەسەڵات، دابخرێن. ئەوان تەنهاو تەنها شەڕی بودجە دەکەن، شەڕی کورتهێنانی بودجەکانی خۆیان بۆ ئەو جانەوەرانەی لەسەر گردەکە، ئەو دامودەزگایانە بەڕێوە دەبەن.
ئەمڕۆ جەماوەر ڕووبەڕووی شەڕێکی چارەنووسساز دەبێتەوە، شەڕێک کە گۆڕان و ڕۆشنبیرو میدیا ترسنۆک و هەلپەرستەکانی دەوروبەریان، دەیانەوێت بە ئاراستەیەکی تریدا بەرن و لەو بەرگە خوێناویە شۆڕشگێریەی داماڵنەوە کە پێوەی دێتە سەرشەقامەکان.
بەڵام بەبێ هیچ دوودڵیەک، ئەو هەوڵە دوژمنکارانەیەی گۆڕان، کەسی وەدوو ناکەوێت جگە لەمانە نەبێت کە ئێجگار تینووی کورسی و پوول و پارەن و هەرگیزاو هەرگیز ناتوانن دەربڕی بەرژەوەندی ئەو هەژارانە بن کە لە کەناری شارەکاندا، لە خانوە قوڕین و بێ ئاوو تاریکەکاندا دەژین و کەس بەحاڵیان نازانێت خۆیان نەبێت. وە هەر ئەوانیش دینەمۆی شۆڕشن، ئەوانەی لەم قیژە قیژەی گۆڕان و هاوڵاتی و ئاوێنە و ڕۆشنبیرە چاوچنۆکەکان بێئاگان و هەرگیز بەو دەنگە دەنگە ناسازەیش داناچڵەکن. ئەوان ژیڵەمۆی بزووتنەوەی شۆڕشگێری بوون چ ڕابووردوو چ ئێستا، ئەوان خاوەنی هیچ شتێک نین هێزی بازوویان نەبێت، گەر بەیانی کار نەکەن، ئێوارە لەسەر سفرەیەکی خاڵی دادەنیشن. بۆیە هەرگیز لەو ڕۆشنبیرانە ناچن کە خۆیان بۆ کورسیەکی لەقولۆقی پەرلەمان یان حکومەت ئامادە دەکەن، ئەو ڕۆشنبیرانەی کە میراتگری ڕۆشنبیرەکانی سەدەی ڕابووردوون، ئەو ڕۆشنبیرانەی ئێستا بەبەرچاومانەوە، لەسەر تەختی دەسەڵات، وەک گورگی برسی، دەلەوەڕێن و بەریان بۆ سەرمایەدارەکان واڵا کردووە لەسەر حسابی هەژارانی ئەم کۆمەڵگایە، چۆن بۆیان بلوێت بەو جۆرە سەرمایە کەڵەکە بکەن. ئەم گورگانە دەشیانەوێت شاباش و ستایش بکرێن گوایە لەسەر خەباتگێڕییان لە ڕابووردوودا. کام خەبات؟
ئەو خەباتەی ئەمڕۆ ڕۆشنبیرە میراتگرەکانیان دەیکەن بۆ پاروویەکی چەور، بۆ ناو جێگایەکی نەرم و شل، بۆ پلەوپایە.
بە پێچەوانەی هەموو ئەوانیشەوە، شەڕ شەڕی بودجە نیە، هەرواهوریای بودجەیش هیچ نیە تەڵەیەک نەبێت بۆ چەوساوەکان.
ئەو تەڵەیە بشکێنن! ئەو خوێناوەیشتان لەبیر نەچێتەوە کە هیچ حکومەتێک لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، جرئەتی ئەوەیان نەبوو ئەو خوێناوە بە شەقامەکاندا بڕێژن، ئیتر هەر لە ١٩٣٠ یەوە هەتا سەردەمی خوێنڕێژترین دەسەڵات کە بەعس بوو. تەنها ڕێگایش بۆ برەودان بە بزووتنەوەی شۆڕشگێری هێرشەو هێرشەو هێرش.
سەرکەوتوو بێت خەباتی چەوساوەکان، خەباتی ئەو چینە شۆڕشگێرەی لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، بەرژەوەندی هاوبەشی هەموان و ئازادیی هەموان دەبینێت. یەکەمین هەنگاوی ئەو چینە خەباتگێرەیش ڕاپەڕینە نەک شەڕی بودجە، سەرکەوتنە لە گێڕانەوەی بریاردا بۆ کۆمەڵگا نەک گواستنەوەی دەسەڵات لە دەستی دەستەیەک لە برجوازیەکانەوە بۆ دەستەیەکی برجوازیی لەوان برسی تر.
بەرەو ڕاپەڕین!
ئەندامی لیژنەیەک لە لیژنەکانی ١٧ ی شوبات
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست