کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانییدا بورهان نامیق ده‌ڵێت ‌پێویست ناکات بیسه‌لمێنین جه‌وهه‌ر نامیق به‌چی مردووه‌

Tuesday, 29/03/2011, 12:00


ئه‌مڕۆ رۆژی سێشه‌ممه‌ 29 - 03 - 2011 ، بورهان نامیق سالم باڵیۆزی عێراق له‌ یۆنان و برای جه‌وهه‌ر نامیق، له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانییدا که‌ ده‌زگای پاراستن سه‌رپه‌رشتی ده‌کرد، چه‌ند رۆژێکیش پێشتر له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانیی بانگی بورهان نامیق کرابوو که‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانییدا قسه‌ بکات. له‌و کۆنگره‌یه‌دا  براکه‌ی جه‌وهه‌ر نامیق رایگه‌یاند که‌وا جه‌وهه‌ر نامیقی برای به‌ نه‌خۆشی (شێرپه‌نجه‌ی جگه‌ر) کۆچی دوایی کردووه‌ و راپۆرتی پزیشکیش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت.
وه‌ک له‌ قسه‌کانی بورهان نامیق ده‌رکه‌وت ته‌نها بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ژارخواردکردنه‌که‌ی بوو، که‌ دیار بوو له‌ ژێر فشاری ده‌سه‌ڵاتی پارتی له‌ هه‌ولێر و له‌به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ئه‌م سیناریۆ رۆژنه‌مانه‌وانییه‌ رێکخرا  که‌ ئێمه‌ سێ رۆژ به‌ر له‌ ئیستا به‌وه‌مان زانی بوو، که‌وا سینارۆیه‌کی ده‌زگای پاراستن به‌ڕیوه‌یه‌، زانیبووشمان براکه‌ی به‌ نیازه‌ چی پێ بڵێت، به‌ڵام سه‌رچاوه‌که‌مان داوای لێکردین که‌ بێده‌نگ بین، نه‌کا پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ ره‌وتی پلانه‌که‌یان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌کی دیکه‌ بڕوات.
ئه‌وه‌ی جێگای گومان و سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ بورهان نامیق خۆی له‌ هه‌ندێ باس و رووداو و دیارده‌ی گومانلێکردنه‌که‌ لادا  له‌و کاته‌دا که‌جه‌وهه‌ر نامیقی برای له‌ خه‌سته‌خانه‌ که‌وتبوو، بۆ نمونه‌ باسی له‌وه‌ نه‌کرد، که‌:
بۆچی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌ ته‌ها به‌رواری وه‌کو موترجم و راوێژکار بوو به‌ سه‌رپه‌رشتکاری که‌سوکاره‌که‌ی  له‌ خه‌سته‌خانه‌ چاودێری ئه‌و ژووره‌ی ده‌کرد که‌ جه‌وهه‌ر نامیقی لێکه‌وتبوو، نه‌یان ده‌هێشت که‌س سه‌ردانی بکات؟ یان بۆچی رێگایان گرت له‌ ئه‌ندام و لێپرسراوانی پاراستن له‌ سوید چیدی سه‌ردانی خه‌سته‌خانه‌ نه‌که‌ن؟ بۆچی له‌و رۆژه‌ به‌دواوه‌ هیچ موته‌رجمێکیان بۆ که‌سوکار و ژن و که‌سه‌ نزیکه‌که‌کانی دانه‌نا جگه‌ له‌ ته‌ها به‌رواری؟ دوای ئه‌وه‌ بۆچی ئه‌و (سی دی)ه‌یه‌ی راپۆرتی پزیشکیی تێدا تۆمار کرابوو، ته‌نها درایه‌ ده‌ست بورهانی برای، که‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌م حاڵه‌ته‌، برایه‌ک که‌ که‌سی دووه‌مه‌ له‌ ناو خێزانه‌که‌، چونکه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م خێزان و منداڵه‌‌کانی دێت، نه‌درا به‌ که‌سی پله‌ یه‌که‌میان، یان بۆ ئاگاداری سه‌فاره‌تی عیراقی نه‌کرا، له‌ ستۆکهۆڵم، هه‌روه‌ک ئه‌رده‌ڵان ئه‌بو به‌کر و ده‌یان که‌سی تر، که‌ بۆ هه‌مان حاڵه‌ت سه‌فاره‌تی ئه‌و وڵاته‌ راسته‌وخۆ ئاگادار ده‌کرێته‌وه‌؟ ئه‌م قسه‌یه‌ش له‌ ده‌می یه‌کێک له‌ ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌که‌ی بۆ کوردستانپۆستی ئاشکرا کرد؟
خاڵێکی تری له‌ به‌هێزکردنی گومانی ژارخوارد کردنه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌، بورهان نامیق له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا باسی کرد و وتی: راپۆرتی‌ پزیشكیمان له‌لایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ به‌بنه‌ماڵه‌كه‌مان و پێویست ناكات بۆ هیچ كه‌سێك بیسه‌لمێنین به‌چی‌ مردوه‌! لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی له‌ کاتێکدا‌ گومانی ئه‌وه‌ ده‌کرێت براکه‌تان ژارخواردوو کرابێت، که‌چی ئێوه‌ راپۆرتی پزیشکه‌که‌ ده‌شارنه‌وه‌ و ده‌ڵێن تایبه‌ته‌ به‌ بنه‌ماله‌که‌مان؟ بۆچی جگه‌ له‌ بورهان نامیقی برای، که‌سێکی تر له‌ بنه‌ماله‌که‌ نه‌هێڵرا ده‌ست بۆ ئه‌و (سی دی)یه‌ به‌رێت؟ هه‌رچه‌نده‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ سه‌ر هۆکاری کۆچی دوایی جه‌وهه‌ر نامیق به‌و کوتووپڕییه‌، تێیدا هاتبێت که‌ به‌هۆی ژارخوارد کردنه‌وه‌ بێت، ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌و هۆیه‌ی خواره‌وه‌ که‌ باسی ده‌که‌ین.
ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رجڕاکێشانیش بوو، بورهان نامیق ده‌ڵێت: جه‌وهه‌ر نامیقی برام له‌ سێیه‌مین باشترین نه‌خۆشخانه‌ بووه‌ له‌ سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا. ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌‌ هه‌ڵه‌یه‌ و راست نییه‌، چونکه‌ ئه‌و خه‌سته‌خانه‌یه‌ که‌ له‌ هۆدینگه‌یه‌ له‌ گه‌ڕه‌کێکی شاری ستۆکهۆڵم، نه‌ک سێیه‌م نییه‌ له‌ ئه‌وروپا به‌ڵکو  له‌ سویدیش  سێیه‌م و بیستهه‌م و چل هه‌میش نییه‌. خه‌سته‌خانه‌یه‌کی ئاساییه‌ و هێنده‌ی خه‌سته‌خانه‌ گه‌وره‌کانی سوید ناوبانگی نییه. دیاره‌ ئه‌م زانیارییه‌ به‌ هه‌ڵه‌  ته‌ها به‌رواری پێی داوه‌.

پاش مردنی جه‌وهه‌ر نامیق، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ له‌ رێگای که‌سێکه‌وه‌، رامان سپارد و  په‌یوه‌ندیی کرا به‌‌ (یاوه‌ر نامیق)ی برایه‌وه‌، تا‌ به‌ زووترین کات و پێش بردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌که‌ی بۆ کوردستان ببرێته‌وه‌، به‌ڵکو داوا بکه‌ن پارچه‌یه‌ک له‌ جگه‌ر و تاڵیک له‌ مووی سه‌ری ده‌ربهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی پشکنینی ته‌واویی بۆ بکرێت، واشمان پێشنیار کرد، به‌ ره‌سمیش ژن و منداڵه‌‌کانی، له‌ پۆلیس داوا بکه‌ن، بڵێن گومانی ژارخواردنی لێده‌کرێت، تا یه‌کسه‌ر ته‌رمه‌که‌ی نه‌برێته‌وه‌، به‌ڵام هیچ کام له‌ براکانی ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌و کاره‌ بکه‌ن، دیاره‌ له‌لایه‌ن پاراستن و له‌ رێگای ته‌ها به‌روارییه‌وه‌ فشاریان خرابووه‌ سه‌ر بۆیه‌ یه‌کسه‌ر له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا به‌ فڕۆکه‌یه‌کی تایبه‌ت (Viking Line) به‌ پاره‌یه‌کی زۆر به‌ ته‌نها و به‌ خێرایی ته‌رمه‌که‌یان بۆ کوردستان برده‌وه‌.
له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێین ئه‌و قسانه‌ی بورهان نامیقی برای جه‌وهه‌ر نامیق، که‌ له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا کردوویه‌تیی، پڕه‌ له‌ ریاکاریی و ترس له‌ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پاراستن، به‌ دیوه‌که‌ی تریدا  بورهان نامیقیش  وه‌ک هاریکارێک به‌ یه‌کێک له‌ تاوانباره‌کان ده‌ژمێردێت له‌ په‌رده‌پۆش کردنی ئه‌و تاوانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ جه‌وهه‌ر نامیقی برای کراوه‌.
 که‌م نیین ئه‌وانه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی که‌سوکار و باوک و براکانیانی کوشتووه‌، دوای ئه‌وه‌ چوون و له‌ پێناو  وه‌رگرتنی بڕێ پاره‌ و ده‌سه‌ڵات  له‌ تاوانکاره‌که‌ خۆش بوون.

قسه‌کانی بورهان نامیق که‌ له‌ کۆنگره‌که‌دا کردی له‌و شوێنه‌ی خواره‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

 بنه‌ماڵه‌ی جه‌وهه‌ر نامیق: هه‌موو لایه‌ک دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌، که‌ ئێمه‌ هیچ گومانێکمان نییه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە