كـــفـــــرى چــۆن پەرلەمانتارێكى پێویستە؟! (بێدار كردنەوەى مەڵبەندى كفرى)
Saturday, 18/04/2009, 12:00
1573 بینراوە
لەچەند نوسین و موناسەبەتى جیاوازدا، لە چەندموناسەبەى ئاڵوگۆڕكردنى مەعریفى نێوان ئەو چینە پرۆفیشناڵ و مرۆ دۆستانەى گەرمیان، بەمەبەست و بێ مەبەست دانیشتن و گفتۆ گۆكرابێت و هاتبێتە پێشەوە بەدەر لەو دێوەخانە گەرمەى حیزب كە زۆرجار بە كەسانى بێئاگا گەرمى دەكات، قسەو باس و تێزى جدیمان هەبوە، بۆ چۆنیەتى تێگەیشتن لە كێشەكانى گەرمیان دواجار چۆنیەتى چارەسەركردنیان، پێموایە ئەمەى دوەهەمیان (چارەسەر)، ڕێگەكەى لە دەستى خەڵكیدایە، دەمێنێتەوە سەر دۆزینەوەى، ئەوەیان لەسەر خەڵكییە ئایا دەیەوێ كامە ڕێگە هەڵبژێرێت بۆ ئەوەى لەو نەهامەتیەى كە پێوەى دەناڵێنێت ڕزگارى ببێ. ئەگەر بەراوردێك بكەین لەچەند ساڵى ڕابردودا، حیزب نوێنەرەكانى خۆى زۆر بەشاراوەى دەناردە پەرلەمان مەگەر دواى چەندەها مانگ خەڵكى زانیبێتى نوێنەرەكەى لە پەرلەمان خەوى لێكەوتوە، ئەمەش خەتەرى حیزب بو بۆ سەر كۆمەڵگە، كەسانێكى ساغدەكردەوە و بەناو نۆێنەرى خواستەكانى خەڵكى بۆ پەرلەمانى دەنارد، كەچى ئەزمۆنى پەرلەمانتارى كوردى بۆمانى دەرخست زۆرینەیان نۆێنەرى خواستەكانى خۆیانن نەك خواستەكانى خەڵكى، كاك نەوشێروان مستەفا لە نوسێنێكدا بەجوانى گوزارشتى لێدەكات، لێرەدا بە پێویستى نازانم هەندێ بوچون دوبارە بكەمەوە، ئەوەى مەبەستمە قسە كردنە لە لایەنە پۆزەتیڤەكان كە بەسەر بۆچونى خەڵكدا هاتوە، چاوەڕیێ دەكرێ ئەگەر خەڵكى نوێنەرێكى بەدڵ نەبێت لە هەڵبژاردنى داهاتوى پەرلەمان دا، دەم وچاوى قابیلى پەرلەمانتارى نەبێت (مەبەستم باكگراوندى كەسەكەیە)، شایەنى ئەوە نەبێت ناوى نوێنەرى خەڵكى بێت، كە بەداخەوە لە ڕابردودا ئەمە ڕوى دا لەسەر ئاستى زۆرینەى شارەكان، ئەمجارەیان خەڵكى باكى بەوە نیە، كاندیدەكانى نۆێنەرى حیزبەكەیەتى، یان خیڵ و خێزان و عەشیرەتەكەیەتى، بەڵكو تێگەیشتوە كەسانى بەتواناو ئەكادیمى، ڕابردو پاك و ویستراو لاى خەڵكى، كۆمەڵایەتى و خۆبەزل نەزان، نا هەلپەرست و خاكى، بۆیر و قسەكەر، ورژێنەرى مافەكانى خەڵكى و شەڕكردن لەسەریان، بێباك لە بڕینى موچەكەى، بێباك لە بێبەشكردنى سەفەرەكانى ئەوروپا و بەهەشتەكانى یەكێتى وپارتى كە بەپارەى ئەم میلەتە بۆ دەست و پێوەندەكانیان دروستیان كردوە، ئەمەیە سیفاتى ئەو پەرلەمانتارەى كە ئەمجارەیان خەڵكى بەنیازە هەڵیبژیرێت هەرچەندە لەڕێگەى لیستى داخراوەوە یەكێتى و پارتى دەیانەوێ هەمان ئەزمۆن دوبارە بكەنەوە و نەهێڵن خەڵكى كاندیدەكانیان بناسن، ڕەنگە ئەمجارە نەتوانن ئەوە بكەن، گۆڕانى بۆچونى خەڵكى بەرامبەر ئەو خاڵانەى كە یەكێتى و پارتى لەچەند ساڵى ڕابردودا بۆخۆیانیان قۆستۆتەوە و موقەدەساتى مرۆڤیان بچوكردۆتەوە لە ڕێگەى دانانى كەسى ناشیاو لە شۆێنى شیاو، وەرچەرخانێكە لە عاتیفەى مرۆڤى كوردى دا، بۆ ئەوەى چیتر عاتفە فیڵى لێنەكات، بڕیارى داوە جگە لەوانەى لەو خەوە خۆشە بێدارنەبونەتەوە و دروشمەكانى حیزبە كۆنەپاریزەكان (یەكێتى و پارتى) ئیدمانیانى كردوە، بزانن كێى هەڵدەبژێرن!
حیزب ئازادە لەوەى چۆن بەشدارى هەڵبژاردن دەكات و نۆێنەرەكەى چۆن دەنێرێت و كاندیدى دەكات، تا ئێستا گرنگ نەبوە لاى خەڵكى كێى دەكاتە، بەرپرسى مەڵبەند و لق و ناوچە، توانا و بڕوانامە و باگككراوندى چیە و چ نیە، چونكە حیزب هەر دەبێ جیا بكرێتەوە، لە حكومەت بۆیە وا خەریكە دەستى دوردەكەوێتەوە یان دەبڕدرێ، بەڵام حیزب لەوەیان دا بۆى نیە، یاسا ڕێگەى پێنادات كەسانێك بنێرێ بۆ پەرلەمان، ببێتە بارگران بەسەر خەڵكى یەوە، پەرلەمان لەهەمو وڵاتێكدا پەیوەندى ڕاستەوخۆى بەژیانى خەڵكەوە هەیە، نەك ژیان و ئایدۆلۆژیا وحیزب، بۆیە خەڵكى حەقى خۆیەتى نەك لە داهاتودا، بەڵكو حیزب بەرامبەر بەدادگا بەرپرسیار بكات، بۆچى تا ئێستا جۆرە نۆێنەرێكى ناردۆتە پارلەمان، بەخەسارەت شكاوەتەوە بۆسەر مافە تایبەتى و گشتیەكانى؟! بەمەش پەرلەمانێكى دروست كردوە نابەرپرسیار بەرامبەر لێێچنەوەى مێژو چۆن تۆمار كراوە لە رابردودا، كێى تاوانبارى ئەو مێژوەیە، ئەمەیان ئومێدێكە لەداهاتودا ڕەنگە بێتە دیى و ئەو دادگایەش دروست ببێ.
ئەگەر لەسەر ئاستى گەرمیان قسە لەو خاڵانە بكەین وەك لە پێشەوە ئاماژەمان پێكرد، ڕەنگە جیاوازیەكى ئەوتۆ نەبینین، لە ڕاستیدا پیوێست بو ئەو جیاوازیە ببینین چوون دەڤەرەكەمان لە ڕووى ئابورى و كۆمەڵایەتی و دیمۆگرافیەوە جیاوازیەكمان هەیە لە ناوچەكانى تر، بۆیە دەبینین لە مێژوش دا ناوچەكەمان مەنكوبترین شۆێنە كەوتبێتە نەخشەى ئەم وڵاتەوە، بەندە وەك دانیشتویەكى ئەم دەڤەرە و هەم وەكو سۆسیۆلۆجستێك بەوردى كێشە و نەهامەتیەكانى لێمەوە دیارە، لەو سۆنگەیەوە ڕێگەم بەخۆم داوە، قسە بكەم لە پرسى پەرلەمانتار و پەیوەندى و ڕۆڵى بەژیانى خەڵكیەوە، لە دەرئەنجامیشدا وەك هەمو تاكێكى دیكە بۆماندەردەكەوێ، پەرلەمانتارە گەرمیانیەكان نەك نۆێنەرى خەڵكى و خواستەكانى نەبون، بەڵكە حیزبیش پەلەى لە هەڵبژاردنى ئەوان كردۆتەوە، وەك چۆن مەڵبەندى یەكێتى كفرى ئێستا دەیەوێ بكەوێتە هەمان هەڵەى كوشندەوە كە لەمێژودا دەنوسرێ، گرنكترە قسە لە ئایندە بكەین، ڕەنگە هەندێ پاساو هەبێت چ كۆمەڵایەتى و لایەنى پەیوەستى تر بەژیانەوە ڕێگەمان لێبگرێ لە هەڵدانەوەى پەڕەكانى ڕابردو.
بە گەڕانێكى خێرا بەنێو ئەم قەزایەدا، بینەر دەتوانێ تێبگات، هەناسەكانى ژیانى تێادا لە نوزەدایە، دیمەنەكانى شار و غەمباریەكەى پێماندەڵێ شەِرى لابەلا و كوتلە بازى و دابەشكردنى چینایەتى پێوە دیارە، پەیامێكیش بۆ خەڵكەكەى جێدەهیڵێ و پییماندەڵیت" ئێوە بون ڕاه گوزەر، قوربانیدەر، پاشماوەى ئەنفالەكان......... هتد بۆ كۆمەڵێك بەرپرس تەنها بەسەر ئەم شارەوە هەڵفڕین، نەدەنیشتنەوە، تەنها لەسەر كورسیەكەیان نەبێت، دواى هەستان بەسەر شاردا دەفڕین بۆ دونیاى سەرمایەدارى".
لەدواى ئەوەى وەزارەتى شارەوانى بڕیارى دا گۆڕانێك لە سەرۆك شارەوانى ناحیەكان دا بكات، كۆمیتەى یەكێتى لە ناحیەى ڕزگارى سەربە قەزاى كەلار، كەوتنە خۆیان و دەیانویست بەنەخشەى تریاكى حیزبى كەسێكى تر بكەنە بارقورسى و گرانى بەسەر خەڵكى قوربانیدەرى ناحیەكەوە، وەك چۆن ئاغازادەیەكێان هێنا بە موفلیس ى هات و بە سەرمایەدارى بۆى دەرچو، بەڵام كۆمەڵێك گەنجى ڕاستەقینە و بەرپرس لە ژیانى خەڵكى و سەربەخۆ و بەتاڵ لەدەستى حیزب، گوتیان"شارەوانى پەیوەندى بە هەمو مرۆڤێكەوە هەیە، پێویستە لەدانانى سەرۆك شارەوانی دا پرسمانپێ بكرێ" نەیانهێشت نەخشە حیزبیەكەى كۆمیتە و مەحسوبیەت و كلك گرێدانەوە سەربگرێ.
كاتێ ئێمە دەڵێن هەناسەى ژیان لە نوزەدایە لەم شارەدا (كفرى) مەبەستمان ئەوە نیە خەڵكى ناتوانێ هەناسە بدات، دڵنیاشم ئەگەر بتوانن هەناسەش زەوت دەكەن، چەند كەس بە سەر ئەم شارەدا هاتن و چون؟ خەڵكى تەنها ڕا ه گوزەر نەبو؟ چەند سەرۆك شارەوانى و قایمقام و خەڵكى تر هاتن و چون و پەیوەست نەبون بەم شارەوە، تەنها كورسیەكەیان لێرە بو، خەڵكى زانى ئەوانە بۆچ هاتن و چۆن هاتن و بەچییەوە چونە دەرێ؟ شۆێنە دەستیان چ بو؟ كیێ داینان و گۆڕیانى؟ بۆچى؟ چەندیان ماوە بچن و بفڕن و كێى هێنانى و بۆچى و كەى دەچن و بە چیەوە دەچن؟! پرسیارگەلێكى ئاسان و وەڵامەكانیان ئاسانتر!
پەرلەمانتارى نۆێنەرى كفرى، قورسترین ئەركە، ڕەنگە كەسێك بیەوێ ناوى لە مێژودا تۆمار بكرێ جەسارەت نەكا خۆى كاندید بكا، مەگەر دامەزراو بێت لە سەر ئەو پێكهاتنە كە لەسەرەوە باسمانكردن، ئەگەر وا نەبو كەواتە بۆ هەریسەكەیە(خۆزگە هەر هەریسە بوایە مەسروفى كەمە).
لەكفرى دا، كۆمەڵێك كایە هەیە، تێكەڵ بەیەك كراون، تەنها دیاردە و كێشەى كۆمەڵایەتى بەرهەم دەهێنن، لێرەدا مەبەستم نیە بە زەقى باسیان لێوەبكەم، سەرچاوەكانیشى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەجێنداحیزبیە زەقە، وەك ئاسەوارێ نیگەتیڤ بەسەر پێكهاتەكانى ئەم شارەوە دیارە و بەجێماوە، بۆیە دەبینین لەكاتى موناسەبە دیموكراسەكان دا، بەتایبەت پرسى هەڵبژاردنەكان، پەرژینێ بەسەر گەوهەرى ئەو پرسانە، یان شێوازە تەندروستەكەى دا دەهێنرێ، دەرئەنجامیش خەڵكى پەشیمان دەبێتەوە لە هەڵخەڵەتاندنى بەهۆى دروشمە حیزبى و تایەفى و عەشیرەتگەریەكانەوە، بەڵام لەدواى كارەسات پەشیمانى فریادڕەس نییە.
ئەمجارەیان زەمەنێكى درێژتر تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵبژاردنى ڕابردوى پەرلەمان دا، ئەمەى ئێستا خەڵكى بڕیارى لێداوە، پەشیمانى نیە، بەڵكو زاڵبونى عەقڵە بەسەر عاتیفەدا.
كەچى مەڵبەندى كفرى یەكێتى نایەوێ ئەوە بزانێت، یان ڕەنگە هەر نەزانێ خەڵكى قەناعەتى خۆى گۆڕیوە، بەدواى چۆنیەتى دا دەگەڕێ، ئەزمۆنى پەیدا كردوە لەگەڵ پەرلەمان و پەرلەمانتارەكانى دا، وێنەی هەمویانى لە نەستى دا هەڵگرتوە، نایەوێ جارێكى تر لە هەستیدا بیبنێتەوە، مەگەر ئەوەى خۆى باوەڕى پێیەتى، لە هەنگاوى یەكەمى ئەو مەڵبەندەدا، ساغ بونەوەى بۆچونگەلێكى پێوە دیارە، ئەوەى دەربارەیان هەیە خەریكە بەدەستى خۆیان دەیسلەمێنن، یان دەبنە بەشدارییەكى سەرەكى ڕابردو، وەك باسدەكرێ لەلایەن خودى كادیرانى مەڵبەندەكەوە، سێ كەس پێشنیا كراوە بۆ پەرلەمانتارى لەسەر لیستەكەى خۆیان، من قسەم لەسەر یەكێكیان نیە، ناشمەوێ بێویژدانى لەم نوسینەدا بكەم بەتایبەتى سەبارەت بە پەرلەمانتارە، ئەو سێ كەسە، (دانەیەكیان) زۆر بەزەقى دیارە ناتوانێ پەرلەمانتار بێت مەگەر حیزبێ كاندیدى بكا بزانێ كۆتاى مێژوەكەیەتى، یان لەشارى فەنتەلۆس دا بتوانێ ببێتە پەرلەمانتار، خۆ ناهەقى نیە (كوا فیكر و پرەنسیپ ماوە لەو حیزبەدا، كەسابەتەكە نەما بۆ نمونە دەتوانى هیچت پێنەبو، و لەبارتا نەبو، كەفائەو ئەمانە كڵاواتە، ئەوا خۆت بكە بار بەسەر كوتلەیەكەوە تەنها قسەیە بكە و بڵى لە ئێوەم) ڕەنگە حەز بكات بچێتە ئەو پەرلەمان ە خۆشە، لە نەزەرى مەڵبەندەكەی دا وەك جارانە (كێ ناڵیێ خراپتر نابێ) بۆیە ئەویش باكی نیە كیێ دەبێ و نابێ و دەنێرێ و نانێرێ و بەچ مەبەستێك خەڵك خۆى فڕى دەداتە مەڵبەندەكەیانەوە، كەسانێك دیارە بەدواى هەلدا دەگەڕێن و شۆێنیان دەستناكەوێ و بەسەر ئەو مەڵبەندەدا خۆیان ساغدەكەنەوە، ڕەنگە برادەرانى ئەو مەڵبەندە لێم زیز ببن، پرسى فیكرى و مەسەلەى ویژدان لە هەمو شتێ گەورەترە و نابێ لەئاست شتە لاوەكیەكان دا چەماوە بێت، ئەبێت وەكو قەڵەمەكەى سارتەر بیكەینە شمشێر و شەڕى ڕاستیەكانى پێبكەین. دڵنیام ئەو مەڵبەندە دەزانێت نابێ كەسانێ بكاتە نۆێنەرى، نەك نازانن خەڵكى و ژیانى خەڵكى و كەناڵكردنى ژیانى خەڵكى چیە، هەروەها دڵنیام ئەو مەڵبەندە دەزانێ نابێ كەسێ بكاتە كاندید، وابزانێ یەكێتى قاچاغى كردنە!
هەروەها ئەو مەڵبەندە دەزانێ، نابێ كەسانى هەلپەرست(كە واریدە لە هەموو كۆمەڵگەیەكى داخراودا بەدەستى حیزب) بكرێتە نۆێنەرى خەڵكى، كادیرەكانى خۆتان دەڵێن یەكێك لە كاندیدەكانتان، بینایەك بۆ () دروست بكرێ و بڵێن مودیرێكى پێویستە، دەڵێت توخوا من بكەن!ئیدى چۆن داوا ناكات كاندید بێت، پەرلەمانى فەنتەڵۆ!
دەمێنێتەوە سەر دانەیەكى تر لەكاندیدەكەتان كە دەتانەوێ بیپان پاڵاون یەكێكیان دەست نیشان بكەن، ڕەنگە هەر شتێ بڵێم بەعاتیفە بەسەرم بیشكێننەوە چونكە ئەوەیانم (پێمباشترە)، بۆیە بۆخۆتانى بەجێدەهیڵم، لێرەدا باسى كارە باشەكەتانم نەكرد، كە ئیشى من نیە و بۆ دەروێشەكانى خۆتان هەڵى بگرن، كە ئەستۆى یەكێتى بەرامبەر خەڵك و مێژو قورستر دەكەن.
پەرلەمانتارى ئەركێكى قورسە، بۆیە پیرۆزە، ئەوانەى بەدواى گەڕانەوەى پیرۆزیەكان دا دەگەڕێن، و نەتوانن بیدۆزنەوە، خۆیان ناكەنە كاندید بۆ پەرلەمان، بەتایبەت لە كفرى دا، ئەوەى نەیتوانى پیرۆزییەكان بدۆزێتەوە و لەوئاستەدا نەبێت خۆى كاندیدبكات، هەریسەكە دەدۆزێتەوە و خۆى دەكەوێتە ڕۆنەوە نەك تەنیا نانەكەى!
بۆ دواجاریش دەڵێم مەڵبەندەكەى یەكێتى لە كفرى، ئایا ئەوەتان زانیوە، بۆ هەڵبژاردنى داهاتوى پەرلەمان، بەدەر لە لیستە هاوپەیمانێتیەكەتان لەگەڵ بنەماڵەدا، لیستى سەربەخۆ، و كاندیدى سەربەخۆ، لەهەمو شار و شارۆچكەكان بە كفریشەوە هەیە؟