پۆست هەڵبژاردن
Thursday, 26/09/2013, 12:00
1562 بینراوە
هەروەك چۆن پێش هەڵبژاردنەکانی ٢١ ی ئەیلول ڕاوو بۆچوونی خۆمان هەبوو، ئاوهاش هەنووکە کاتی ئەوە هاتوە، کە بەچەند تێبینی و سەرنجێك تیشك بخەینە ئاکامەکانی و بزانین تا چەند لەگەڵ لێکدانەوەو شرۆڤەکانماندا هاو تەریب بوون.
هەروەك لەسەرەتاوە داوامان کرد کە پێویستە ئەم جارە هاوڵاتیان بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن، دیارە ئەوەیش لەبەربوونی چەندین فاکتی مێژوویی و بەڵگە و دۆکیومێنت کەوای لێکردبووین هەروا بەسانایی نەچینە ژێر هەڵبژاردنێکی وا کە پێش وەختە ئەنجامەکان لامان ئاشکرا بوو.
ئێمە پێمان وابوو بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا ڕەوایەتیدانە بەخیانەت و درێژکردنەوەی ئەزموونی خراپ و ناهەمواری دەسەڵاتی بنەماڵەییە لە کوردستانی باشوور.
پەیامی ئێمە بۆ هاوڵاتیان گرتنە ڕێگایەکی تر بوو، بۆ ئەوەی بەدەسەڵات بڵێن ئێوە لێرەوە و لەڕێگای دەنگی ئێمەوە چیتر ڕەوایەتی بەدەست ناهێنن و پیوستە جۆرێکی تر لەخەبات دژ بە گەندەڵی، پیسخۆری، خیانەتی نەتەوەیی، هەراجکردنی سامانی نیشتمان، کوشتنی دەنگی ئازادی، تیرۆرکردنی کەسایەتی دڵسۆز ونیشتمان پەروەر شوێنی ئەم دەسەڵاتە بگرێتەوە.
حەتمەن بۆ ئەوەش پاساو و بەڵگەی زۆرمان خستە پێش چاوو بەچەندین ووتار و چەندینی تر لە دۆکیومێنتی مێژوویی و بەپشت بەستن بەچەندین نمونەی گەلانی تر هاتین وویستمان گەلەکەمان ووریا بکەینەوە تا نەکەوێتە ژێر هەڵەیەکی تر، کە بەردەوامی بدات بەم دەسەڵاتەی ئێستا.
بۆ ئێمە پرۆسەی هەڵبژاردن لەو کەش و هەوایەی ژێر دەسەڵاتی دوو مافیای وەك جەلال و مەسعود هەرگیز وای لێنەکردین، کە ببینە پاڵنەرێکی سەرەکی و بزوێنەر، پێمان وابوو یەکێتی و پارتی هەردەم پەنا دەبەنەوە بۆ هەمان پێوەرەکانی پێشوو لە بەکارهێنانی یاسای (تەرهیب و تەرغیب)، یان یاسای (پارەو تۆقاندن) کە ئەمەش لە هەموو سیستمە ناڕەواو نادیموکراتیەکاندا باوە.
دیارە مەبەستی ئاشکرای ئەو پەیامەی کوردستانپۆست و ئێمە تەنها بۆ زیاتر ووشیارکردنەوە و بەرچاو ڕوونی هاوڵاتیانی گەلەکەمان بوو، کەوا بزانن لە ڕێگای ئەم هەڵبژاردنەوە گورزێکی کوشندەتر لە (ئازادیی، مافی هاوڵاتیبوون، بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتمان و پەیوەندیەکانی نێوان هاوڵاتی و دەوڵەوت) دەکەوێت.
ئێمە وەك لەسەرەتاوە پێشبینیمان کرد، کەوا هێچ جۆرە گۆڕانکاریەك لە نەخشەی سیاسی کوردستانی باشووردا ڕوونادات و هەردوو بنەماڵە بەردەوامی ئەدەن بە سەپاندنی حکومڕانی خۆیان.
بەداخەوە هەموو ترس و پێشبینیەکانمان سەربارەت بە ئاکامەکانی هەڵبژاردن ڕاست دەرچوو لەوەی کەوا هەڵبژاردن نابێتە هۆی گۆڕانکاری و دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات. هەروەك چۆن هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو نەیتوانی گۆڕانکاری دروست بکا و دەسەڵات لە پارتی و یەکیتی وەربگرێ، ئاوهاش ، ئەم هەڵبژاردنە نەیتوانی نەخشەی فەرمانڕەوایی یەکێتی و پارتی بگوڕێ. واتە هەڵبژاردن تەنها بۆ پەیدا کردنی ڕەوایەتی دان و هەراجکردنی دەنگی هاوڵاتیانە بۆ ئەوەی درێژە بە تەمەنی ئەم دوو دزە بدرێ.
هەروەك چۆن دەستمان خستە سەر هەموو ئەو دزی و فێڵ و تەزوویرەی دەسەڵات کەوا لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا پەنای بۆ ئەبردن،ئاوهاش ڕۆڵی خراپ و نێگەتیڤیانەی بەرەی نەیارمان دەست نیشان کرد کەوا چۆن ڕازین بەدەرئەنجامەکان هەرچۆنێ بێت . ئاخر لەکوێی ئەم گەردوونەدا هەیە کەوا ئۆپۆزیسیۆن هەموو کاتێ بێت و بڵێ؛ دەرئەنجامەکانمان پێ قبوڵە و هەڵبژاردن بەکەموو کووڕیەوە بکرێ باشترە لەنەکردنی. دیارە بۆ ئەمەش هەمان شتمان ووت کەوا بەرەی (ئیسلامی و گۆڕان) تەنها تەواوکەری شانۆی دەسەڵاتن و هیچی تر.
هەنووکە هەڵبژاردنەکان تەواو بوەو تا ئێستا بژاری دەنگەکان تەواو نەبوەو پێشێلکاری و دزی و فێڵ بەردەوامەو یاریکردن بەدەنگەکان ئەکرێ. کەواتە مافی خۆمان بوو کەوا داوامان لەهاوڵاتی خۆمان کرد بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە بکەن، ئاخۆ گەر بایکۆکردن هەبوایە ، ئا بەم شێوەیە پارتی ئەیتوانی بڵێ کەوا زۆربەی خەڵکی دەنگی پێمان داوە؟ کەواتە لەمەو بەدوا دەسەڵات زیاتر لەسەر کاری گەندەڵی و هەراج کردنی سامانی نیشتمان بەردەوام ئەبێ و ئەوەی هەبوو لەئازادی و هاوڵاتیبوون هەمووی ئەکەوێتە ژێر مەترسی و نەمانەوە.. بۆیە چی تر تۆپەکە لای هاوڵاتیان نیەو دەسەڵات بەئارەزووی خۆی یاری بەچارەنووس و داهاتوویانەوە ئەکا. پێمان وایە داهاتووی میلەتەکەمان لەباشوور بەرەو مەترسی زیاتر هەنگاو ئەنێ و هەستی نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی کوردستان تەواو لاواز و سستر ئەبێ. ئەم هەڵبژاردنە خەڵکی زیاتر تووشی شۆك و نائومێدی کرد، وای لەخەڵکی کرد کەوا نەك هەر متمانەی بەدەسەڵات نەبێ، بەڵکە متمانەی بە ئۆپۆزیسیۆنیش نەمێنێ. ئەم هەڵبژاردنە هەنگاوێکی ترە بۆ کپکردنەوەی دەنگە ناڕەزا و توڕەکەی شەقام، دیارە بۆ ماوەیەکی تر خامۆشی و سستی بەشەقامەوە دەرئەکەوێ و بێزاری هاوڵاتیان ئەگەتا لوتکە. کەئەمەش خۆی بۆ خۆی هاوکێشەیەکی نوێ ئەخاتە بەردەم هاوڵاتیان؛ درێژە دان و ملدرێژکردن بۆ ئەم دەسەڵاتە ، وەیان؛ خەباتێکی زیاتر ڕادیکاڵانە و تەقینەوەی جەماوەری. ڕۆژانی داهاتوو بزانین گەلەکەمان کام لەم دوو هەڵبژاردەیە هەڵئەبژێرێ.