کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاستەكانی بەكێشەكردن لەرۆمانی: "ئاوینەی بوركانی ژەنەرال" دا (به‌شی یه‌که‌م)

Sunday, 31/07/2011, 12:00


خوێندنەوەیەكە بۆ رۆمانی "ئاوێنەی بوركانی ژەنەراڵ" لە نوسینی" سەلاح جەلال" و بەرهەمی ساڵی 2011 یەتی و لە سەر ئەركی خۆی چاپ و بڵاوی كردۆتەوە،لە (چاپخانەی كارۆ)
بە كێشە كردنی رۆمان وەك كەلتورێك نەبۆتە بەشێكی زیندو دانەبڕاو لە ژیانی رۆشنبیری ئێمە و زۆر بە كەمی و تا ڕادەی نەبون هیچی لەسەر نەوتراوە و نەكراوە، بۆیە بە گرانم زانی ئەم رۆمانە وەك بەرهەمێكی ئەدەبی و شاكارێك لەم روەوە بخوێنمەوە و خوێندنەوەی رۆمان بەرمەوە بۆ رەچەڵەك و دروستكردنی لێدوانی رەسەن لەو بارەیەوە، چونكە دەبێت مرۆڤ دەرك بەوە بكات، ئەو شعورە لەلای خۆی دروست بكات، كە كێشەیەكە و قەیران بەدوای خۆیدا دەهێنێت!!ئەگەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە.هەڵبەتە ئەمەش كاتێك دێتە بەرچاو كەلە مانا سایكۆلۆژییەتییەكەی دوور بخەینەوە و دایماڵین لێی، بە مانایەكی تر مەبەست لە كێشە گەرانەوەیە، بۆ پرسە بنەرەتی و سەرەكییەكان بەگشتی و دەقی ئەدەبی بەتایبەتی، كە لیرەدا مەبستمان لەپرسە سەرەكییكانی رۆمانە وەك و ئەدەب و دەست پێكردنی چڕو پری گفتوگۆكان لەسەر دڵی بابەتەكان كە خودی ، كێشە"یە واتە كاتێك كە ئیمە دەزانین "كێشە" مانایەكی جیاواز لە مانا باوە سایكۆلۆژییەكان لەخۆ دەگرێت ، خۆ بەخۆ لە"ئاژاوە"جیا دەببَتەوە و پرسیاری رەسەن و دروست لە دایك دەبن .
ئێمە لیرەدا بەهیچ جۆریك بەنیاز نین لەروی زمانەوانییەوە هیچ بڵێین بەتەنها ئەوەندە نەبێت ، مەبەستی خۆمان روون دەكەینەوە بەوەی كە كێشەی رۆمان وا دەخەینە روو وەكو ئەوەی لەم رۆوە لەم كاتەدا پایەیەكی گرنگی ئەدەبە و نهێنی خویندنەوە و راڤەو رەخنە و لیكدانەوەی لەخۆ گرتووە ، بێ لەوەی رۆمان لەم رۆدا لەقەیراناویترین دۆخیدایە ،بەدەر لە قەیرانی نووسین خۆیشی.
كەواتە كە باس لە كێشەی رۆمان دەكەین مەبەستمان ، لەو باس و خواسانەیە كەپەیوەەستە بە ژینالۆژیایی رۆمان وەكو ئەدەب و بەستنەوەی بەتێڕامان و تێفكرینی وجودی و فەلسەفی و بون و نەبونەوە و لەئاستیكی تریشیدا خراپ بون و كەوتنە قەیرانی ئەدەبییەوە و لێرەدا كیشەكە گەورە دەبیت بۆ مانا گەورەكەو باسەكە هەستیار دەكات, واتا كیشەی بون و نەبونی ڕۆمان وەكو ژانرێكی ئەدەبی دروست دەبیت, بە دیویكی تردا نەبینیی وەكو كێشە و بایەخ پێنەدان و پشت گوێ خستنی دەبیتە بەشێكی تری گرفتەكە و بەهەردووكیشیان بەدوای خۆیاندا قەیران دەهێنن, نەك ئەو تێگەیشتنە سواوەی كە مەسەلەی فرۆشتن و ئەزبەر كردنی لەلایەن كۆمەلێك خەڵكی نەشارەزاوە بكەنە پێوەر بۆ "كیشە"و بگرە"كیشە"مانای فراوانتر و قوڵتر و گەورەتری هەیە و لەبنچینەشدا بۆ مشت و مڕی فەلسەفی گونجاو ترە وەك مانا بازاڕی و باوەكەی.......
بۆیەلیرەوە دەبیت بگەڕینەوە بۆ ڕۆڵە سەرەكییەكەی ڕۆمان، لە ڕووی بنیات و لە جیهانی مۆدیرندا و خویندنەوەی وەكو"دۆكترینیكی-عقیدە"یەكی شایان بەخوڵقاندندنی فۆڕم و شیوازی جۆراوجۆر. یان بە مانایەكی تر بەخویندنەوەی كیشەكان دەتوانین لێكدانەوەی درووست بۆ رۆمان بكەین، واتە كاتێك رۆمان دەبێتە كێشە و ئاوس دەبێت بە یەكەكانی فەلسەفە و تەكنیك و مێژو...هتد. ئەوە مانا راستەقینەكانی رۆمان دەردەكەون و خوێندنەوەیش دەبێتە دیار خەری ئەو لایەن و نهێنیە شاراوانەی دەق و گەیشتنە هەناوی داهێنان- لێرەوە پرسەكە بەرە و شوێن و بابەتی دەڕوات، بۆیە لێرەوە دەچینە ناو كرۆكی باسەكەوە.

خستنە روی ئاستەكانی كێشە لە رۆمانی "ئاوێنەی بوركانی ژەنەڕاڵ" رۆمانی ئاوێنەی بوركانی ژەنەڕاڵ"وەكو (كێشە و ئاوس بە كێشە):-
یەكێك لە دروشمەكانی (جۆرج باتای) ئەوە بو كە دەیگوت:"پەسند (كردنی ژیان تا سەرە مەرگ . 1).
ئەگەر لەم رستەیەوە بچینە رۆمانەكەوە، ئەوە دەبینین هەڵبژاردنی بابەتەكە خۆی كێشەیە لەسەر ئاستی(نەتەوەیی و تاكە كەسی)
ِلە ئاستە نەتەوەییەكەیدا، كێشەی خەباتی نەتەوەیەك بە دیار دەخرێت، كە بەدرێژای سەدەیەك و هەتا ئێستایشی لەگەڵدا بێت، كێشەى پەسەندنى كردنى ژیان خۆیەتى،لەم ئاستەیدا ڕۆمان دەبێتە (خەم) خەمێكى وجودى و قورس و خاڵى لە مانا سایكۆلۆژیەكەى، وەكو ئەدەب هەڵگرى پەسەند كردنى خەمەكانى بوون خۆیەتى ، كە لە ئێستادا چەندان بابەتى گرنگ و نیشتمانى هەن فەرامۆش كراون و پەراوێز كەوتون، هەروەكو چۆن (باتاى) وتویەتى :
(ئەدەبیات یا هەموو شتێكە یا هیچ. 2).
ئەدەب كە دەمانخاتە سەر كەڵكەڵەى (بوون) وەكو بابەتێكى گرنگ و پڕ لە بەرپرسیارێتى، لەم كاتەدا ئەم ڕۆمانە دەبێتە نمونەیەكى بەرجەستەى پڕ لە كێشە و لە لایەكى تریشەوە ڕۆمانى ئاوێنەى بوركانى ژەنەڕاڵ كە كەرەستەكانى وەرگیراوى مێژویەكى دیارى كراوى ژیانی سیاسی كوردە، بەرەو ڕووى ژیانى كەسایەتیەكى پڕ لە بایەخ لە ڕووى كاریگەریە سیاسی و كۆمەڵایەتى و ئابورى و نەتەوەیی ....هتد. یەكانى نەتەوەو (خەم) ى نوسەر لێرەدا دوبارە زیندوو كردنەوە و بەرز ڕاگرتنى ئەو كەسایەتیە مێژوییانەیە لە بەرگێكى تێكەڵ بە ئەفسانەو داستان و هونەریانەو ئەدەبیانە .
لە حیكایەتێكدا (خۆرخى لویتس بۆرخنیس) نوسیویەتى:
(نوسەرێك سزاى مەرگى بەسەردا دەسەپێنرێت ،ئەو داواى یەك ساڵ مۆڵەت لە خوا دەكات تاكو بتوانێت كتێبەكەى تەواو بكات. 3) ،
ئەمەش دۆخى هەموو نوسەر و دانەر و كەسە بەرپرسانەیە كە دەیانەوێت لە ڕێی ئەدەبەوە خۆیان بكەنە ئاوێنە بۆ تەقینەوەى بوركانى (كەسان) و (بابەتە) نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان ، كە لێرەدا (نوسەر)دەبێتە بەشێكى مەزنى كێشەكەو بوونى (نوسەر)خۆشی ئاوێزان دەبێت بە (دۆگم _تقلید)ەكانى یاخى بوون كە دژى لاسایگەرێتى و خۆ دووبارە كردنەوەیە لە پێناو گەیاندنى حەقیقەت ،ئەڵبەتە حەقیقەتى ئەدەبی بە جۆرێك دەوترێت كە (كێشە) دار بێت ، چونكە نوسینى بێ كێشە واتە مەرگى نوسین و بڵاو كردنەوەى ئاژاوە .
(كێشە) لەم ڕۆمانەدا وەكو (بابەت) جیاوازە لە (ئایدیا)كانى نوسەر وەكو (كێشە)،بەڵام لە هەمان كاتیشدا یەكانگیرو هاو مانا لەڕووى فەلسەفیەوە، (گادامیر) وتەنى ،(ئاسۆى ڕابردوو بە شێوەیەك بوو تێپەڕى ،كە بوو تێپەڕى و ئیدى ناگەڕێتەوە. 4).
بەڵام لە ڕوویەكى ترەوە زیندوویی و بەها دارى خۆى دەگەیەنێت وەكو(بۆڵ دێیان) هێماى بۆ بنەماى (....) هزرى (نیچە) كردووەو گوتویەتى (كە پێكناكۆكى نێوان كامڵ بوونى مێژوویى و ئافراندنى هونەرى هەر لە بنەڕەتدا ڕادیاردەیەكى پەیوەست بە (مۆدێرنیزم) مۆدێرنیزم بە شێوەیەكى تایبەتى بە ڕابردوو مێژووە بەستراوەتەوە ..5)
هەروەكو چۆن چەندان نمونەى زیندوو هەن لە ڕۆمانەكەدا كە باشترین بەڵگەن لەسەر ئەو گوتانەى سەرەوە، بۆ نمونە دەربارەى كێشەى (بوون) لەم ڕۆمانەدا نوسەر لە ل 7 دا دەڵێت :
(گومان لە هەموو شتێكەوە دەردەكەوت، وەك چۆن تاراى نهێنیەكى نادیار دایپۆشی بێت ,,,).
یان لە هەمان لاپەڕەدا دەڵێت :
(زمانێك لە بێزمانیەوە تۆڕى ئاماژەى ئاسۆییان لە فەزاى ڕوانینا بەرجەستە كرد ... ل 7)
نهێنى ئەم سروشتە تایبەتە لێرەدایە كە مۆدێرنیزم پاساوى خۆى لە دابڕانى مێژوییەوە بەدەست دێنێت (...) كاتیكَ لە دابڕان تێدەفكرێت نازانیتَ لە ڕاڤەى خۆى چۆن مێژووى خۆى دەرباز بكات ، بە ڕاى (دێیان) (لەبەر ئەوەیە ئەدەبیات بەردەوام لە بنیاتى خۆیدا مۆدێرنە. 6)
ئا لێرەوە تێدەگەین ئەم ڕۆمانە بە ماناى (كێشە)سەر بەساتى دروست بونى ڕۆمان خۆیەتى و زادەى ئەو ساتەیە كە بەرەو ڕووى ئاراستەى گونجاوى خۆى دەڕوات ، ئەوەتا ,ئێدمۆند هۆستیرڵ, ى فەیلەسوف ى سەدەى بیستەم گوتویەتى :
(بەرەو خودى شتەكان. 7)
كە من لێرەدا مەبەستمە ئەم بێژەیە ببەستمەوە بە مەسەلەى (كێشە) لەم ڕۆمانەدا ,كە نوسەرى ,, ڕۆمانى ئاوێنەى بوركانى ژەنەراڵ ,, ؛كاك ێڵاح ؛ زۆر جوان كێشەكان دەباتەوە سەر خودى شتەكان ئەگەر كەمێك ڕونتر بدوێم (كێشە)دەباتەوە بۆ خودى ئەدەب و ڕەسەنایەتى ڕۆمان ....چونكە هۆسیرڵ واى بۆ دەچێت كە هەموو هوشیاریەك هوشیاریە بە شتێك. 8).
هوشیارى لێرەدا و لەم ڕۆمانەدا گەڕانەوەیە بۆ دۆزینەوەى دۆگمەكانى نوسینى ڕۆمان و بە (دۆكترین ـ حقیقەت) كردنیان و بردن و فڕاندن یان بۆ ناو یەكەیەكى گەورەتر كە خەمى (نیشتمان و نەتەوە)یە .
(لائودزۆ) لە ؛دائود جینگ ؛ دا دەڵێ :
(واز لە فێربوون بێنە پەژارە بەسەر دەچێت . 9) .
ئەمەیە ئەو هوشیارییەى كە (كێشە) دروست كەریەتى و بە تەنها كێشەش دەتوانێ ئەو ناسنامەیە ببەخشێ و نوسەر بە فێربوون و فێركردن لە ڕابردوەوە , ئەو خەمە پەخش دەكاتەوە كە خەریكە لە یادەوەریاندا كاڵ دەبێتەوە یان خەریكە ڕوو لە نەمان دەكات .واتە لە ساتى خوێندنەوەو تێفكرینەكانى نوسەرەوە بەرەو زیاد كردنى پەژارە دەچین . چونكە لە یەك كاتدا (نوسەر) فێربوەو (فێریش)دەكات كەسێك كە فێربوونى تەڵاق دابێ چ باكى بە پەژارە هەیە یان چى لە خەم بكات بە مانایەكى تر بە خوێندنەوەى ئەم ڕۆمانە (فێربوون) زیاد دەبێت و پەژارەو خەمەكانیش گەورە دەبن و زیاد دەكەن و بە پێچەوانەشەوە ڕاستە .
پەژارەو خەمى نوسەر .كەسی نیەو چ پەیوەندیەكى سایكۆلۆژى ساتى پێكەوەیان نابەستێتەوە . بە هێندەى فێربون و خوێندنەوەى ئەو مێژووەیە . كە تاكو ئێستا كەمترینى خەڵكى دوو دڵ و قەلەق كردووە لە بوارى دروست كارى و ڕۆماندا, وە كەمترین گومان و داهێنان لەو بوارەدا گرتونیەتیەوە بۆ دۆزینەوەى حەقیقەتى ئەدەبی میللەتێك كە خۆى فیدا دەكات و قوربانى دەدات و خوێن دەڕێژێت و پرسیار ناكات !!
(كێشە) ى نوسینى ئەم ڕۆمانە ,خودى نیەو ناچێتەوە سەر پەژارە دنیایی و ماددى و خێرا ڕاگوزەرەكان بە قەدەر ئەوەى دەست بردنە بۆ پرسە سەرەكى و نهێنى و فەلسەفى و وجودیەكان (كە لە نوسینەكانى داهاتوودا زیاتر لەو بارەیەوە دەدوێم) ئەمەش وا دەكات لاى خوێنەر جێگیر بێت بە گواستنەوە لە خوێندنەوەى بەشەوە بۆ خوێندنەوەى هەمووى (كلى) بە یەك پێگرتنى پارچەیەكى دەقى (نێى) بە شیكردنەوەى بنیاتى دەقى گشتگیرەكى (10)
ڕۆمان بە سیما ,,شێوە ـ شكڵ ,, یەكانى دیارى ناكرێت بە هێندەى ئەوەى بە مەدلولەكانى دیارى دەكرێت كە پەیوەست بە بیرى خەیاڵكەرەكەوە (11) ئەوەتا نوسەر چەندان نمونە و بەڵگەى بە هێزى بەیان كردووە لەم بارەوە كە پەیوەستن بە ئاخاوتنەكانى پێشومەوە لە بارەى كێشەوە دەتوانرێت مەدلولەكانى بە باشی بخوێنرێتەوە و ئێمە لێرەدا تەنها چەند نمونەیەكمان هەڵبژاردووە كە بێگومان دەقى نوسەر پڕ پڕە لەم نمونانە لە بەشی (1) لە لاپەڕە حەوت دا :
- (دەنگى سروشت ئاوێتەى نوزەى گریانێكى خەفە بوو)
هەروەها لە هەمان بەش و لە لاپەڕە (10) دا :
-(ئەو وێنانەى لاى ببون بە ئەلبومی بیرەوەرى خوێناوى ـ سرودى (ئەى ڕەقیب)یان لە مێشكدا دەكرد بە ئاهەنگ)
لە بەشی دوودا و لە لاپەڕەكانى (27 , 29 ,34 , 37) دا
-(بە دیمەن و بۆن و دەنگ و چرپەو هەناسەو ڕۆحى سروشتەوە شێوازى ئاوێتەییان گرتبوو)
-(لەوەوە بیرەوەرى ژیانى بە گوڵى ئاشكرا و نەبینى دەدیەوە)
-(بەو تارا خوێناویەوە تفەنگى كردە شانى و فیشەكدان و خەنجەر و دەمانچەى بەست)
-(ئەو بڕوایە بوو پێشمەرگەى وا لێ كرد كە ڕۆحیان بفڕێت)
لە بەشی سێ هەم (49 ,53 , 55 , 62) دا :
-(بەو وێنانەوە ئاسمان ببوە دوكەڵ كێشى ژان و هەناسەى خەفە و بەسەریدا پەخش دەبوەوە)
-(دوا نیگاى لە گوڵەكان گرتەوە ,هێزێكى نەبین خوێنى دەجۆشاند)
-(ئەوە بیرەوەریەكى سەخت بوو لە شاراى تەمەنیدا خڕ دەبوەوە ..)
-(بەو دیمەنەوە بەرەو مزگەوت هەنگاوى هەڵهێناوە ..)
لە بەشی چوارەم دا :
-(بەو دیدەوە لەگەڵ ڕەش بونەوەى شاخ و كێوا ئێشكى گرت. ل 81)
-(لەسەر زارى جەنەراڵەوە دەڵێ : تاكەى بیر لەوە ناكەنەوە كە بە بێ میللەت هیچ هێزێكمان تیا نیە . ل 84)
لە بەشی پێنجەم دا :
-(بە ئازارێكى ڕۆحیەوە سەرى بەرز كردەوە. ل 93)
یان لە بەشی شەشەم دا :
-(دەوڵەتى تورك بێ پەیمانە ـ نەك پەناى نەداین خیانەتیشی لێ كردین ـ ل 110)
هەروەها لە بەشی حەوتەم دا :
-(بە سەیرى ئاسمانەوە هێڵنجى دەدا ـ ل 127 128)
-(ئەم دەردە نەهامەتیە چی بوو ؟ ل 129)
لە بەشی هەشتەم دا چەندان نمونەى زۆر هەن گرنگترینیان :-
(فەزاى ژورەكە بە ئەفسانەى زەمەن , ئاوێتەى شەپۆلى نەبین ببو ل 143)
-(بێ ئارامى گرتیەوەو بەسەر بوركانى ناخیدا حەژمەتى باراند ل 147)
ئەڵبەتە ئەمانەى سەرەوە چەند بەڵگەیەكى زۆر كەمن لەو كێشانەى كە ڕۆمانى (ئاوێنەى بوركانى ژەنەڕاڵ) بەیانى كردون , بگرە دەتوانرێت هەموو كتێبەكە بەش بەش و ڕستە ڕستەو وشە بە وشەى وەك و كێشە تەماشا بكرێت و ببەسترێت بە یەكەوەو ناو بنرێن بە (تۆڕى كێشەكان) ئەمەش لای یەكێكی وەكو (جولیا كریستیڤا) وا دەكەوێتەوە كە پێی وایە (....) لە ڕۆمانەكاندا شتێ سەرهەڵدەدات كە زۆر تر هێڵكاریە : (پێكهاتەیەكى وەرگیراوى بان كەسێتیە (12)).
وەك و چۆن لە بەشی (9) و كۆتایی كتێبەكەدا نوسەر لە لاپەڕە 162 دا دەنوسێت :
-(دوژمن بێ بەزەیی دەمانفلیقێنێتەوە) (ــ) یان لە لاپەڕە 166 دا دەنوسێت :(ئێمە نوێنەرى گەلێكى بێكەس و چەوساوەین) - لە لاپەڕە 185 دا دەنوسێت : (ئەو هاوارانە مێشكیان گرتبووەوە ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەیان دەسەند ..)
هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێین ئەو هاوارانە هاوارى نەتەوەییەو پەیوەستە بە خەباتى ڕزگارى نیشتیمانى گەڵێكى ستەم دیدەو سەركوت كراو، ئەوەش بڵێین (جولیا كریستیڤا) لە كتێبى (معنى ولا معنى لتمرد) دا جەختى لەوە كردۆتەوە كە تێوركردنى ئەدەب وەك و گەشتێك وایە لە ناو ئاڵۆزى و نادیارەكاندا ,...(12)


((سەرچاوەو پەراوێزەكان))
1_ پێك هاتەو ڕاڤەى دەق نوسینى (بابەك ئەحمەدى) , وەرگێڕانى (مەسعود بابایی) لە بڵاوكراوەكانى سەنتەرى لێكۆڵینەوەى فیكرى و ئەدەبی نما زنجیرە (56) چاپی یەكەم ,هەولێر (2005) كتێبی سێ هەم ل 135
2 _ هەمان سەرچاوە ل 137
3 _ هەمان سەرچاوە ل 139
4 _ پێكهاتەو ڕاڤەى دەق , نوسینى (بابەك ئەحمەدى) وەرگێڕانى (مەسعود بابایی) لە بڵاوكراوەكانى سەنتەرى لێكۆڵینەوەى فیكرى و ئەدەبی نما زنجیرە (22) چاپی یەكەم هەولێر (2007) كتێبی چوارەم ل 20
5 _ هەمان سەرچاوەى پێشوو ل 19
6 _ هەمان سەرچاوەى پێشوو ل 19 ـ 20
7 _ هەمان سەرچاوەى پێشوو ل 54
8 _ هەمان سەرچاوەى پێشوو ل 55
9 _ هەمان سەرچاوەى پێشوو ل 7
10 _ النێ الروائى تالیف ؛ بیرنارفالیت ؛ ترجمە ؛ د. رشید ؛ منشورات iv ,Nathan ,paris,1992

11_ نفسە المێدر ێ 6
12_ (مجلە المدی)عدد (16) السنە اپانیە (1997) مجموعە حیوارات مع (جولیا كریستیف) ێ 40
13_ نفس المێدر.
تێبینى / جگەلەو سەرچاوانەى كە ئاماژەیان بۆ كراوە ڕۆمانى (ئاوێنەى بوركانى ژەنەراڵ) لە نوسینى ((كاك ێڵاح جلال) سەرچاوەى سەرەكى و بنەڕەتى ئەم نوسینەیە ....
لەرۆژنامەی خەبات ژمارە(3837)لە29:7:2011 بلاوبۆتەوە.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە