کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دەردی دڵیک لەگەڵ رۆژهەڵاتی وڵاتەکەم

Saturday, 07/12/2013, 12:00



یەکێک لە نەریتە خراپەکانی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردوستان ، بەتایبەت ئەو کەسایەتیانەی کە لە رابووردودا کاری سیاسی یا کاری بەرگرییان بەرێوە بردووە ئەوەیە ،، کەهەر شتێکی کە بەچاو دەیبینن هەڵی دەسەنگێنن ، ئەو شتانەی کە بە دڵ هەستیان پێ کردووە ئازاریان لێ دیوە وێنەی کەسێکی زیندانی کراوی تاکەکەسی لە ناو دڵ ودەرونی خۆیانداحەبسی دەکەن ورۆژانە لێی تیدەپەڕن . ئەوەی ئەو چەند ساڵەی بەسەر رۆژهەڵاتی وڵاتدا هاتووە لەچەنگ کۆماری قزڵباشێن کەمتر لەو ئازارانە نییە لە خەڵکی فەلەستین چێشتویانە ، بگرە زیاتریشە. فەلەستینیەکان دەگەڵ دەسەڵاتی تاددان لەچەکی وەکو ئیسڕاییل رووبەڕون . بەڵام ئەو دەسەڵاتەی کەلەئێران لەسەرکارە بە چەکی ئایین وچەکی ئێمە هەموومان ئێرانین و شیعە وسوننە بران ؟ سەرمان بە کڵاوی شەرعی گۆشاو گۆش دەبڕێ .
بێ گومان ئەودەسەڵاتەی کەلەباشور بەیارمەتی زل هێزو رەزامەندی داگیرکار دامەزراوە ئەگەر هەزار ساڵ لە قالبی دەی هەر خوارەو راست نابێتەوە .ئەوە نییە سێ دەیە دەبێ حیزبەکانی لای رۆژهەڵات وێنەی گۆریە چنە هێللانەیان بە تاڵە موو بۆ گرێ داون کە بە چووکترین هێز دەلەرێتەوە . سەرەڕای ئەوانەش لە هەندەران کەسانێکی خاوەن سۆز وپێنوس بەدەست سور دەزانن کە رووی راستیەکان لەکام لایە ! بەشداری کۆڕو چوکە سمینارەکانیان دەکەن .
کاتێک سەرۆک وەزیرانی ئێڕاقی فیدڕاڵ (فشە فیدڕاڵ) نوری مالیکی لەتاران وێنەی نۆکەرێکی دەستەمۆ لە تەنیشت خامنەیی دانیشتبو بۆت دەردەکەوێ ئەو دەسەڵاتە کە لە ئێڕاقە چەندە سەر بە خۆیە ؟ لەوەش بترازێ خامنەیی لە سڵامەتی ،، جەلال تاڵەبانی ،، پرسی ! ئەو فێرعەونە یان نازانێ جەلال تاڵەبانی لە کوێیە یا دەیهەوێ پێمان بڵێ ئەویش پیاوی خۆمانە . (هەرواشە) . ئەوانەی کەلە کۆیەو زڕەگوێز نشینگەیان داکوتاوە زۆریان دۆستی نزیکی تاڵەبانی بون . بەڵام بەکوردی دژە خوداو زیددی شۆڕشیان دادەنێ !دەسەڵاتی باشوریش بە دۆستی خودالەقەڵەم دەدا دەخوازێ ئەو پەیامە بدا کە ئێمە : بزن بە پێی خۆی و مەڕیش بە پێی خۆی هەڵداوەسین ! ؟
دوای ترۆرکردنی شەهید کاوە گەرکیانی و وڕێنەکانی نێچیروان بارزانی بەرانبەر بە گیراوانی سیاسی رۆژهەڵات .کەسانێک هەڵویستیان دەربڕی وبابەتو وتاریان بڵاوکردەوە کارەکەیان جێگای رێزە .بەڵام پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ئەوانەی ئەندام یا چالاکن لەناو ئەو حیزبانەدا بۆ لەخۆیان ناپرسن ئەو بارودۆخە تا کەی هەروا دەمێنێ ؟ خۆ بەزلزانیو قسەی بێئاکام دەبێتە دەرمانی چارەسەری بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی وڵات ؟
بنە ماڵەی بارزانی سناریویان بۆ داهاتووی رۆژهەڵات لەتە حیزبەکانی کۆی سەنجەقە (بەخۆیاندەڵێن دێمۆکڕات !) و یەکێتی لەبەر یەک پچڕاوی جەلالیش ئەوانی زڕەگوێزیان پەروار کردووە بۆ داهاتوو .نەتەوەی هوشیار وئاگا پێش رووداوەکان پێش بە تڕاژیدیا دەگرێ ، ئێمەی کورد تاکۆتایی چاوەڕوان دەبین کە قەزاوقەدەر چمان بۆ دەنوسێتەوە . بۆ ماوەیەک ئەوبەشە لە وڵات لەبەر دەستی خۆماندا بوو خۆ هێشتا نەفتیشمان نەدۆزیبۆووە ئەگەر چاو لە نامەی کاری ئەوماوەیە بکەین پڕە لە ترۆری کەسایەتیو ترۆری جەستەیی ئاخۆ دوا رۆژ چمان بەسەردێ من پێم وایە روون وئاشکرایە .ئەوە نیە سەروەتوسامانی کاوە سەردەشت و سۆران و،،،،،،، دەدرێتە دڕندەترین کوردکوژی سەدە .
هەتا دوینێ لەژێر زەختو زۆرداری دوژمندا هاواری ئازادی و باسی شەهیدمان دەکرد ، بێبەختی لەوەدایە کە لەوسەردەمەدا کە باشور کورد دەسەڵاتی هەیە ، باسی شەهید و هاواری ئازادی بکەین ؟ خەڵکی ئێمە لە رۆژهەڵاتی وڵات ، ئەوانەی لەدەرەوەن یا ناوخۆی وڵات بە پێی توانا چارەنوسی خۆیان بۆ داهاتوو لەدەست ئەو شێوە حیزبانە بدۆزنەوە ، ئەوانە یادەبێ خۆیان بگۆڕن یا دەست لە خۆبەزلزانی هەڵگرن .
جەعفەر کەریمی / ٧/١٢/٢٠١٣


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە