کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان بۆ وا دەکات؟

Friday, 01/04/2011, 12:00


ئەو پرسیارەی سەرەوە، پرسیاری دۆستێکە، پرسیاری تاکێکی کوردە کە ئاڕاستەی منی کردووە و لە نێوان بێ ئومێدی و ئومێددا گیری خواردووە. ئێستا ئەو پرسیارە بووە بە پرسیاری زۆربەمان.
ئەو کەسە یەکێکە لەوانەی کە دەنگی بۆ گۆڕان داوەو، بێ ئەوەی خواستی دەستکەوتێکی حیزبیی هەبێت بەوپەڕی لەخۆبوردەییەوە داکۆکی لە هەموو گۆڕانکاریەک دەکات کە خێرێک لەگەڵ خۆی بهێنێت بۆ کوردستان.
هەمان کەس لەم ساتەوەختەدا داکۆکیکارێکی سەرسەختی داواکانی مەیدانەکانی ئازادییە. بە ئاشکراش دەیڵێت و حەزدەکات کە گۆڕان یەک دڵ و یەک دەست بەهەموو تواناکانیەوە بچێتە پاڵ مەیدانەکانی ئازادی.
ئەو زۆر شانازی دەکات و دڵی خۆشە کە لە knn ەوە هەواڵەکانی مەیدانەکان و ڕاپەڕینەکە دەبینێت و دەبیستێت، بەڵام لە هەمان کاتدا خۆشیەکەی لە مەدو جەزردایە کاتێک دەبینێت کە گۆڕان لەگەڵ حیزبەکانی دەسەڵاتدا کۆدەبێتەوەو، بەقسەی ئەو، دوای کڵاوی بابردوو دەکەوێت.
دوێنێ شەو مەیلێکی بۆ ناردووم و دەپرسێت ڕای من لەوبارەیەوە چییە! منیش پەیمانم دایە کە ئەو پرسیارەی لە ڕێگەی نوسینێکەوە ئاڕاستەی گۆڕان خۆی بکەم. پێم باشترە گۆڕان وەڵامی پرسیارەکەی بداتەوە، جا ئەویش لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە بێت یان بەو شێوازەی خۆیان پێیان خۆشە بەمەرجێک ئاڕاستەی ئەو ناخە پڕ پرسیارانە بکرێت کە ئەو پرسیارە جینگڵیان پێدەدات.
من لە سەر ڕاسپاردەی ئەو مرۆڤە دڵپاکە لە گۆڕان دەپرسم ئێوە بۆ وا دەکەن؟ لە لایەک دەچن کۆدەبنەوەو داکۆکی لەوە دەکەن بکوژەکان نەرمییان بەرانبەر بنوێنرێت و، لە لایەن دکتۆر یوسفیشەوە لە کەناڵە تەلەفزیۆنیەکەی خۆتان بە باشی باس لە کۆبونەوەکە دەکەن و پۆزەتیڤانە باسی هەڵوێستی پارتی و یەکێتی دەکەن، لە کاتێکدا کە ئەوە کاری ئێوە نیەو ئەوان خۆیان رۆژانە بیستوچوار کاژێر خەریکی پیاهەڵدانی خۆیانن. لەلایەکی ترەوە دەڵێن ئێوە لەگەڵ داواکارییەکانی شەقامدان.

ئێوە لە ڕیگەی ئەو دوو ڕێگەبڕییەی کە خەریکین دەتانەوێت چی بەدەست بێنن، بەوەی لەلایەکەوە پەرلەمانتارەکانتان دەنێرن سەریان بشکێنن و لەلایەکی ترەوە بە کۆبونەوەتان لەگەڵ دەسەڵات دودڵی و دڵەڕاوکێ دەخەنە ناو خۆپیشاندەرانەوە و خاویان دەکەنەوە؟

ئێوە گەر بزوتنەوەیەکن دابەش نەبوون لەنێوان نوخبەیەک لەسەرەوە و خەڵکەکەی خوارەوەتاندا و یەک پارچەن، ئەوا سیاسەت وا ناکرێت و هەڵوێست وا دەرنابڕدرێت، ئەو جۆرە لە سیاسەت کردن دودڵی و گومان دروست دەکات و ئەو جۆرە هەڵوێستە دوفاقانەیە کە بڕبڕەی پشتی نەرمە سەر لە لایەنگرانتان دەشێوێنێت و لاوازی ئێوە دەردەخات و لە ئیرادەی ئەوان کەمدەکاتەوە. بەو کارەتان زۆربەی لایەنگران و دەنگدەرانتان لەدەست دەدەن. ئەمە گەر ئەو لایەنگرو دەنگدەرانەتان بەلاوە مەبەستە و ئەو ڕایە ناسەلمێنن کە لەسەروبەندی خۆ ئیعلانکردنتاندا دەوترا کە ئێوە هەر درێژکراوەی یەکێتین و بەبەرنامە باسی گۆڕین دەکەن. ئەوە دەکەن بۆ ئەوەی دەنگە تۆراوەکان کۆبکەنەوەو ڕێگری بکەن لەبەردەم دروستبونی ئۆپۆزسیوێنێکی ڕاستەقینەدا!

ئێوە دەتان گوت شەفاف و ڕونن بەڵام ئەم جۆرە دەرکەوتنانەتان پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەتان دەسەلمێنێت. میللەتی ئێمە زۆردەمێکە ماندوی دەستی ئەو جۆرە دیماگۆگیەت و دەرکەوتنانەیە.

من ڕای خۆم لەسەر ئێوە نادەم، ئەم تێڕامان و پرسیارانە تێڕامان و پرسیاری لایەنگرەکانی خۆتانن.

تەنیا دەمەوێت بڵێم کە هەڵوێستی یەکگرتووش لە وەی ئێوە دەچێت و بۆی هەیە هەمان پرسیار دروست بکات! نوێنەرەکەیان لە کۆبونەوەکەیان لەگەڵ یەکێتی و پارتی داکۆکی لە گرتن و بەدادگاگەیاندنی خۆپیشاندەران دەکرد.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە