منیش بیرەوەریم لەگەڵ پارتى كرێكارانى كوردستاندا هەیە (بەشى سێیەم)
Tuesday, 04/09/2012, 12:00
كەچوومە لاى هەڤاڵ چەكدار پاش سڵاو وهەواڵ پرسین پێ یان راگەیاندم كە دەبێت بچم بۆحەفتانین و لەوێوە بۆشام بۆلاى سەرۆك ئاپۆ بۆ پەروەردەى مەزن لە ئەكادیمیاى مەعسوم پاش یەك دوو رۆژ چەند هەڤاڵێكى دیكە لەهەولێرو سلێمانى و ناوچەكانى دیكەو باكورەوە گەیشتنە لامان تا بە كۆمەڵ بچین بۆ ئەوێ, ئەوەى كەناویان لەیادم ماوە هەڤاڵان(نالى و ئارام و پۆلا و سەردەشت وعەگید و بەرخودان وچەتین و مزگێن و فواد) و چەند كەسێكى دیكە بوون كە ژمارەمان 15 كەس دەبوو،بەیانى زوو لەگەڵ مەفرەزەیەكى چاوساغ بەرەو سنور بەرێكەوتین وبە بەلەم لەئاوى خاپور پەڕینەوە چوینە یەكەم بازگەى سەربازانى سوریا ،من هەرلەخۆمەوە دەترسام كەدەمبینى بەعەرەبى قسە ورەفتار دەكەن سەربازانى بەعسم بیردەكەوتەوە،هەروەها جگە لەناسنامەیەكى پەكەكە(ئەرتەشى رزگارى) هیچى دیكەم پێ نەبوو،دواتركەپرسیارم كرد لەسەر ئەوەى چۆن وا بەئاسانى وبێ هیچ ئەملاو لایەك وا زوو بەڕێیان كردین پاشان زانیم كە ئێمە هەرهەموومان ناومان دراوە بە دەزگا ئەمنیەكانى سوریا و ئەوانیش نوسراویان بۆكردوین بۆ سەرجەم بازگەكان كە رێگریمان نەكەن لەهاتنە ناوەوە بۆناو خاكى سوریا ، ئەوەبوو یەكەم ویستگەمان گەیشتینە شارى قامیشلۆ وبردیانین بۆماڵێك خاوەن ماڵەكە كوردێكى كرمانجى بوو پێیان دەگوت ئاپێ شێخۆ، ناوبراو تەمەنى دەوروبەرى 60 ساڵێك دەبوو دوو كوڕو كچێكى لەڕیزەكانى پەكەكەدا بوو،كوڕێكی بەناوى ئەدیب لە چالاكیەكدا لەنزیك شەرناخ شەهیدبووبوو،ئەوشەوە لەوێ ماینەوە و چاوەڕێى پۆلێك هەڤاڵى ترمان دەكردلەباكورەوە بەڕێكەوتبون تا پێكەوە بچین بۆ ئەكادیمیا، شەو تادرەنگان هەر خەریكى گفتوگۆو موناقەشەى سیاسى و رەوشى ناوچەكە بوین ،بۆیەكەمجار لەدەمى ئاپێ شێخۆ بیستم كە رژێمى سوریا چەندە زاڵم و رێگرە لە پۆشینى بەرگى كوردىو بەكارهێنانى زمانى كوردى و بڵاوكراوەى كوردى ،هەتا ئەوەشى گوت كەئەوان تاكوئێستا حكومەتى سوریا رەگەزنامەى پێنەداون و وەكو هاوڵاتى پلە دوو حسابیان بۆدەكات و هیچ موڵك وماڵ َو شتێك بەناویانەوە نیەو سیاسەتى تەعریب و تەبعیسیش بەسەر ئەمانیشدا سەپیوە،پێم سەیر بوو كەچۆن ئەورژێمە سیاسەتى دوژمنى دوژمنەكەم دۆستمە پەیڕەو دەكات و لەبەر خاترى ئەوەى پەكەكە نەیارى توركیایە هەموو ئاسانكارى و هاوكارییەك دەكات وچاوپۆشى لەزۆرێك شتیشى دەكات وەك ئەوەى لەسەداحەفتا بەرەو ژوورى هێزى پەكەكە كوردانى سوریان و زۆرترین شەهید هى ئەوانە كوردانى ئەوێ بەئاشكرا دەبنە پەكەكە و حكومەتیش پێى دەزانێت و هیچ دەنگ ناكات و لەبەرامبەر كارو چالاكى یەكانیاندا هیچ پەرچەكردارێكى نیە وترس وبیمى لێیان نیە،چونكە پەكەكە رژێمى وسوریاى دڵنیا كردبۆوە كە چالاكى و خەباتى ئەوان بایى گەردێك مەترسى بۆ سەر سوریاو كوردانى ئەوێ نیە ئەوەش لە چەندین نوسینى ئۆجەلاندا رەنگى دابۆوە گوتبوى شتێك نیە ناوى كوردستانى سوریا بێت وە پەكەكەشى بەپارتێكى كوردستانى توركى ناساندبوو(پارتى كرێكارنى كوردستان-توركیا) رژێمیش بەتەجروبە بۆى ئیسپات بوو بوو كە بونى پەكەكە لەخاكەكەیدا قازانجى زیاترە لەچەند سەرێكەوە،لەلایەك پارتەكوردیەكانى هاوشێوەى دیموكرات وپێشكەتنخواز ئەوانیتر بێ كاریگەر دەكات و لەلایەكى دیكەشەوە دەتوانێت وەكو سوپایەكى نا نیزامى سودیان لێ ببینێت وبیانكات بەكارتێكى گوشار بۆ توركیا، پەكەكەش بەعەمەلى بۆ زیاتر بێ خەمكردنى سوریاو نیشاندانى نیاز پاكى خۆى چەندین جا لەبەرەى دژ بە ئیسرائیل كەوتبوە شەڕەوە و شەهیدیشى دابوو، بۆ بەیانى دەمەو عەسەر هەڤاڵانى دیكە گەیشتن لەبەر ئەوەى ئەوان رێگاكەیان دوور و پڕمەترسى بوو بەترس و خۆحەشاردان وبرسێتى هاتبوون سەرماو ناخۆشى رێگا شەكەتى كردبوون حاڵیان زۆر پەرێشان بوو، ئەوشەوەش لێپرسراوەكەمان بڕیاریدا بمێنینەوە بۆ ئەوەى ئەوانیش خۆیان بشۆرن و پشویەك بدەن و بەرگى نوێیان بۆ پەیدا بكەین و بەیانى زوو بەرێبكەوین.ئەوشەوە لەلایەن هەڤاڵانەوە موناقەشەو گفتوگۆیەكى چڕوپڕو گەرم وگوڕكراو زۆربەیان باسى كەموكوڕى و بێ موبالاتى و نەبونى دسپلین و لێپرسراوێتى وبێ سەروبەرى سەركردەكان دەكرا كە تەواو پێچەوانەى بەرنامەو كارى پەكەكە رەفتار دەكەن ئەمەش نیگەرانى و رقى زۆرێك لە ئەندامانى لێكەوتۆتەوە زیانى زۆرى بە پارتى گەیاندون وناكۆكى و دووبەرەكى و باڵ باڵێنى خوڵقاندوەو بەجۆرێك هەڤاڵ زەكى سنورى چالاكى خۆى جودا كردۆتەوە لەوەزیاتر كارى بەسەر شوێنەكانى دیكەوە نیەو هاوكارى هیچ هێزێكى دیكە ناكات ولەخۆشى بەولاوە زیاتر ئیعتراف بە هیچ سەركردەیەكى تر ناكات،لەولاشەوە هەڤاڵ شەمدین ساكیك هێندەى ناوچەگەرێتى دەكات و بەتەنگ كەسانى نزیك و عەشیرەتى خۆیەتى گوێ بەشتى دیكە نادات وبەكەیفى خۆى رەفتار دەكات خۆى لە ئاپۆ بەمەزنتر دەزانێت. زۆرێك لەقسەو باسى دیكە وەكو خراپى پەروەردەو چالاكى بێ ئامانج و شەهیدكردنى بەناهەق وبەهەدەردانى دونیایەك خواردن وتەقەمەنى ولەگەڵ پەیدابوونى دەنگى ناڕەزایى گوندنشینان لەبەرامبەر هەندێك كارى نەشیاوى گەریلاكان،لێپرسراوى ئەو كۆمەڵە هەڤالە ناوى مەزڵوم بوو، منیش ئەوەى بەسەرمدا هاتبوو وە دیتبوم بۆم باسكردن و وپێشنازم كرد كە ئەوشتانە بكرێنە راپۆرت و لەئەكادیمیا بەوپەڕى جدیەتەوە باسی بكەین تا نەهێڵین ئەوكەسانە ببنە مۆرانە و بەرببنە گیانى پارت وهەناوى بخۆن هەمووان پێشنازەكەى منیان بەباش زانى و كردمان بەبەرنامەى كار وتمان لەپێش دەست پێكردنى پەروەردە داواى بینیى سەرۆك ئاپۆ بكەین و ئەو كێشەو گرفت و نا رەواییانەى پێى بڵین تا چارەسەریان بكات و كەمتەرخەمانیش سزابدات و ئەوانەشى كە خەریكن بێ باوەڕدەبن و سارد دەبنەوە بخرێنەوە پەروەردەو ماوەیەك لەبن چاودێرى خۆتدابن و رەنگبێت هەستیان بەماندویەتى و بێ هیواى كردبێت با بۆماوەیەك لاى ئەو (ئاپۆ)بمێننەوە وپشویەكیش بدەن، بۆبەیانى ترومبێل ئامادەكراو خۆمان پێچایەوەو خواحافیزى و دوعا خوازیمان لە ئاپى شیخۆ كرد ،پیاو بەهەق بڵى میوانداری و خزمەتێكى باش و بەڕێزى كوردانەى كردین، بەرێكەوتین و كەوتینەرێ پاش بڕینى ماوەیەكى زۆر چەندین جار لادان لەرێگاو پشوودان و خراپوونى ترومبیل و چاككردنەوە ئەوجا شەو درەنگانێك كەیشتینە ئەكادیمیا و لەلایەن كۆمەڵێك هەڤاڵ و سەركردەوە كە من كەسیانم نەدەناسى پێشوازى كراین و بردیانیە شوێنى حەوانەوەى كەبۆیان ئامادەكردبووین.ئەوشەوە هەرهەموومان شەكەت و ماندووبوین بەیانیش درەنگان هەستاین كەوتینە بەر رەخنەو توانجى هەندێك لە هەڤاڵان كە خەریكە نەریتى زۆر خەوتن و تەمبەڵى دێنینە ناو پەكەكەوە كەئەمە لەگرفتە هەرەسەرەكیەكان بوو من تێبینم كردبوو، لێپرسراوێك یان هەڤاڵێك بەبێ ئەوەى ئاگادارى ئەوە بێت تۆ چیت لێ بەسەر هاتوە یان هۆكارى چى بووە كە نەتوانیوە وەكو پێویست ئەرك وكارى خۆت راپەڕێنیت یەكسەر دەكەونە رەخنە گرتن و شكاندنت لەسەر ئەوە من زۆرجار بەشەر هاتووم، بەیانى تەعاروفمان لەگەڵ زۆرێك لە هەڤاڵاندا كردوو بەشەكانى ئەكادیمیامان بەسەركردوەوە بۆ عەسریش چوینە لاى سەرۆك وپاش سڵاو وهەواڵپرسین وبەخێرهاتن پرسیارى رەوشى ناوچەكەو ورەى گەریلاو خۆراگرى گەلى لێ پرسین ،ئێمەش هەریەكە و بەپێ رووف و شوێن و هەڵسوكەوتى سەركردەكان راپۆرتى خۆماندا ئەوەشى كە رێك كەوتبوین لەسەرى لەبارەى هەڤاڵانى كەم تەرخەمەوە بەدورو درێژى ئەومان لێ ئاگادار كردەوە،ئەویش بەڵینى دا هەڵوەستەیان لەسەر بكات لەناوپەروەردە دا ئەو خاڵە سلبیانە بخاتە روو و هۆشداریش بدات بەو سەركردانە ئەگەر خۆیان نەگۆڕن و بەخۆدا نەچنەوە ئەوا چارەنوسیان باش نابێت. خاڵى هەر سلبى ناوپەكەكە ئەوەبوو كەدەبوایە پێش ئەوەى رەخنە لە بەرامبەر یان پارت بگریت دەبێت رەخنەى خۆت بگریت، ئەوە بەهەرجۆر، لەوەش ناشیاوتر دەبوایە كەسەكە لە كۆر ِو پەروەردەو كۆنفرانسدا هەستایەتە سەرپێ باسى هەرچى كار وفەرمانێكى خراپى خۆیەتى بیكردایەو چى نهێنى ژیانى خۆى و بنەماڵەى هەبوایە بیخستایەتە روو،هەڤاڵانیش بۆ زیاتر زانیارى جۆرەها پرسیاریان لێدەكرد ،بەمەش پەكەكە دوو ئامامجى دەپێكا لەلایەك دەیزانى ئەوكەسە نرخ و قیمەت و بەهاى چەندە ،لەلایەكى ترەوە خاڵى لاوازى ئەوكەسەى دەست دەكەوت و دەیكردە كارتێك بەهۆیەوە دەیتوانى چى بخوازێت پێى مەیسەر بكات و لەبەرچاوى هەڤاڵانیش وەكو كەسێكى كەم و سوك كەم بایەخ بیناسێنێت تا سبەى رۆژ نەوێرێت هیچ شتێك بكات و ببێتە دیل و بن دەستەى پەكەكە.
بۆبەیانى پەروەردەى سەربازى و سیاسى دەستیپَكرد وچەندین وانە و بابەتى جۆراوجۆر باسكران ولەوانە مێژووى پەكەكە و هەڵسەنگاندنى رەوشى كوردستانى باشور وگۆرانكاریەكان و مێژوى كوردستان و ئافرەت وخێزان ورۆڵ و ئەركى سەرۆكایەتى چەندین بایەتى دیكە كەئەبوە مایەى نارەحەتى و بێ زارى زۆرێك لەهەڤاڵان بڕوابكەن كاتێك ئۆجەلان بابەتێك یان مونازەرەیەكى هەبوایە هەموو لەرزمان لێ دەهات بەڵام نەماندەوێرا دەرى ببڕین ،هەر بابەتێكى لە سى َ سەعات كەمترى نەدەخایاند ،(جارێك لەسلێمانى لەبارەگاى یەكێتى نەتەوەیى مابوومەوە ئەوشەوە بەرنامەى پانیل ى توركى هەبوو ،لەوبەرنامەیدا هەموو كاتێك ئۆجەلان موداخەلەى دەكرد،جاموداخەلەكە درێژەى دەكێشا بۆ سەعات و دووان، شەو درەنگ بوو منیش خەوم دەهات مەجلیسكەم بەجێهێشت و وتم بە ئیجازە من خەوم دێت، چووم خەوتم هەڤاڵ رێبەر وتى مەگەر نابینت هەڤاڵ سەر دەئاخفێت چما گوهدارى ناكەیت مەگەر تۆ كادرۆ نیت؟ وتم با بەرێز راستە،بەڵام من یەك كەلیمە توركى نازانم ئەبیت هەردانیششم و باوێشك بەم، بۆ كۆتایى هەفتە كە كۆبونەوەى ئیدارە هەبوو هەرهەموویان ئەوەیان بەگەورەترین تاوان و كەموكوڕى من دەزانى و لە ئیدارە لاییان بردم)ئێستا هەستى پێدەكەم كە ئەوانەى هەڵگرى بیروباوەرى سۆسیالیزمن و خۆیان بەڕابەرو سەركردە دەزانن زۆر حەزیان لە قسەیە هاوشێوەى كاسترۆ و شافێز و ستالین كە جارى وا هەیە نزیكەى 6 سەعات وتار دەخوێنێتەوە، ئۆجەلانیش ئەو خوەى لەوانە بۆ بەجێمابوو. بۆزیاتر دەولەَمەندكردنى پەروەردە لاى ئاپۆ دەبوایە هەریەك لەئَێمەى بەشدابوو بابەتێكمان ئامادەبكرادیەو لە پەروەردەدا بمان خوێندایەتەوە و موناقەشەمان بكردایە ، من لەسەر شێوازى نزیك بونەوەى پەكەكە لە باشورو خۆگونجاندن لەگەڵ زوف وزەمان و قازانجكردنى زۆرترین خەڵك وئەندامم خستە روو،گەرچى باسەكەم بەدەر نەبوو لەكەموكوڕى و رەخنە،بەڵام بەراى زۆرینەى بەشدابوان باسێكى باش بوو خرایە بەرنامەى كارەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست