کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تەنزى سیاسیى

Friday, 08/01/2010, 12:00


جەنابى مودیر
پیرۆزە.. پیرۆزە.. ئەرێ بە راست ئەم چاكەت و پانتۆڵە و قاپوتە تازەیە چیە لە بەرتا؟! ئەڵێى رێویت بەرە و پیرەوە هاتووە! وەرە مەیكە بە هەرا با پێت بڵێم مەسەلەكە چییە، ئەوەى راستى بێت لەم رۆژانە برادەرێك ئاگادارى كردم كە ئەمرى (مودیر)یەكەم دەردەچێت، ئاخر لە سەر چ ئەساسێك خۆ ئێمە چەند ساڵە برادەرى یەكین و یەكتریش باش ئەناسین ئاخرپێم ناڵێى عەقڵت؟! مەعریفەتت؟! نابێ بزانم هۆكارەكەى چییە؟! جارێ راوەستە پێش ئەوەى ئەوەم بۆ باس بكەیت تۆ لەم رۆژانە سەدهەزارت بە قەرز لە من وەرگرتووە، ئێستا ئەو هەموو جل و بەرگە بەچى؟! وەڵڵا ئەویش هەر بە قەرز، ئاخر ناكرێ من بە مودیرى بچمە دائیرە و پۆشتەش نەبم! هەر هیچ نەبێ با لە سەرەتاوە فەرمانبەران بابەم شێوەیە بمبینن و بزانن كە من هەر لە ئەزەلەوە حەزم لە شیك پۆشیە و، بە حەیاتى نەبونیم بە خۆمەوە نەبینیوە! بەڵێ باشە! ئەى چیرۆكى بوون بە مودیریەكەت چۆنە؟! بابە تۆ زۆر سەیریت تۆ وا ئەزانیت لەم وڵاتە كەسى خاوەن ویژدان و بە وەفا نەماوە؟! با..با ماوە، بەڵام با بزانم تۆمەبەستت چیە لە مە؟! دەبابۆت باسكەم..فەرموو.
برا ئێمە كاتى خۆى ماڵمان لە گوندى (......) نەبوو؟ ئێ با. ئەوانیش ئەوكاتە بارەگاكەیان لەوێ بوو، منیش بەردەوام نامەم ئەبرد بۆ دەسگیرانەكەى، چونكە ئەوكاتە دەسگیرانەكەى لە ناوشاربوو، وەڵڵا چونكە پێت ناخۆشە لەوانەیە خاڵە (مارف)یشم بكرێت بە مودیرعام! ئەو بۆ؟! كورە ئەوە تۆ ئەڵێى چى، ئەى كاتى خۆى خاڵە (مارف)م بە پیكابەكەى خۆى دەسگیرانەكەى بۆ نەهێنا بۆ ناوچەى ئازادكراو؟!
وەڵاهى نازانم من مێشكم تێكچوە بە دەست ئەم دەسەڵاتى سیاسیى و ئیدارەیەوە، ئاخر ئەوە ئەهێنێ ئەمڕۆ تۆ و خاڵە مارفت پلە و پایەى ئیدارى پێ وەرگرن؟! بە هەرحاڵ ئەم وەزعە وەك سەرى گۆچانى لێهاتووە راستیكەیتەوە یەكسەر ئەشكێ!.. تازە كار لە كار ترازاوە چۆن ئەزانم ئەمریكا ناهێڵى كەركوك بخرێتەوە سەر كوردستان! ئاواش ئەزانم كە تۆ و خاڵت تازە دانراون و ناگۆڕێن! بەڵام وەرە با پێت بڵێم پێش ئەوەى بكرێیتە مودیر بڕۆ هەندێ وشەى سیاسیى لەبەر بكە بۆ ئەوەى لە كاتى چاوپێكەوتنى راگەیاندنەكاندا سوودى لێوەرگریت.. ئاخر كام وشانە؟! ئێ وەك ئەزموون، مودیر نیە.. ئاسایشى نەتەوەیى.. دیالەكتیك.. بنەبڕكردن.. دەستى لە پشتەوەیە.. تیرۆر.. بۆیە وات پێ ئەڵێم با دوایى بە دەردى ئەو برادەرەى ئاواییەكەى ئەولا نەچیت و لە خۆتەوە بە جەماوەر نەڵێیت كوێربوون!! دوایى خۆت ئەزانى بە دەردى چ فلیمێك ئەچیت؟! زۆر سوپاس.. هەروەك چاكەكەت كردووە ئەى پێم ناڵێى ئەم وشانەى تۆ باست كرد كامیان لە پێش كامیانەوە ئەوتریت؟! كورە ئەوە بەپێى مەوزوع ئەتوانى باسى بكەیت، خۆ ئەمە حەبى رشانەوە و كۆكە نیە تاكو لە دواى یەك بیانخۆیت! هەى قوڕ بە سەر ئەم وڵات و ئایندەى نادیارى ئەم ئەزموونە، كە تۆ و خاڵە مارفت تیا ئەبن بەمودیر و مودیرعام! كارەساتەكەش لەوایە كە ئیتر منیش ئەبێ پێت بڵیم، بەڵێ.. جەنابى مودیرررررررررررر!
تێبینى: ئەم بابەتە لە گۆڤارى (ساماڵ پۆست)یشدا بڵاو كراوەتەوە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە