کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ کوردستان مێوژی مام زۆرابیش گه‌نیوه‌

Friday, 18/06/2010, 12:00


خۆشه‌ویستترین کتێب له‌ ژیانمدا کتێبی (ئه‌لف‌وبێی کوردیه)‌ که‌ یه‌که‌م کتێب بوو فێری خوێندن و نوسینی کردم، بۆیه‌ ئه‌و کتێبه‌و وانه‌کانی تا مردن له‌ پێش چاوم لاناچێت. زۆر جاریش وانه‌کانی ده‌شوبهێنم به‌ دیارده‌و که‌سانی ژیان. بۆیه‌ له‌ خه‌یاڵمدا ده‌سته‌ی نوسه‌ران و شاعیرانم به‌ نوخبه‌ی نایاب دانابوو، چونکه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خزمه‌تی کوردیان کردوه‌، مێژوونوسانیش پێمان ده‌ڵێن که‌ زۆربه‌ی شاعیران و نوسه‌ره‌کانمان به‌ فه‌قیری ژیاون و پاش خۆشیان هه‌ندێکیان پاره‌ی کفن و دفنیشیان له‌ پاش به‌جێ نه‌ماوه‌!
به‌ڵام داخی گرانم که‌ ئه‌و نوخبه‌ نایه‌به‌ش له‌ کوردستانی ئێسته‌ماندا گه‌نیوه‌و گه‌نده‌ڵ بوه‌! پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ی ده‌زگای سه‌رده‌مم خوێنده‌وه‌، بێ ئومێدی دایگرتم و له‌ خۆمم پرسی ئیتر کام نوخبه‌ به‌ نایاب بزانم؟ پێشمه‌رگه‌م به‌ نایاب دانا! پاش ڕاپه‌ڕین سه‌دان پاڵه‌وانم له‌ پێناوی پله‌و پاره‌دا به‌ زه‌لیلی بینی! ئێسته‌ش شاعیری گه‌وره‌ی میلله‌تمان و کۆمه‌ڵێك نوسه‌رو ڕۆشنبیر بوونه‌ته‌ ‌ گه‌نده‌ڵترین که‌س!! ئاخر چۆن بێ ئومێد نه‌بم که‌ ڕۆژ به‌ ڕۆژ لیسته‌ ڕه‌شه‌که‌م زیاد ده‌کاو به‌ لێشاو که‌سانی به‌ناو ڕۆشنبیر ده‌چنه‌ ناویه‌وه‌! ئاخر چۆن گومان نه‌که‌م له‌وه‌ی گه‌ر خانی و بێکه‌س و گۆران و نالی.... هتد له‌م سه‌رده‌مه‌دا ژیابان ئه‌وانیش ڤایرۆسی گه‌نده‌ڵی نه‌خۆشی نه‌ده‌خستن!
ئه‌ی خه‌ڵکینه‌، هاوار! هاوار! گه‌نده‌ڵی بوه‌ ڤایره‌س‌و چوه‌ گیانی زۆربه‌ی سه‌رانی میلله‌ته‌کامان. نه‌فره‌ت له‌م زه‌مانه‌ی دۆلار بوه‌ کێچ و که‌وته‌ باخه‌ڵی زۆربه‌مانه‌وه‌! نه‌فره‌ت له‌و ڕۆشنبیره‌ی ڕابوردوی خۆی ده‌خاته‌ پێناوی دۆلار! نه‌فره‌ت له‌ شێرکۆ بێکه‌س که‌ له‌خۆی نه‌پرسیوه‌ مانگانه‌، جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌و ده‌هه‌زار دۆلاره‌ له‌کوێوه‌ ده‌هێنێت و به‌ چ هه‌قێك ئه‌و وه‌ریده‌گرێت و چۆن سه‌رفی ده‌کات! نه‌فره‌ت له‌و که‌سانه‌ی ئێمه‌یان بێئومێد کرد! نه‌فره‌ت له‌ مێوژی زۆرابیش گه‌ر بگه‌نێت.

به‌ڵام، نا! له‌م بێئومێدیه‌دا تروسکایی مۆمێك به‌دیده‌که‌م!! کاتێ ده‌بینم گه‌نجێکی وه‌کو سه‌رده‌شتی جوانه‌ مه‌رگ چۆن ژیانی خۆی ده‌خاته‌ ترسه‌وه‌، گه‌نجێکی وه‌کو ئه‌و که‌ ده‌یتوانی به‌ نوسینی دووسێ ووتار له‌ گوڵان و خه‌باتدا ده‌ستکه‌وتی باشی هه‌بێت! ئه‌و وه‌کو شێرکۆ بێکه‌سیش ده‌رماڵه‌ی وه‌زیریی نه‌بوو! بۆیه‌ له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم خوایه‌ ئه‌و به‌رسیلانه‌ی که‌ دوایی ده‌بنه‌ مێوژی نایاب به‌دور که‌یت له‌ ده‌ستی غه‌درو خیانه‌ت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە