کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیموكراسیەت وگەمەى دەسەڵات

Monday, 20/06/2011, 12:00


لەراستیدا گەلى كورد بەگەلێك قۆناغى مێژوویی سەختدا تێپەڕیوە، مێژوو پێمان دەڵێت كەم جار توانیویەتى لەسەرتاسەرى ئەوسنوورە جوگرافیەى تێیدا ژیاوە وەك شێوە دەوڵەتێكى سەربەخۆ پێگەیەكى بەهێزى هەبووبێت نەخوازەڵا پەلى هاویشتبێت بۆ دەرەوەى سنوورەكەى، دەبێت بەڕاشكاوانە ئەوەش بوترێت شێوەى حوكمرانى كوردى بەهەر هۆیەك بووبێت لە چوارچێوەى ئیداراتى خێلەكى وئیمارات و ویلایەتى بچوك بچوك نەترازاوە، خۆ ئەگەر جارجارەو لێرەولەوێش بۆى لوابێت كیانێكى سەربەخۆ پێكبهێنێت، زوو لەباربراوە یان شكستى خواردووە. گەرهۆكارەكانى ئەوشكستانە چەندین شیكاری سروشتى یان مرۆییان بۆ بكرێت ئەوا پشكێكى بەر بێتوانایی ئەو سەركردەو دەسەڵاتە كوردیانە دەكەوێت كەحوكمڕانى سەردەمەكانى خۆیانیان كردووە (گەلى هوشیار سەركردەى هوشیار دروست دەكات) .گەرانەوە بۆ باسكردنى ئەو مێژووانە دوورمان دەخاتەوە لەوەى لەئێستادا پێویستە باسى لەسەر بكەین ، بەڵام ئەو پرسیارەى خۆى قود دەكاتەوە، ئایا تاچەند ئەومێژووانە وەكو یەك لەلاى تاكى كوردى راڤەى پێویستى بۆكراوە؟.
رابەریی و بەسەركردەبوون هەڵكردنێكى خوایی یان سیحروجادووی ناوگەنجینەیەكى شاراوە نیە هەركەس زوو دۆزیەوە بیكات بەبەرى رۆحیدا، تەنانەت ئەودەسەڵاتانەى لەرێى بۆماوەوە بەدەست هاتوون ،گەرحكمەتى بەڕێوەبردنیان لەگەڵدا نەبووبێت، شكستیان خواردوە .
دەمێكە زانا دین و دنیاییەكانى بوارى كۆمەڵناسى شرۆڤەی ژیانى دیموكراسیان كردووە، سەرجەمیان كۆكن لەسەرئەوەى لەبنەما سەرەكیەكانى پێكەوە ژیان دادى كۆمەڵایەتیە، هەردەسەڵاتێك خۆى لەوراستیە لادابێت لەهەناویدا تۆویى لەباربردنى خۆى هەڵگرتووە.
ئەوەى لەئێستادا لەباشوورى كوردستاندا بۆ كورد هاتۆتەدى لەپارسەنگى ئەومێژووە پرئازارەى پێیدا تێپەڕیوە تارادەیەكى زۆر بە قۆناغیكى پڕدەستكەوت ئەژماردەكرێت. دیارە پاراستنیشى بەپلەى یەكەم لە ئەستۆى ئەو دەسەڵاتەدایە حوكمڕانى دەكات .
ئەوەى جێى نیگەرانیە لەم ساتەوەختە هەستیارو لەم زەمەنى پێشكەوتنە كۆمەڵایەتى وسیاسى و ئابوورى وكێبركێ تەكنەلۆجییەى میللەتانى جیهاندا، دەسەڵات وحكومەتى كوردى جگە لەوچەندین قەیرانە سیاسى وئابوورى و كۆمەڵایەتى وزانستى وپەروەردەیی وفەرهەنگیەى تێى كەوتووە جارێكى تر بە قەیرانى بێ توانایی ئیداریدا تێدەپەرێتەوە، سەرلەنوێ ئەقڵیەتى خێڵەكی ودیكتاتۆرى پەرە دەسێنێتەوە، ئەوپارتە سیاسیانەى لەزەمەنێكدا هەڵگرى دروشمى دیموكراسی وئازادی بوون ئەمڕۆ لەڕێی دەسەڵاتى بێدەسەڵاتیی نەخوێندنەوەى واقیعبینانەى ئەودەسەڵاتەى كەگەمەى پێوەدەكەن دوور لەپرەنسیپە دیموكراسیەكان و پشت بەستن بەو جەماوەرە خۆڕاگرەى لەساتەوەختە سەختەكانى خەباتیاندا هێزو پشت و پەنایانیانبوون ئێستا كەوتونەتە ستەمكارى وئازاردان و بڵاوكردنەوەى ترس وتۆقاندن و نان بڕینیان. خەمی سەرەكیان بووە بە بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانى گەل و دروستكردنى دەزگاى سیخورى ولەشكرو میلیشیاى تایبەت بۆ پچرین وبەشكردن و قۆرغكردنى دەسەڵات بەجۆرەها شێوەى ناڕەواو بەتێوەگلان وبەلاڕێدابردن و پەرتكردنى جەماوەرو پیرۆزكردنى شەرەخوێناویەكانى ناوخۆو بازرگانیكردن بەخوێنى رژاوى چەندین ساڵەى شەهیدان . دەمێك تەخوینكردنى یەكدى، بەدیوێكى تردا رێكەوتنى ستراتیژى لەپێناو بەدەستهێنانى مەرامى تەسكى حیزبایەتى وهێنانەوەى پاساوى بێ بنەما بەناوى پاراستنى ئەزموون و ئەوئاسایشە نەتەوەییەى كە مانا راستەقینەكەیان شێواندووە، لە ژێریشەوە پەیوەندى و ملكەچكردن وتەسلیمبوون بەناحەزو دوژمنانى كورد و جێبەجێكردنى داخوازى ومەرامە گڵاوەكانیان بەرامبەر درێژەدان و شەرعیەتدان بەدەسەڵاتى ناشەرعی و مۆنۆپۆلكردنى بازارو دەستبەسەراگرتنى جومگەكانى ئابووری و بەحیزبیكردنى دەسەڵاتەكان و دابەشكردنیان لەنێوان حیزبە باڵادەستەكان و دەوڵەمەندكردنى چینێكى كەمینەى مشەخۆر وهەژاركردنى زۆرینەیەكى بێدەرەتانى بێەش لەساناترین مافە سەرەتاییەكانى مرۆڤ . لەلایەك گەندەڵكردنى ئیدارات ودابەشكردنى پلە ئیداریە تایبەتیەكان بەسەر كەسانى ناشایستەى سەر حیزب وبنەماڵەو دەستخستنە ناو دەزگا هەستیارەكانى دادوەریى ودارایی و تەنفیزى و زانستی و لاوازكردن وداماڵینیان لەكەسانى پسپۆر، لەلایەكى ترەوە دەستەمۆكردنى پەرلەمانێكى زۆرینەى حیزبى نادادپەروەر بۆ دەركردنى ئەو یاسایانەى خزمەت بەبەرژەوەندیە حیزبیەكان دەكات بێ لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندیە گشتیەكان و دارشتنى ئەو یاسایانەى كە لە داهاتوودا دەبنە خاڵى وەرچەرخاندى ئەرێنی بۆئەم گەلە ستەمدیدیە، لەپاڵیدا خستنەگەرى مەشینێكى زەبەلاحى راگەیاندنى حیزبی چەواشەكار بۆ رتووشكردنى رووەگەندەڵكاریەكان و سەركوتكردن و وبەكارهێنانى جۆرەها فشار بۆكپكردنى میدیاى ئازادو دەنگ و رەنگ و بیرى نوێ .
با خوێكردنە سەر برینانەكان تەنیا كولانەوەى ئەوجەستە زامدارە نەبێت كەساڵەهاى ساڵە نەنتەوەى كوردیى گرفتاریەتى، ئەوەى لەئێستادا پێویستە بووترێت بەتایبەتى لەدواى بەرپابوونى ئەو شۆرشە سپیانەى لەم دواییەدا رۆژهەڵاتى ناوەراستى گرتەوەو ئەوانەى لە سەراكانى ئازادیدا بە كوردستانیشەوە روودەدەن ، تەزوویەَكى راچڵەكێنەرە بۆ سەرجەم ئەودەسەڵاتە دیكتاتۆریانەى شەرعیەتى یاساییان خستۆتە ژێر سایەى حیزب وخێل و بنەماڵەولەجەماوەر دابڕاون ویارى بەچارەنووسیان دەكەن . بارودۆخى هەرێم و دەسەڵاتى كوردى نەك لە زۆر رووەوە لەشێوەى حوكمى ئەو دەوڵەتە دیكتاتۆریانە دەچێت كە باردۆخەكە گرتوونیەتەوە بەڵكو لەمەشدا لەوان خراپترە كە خاوەنى دەوڵەتێكى سەربەخۆ نیە و سەركردەكانیش چەمكى بەدەوڵەتبوونیان لاى جەماوەر كردۆتە خەونى شاعیرانەو هێزو دەسەڵاتیان وابەستەكردووە بەدەسەڵاتى حیزبیەوەو پیرۆزیانداوە بە ناووكەساتیەكان بەمەش سەرجەم دەزگا تەشریعى وتەنفیزی وكایە كۆمەڵایەتیەكانیان ئیفلیج كردووە و كارێكیان كردووە ئەوپەیمانە كۆمەڵایەتیەى كە پێویستە لە نێوانیان وجەماوردا هەبێت بسڕدێتەوە، ئەمەش وادەكات گەر هەركاتێك حیزب و سەرانى فەوتان، پشێوى بكەوێتە ناو ئەوپەیوەندیە كۆمەڵایتى و سیاسى وئابووریانەى گشت لایەك تیایدا هاوبەشن وقوربانیان بۆداوە. ئەمە بەشێكى وەڵامى ئەو شكستە مێژووییانەیە كە كورد نەیتوانیوە جارێك لەجاران ببێت بەخاوەن كیانێكى سەریەخۆ. ئالێرەدا گرنگى ئەو هاوبوشبوونە كۆمەڵایەتیە دێتە كایەوە كە دەبێت هەرچى زووترە جەماوەرى كوردستان بە حیزب ولایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانەوە لەهەوڵى ئەوەدا بن بەردەوام فشار لەسەر ئەودەسەڵاتە لەخۆباییبوانە دروستبكەن ولەبەردەم داخوازیە رەواكانیاندا چۆكیان پێ دابدەن ، بەڵام ئەگەر مەبەستیانە درێژە بە دەسەڵاتیان بدەن كەئەمەش جێگەى پرسیارە، دەبێت بە زووترین كات شەرعیەت ومافە دەستووریەكان بە یەكسانى و ئیستیحقاق بۆسەرجەم دەزگاو تاكەكانى كۆمەلأ بگەرێننەوە وئەوپەیمانە كۆمەڵایەتیە لەگەلأ جەماوەردا ببەستنەوە تاوەكو بتوانرێت بەوهاوبەشبوونە هەنگاو بەرەو بەدەوڵەتكردنى دەسەڵات و دامەزراندنى كۆمەڵگەیەكى دروستى مەدەنیی دیموكراسى زانستخواز بنرێت، ئەگەرنا دەبێت چاوەرێى ئەوەبكەن درەنگ یان زوو وەك هاوشێوەكانیان بەهوشیارى و هێزى جەماوەر رادەماڵرێن.







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە