کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌سپه‌که‌ی ئێمه‌ و گوێدرێژه‌که‌ی نالی! بۆ لیستی کوردستانی

Tuesday, 14/07/2009, 12:00


له‌ مێژووی دێرینه‌وه‌ تا هه‌نووکه،‌ ئه‌سپ هاوڕێی مرۆڤه‌. به‌رده‌وامیش مرۆڤی خاوه‌ن هۆش، ئه‌سپی له‌ خزمه‌تی خۆیدا هه‌ڵسوڕاندووه‌! گه‌لێ جار له‌ مێژوودا به‌ هاوکاری بێئاگایانه‌ی ئه‌سپ، قه‌ڵای گه‌لێ گه‌وره‌ ڕووخاوه،‌ یا دروست بووه‌. شارستانیه‌تی بێ سنوور دامه‌زراوه‌،‌ یا سه‌ری تیا چووه‌. خوێن ڕژاوه و ڕێچکه‌ی به‌ستووه‌، براکان قه‌مه‌یان له‌ سنگی یه‌کتری گیر کردووه‌ .، ئه‌مانه‌ هه‌موو (ئه‌سپ ئاغا) ئاگاداره‌و به‌بێ پرسی ئه‌و نه‌کراوه‌.! به‌م جۆره‌ ئه‌سپ بۆته‌ ڕه‌مزی ئازادی و سه‌ربه‌ستی.!
ئه‌سپ، ئه‌سپی سه‌رده‌می خۆیه‌تی! له‌ سه‌رده‌مێکه‌دا هه‌ڵمه‌ت به‌ره‌و.، له‌سه‌رده‌مێکیشدا داگیرکه‌رو له‌سه‌رده‌مێکیشدا کاسه‌لێس و پوش و پاوان خۆره‌.!
ئه‌سپی کوردی پێش 18 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌سپێکی شان و مل خوێناوی بوو! سه‌رتاپای هه‌ڵمه‌ت و نه‌به‌ردی بوو، خۆکوژی ئه‌کرد خۆی له‌ هه‌وراز بترازێنێ و بگاته‌ لووتکه‌. تا دوا ته‌قه‌ی خۆشی خۆی بیکات و له‌ باوه‌شی گه‌لدا بنوێ.!
ئه‌سپی پێش 18 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ر بوو، پشت و په‌نای خه‌ڵکه زه‌حمه‌تکێش و خێرله‌خۆ نه‌دیوه‌که‌ی کورد بوو. ئه‌و ئه‌سپه‌ به‌رده‌وام و له‌ نزیکه‌وه‌ له‌ چه‌قی قه‌ره‌ووڵی دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌که‌ی کورد.(به‌عس)دا بوو، که‌چی هه‌ر به‌ ئه‌سپی ،هه‌ر به‌سه‌رکێشێ مایه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌سپی ڕه‌سه‌ن بوون و جه‌ماوه‌ریش پشت و په‌نا.
پێش 18 ساڵ له‌مه‌وه‌ر، ئه‌سپه‌که‌مان، تابڵێی که‌ڵه‌گه‌ت و ژیکه‌ڵه‌و سرک وباربه‌رو له‌خۆبردوو بوو، بێ منه‌تانه‌ ملی ده‌نا به‌ڕه‌وڕووی ڕه‌بایه‌و تانک و تۆپی زه‌به‌لاحی دوژمنه‌وه‌ و ڕایده‌ماڵین.
ئه‌سپی ئه‌م 18 ساڵه‌شمان! ئه‌سپێکی خه‌سیو بوو! ئه‌سپێکی نمه‌ک به‌ حه‌رام! ئه‌سپێکی لووت به‌رز، ئه‌سپێکی له‌خۆبایی، ئه‌سپێکی مایین نه‌دیو بوو!. له‌و ئه‌سپانه‌ بوو. زین و وکۆپان و ڕه‌شمه‌و قه‌یاسمه‌ و ناڵ و گووڵگووڵه‌و به‌رسینه‌ی ئاڵتوونی ده‌وویست و ئاخووڕی مه‌ڕمه‌ڕی ده‌خواست و ملوانکه‌ی گه‌وهه‌رو مرواری له‌مل ده‌کرد!
سروشتی ملی ئه‌م ئه‌سپه‌ هه‌ژده‌ ساڵانه‌ له‌ زه‌ڕڕافه‌ ده‌چووه، هه‌رگیز ملی دانه‌ده‌واند! کوێرانه‌ چنگ و په‌لی کوتایه‌ ناو مه‌ره‌زه‌ی میله‌ته‌وه‌، خه‌له‌و خه‌رمانی چه‌ند ساڵی گه‌لێکی سووتاند، ڕێچکه‌ی کانی و جۆگاکانی گۆڕی، ڕه‌زه‌ ترێ و باخه‌ هه‌ناره‌کانی ووشک کرد، چووته‌ی دا له‌ جوانوو و نۆماکانی خۆی، قه‌پاڵی دا له‌ سنگی ناسکی کچانی شاره‌کان و گونده‌کانم.
له‌ هه‌ژده‌ ساڵی ڕابردوودا، ته‌بیعه‌تی ئه‌م ئه‌سپه‌ ته‌واو گۆڕا! له‌ جیاتی ووێنچه‌، حه‌زی له‌ خواردن و کاوێژی دۆلار بوو، له‌ جیاتی خواردنه‌وه‌ی ئاوی سازگاری کوردستان، خوی دایه‌ خواردنه‌وه‌ی ویسکی سپێشه‌ڵ و بۆنکردنی نه‌وت.!
که‌ ئه‌م ئه‌سپه‌، له‌ خانه‌خۆێ و ته‌ویله‌که‌ی خۆی هه‌ڵهات، نا ساز بوو به‌ ژینگه‌که‌ی خۆی، سه‌رو گوێلاکی مه‌یته‌ره‌که‌ی خۆی هه‌ڵئاوساند! چیتر ئه‌سپه‌که‌ی جاری جاران نه‌ما. ئه‌و دڵی شوان و گاوان و سه‌پان و ڕه‌نجبه‌رو دره‌وکه‌ره‌کانی هه‌موو ئازاردا. ئه‌و شه‌نگه‌بێرییه‌کانی له‌ خۆی تۆراند! ئه‌و که‌ چاویلکه‌ی ڕه‌شی له‌ چاو کرد. له‌ خۆی و دنیا هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌.!
له‌ هه‌ژده‌ ساڵی ڕابردوودا، ئه‌سپه‌ ساواکه‌مان! ڤێلای شێوازی تورکی و ئیتالی و ئینگلیزی و ئه‌مریکی! کرده‌ ته‌ویله‌ی حه‌وانه‌وه‌ی. چووته‌ی دا له‌ هه‌موو ڕابردووه‌که‌ی خۆی! ئه‌م ئه‌سپه‌ بۆینباخی کرده‌ مل و حه‌ریرو شاموای پۆشی، ئه‌م ئه‌سپه‌ سه‌ری خۆی ڕه‌نگاوڕه‌نگ کرد، گۆێ قووڵاغ بوو بۆ ده‌روو دراوسێ. مل که‌چ بۆ دوژمنان.

ئه‌م ئه‌سپه‌. له‌ کاتی کاره‌سات و لێقه‌ومانا.، که‌ کاوێژی دۆلارو بۆنی نه‌وتی لێ ده‌بڕێ! ڕوو ده‌کاته‌وه‌ په‌رژین و حه‌ساره‌ له‌ مێژینه‌که‌ی، کوڕنووش ده‌با، بۆ سه‌پانه‌که‌ی! له‌سه‌ر سه‌ره‌نوولکی گونده‌کان خۆی ده‌گه‌وزێنێ و گوێ قووڵاغ و مڵ شۆڕه‌! بۆ ده‌به‌ ئاوی که‌یبانوویه‌ک، بۆ گورزه‌یه‌ک سه‌وزه‌ نۆک، بۆ باوه‌شێ پووش! بۆ ژه‌مێ جۆ. مل ده‌کاته‌وه‌ توره‌که‌که‌ی جارانی و مرخه‌ی دێ.
ئه‌م ئه‌سپه‌ له‌ کاتی گلاندا، خۆی بیر ده‌که‌وێته‌وه‌، له‌ کوێ سه‌ری هه‌ڵهێناوه‌، تا ساوا بوو له‌ کوێ حه‌واندیانه‌وه‌، که‌ پاو پلی بریندار ده‌که‌ن، مه‌یته‌ره‌ ماندووه‌کانی خۆی دێته‌وه‌ بیر! ته‌ویله‌ کۆنه‌کانی به‌سه‌ر ده‌کاته‌وه‌.
ئه‌م ئه‌سپه‌، سرووشتی حوشتری گرت له‌ باتی گلدانه‌وه‌ی ئاو، گه‌نجینه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پێکه‌وه‌ نا بۆ مۆڵدان و شاردنه‌وه‌ی جانتاو شه‌ده‌ دۆلار.! ئه‌م ئه‌سپه‌ له‌ قه‌له‌باچکه‌وه‌ فێربوو، دزی له‌ خاوه‌نه‌که‌ی بکات و که‌لوپه‌له‌کانی لێ بشارێته‌وه‌.!
له‌ هه‌ژده‌ ساڵی ڕابردوودا ته‌وێڵی ئه‌م ئه‌سپه‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌رز ده‌یڕوانی .، پاوپلی خسته‌ سووری خه‌رمانه‌کانمان، که‌ خۆی گێره‌ی کردبوون! هه‌رگیز له‌ دیوه‌خان نه‌ هاته‌ خوارێ، تا بزانێ له‌به‌ر ئاوایی و له‌و بناره‌ چی ده‌گوزه‌رێ!
ئه‌م ئه‌سپه‌، گه‌لێ شوان وجوتیار، قامچیان تێ سره‌واند! وه‌ خه‌به‌ر نه‌هات! گه‌لێ که‌یبانوو شووڵکیان کێشا به‌ناوشانیدا باکی نه‌بوو! تا مه‌یته‌ره‌کان حه‌یزه‌رانیشیان بۆ خسته‌کار، ئه‌و هه‌ر نه‌سڵه‌میه‌وه‌.
ده‌نگ مه‌ده‌ن به‌م ئه‌سپه‌ له‌ خۆ باییه‌، له‌ ته‌نگانه‌دا خزمه‌تکاره‌و له‌ خۆشیانیشدا ئاغاو سه‌رقه‌تار.، په‌ندێکی ئینگلیزی هه‌یه‌ ده‌ڵێ(dont judge the book by the cover) واته‌ (په‌رتووک به‌به‌رگه‌که‌یدا مه‌خه‌مڵێنه‌!).، به‌ باڵای به‌رزو شان و شه‌وکه‌تی ئه‌و ئه‌سپه‌ سپیه‌دا تێمه‌که‌ون! ئه‌سپێک، به‌ جوانی ! کارو کرده‌وه‌یه‌کی نه‌بێ! له‌ پیریشدا! به‌ته‌مای مه‌بن.
په‌ندێکی کوردی له‌مه‌ڕ خۆشمان ده‌ڵێ(ڕێوی له‌ کوونی خۆی هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌، گه‌ڕ ده‌بێ!) ده‌مێکه‌ ئه‌م ئه‌سپه‌ی ئێمه‌ حیله‌ی له‌ بیر چۆته‌وه‌و کورتانی گه‌ڕی پۆشیوه و هه‌ڵگه‌ڕاو ه‌ته‌وه‌.! ته‌ماشا که‌ن، حه‌زره‌تی (نالی)ی ڕه‌حمه‌تی به‌ چ داهێنانێک وه‌سفی که‌ره‌که‌ی کردووه‌! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوڕێیه‌کی به‌وه‌فاو گۆێ ڕایه‌ڵی بووه‌! لێره‌دا به‌ گونجاوی ده‌زانم ته‌واوی شیعره‌که‌ی بنوسمه‌وه‌.
هه‌ی که‌رێکم بوو، چ په‌یکه‌ر؟ ته‌ی که‌ری هه‌ورازو لێژ
سینه‌ پان و، موچه‌ کورت و ، شانه‌ به‌رزو، گوێ درێژ
بن زک و جه‌بهه‌ت سپی، کلک ئێسترو دامه‌ن سیا
یه‌ککه‌ تازو، سێ بڕو، دو بادو، شه‌ش دانگ و درێژ
که‌ل له‌ وه‌ک جه‌ڕڕه‌ی شه‌رابی پڕ نیشات و ته‌ڕ ده‌ماغ
شێری نه‌ڕ، ئاهووی به‌ڕ، گورگی سه‌فه‌ر، قه‌مچی نه‌چێژ
مل عه‌له‌م ، شیرین قه‌ڵه‌م ، ئاهو شکه‌م ، مه‌یمون قه‌ده‌م
سم خڕو کلک ئێستر و ، مه‌نزڵ بڕو ، عاره‌ق نه‌ڕێژ
زه‌رق و زه‌ڕڕاقی وه‌کو خاکسته‌ر، ئه‌مما بێ غوبار
به‌رق و به‌راقی وه‌کو پیرۆزه‌ ، لاکین بێ کرێژ
سم وه‌کو یه‌شم و له‌ توکی پێدا سه‌رنگون
چاو وه‌کو بیجاده‌ یا دوو شه‌و چراغی شوعله‌ ڕێژ
گوێ درێژێ باروکورتان به‌رزو ، پاڵانی به‌زێن
چوست و وریاتر له‌ گوێ کورتانی پاڵانی و گێژ
قانیعی بانی ڕه‌زاو ڕازی به‌ پوش و دڕک و داڵ
سالێکی سه‌برو ته‌حه‌ممول ، بورده‌ بارو هیچ نه‌وێژ
عاقڵێ بوو ناوی که‌ر بوو ، قاتیعی ڕێگه‌ی سه‌فه‌ر
خۆش سلوک تر بوو له‌ سه‌د وێڵداشی هه‌رزه‌و گێژو وێژ
(سائم الدهر)ی به‌ڕۆژ ، ئه‌مما به‌ڕۆژووی بێ نییه‌ت
(قاحم ال لیل) ی سلوک ، ئه‌مما سلوکی بێ نوێژ!
هێنده‌ پێم خۆش بوو به‌ زووبانی حاڵی ده‌یگووت (نالیا)
هه‌ردوو حه‌یوانین ، ئه‌تۆ گوێ کورت و ئه‌منیش گوێ درێژ
بڕوانن گوێدرێژه‌که‌ی نالی، چه‌ند سه‌لارو سه‌نگین و ژیر و باربه‌ره‌! ئه‌سپه‌که‌ی ئێمه‌ش چه‌نده‌ سووک وسه‌رکێش و به‌فیز و نا حاڵی و دز و درۆزن وته‌پۆیه.‌!
له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌نگ مه‌ده‌ن به‌و لیسته‌ی سه‌رچاوه‌که‌ی خۆی وون کردووه‌ و نازانێ چۆن بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵی خانه‌خۆێکه‌ی.! ده‌نگ بده‌ن به‌ گۆڕان! شوانێکی به‌سه‌لیقه‌و به‌ئه‌مه‌که‌ بۆ نیشتمان.

ئاکۆ قادر ئه‌حمه‌د

تێبینی:
1- بڕوانه‌ دیوانی نالی ، لاپه‌ڕه‌ 224.
2- ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ته‌نها شه‌رحی حاڵی نیوه‌ی به‌شی سه‌وزی ئه‌سپه‌ سپیه‌که‌یه‌! باسی به‌شه‌ زه‌رده‌که‌م نه‌کردووه‌! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێنووسه‌که‌م ده‌ره‌قه‌تی خیانه‌تی ئه‌وان نایه‌ت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە