کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەندەڵیی پرۆژەكانی موساتەحە، موزایەدەی پرۆژە چاكسازیەكەی بارزانی بەنمونە

Saturday, 30/07/2011, 12:00


ئەوەی كە بارزانی كردیە دەستكەوت بۆ پرۆژە چاكسازییەكەی مەسەلەی زەوی وزار و پرۆژەكانی موساتەحەبوو، كەگوایە كۆمەڵێك گەندەڵی لەو پرۆژانەدا بۆ سەرۆكی هەرێم ئاشكرا بووەو لەئەنجامی دروستكردنی چەند لیژنەیەك بۆ چاكسازی گەیشتوون بەو ئەنجامەی كە پرۆژەكانی موساتەحە گەندەڵی و مەحسوبیەتی تێدایە!
بەڵام ئەم مەسەلە پەیوەندی بە پرۆژە چاكسازیەكەی سەرۆكی هەرێمەوە نیە، سەرۆكی هەرێم چەندین ساڵە ئەم گەندەڵیانەی لەبەردەستو قسەی نەكردووە، بەپێی ئەو بەڵگەنامەی لەبەردەستمدایە ماوەی (5) ساڵە ئەم گەندەڵیانەی پرۆژەكانی موساتەحە لەلایەن (دیوانی چاودێری دارایی/هەولێر)ەوە بەئیمزای (د.جەرجیس حەسەن) ی سەرۆكی دیوان ئاشكرا كراوەو (4) ساڵە ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كراوە بەڵام هیچ رێكارێكی یاسایی بەرامبەر ئەو گەندەڵیانە ئەنجام نەدراوە، ئەو گەندەڵیانەی كە سەرۆكی هەرێم لە (21.3.2011) دا بەناوی پرۆژەی چاكسازیەوە بڵاویكردەوە، هەموو زەویە بەخشراوەكان بەبڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدراوە بۆ كەسانی بەرپرس و نزیكی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت بوون، بەڵام سەرۆكی هەرێم بۆ هێوركردنەوەی ناڕەزایەتیەكانی شەقام و دەرهێنانی وەرەقەی چاكسازی لەدەست ئۆپۆزسیۆن پەنای بۆ ئەو بوارە برد لەچاكسازیدا چونكە بەتەنها ئاشكرا بونی ئەوراقی ئەو پرۆژانەی موساتەحە هەموو گەندەڵیەكان بەرچاودەكەون، بەجۆرێك كە ڕەگەزی زەوی كشتوكاڵییان گۆڕیوە بۆ گەشتوگوزاری، پرۆژەی گەشتوگوزارییان تەملیك كردووەو بەنرخێكی كەم تەملیكیان كردووە لەسەر خۆیان و بۆ پرۆژەی بازرگانی بەكاریانهێناوە! كرێی ساڵانەیان نەداوە، پرۆژەكەیان دروست نەكردووە بۆ ئەو مەبەستەی پێیاندراوە.
بۆیە بەبڕوای من هیچ پرۆژەیەك نیە كەلەهەرێمی كوردستاندا ئەنجام درابێت و گەندەڵی تێدا نەبێت، بەرپرسی سەرەكیش لەو گەندەڵیانە لایەنە حكومی و حزبیەكانی سەر بەدەسەڵاتە.
ئەمەی خوارەوە بچوكترین بەشی یەك ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی/ هەولێرە كە كەمترین ڕاۆرتی ئاشكرا بووە، ئەوەی لەدیوانی چاودێری دارایی/سلێمانی ئاشكرا بووە نزیكەی (2700) ڕاپۆرتە كەسەراپای گەندەڵیی دامودەزگا حكومیەكان و بەهەدەردانی ملیارەها دۆلاری موڵكی گشتیەو بەرپرس لێی كەسانی ناو حكومەت و سەربەدەسەڵاتە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی/هەولێر، ژمارە (36) كە لە (25/4/2007 ئاراستەی وەزارەتی گەشتو گوزار/ نوسینگەی تایبەت كراوە تێیدا هاتووە (دوابەدوای فەرمانی دیوانی نهێنیمان ژمارە (30 لە 12/12/2006) هاوپێچ دەقی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی تایبەت بەوەزارەتەكەتان و فەرمانگەكانی، بۆتان ڕەوانە دەكەین، هیوادارین خاڵە سەرپێچیەكان چارەسەر بكەن و ئاگادارمان بكەنەوە لەئاكامەكەی، هاوكات ئەم ڕاپۆرتە وێنەیەكی ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كابینەی پێنجەم كراوە.
ئەم ڕاپۆرتە (16) لاپەڕەیەو تایبەتە بە وەزارەتی گەشتوگوزار ئامادەكراوە، زۆرینەی ڕاپۆرتەكە لەسەر پرۆژەكانی موساتەحەیە كەچەندین گەندەڵی تێدایە، لەوانە لەلاپەڕە (11)ی ئەم ڕاپۆرتەی دیوانی چاودێری خاڵی (د)دا هاتووە (تێبینی كراوە لەپارچە زەویەكانی بەكرێدراوان بۆ پرۆژەكان زۆربەیان ئەنجامدانی كارەكانیان بەپێی بڕگەكانی گرێبەستەكانیان وەك جێبەجێ نەكردنی پرۆژەكان و وە نەدانی یان دواخستنی كرێی ساڵانەیان، بێگومان ئەمەش كەمتەرخەمی و پشتگوێ خستنی كارەكانە بۆیە ڕاسپاردەتان دەكەین كەوا بەدواداچونەوەی گشت پرۆژەو زەویە بەكرێدراوەكان بكرێت هەڵسوكەوتی یاسایی بەپێی كرێبەستی واژۆكراو وەربگیرێت، بەرامبەر بەو كەسانەی پابەند نەبوون بەدەقی گرێبەستەكان، بەپێچەوانەوە هۆبەی یاسایی و موڵكایەتی بەرپرسیارە لێیان، بۆ نمونە پارچە زەوی ژمارە (805/ك 16) زەویەكانی شەقلاوە بەپێی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (2533 لە 11/9/2003) بە موساتەحە (ڕوداپۆشین) بۆ ماوەی (50) ساڵ دراوە بەكرێ!
هەر لەو ڕاپۆرتەدا لەسەر ئەم زەویە كە بەموساتەحە بۆ ماوەی (50) ساڵ دراوە بەكەسێك! ئاماژە بەوە كراوە گرێبەست نەكراوە لەگەڵ ئەو كەسەدا كە زەویەكانی شەقلاوەی پێدراوە! جگە لەوە دوای (4) ساڵ هێشتا پرۆژەكەی ئەنجام نەداوە! هیچ ڕێوڕەسمێكی یاسایی لەو كەسە وەرنەگیراوە بۆ ئەو زەویانە!
یەكێكی تر لەو زەویانەی كەبەموساتەحە دراوەو لەخاڵی (هـ)ی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە (ڕوبەڕی (8000م2) هەشت هەزار مەتر دوجا زەوی ژمارە (24/39 ك وارش 45)دراوە بەكەسێك و پرۆژەی نازە مۆڵی لەسەر دروست كراوە ئەم زەوییە بۆ ماوەی (25) ساڵ بەموساتەحە دراوە بەو كەسە بۆ دروست كردنی نازە مۆڵ، بەڵام وەك لەڕاپۆرتەكەی دیوانی چاودێری ئاماژەی پێكراوە (بەپێی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (2960 لە 20/12/2004) ئەم زەویە تەملیك كراوە لەسەر ئەو كەسەی بە موساتەحە وەیگرتووە ئەمەش هیچ بنەمایەكی یاسایی نیە! ئەمەش پێچەوانەی یاسایەو بەهیچ شێوەیەك زەوی گەشتوگوزاریی تەملیك ناكرێ لەسەر كەس.
ئەگەر تەملیكیش بكرێ پێویستە ئەو زەوییە بخرێتە زیادكردنی ئاشكرا ئەمەش نەكراوە، جگە لەوە شوێن و زەویەكەش گەشتوگوزارییەو نایاساییە بكرێت بە پرۆژەی بازرگانی! لەخاڵی (4)ی ڕاپۆرتەكەی دیوانی چاودێری داراییدا هاتووە (سەرەڕای هەموو ئەوانەی باسكرا، تەملیك كردنی ئەم زەوییە بەو نرخە كەمە هیچ پاساوێكی بۆ نیەو پێچەوانەی یاسای ژمارە (32ی ساڵی 1986)ە ئەمە جگە لەنوسراوی ئەنجومەنی وەزیران كەئاماژە بەوە دەكات زەویەكە تەملیك بكرێت و بەپێی یاساو ڕێنماییەكان ڕەفتاری لەگەڵ بكرێت، وە ئەم كارەش بەهیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵ نیە.)
دەربارەی زەویەكی تری موساتەحە لەخاڵی (و)ی ڕاپۆرتەكەی دیوانی چاودێری داراییدا هاتووە (پرۆژەی گەشتەوەریی رێگای مەسیف سەلاحەدین لەسەر پارچە زەوی ژمارە (2/44/32/ك 83) بۆلاق، دەستەی چاودێریمان تێبینی كرد:
1- گۆڕین ڕەگەزی زەویەكە لەكشتوكاڵیەوە بۆ گەشتوگوزاری لەبنەڕەتدا هەڵەیە.
2- نوسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (8439/ لە 23/6/2006) ڕەزامەندی دراوە لەسەر بەناو كردنی زەوی ئاماژە پێكراو بۆ وەزارەتەكەتان سەرپێچییەكی زەقی گشت بڕگەكانی ڕێنماییەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ژمارە (202/ لە 25/4/2006)ەو پێویستە ئاوڕێكی لێبدرێتەوە و هەڵوێستەی لەسەر بكرێ و لەئەنجامەكەی ئاگادارمان بكەنەوە.
http://www.kurdistanpost.info/msata7a.jpg

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە