بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


ئەو وێنانەی بنەماڵەی بارزانی مێژوویەکی پڕ لە درۆ تۆمار دەکەن

Monday, 12/01/2015, 12:00



وێنە تەنها چرکە ساتێکمان بۆ تۆمار دەکات، بەڵام هەموو چرکەساتێک نابێتە مێژوو تا بە شانازییەوە چیرۆک و داستانمان بۆ بگێڕێتەوە، زۆرجار وێنەیەک دەبێتە چیرۆکێکی کۆمێدی و لە گەڵ فلیمەکانی چارلی و میستەر بیندا دەکەوێتە ملململانێیەکی قوڵەوە. لەنمونەی ئەم وێنەیەی کە کوڕە بیست ساڵەکەی مەسعود بارزانی لە پەیچی کۆمەڵایەتی فەیسبوکدا دایناوە. بەندە لەکۆمێنتێکدا بۆم نوسی:
بەم هەموو وێنەی باوک و باپیرتەوە دەتەوێت چییمان پێ بڵێن؟ دە وێنەیەکی دایکیشت، یان خوشک و مێینەیەکی بنەماڵەکەتان دابنێن؟ قابیلە بنەماڵەکەتان تەنها کوڕی ببێت، دایکی تۆ نۆمانگ پەپێستی سکی هەڵی گرتویت و ڕەنجی لەگەڵدا داویت، بۆ پێت شەرمە وێنەیەکی بخەیتە نێو فەیس بوکەوە!؟ بۆ پێتان شەرمە لە ئافرەت بوون!؟
ئەمەم نووسی پاش کەمێک بلۆکیان کردم دەتگوت لە چیایەکی بڵندی وەک "خواکورک " فڕێیان دامە خوارێ.
لەو وێنەیەدا ئەوەمان پێدەڵێ: کە نەوەی بارزانی هێندە گوناحن تەنانەت ناتوانن لەڕێگەی وێنە گرتنیشەوە بڕوا بە خەڵکی ببهێنن. نەخوازا بەراستیی چووبێتن و شەڕیان کردبێت. زۆر باسی نەجمە و داڵ و پلە و پایەکانیان کراوە، بەڵام ئێوە نە لەو قسانە نەشەرم دەکەن، نە ڕوونکردنەوەش دەدەن، چونکە ئێوە ئامادەکراون بۆ سەرۆکێکی داهاتووی ئەم ووڵاتە، کە دەبێت بێشەرم بن، لەبەر ئەوەی گەلی ئێمە لەباشور هەمووی نەزۆکە تەنها ئێوەن دەتوانن منداڵ دوای منداڵ بخەنەوە و ببن بە رابەر و سەرکردەمان، ئێوە لەکارخانەیەکی قاچاغ دەچن ئەم هەزار پیاوە بێ ئەوەی دایکێکیان پیشان بدرێت، کەچی باوکیان هەموو ساڵێک لە بۆنەی ئافرەتاندا دەردەکەوێت، باسی یەکێتیی و سەربەستیی ئافرەتانمان بۆ دەکات.
نووسەرێکی عەرەب دەڵێ: "ئێمە بۆیە هێندە باسی شەرەف دەکەین، چونکە نیمانە " باوکیشت زۆر پێدادەگری لەسەر سەربەستی ئافرەتان، کەچێ ژنانی خێڵەکەی خۆتان سەربەستییان نییە.
هاوڕێیەکم کە لە ئەوروپا بەسەردان گەڕابۆوە باس کچە ڕۆماننوسێکی سوئیدی کرد کە ئیلهامی ڕۆمانەکەی لە وێنەیەکی کۆنی هیندییەوە وەرگرتوە، ئەوەندەی لە وێنەکە ڕوانیوە، بەشی رۆمانێکی تێدا کۆکردۆتەوە، بەمە توانیوێتی ئەو رۆمانە بنووسێت، کە فرۆختێکی باشی هەبووە. ئێوەی باڵا دەستی ئەم ووڵاتەش، پێشنیارتان بۆ دەکەم ئەم وێنەیە بگەیەنیتە دەست ئەو ڕۆماننووسە، بەڵکو لەهیمەتێکدا ڕۆمانێک لەسەر جەربەزەیی ئێوەی پیازخۆر بنووسێتەوە.

فەرماندەی بەڕێز... ئەوەتانێ سیروان بارزانی کە بەرگێکی بەڵەکاوی لەبەر کردوە دەڵێ هەڵاتینیش هەر ئازایەتییە، گرنگ ئەوەیە نەکوژرێیت، قەیدی چییە با لە سەر ئەژنۆ بژین! ژیان بۆ ئێوەی جامانەسووری دەسەڵات باشە و مانای هەیە، ئەو ژیانەی کە بە خۆشی دەیبەنە سەر و رادەبوێرن بە پارەیەکی زۆری میللەت، لێ لەبەر دەستی تورکان و دوژمندا بە ترسنۆکی و بە زەلیلی، ئەم شێوە ژیانە بۆ ئێوە خۆشە و هیچی دیکە گرنگ نییە!

ئەرێ فەرماندە.. ئەم هەموو ڕووداوە ڕوویدا نەماندی لەجێگەیەک دەنگێک ڕەنگێک؟ لەوانەیە ئەگەر بار و دۆخەکە هێمن بێتەوە ئەوسا نەجمەکان ببەستیتەوە و خۆت با بدەیتەوە، یان بە شێوەیەکی تر وێنە بگری. من پێشنیار دەکەم ئەم جارە لەگەڵ ئەو پیاز و تەماتەیەدا کۆمەڵێک ماستاوچیی لەگەڵ تەشتێک ماستاویشدا دانێیت، چونکە ئەو هەموو کۆیلەیەتان لەبەر دەستایە.
لە کۆتاییدا دەڵێم لەم ڕۆژگارەدا هەمووتان دەتانەوێت لەبەرپرسیارێتی ڕادەکەن، دڵنیام لە پاشەڕۆژیشدا هەموو تاوانەکە دەخەنە سەر شانی خەڵکانی تر، ئێوە لە ئارامیدا نەجمە و بەرپرسیارێتیتان هەڵگرتووە، لە قەومانیشدا فەرماندە و جەنەڕاڵی تۆقیون تەنها شتێک کە ماوتانە وێنە بێماناکانی ناو پەیجەکانی فیسسسس بوکە و هیچی تر. مەلامستەفاش وێنەی زۆرە دارجگەرە بەسەر ئەسپەوە چەقۆتژکردنەوە، شەترنج کردن کەچی نەمان دی لە بەرەیەکی شەڕەوە ئازایەتییەک بنوێنێ، ئێوەش نەوەی هەمان پیاون، کە بێ ماڵئاوایی و لەگەلێک مەیدانی جێهێشت. ئەمڕۆش لەسایەی ئێوەی فەرماندەوە ئاشبەتاڵێکی دیکە سەرەتاتکێمان لێدەکات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە