کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دزىو گەندەڵى بەردەوامەو ئێمەش هەر بێدەنگین!!

Thursday, 22/07/2010, 12:00


لەم مانگەدا لە باشورى كوردستان دوو ڕوداوى زۆر گرنگ بون بە سەردێڕى هەواڵى هەندێك رۆژنامەو دەزگایى راگەیاندن، یەكەمیان ئاشكرابوونى دزینى نەوتو دووەمیان سوتانى ئوتێل سۆماو شەهیدبوونى نزیكەى (30) كەسى بێتاوان كە بونە قوربانى خەمساردىو بێمنەتى لێپرسراوانو خەونەگڵاوەكانیان بۆ كۆكردنەوەى پارەى نامەشروع.
پێموایە ئەم دوو ڕووداوە لە هەر وڵاتێكى نیمچەدیموكراتیش ڕوویانبدابایە، بەلایەنى كەمەوە هەندێك وەزیرو گزیرو بەڕێوەبەرو شتیتر دەستیان لە كاردەكێشایەوەو داواى لێبوردنیان لە میللەتەكەى خۆیان دەكرد، بەڵام لە جەنگلستانەكەى خۆمان لێپرسراوان نە بایان دیوەو نەباران!
سەرەتایى ئاشكرابوونى دزینى نەوت لە رۆژنامەیەكى ئەمریكیەوە دەستى پێكردو ئێمە هەواڵەكەمان بۆ كوردى وەرگێڕاو ئینجا زانیمان دزیمان لێدە كرێ، كەچى خۆمان رۆژانە ئەو تەنكەرانەمان بە پڕى نەوتەوە دەبینىو دەشمانزانى ئەوە نەوتەكەی كوردستانەو بۆ دراوسێییە خۆرهەڵاتییەكەمان دەڕواتو قسەشمان نەدەكرد، بەڵام ناحەقمان نەبوو، بۆ لەم وڵاتە كەس گوێ لە قسەى رۆژنامەنووسانو خەڵكى دەگرێ؟!
دواى ئاشكرابوونى دزینى نەوتەكە سەرەتا ئاشتى هەورامى وەزیرى سەرچاوەكانى دزى، دەستى لە سنگیداو هەواڵەكەى رەت كردەوە، دواتر گەڕایەوەو دەستى بە سمێڵیەوە گرتو (بەداخەوە موى پێوەى نەبوو) وتى: ئەگەر ئەم هەواڵە ڕاست بێت سمێڵم دەتاشمو ئیستیقالەش دەكەم، دواتر دكتۆر كەمالى نا كەركوكى شەریكەشعورى ئاشتى كە ئاگایى لە لێدوانەكەى ئاشتى نەبو وتى: بەڵێ ڕاستە نەوت بۆ ئێران دەڕوات بەڵام نەوتى ڕەشەو جەنابى وەزیر پێش دوو رۆژ ئەمەى پێوتووم،بۆیە دواتر كاكە ئاشتیش بە ناچارى دانینا بە دزینى نەوتەكەدا، بەڵام ئەویش وتى: نەوتەكە ڕەشە!! نازانم ئەمانە چ بێعەقڵێكن؟ بۆ ئێوە نەوتى سپىو بەنزینومەنزین لە ئازربایجانو ئەوناوە ناهێننو بەگران بە ئێمەى دەفرۆشن، ئیتر نەوتى ڕەشو سپى چیى؟! خۆئێمەش دەزانین ئەو نەوتەیە كە لە بیرەكانى (تاوكێى زاخۆو تەقتەق) دەرى دەهێننو هەر بەكاڵیش هەرزان فرۆشى دەكەن. كوا پاڵاوتگەتان هەیە تا بیكەن بە بەنزینو نەوتو شتیترو ئینجا بە ئێرانى بیفرۆشن؟؟؟
دواى ئەم بێنەوبەردەیە بەرهەم ساڵحیش هاتە مەیدانى نەوتەكەو بە ئاژانسى (ئەسیۆشیتدپریس)ى وت: ئاگادارى دزینى نەوتەكە نییەو ئەگەر شتیواش كرابێت، ئەوا لەمەوبەدوا ڕێگرى دەكاتو ناهێڵێت نەوتەكە بە قاچاخ ئاودیوى ئێران بكرێت، هاوكات وتەبێژەكەى حكومەتوكەى بەرهەم ساڵح (كەتەنیا بەناو سەرۆكى حكومەتەو بنەماڵەو كۆمپانیاكانى تاڵەبانىو بارزانى تەحەكوم بە هەمووشتێك دەكەن) رۆژى 21/7 ڕاگەیاند حكومەتى هەرێم وەزارەتى ناوخۆى ڕاسپاردووە بۆ پێكهێنانى هێزێكى ئەمنى (5000) كەسى بۆ پاراستنى كێڵگە نەوتیەكانو وەرگرتنەوەى دۆسیەى پاراستنى كێڵگەو پاڵاوتگەكانى نەوت لە هێزى دژە تیرۆر!! لە لایەكیترەوە حكومەت بڕیارى داوە ئاودیوكردنى نەوتەكە ڕابگیرێت، كەچى كەس بە قسەى حكومەت ناكاتو ئاودیوكردنى نەوتەكە تا ئێوارەى رۆژى 21/7 یش بەردەوام بوەو خەمتان نەبێت بەردەوامیش دەبێت..
بەڕاستى حكومەتێكمان هەیە مەگەر هەر لەم هەرێمە بێساحیبەى ئێمە بوەشێتەوە، دەنا ئەم دزىو گەندەڵیە ئێمە نەبین كێ قبولأ دەكات؟!! دزییەكە ئەوەندە ئاشكرایە تەنانەت دزەكان پێڕانەگەیشتنو نەیانزانى چۆن پەردەپۆشى بكەنو بیشارنەوە، هەر كەسەو لێدوانێك دەداتو ئێمەش بێدەنگین!!! ئەم بێدەنگییەمان قسەى رۆژنامەنووسێكى بەریتانیم بە بیردێنێتەوە (بەداخەوە ناوەكەیم لە بیر نەماوە) كە لە ساڵى هەشتاكانو لە سەردەمى شەڕى ئێران - عیراقدا وتارێكى لەژێرناوى (سەركردەیەكى شێتو میللەتێكى ترسنۆك) نوسیبوو. بە پێى بۆچوونى ئەو بەرێزە نەدەبوو ئەو سەردەمە میللەتى عیراق بەرامبەر بە كردەوەكانى سەدام بێدەنگ بێت، بەڵام ئێمە نزیكەى 30 ساڵ لە دواى ئەو وتارەش هەر بێدەنگین، ئەگەر ئەم بێدەنگییەى ئێمەش نەبێت هێزى دژەتیرۆر چ پەیوەندییەكى بە پاراستنى كێڵگە نەوتیەكانەوە هەیە، ئەگەر بۆ دزی نەبێت؟. باشەكامتان درۆ دەفەرمۆن؟ خۆ ناكرێ هەمووتان ڕاست بڵێن.
بەڕاستى سەیرە گوڵًم، ئێمەش سەیرین...ئێرە وڵاتى سەیرو سەمەرەكانە... دزەبچووكەكان زیندانى دەكرێنو حوكم دەدرێن كەچى خەڵكیتریش بە هەزاران تەنكەر نەوت قوت دەدات، كە بایى ملیۆنان دۆلارەو كەسیش نییە پێیان بڵێت پشتى چاوتان برۆیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە