کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هۆشدارییه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵات، له‌ئه‌گه‌ری دوباره‌بونه‌وه‌ی 17ی شوباتدا

Wednesday, 13/07/2011, 12:00


له‌نێوان سه‌ركوتی خۆپیشاندانه‌كان و بێئومێدی له‌ئاكامی كۆبونه‌وه‌كان و ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ دواین وه‌ڵامی جدی ده‌سه‌ڵاته‌ پێش به‌كارهێنانی ڕێگامه‌ده‌نیه‌كانی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانی هاونیشتمانیانی ناڕازی و توڕه‌ له‌ سه‌روه‌ر نه‌بوونی یاساو گه‌نده‌ڵی و نایه‌كسانی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی، هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ تائێسته‌ پشتئه‌ستوره‌ به‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی هه‌یه‌و زۆرینه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ده‌ستهێناوه‌و سه‌رچاوه‌ی دارایی له‌ده‌ستی ئه‌ودایه‌و دامه‌زراندن و بێكاریی به‌ویست و بڕیاری ئه‌وه‌و حكومه‌ت فه‌رمانبه‌ری ئه‌وه‌، چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئیجابی ناكرێت لێی چجای گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمێك كه‌تائێسته‌ 3 پارێزگایه‌و خاوه‌ن بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاحه‌ كه‌ ته‌نها چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراوی ناو پارتی یه‌كێتی به‌ئاگان له‌داهاتی ئه‌م 3 پارێزگاو چۆنێتی سه‌رفكردنی بودجه‌كه‌ی، بۆیه‌ له‌پاش هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شداری ئۆپۆزسیۆن له‌دانیشتنه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، له‌دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان و ‌نزیك بونه‌وه‌و ی كاته‌كه‌ی كه‌ له‌ 17ی ته‌مووز بڕیاره‌ ئه‌نجام بدرێ و ‌چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می ماوه‌و ده‌سه‌ڵات هێشتا بێده‌نگه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ئۆپۆزسیۆن بێهیوایی له‌بێئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كان به‌شداری كات كوشتن ناكات كه‌ 4 كۆبونه‌وه‌ له‌مانگێكدا تێپه‌ڕیوه‌ به‌ڵام یه‌ك هه‌نگاو بۆ چاكسازی نه‌نراوه‌ ته‌نانه‌ت زه‌مینه‌سازی بۆ كه‌شی ئارامی به‌ئاكام گه‌یشتنی كۆبونه‌وه‌كان نه‌گیراوه‌ته‌ به‌ر.
بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات پێویسته‌ به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و له‌وه‌ تێبگات كه‌نیه‌تی گۆڕانكاری نیه‌و هێنده‌ی ئیش له‌سه‌ر دامركاندنه‌وه‌ی شه‌قام و شكست پێهێنانی هه‌وڵه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌دات نیو هێنده‌ كار بۆ وه‌ڵامی كرداریی پرۆژه‌ی ئۆپۆزسیۆن و داخوازیه‌كانی جه‌ماوه‌رو كه‌سوكاری چه‌هیدانی 17ی شوبات و ڕۆژانی دواتر ناكات.
ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی خۆپیشاندان زیاتر ده‌كات چونكه‌ له‌ 19ی نیسانه‌وه‌ تاكو ئه‌مڕۆ 12ی ته‌مووز ده‌سه‌ڵات توڕه‌یی خه‌ڵكی ناڕازی زیاتر كردووه‌و كه‌می نه‌كردۆته‌وه‌، له‌گفتوگۆكانیشدا ئه‌وه‌ی سه‌لماند كات به‌ڕێده‌كات و ئاماده‌ی گۆڕانكاریی فیعلی و ڕیشه‌یی نیه‌!! بۆیه‌ خه‌ڵكی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنیش یه‌كێك له‌هه‌ڵبژارده‌كانی كه‌له‌به‌رده‌میاندایه‌ بۆ فشار دروستكردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی دور له‌توندوتیژییه‌، ئه‌مه‌ش مافێكی ڕێپێدراوی سه‌لمێنراوی ده‌ستوری و جاڕنامه‌ گه‌ردونیه‌كانی مافی مرۆڤه‌ ناكرێ ڕێگای لێ بگیرێ یان سه‌ركوت بكرێ به‌بیانوی جۆراوجۆر، ده‌سه‌ڵات فرسه‌تێكی گه‌وره‌ی 2 مانگی كه‌وته‌ به‌رده‌ست بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی و و گۆڕانكاری ته‌نانه‌ت ئۆپۆزسیۆن له‌پاكێجه‌كانی كه‌ پێشكه‌شی ده‌سه‌ڵاتی كرد ڕێگاچاره‌ی چاكسازی و گۆڕانكاریشی بۆ ده‌سه‌ڵات دیاریكردووه‌ به‌ڵام ده‌سه‌ڵات به‌هیچ جۆرێك ئاماده‌ نیه‌ ده‌ستكاری سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی كوردستان بكات،‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ی كه‌تێیدا پێشێلكاری به‌رامبه‌ر مافه‌كانی ئینسانی كورد هه‌یه‌، گه‌نده‌ڵی له‌ئیداره‌ی حوكمڕانیدا هه‌یه‌، پاوانكاری ئابوری و سیاسی هه‌یه‌، ئه‌شكه‌نجه‌و زیندانیكردن هه‌یه‌، بێسه‌روشوێنكردن و تیرۆر هه‌یه‌، دزینی داهات به‌شێوه‌ی مه‌ترسیدار هه‌یه‌، دروست بوونی هه‌زاران سیاسی سه‌رمایه‌دار هه‌یه‌، به‌كورتی سته‌مكارییه‌كی گه‌وره‌و مه‌ترسیدار په‌یڕه‌و ده‌كرێ له‌م ناوچه‌ی كه‌به‌ هه‌رێمی كوردستان ناسراوه‌و چاوه‌ڕوان بووین ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌وڵه‌تمان بۆ دروست نه‌كه‌ن و حورمه‌ت بۆ تاكی كورد نه‌گیِڕنه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ده‌ستی خۆیان سته‌ممان لێ نه‌كه‌ن و ئه‌و په‌راوێزه‌ی له‌ئازادی هه‌مانه‌ لێمان زه‌وت نه‌كه‌ن! به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌یان كرد ته‌نها ئازادییان نه‌پاراست و حورمه‌تیان نه‌گرتین.
ئه‌وه‌ی كه‌ شكۆمه‌ندی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئاینده‌ی پێكه‌وه‌ ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كوردستان ئه‌و گۆڕانكاریانه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات به‌كردار ئه‌نجامی بدات پێش ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری دره‌نگ وه‌خت كه‌دادی نادات ده‌ستی پێبكات!
پێویسته‌ یه‌كێتی و پارتی باش له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌ پێویسته‌ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی بكه‌ن چونكه‌ له‌ئێسته‌دا جگه‌ له‌و فرسه‌ته‌ هیچی تر نه‌ماوه‌ تاكو بتوانن ناڕه‌زایه‌تی له‌م ناوچه‌یه‌ دامركێننه‌وه‌، چیتر خه‌ڵك ڕازی نیه‌ وه‌ك مێگه‌ل مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ و به‌بێ به‌شداری له‌چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی ژیانیدا ئاژه‌ڵییانه‌ به‌ڕێی بكه‌ی، ئیتر "نه‌ته‌وه‌یه‌ك وه‌ك مه‌ڕ" زه‌مه‌نی به‌سه‌ر چووه‌، شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی هه‌ره‌سی هێناوه‌، ڕابردووی شه‌ڕو فیداكاری دادی كه‌س نادات، خه‌ڵك ئێسته‌ شۆڕشگێڕێك ده‌ناسێ كه‌به‌رامبه‌ر هه‌موو شۆڕشه‌كه‌ی له‌داتی ئه‌م وڵاته‌ی بۆخۆی و بنه‌ماڵه‌و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی لاداوه‌ بۆیه‌ پێش له‌ده‌ستچونی كه‌مێك له‌وه‌ی كه‌ماوه‌ گۆڕانكاری بكه‌ن ئه‌گه‌ر نا مه‌ترسی دوباره‌بونه‌وه‌ی 17ی شوبات له‌ ئارادایه‌، ئه‌گه‌ر جارێكی تر ده‌ستان بچێته‌وه‌ خوێنی گه‌نجی كورد ئه‌مجاره‌ ناڕ‌زایه‌تیه‌كان به‌سه‌ركوت كپ ناكرێ، له‌وه‌ تێبگه‌ن كه‌به‌كارهێنانی هێز بۆ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك مایه‌ی شانازی و مانه‌وه‌ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ئێسته‌ هه‌یه‌ به‌شداری نه‌كردنی ئۆپۆزسیۆنه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كان و بێهیوا بونی خه‌ڵكه‌ له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات گۆڕانكاری ده‌كات، له‌م كاته‌دا چه‌ند ڕۆژێكی كه‌می ماوه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان هه‌یه‌، ده‌شزانرێ ئێوه‌ هه‌میشه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانتان ئاماده‌ كردووه‌و هێزه‌كانتان له‌ناو سلێمانی مۆڵداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر خۆپیشاندانێك سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌ سه‌ركوتی بكه‌ن، ئه‌مجاره‌ سه‌ركوت سه‌رناكه‌وێ ناڕه‌زایه‌تی په‌ره‌ بسه‌نێ دانامركێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ 62 ڕۆژ ته‌نها 10 شه‌هید هه‌بوبێت ئه‌مجاره‌ ئه‌گه‌ره‌كان مه‌ترسیدارن بۆ خوێنڕشتنی زیاتر، بۆ گرتنی زیاترو بریندار كردنی زیاتر له‌ته‌نها ڕۆژێكدا بۆیه‌ با هه‌موومان به‌ته‌نگ ئارامی و ئاسایشی شارو وڵاته‌كه‌مانه‌وه‌ بین، ئه‌وه‌ی گۆڕنكاری له‌سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا ناكات به‌رپرسی یه‌كه‌می هێناكایه‌ی توندوتیژی و په‌شێوییه‌ و به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌ی له‌ئه‌ستۆیه‌، ئه‌وه‌ی داوای گۆڕنگاری ده‌كات و وه‌ڵام نادرێته‌وه‌و سه‌ركوت ده‌كرێ هه‌ر ده‌سه‌ڵات لێی به‌رپرسه‌ بۆیه‌ له‌م دوو به‌رپرسیارێتیه‌ هیوادارم سه‌ركوت و خوێنڕشتن هه‌ڵنه‌بژێرن گۆڕانكاری و وه‌ڵامی فیعلی خه‌ڵك و ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵبژێرن تاكو ئه‌و كورسییه‌ی كه‌له‌سه‌ری گه‌وره‌بوون و به‌بێ مردن لێ نایه‌نه‌ خوار به‌له‌ش شاغی كه‌مێ زیاتر له‌سه‌ری بمێننه‌وه‌!
تكایه‌ 17ی شوبات دوپات مه‌كه‌نه‌وه‌، خوێنی گه‌نجی كورد هێنده‌ هه‌رزان نیه‌ تاكو به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌ خۆماڵییه‌كه‌ی خۆی بڕێژرێ، خۆتان باش ده‌زانن ئه‌وه‌ی خوێنی كوردی ڕشتووه‌ له‌ده‌ورانی مێژوودا له‌ناوچون به‌شی كۆتایی چاره‌نوسی بووه‌!
ئه‌م قسانه‌شم ته‌نها خه‌مخۆرییه‌ بۆ خوێنی گه‌نجه‌كانی نیشتمانه‌ بێ وڵاته‌كه‌م چونكه‌ مه‌رج نیه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌له‌خۆپیشاندانی 62 ڕۆژه‌ی شوباتدا به‌شدار بوون ئه‌مجاره‌ به‌شداری خۆپیشاندان بكه‌ن به‌ڵام یه‌ك دڵۆپ له‌خوێنی گه‌نجێكی ئه‌م وڵاته‌ بڕژن دڵنیابن هه‌موومان له‌سه‌ر شه‌قام ڕوبه‌ڕووی چه‌كه‌كانتان به‌بێ توندوتیژی به‌داوای ئاشتی و چاكسازی ده‌وه‌ستین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە