کاتێ کات ده‌بێ به دوژمن
Thursday, 21/11/2013, 12:00
2233 بینراوە
که‌رایه‌تی گهیاندمانییه چ دۆخێ!
کاتێ کات ده‌بێ به دوژمن
زانای ناسراو ئه‌نیشتاین ده‌بێژێ دوو شت بێ سنوورن: "گه‌ردوون و که‌رایه‌تیی مرۆڤ" که‌رایه‌تی لێره واتا ساویلکه‌یی و ده‌به‌نگی و گه‌مژه‌یی و بێئه‌قڵی و سۆزمه‌ندی و ساکاری واتا په‌یوه‌ندیی به گیانلهبهرهکهوه نییه! ئه‌م وشه‌یه‌یه له عه‌ره‌بی پێی ده‌گوترێت حه‌ماقه‌ت. شاعیری بهناوابانگ المعرری ده‌بێژێ هه‌موو ده‌ردێ ده‌رمانی هه‌یه مه‌گه‌ر حه‌ماقه‌ت نه‌بێت که ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ چاره‌سه‌ری بکات خۆی تووشی ده‌رد ده‌بێت! هه‌ر کهرایهتییه که ئێمه‌ی کوردی گه‌یاندووه‌ته ئه‌م دۆخه دژواره‌ی ئه‌مڕۆ له باشووری کوردستان. ته‌ماشه بکه چ تێکشکاندنێک و چ ئاڵۆزییه‌ک و چ دژاودژییهک بووه‌ته ڕاستییه‌کی زه‌ق چ له نێوان کورد خۆی و چ له‌گه‌ڵ به‌غدای دوژمن و داگیرکه‌ر.
ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌بری ئه‌وه‌ی کورد بکاته گه‌لێکی یه‌کگرتووی خاوه‌ن ناسنامه‌ی خۆی، مێژووی خۆی، که‌له‌پووری خۆێ، جوگرافییه‌ی خۆی و یه‌کڕیزیی خۆی، هه‌ڵسا کوردی پارچه‌پارچه کرد هه‌روه‌ها کردییه عیراقییه‌کی ڕووت و ڕه‌ها.
له‌لایه‌که‌وه، کوردستان بووه‌ته نیوه‌ی خاکه‌که‌ی خۆی، واتا ئه‌و سنووره‌یه که به‌عس دابینی کردووه نزیه‌که‌ی 40 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. نیوه‌که‌ی تری سه‌ر به به‌غدایه و زمانی عه‌ره‌بی زمانه ڕهسمییهکهیهتی. له‌لایه‌کی تره‌وه، ئه‌و به‌شه‌ی که به‌ده‌ستی کورده‌وه‌یه بووته دووسێ پارجهوهوه به‌پێی ئه‌مه‌کداری پارته‌کی و دوو به‌ڕێبه‌رایه‌تی که ئه‌نجامی شه‌ڕی پوول و ده‌سه‌ڵات بوو.
ئه‌مڕۆ کورد هه‌یه چه‌کداری یه‌کێتییه، هه‌یه چه‌کداری پارتییه، هه‌شه چه‌کداری سوپای عیراقه. ئه‌مه‌ش سوپا و پۆلیس و پۆلیسی نهێنیش ده‌گرێته‌وه. تاکی کورد بووه‌ته قه‌ره‌قۆزی ده‌سه‌ڵات. ئه‌م تاکه سه‌رلێشێواوه: نازانێ کورده، کوردستانییه، یاخود ته‌نها ئه‌مه‌کداری پارتی و یه‌کیتییه یاخود پارتێکی تری کوردییه یاخود پارتێکی عه‌ره‌بییه. نازانێ: کوردێکی عیراقییه یان عیراقییه‌کی کورده، یان هاوکات کورد و کوردستانییه یان هاوکات عیراقییه و کوردستانیشه! ئه‌وه‌تا هه‌ندێ کورد له سوپای عیراقن سه‌ریان لێشاواوه نازانن چۆن هه‌ڵوێست وه‌رگرن و چۆن خۆیان بسه‌لمێنن. سوپای عیراق ده‌بێژێ ئه‌مانه فه‌رمان جێبه‌جێ ناکه‌ن بۆیه مووچه‌یان ناداتێ و یاخود ده‌یانگوازنه‌وه بۆ شوێنێکی تر واته باشوور و ناوه‌ڕاستی عیراق. پرسیاره‌که لێره ئه‌مه‌یه: ئایا ئه‌مڕۆ کورد چی ده‌کات له سوپای عیراق؟ بۆچی بووه‌ته سه‌رباز و ئه‌فسه‌ر له‌و سوپایه؟ پاشان که بووه‌ته ئه‌ندام بۆچی فه‌رمانه‌کان جێبه‌جێناکات؟ پاشان جیاوازی نێوان ئه‌م کوردانه‌ی که له سوپای عیراقن چییه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که پێێان ده‌گوترێ پێشمه‌رگه؟ تاکی کورد بۆچی ئاره‌زوومه‌ندانه بووه‌ته سه‌رباز له سوپای عیراقی عرووبه و ئیسلام؟ (ئیسلام به واتا سیاسییه‌که‌ی) ئه‌گه‌ر ئه‌مه تێکشکاندنی ناسنامه‌ی تاکی کورد نه‌بێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه گهرێبێ چی بێت؟
هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی نیشتمانپه‌روه‌ر ههوڵوتهقهلاکهی بۆ سه‌رخۆبوون و یه‌کیه‌تیی گهلهکهیهته و ده‌یه‌وێ تاکوو بکرێت دووربێت له له هێزی ده‌ره‌کی و بێگانه، ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی کورد نه‌بێت. هه‌میشه خۆی ده‌به‌ستیته‌وه به هێزی دوژمان و بێگانه و داگیرکه‌ران. ته‌نانه‌ت له 1991 عیراق ده‌رچووه ده‌ره‌وه له نیوه‌ی خاکی کوردستان، که‌چی ئه‌مانه هه‌ر وازیان له عیراقی دوژمن و داگیرکه‌ر نه‌هێنا و گوتیان ئێمه هه‌ر عیراقین و سه‌رخۆبوونمان ناوێ، واتا ئازادی و سه‌ربه‌ستیمان ناوێ! وه‌کوو قیر و بنێشت خۆیان نووساندهوه عیراق و گوایا به ته‌مای فیدرالین. ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌مه که‌رایه‌تی نه‌بێت گهرێبێ چی بێت؟ بێگومان که‌رایه‌تیی هه‌ست پێش که‌رایه‌تیی هۆش. واتا نزمیی هه‌ست و سۆز هاوکات نزمیی ئاستی هۆشمه‌ندی و هزر و ژیری. له 2003وه‌ش دیسانه‌وه و به ته‌واویی گه‌ڕانه‌وه به‌غدای دوژمن و داگیرکه‌ر. ئه‌مانه هه‌میشه به‌شێکی دانه‌بڕاو بوونه له هه‌ر چوار داگیرکه‌ره‌که‌ی کوردستان. له کاتی شه‌ڕی عیرا ق و ئێران به‌زۆر خۆیان کرده به‌شێک له‌وه جه‌نگه دڕنده‌یه و بێواتایه که بێگومان له به‌رژه‌وه‌ندیی کورد بوو ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات خۆی نه‌کردایه به‌شێک له‌و شه‌ڕه. تۆ دوو دوژمنی ستراتیجی ڕهگهسپهرهست و دڕه‌نده و داگیرکه‌رت که‌وتوونه‌ته نێو جه‌نگێکی جه‌نگه‌ڵئاسا، ئاخر تۆ ده‌بێ تاکوو ده‌توانی خۆت دوور ڕاگری و سه‌ڕقاڵی ماڵی خۆت بیت و هه‌له‌که بقۆزیته‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆت، که‌چی وه‌کوو که‌ری کێوی - بێگومان له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ ئه‌و گیانله‌به‌ره سوودبه‌خش و بێتاوانه!- خۆیان فڕێدایه ناو ئاگری ئه‌و جه‌نگه پیسه و ئه‌نجامه‌که‌ی کاوالکردنی کوردستان بوو به هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاله‌وه! ئه‌و کاته هه‌موو دنیا له‌گه‌ڵ عیراق بوو، به‌ڵام کاتێ هه‌مان دنیا تێکڕا دژی بوو ئه‌وسا چوونه به‌غدا و سه‌ددامیان ماچکرد! ئاخر لهخۆمهوهوه باسی که‌رایه‌تی و که‌رایه‌تیی هه‌ستوهۆش ناکه‌م!
با بێینه‌وه دۆخی ئیمڕۆ. ئه‌وه‌تا هه‌ڵبژاردن کرا له کوردستان به‌ڵام نزیکه‌ی نیوه‌ی کورد بۆی نه‌بوو به‌شداری بکات، باشه ئه‌مه تاکه‌ی وه‌ها ده‌بێت؟ ده‌ستووریش گوایه پاش 22 ساڵ ده‌خرێته ده‌نگه‌وه به‌ڵام به‌بێ به‌شداربوونی 2 ملێۆن زیاتر کوردی ناوچه‌کانی کوردستان که که‌رانه نێونراون ناوچه جێناکۆکییه‌کان!
هه‌رگیز گه‌لی کوردستان به‌م شێوه‌یه پارچهپارچهنهکراوه و ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه نا به‌ڵکوو له‌لایه‌ن خودی کورد خۆیه‌وه: له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتیکی نه‌خێنده‌وار له ڕووی سیاسه‌ت و نهتوهخوازی و نیشتمانپهروهییهوه. کوردێ له بهغداکهی مه‌نسووره خزمه‌تی براعارهبهکانی ده‌کات به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه، کوردێک له باڵیۆزخانه‌ی عیراق خزمه‌تی عرووبه و ئیسلام ده‌کات به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه، کوردێک گوایا پێشمه‌رگه‌ی ئه‌م پارت و ئه‌و پارته، کوردێک پۆلیسی عیراقه، کوردێک سه‌ربازی عیراقه، کوردێک پۆلیسی نهێنی عیراقه، کوردێک ئه‌ندامی په‌رله‌مانی کوردستانه، کوردێک ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراقه، به‌ڕاستی لیسته‌که زۆر درێژتره له زنجیره‌ی چیای حه‌مرین بۆیه لێره‌دا ده‌وه‌ستم!
له 1992 کاتێ که په‌رله‌مانی کوردستان دامه‌زێنرا و هه‌ڵبژاردن کرا، وابزانم ته‌نها کورد بووم که دژی بووم و پاشان که کوردستان پۆست دامه‌زرا گوتارێکم بڵاوکرده‌وه و ڕه‌خنه‌م له‌و په‌رله‌مانه گرت و نووسیم که په‌رله‌مان دانه‌نراوه بۆ گه‌ل به‌ڵکوو بۆ دابینکردنی مافایهتی واتا شه‌رعییه‌ت بۆ ده‌سه‌ڵات و هیچی تر! ئه‌وه‌تا ئێستاکانه پاش 20 ساڵ زیاتر بۆچوونه‌که‌م ڕاست ده‌رچوو ئه‌و په‌رله‌مانه هیچی بۆ کوردستان نه‌کردووه و ناشی کات. ئه‌وسا ده‌بوایه حکوومه‌تێکی کاتییان دابنایه، ئینجا ده‌ستووریان بنووسیایه و پاشان هه‌ڵبژاردنیان بکردایه. چونکه هه‌ڵبژاردن به‌بێ ده‌ستوور ئاکامه‌که‌ی به‌ره‌ڵایی و گه‌نده‌ڵییه.
ئێستاش ئه‌وه‌تا هه‌ڵبژاردن کرا به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستوورێکی تۆکمه و هاوچه‌رخ و دیموکراتی بنووسرێت و بخرێته ده‌نگدانی گشتییه‌وه. پاشان من تێناگه‌م هه‌ڵبژاردن بۆ بکرێت له کاتێکدا ئه‌م کاره ته‌نها له‌سه‌ر نیوه‌ی خاکی کوردستان ده‌کرێت واتا یهکلهسێی خه‌ڵکی کوردستان به‌شداری ناکه‌ن له‌م هه‌ڵبژاردنه، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆ‌یا هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی و ناپاکییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و کارێکی ناده‌ستوورییه له‌مه‌ڕ کورد و کوردستان. یه‌که‌م سنوور و ده‌ستوور پاشان ئینجا هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نه‌کان. ده‌توانین خاڵێکی تریش بێنینه سه‌ر باس که په‌یوه‌سته به هێزی چه‌کدار له کوردستان. چونکه به‌پێی بنه‌ماکانی سیاسه‌ت و سیاسه‌تناسی پارتێکی سیاسی یاخود هه‌ر ڕێکخراوه‌یه‌کی سیاسی چه‌کدار، هه‌رگیز هاوده‌نگ و هاوڕه‌نگ و هاوتا نییه له‌گه‌ڵ دیموکراسی و که‌رسته‌کانی. دیموکراسی که‌رسته‌که‌ی قه‌ڵه‌مه نه‌ک تفه‌نگ!
هاوڵاتییانی کوردستان هه‌قه و واچاکه نه‌چن بۆ ده‌نگدان هه‌تاکوو مه‌رجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و که‌ره‌سته‌گه‌لی دیموکراسی بهرپادهکرێن و ده‌بنه ڕاستییه‌ک له‌سه‌ر زه‌مین. ئه‌گینا هه‌ڵبژاردن خۆی له خۆیدا هیچ گۆڕانێک دروست ناکات و هه‌ر ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌مڕۆ بیباته‌وه، ئه‌نجامه‌که‌شی، بێگومان، هه‌رstatus quo ده‌بێت، واتا دۆخه‌که هه‌ر وه‌کوو خۆی ده‌مێنێته‌وه تاکوو هه‌ڵبژاردنێکی دیکه واتا تا گاڵته‌جارییه‌کی تر!
با هه‌موو تاکێکی کورد که خۆی به نیشتمانپه‌روه‌ر و نهتهوخواز داده‌نێ، واتا خۆی به کوردستانی له‌قه‌ڵه‌مده‌دا و ئه‌مه‌کی ته‌نها بۆ نیشتمان و گه‌له، با چیتر خۆی نه‌خه‌ڵه‌تێنێ و به‌ره‌و سه‌ندووقی ده‌نگدان نهکشێ، تاکوو ئه‌و مه‌رجانه‌ی سه‌ره‌وه جێبه‌جێده‌کرێن له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه: یه‌که‌م چه‌سپاندنی سنووری کوردستان که داروبه‌ردیش ده‌یزانێ و ده‌یناسێ، دووه‌م ئاماده‌کردنی ده‌ستوورێکی ڕێکوپێک و سێه‌میش دامه‌زراندنی سوپای کوردستانی سه‌ربه‌خۆ و دوور له پارت و سیاسه‌ت. ئه‌م کاره مافێکی ڕه‌وای گه‌لی کوردستانه و به‌شێکه له خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی و هاوچه‌رخ و ئامانجه‌که‌شی نه‌ک هه‌ر ڕه‌وایه به‌ڵکوو ئه‌رکێکی سه‌ر شانی هه‌موو کوردستانییه‌که.
هه‌موومان هه‌واڵی بڕیاردانی په‌رله‌مانی کوردستان‌مان بیست که گوایا کاتی سهرهکۆیاتیی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ دوو ساڵ درێژکراوه‌ته‌وه. به ڕاستی ئه‌مه کارێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر نییه چونکه په‌رله‌مان هیچ نییه مه‌گه‌ر ته‌سبیحی ده‌ستی ده‌سه‌ڵات نه‌بێ. ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ر تاکێکه یان چه‌ند تاکێک. به‌ڵام به بۆچوونی من ئه‌م کاره باشبوو! چونکه مۆرکی ده‌سه‌ڵاتی به‌ته‌واوه‌تی ئاشکراکرد بۆ گه‌ل. هه‌روه‌ها پێویست به هه‌ڵبژاردن ناکات و ئه‌و هه‌موو گاڵته‌وگه‌پ و گاڵته‌جارییه جگه له‌و هه‌موو تێچوونه که به به‌لاش ده‌ڕوات چونکه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که هه‌ر ئه‌وه ده‌بێ که خودی ده‌سه‌لات ده‌یه‌وێ. تورکمان گوته‌یه‌کی هه‌یه ده‌ڵێ "یان ئۆینلهرهم یان زیفله‌ره‌م" وات یان یاریده‌که‌م یانیش تێکیدهدهم، ئه‌مه‌ش دۆخی ڕاستی ده‌سه‌لاته له کوردستان. موباره‌ک و زهینولعابدینیش هه‌ڵبژاردیان ده‌کرد به‌ڵام هه‌ر خۆیان ده‌یانبرده‌وه له‌به‌ر ئه‌وه گه‌مه‌که وه‌ها دانراوه و پڕ به پێستی گوته تورکمانییهکهیه.
دۆخی ئه‌مڕۆی باشووری کوردستان به هه‌ڵبژاردن و به‌رهه‌ڵستکاری چاره‌سه‌ر ناکرێت، به‌ڵکوو ته‌نها به جه‌ماوه‌ر، به خۆپێشاندان، به ڕاپه‌ڕین، چونکه ده‌سه‌ڵاته‌که چاک خۆی داکوتاوه و چووه‌ته نێو خێوهیه وه‌کوو قهوقهعهی نێو زه‌ریا. هه‌موو گۆشه‌کانی کۆمه‌لگای داگیرکردووه ته‌نانه‌ت سه‌رۆکایه‌تیی زانکۆکانیش به‌ده‌ستی خۆیه‌تی ئه‌مه جگه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی فێرگه‌کان به هه‌موو ئاسته‌کانییه‌وه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بڕوای به هیچ شتێک نییه ته‌نها خۆی نه‌بێت ئه‌ویش له‌گه‌ڵ دوژمن و داگیرکه‌ر نا، به‌ڵکوو ته‌نها به‌رامبه‌ر به گه‌ل. بۆیه چاره‌سه‌ی به‌ده‌ستی گه‌له‌وه‌یه به‌ڵام ئایا گه‌ل بڕیار ده‌دات یاخود نا. به ڕاستی ئه‌لفوبێی سیاسه‌ت بڕیاردانه و ئاکامه‌که‌شی شۆڕش و گۆڕانه.